له سمینارێكیدا له ژێر ناونیشانی (مقاصد الشریعة) له‌گه‌ڵ شاندی زانایانی ئایینی هه‌رێمی كوردستان له وڵاتی میسڕ، كه له خولێكی یه‌ك مانگه‌دا به‌شدارن و له‌وێ ئاماده‌ن، دوێنێ پێنجشه‌ممه 28/11/2019 به‌ڕێز دكتۆر عبدالحی عزب سه‌رۆكی پێشووی زانكۆی ئه‌زهه‌ر ڕایگه‌یاند: حوكمه شه‌رعیه‌كان په‌یوه‌ندیێكی پته‌ویان به بنه‌ما و مه‌به‌سته شه‌رعیه‌كانه‌وه هه‌یه و ناكرێ له‌یه‌ك جیابكرێنه‌وه.
هه‌ر له میانه‌ی سمیناره‌كه‌دا، به‌ڕێز دكتۆر عزب زیاتر گوتی: "شه‌ریعه‌تی پیرۆزی ئیسلام؛ بۆ رێكخستنی رێڕه‌وی ژیانی مرۆڤ هاتووه، تا په‌یوه‌ست و پابه‌ندی بكات به به‌رنامه‌یه‌كی ته‌ندرووست و رێك، هه‌ر بۆیه‌ش كاروباری دونیا؛ بێ ئایین ناچێ به‌ڕێوه و به پێچه‌وانه‌شه‌وه؛ كاروبار و فه‌رمایشته ئایینیه‌كان، به‌بێ دونیا و ژیان به‌ڕێوه ناچن؛ سه‌ره‌نجام هه‌ردوكیان به‌یه‌ك ڕێوڕه‌سم و پڕۆگرامه‌وه گرێدراون".
سه‌رۆكی پێشووی زانكۆی ئه‌زهه‌ر بۆ زانایان كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، كه شه‌ریعه‌تی پیرۆزی ئیسلام؛ روخسه‌ت و عهزیمهتیش له خۆده‌گرێ و بنه‌ما فیقهییهكانیش له‌ژێر سایه و سێبه‌ری ئه‌و مه‌به‌سته فیقهیهیانهوه هه‌ڵێنجراون، بۆ نمونه: بنه‌ماكانی "إذا ضاق الأمر اتسع" و "المشقة تجلب التيسير" باشترین ئاماژه‌ن و سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌شن، كه ته‌كلیفه شه‌رعیه‌كان له زانستی (اصول الفقه) به توانای تاكی (مكلف)ـه‌وه به‌ندن و مرۆڤه‌كان به‌كار و عیبادهتێكهوه وابه‌سته ناكرێن، كه لهتوانایانهوه به‌ده‌ر بێت.