دوێنێ 15ی12ی2020 رابیتەی زانایانی ئیسلامی- سوننە- لقی موسڵ سەبارەت بە بڕیاری دابەشکردنی موڵکی وەقف بەسەر هەردوو دیوانی (وەقفی سووننەو شیعە) کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان بە بەشداری ژمارەیەکی زۆری زانایانی پارێزگای موسڵ ساز کرد.
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆ سەبارەت بەو بڕیارەو رەتکردنەوەی ناوەرۆکی رێککەوتنەکە سەبارەت بەو دابەشکاریەی هیچ بنەمایەکی شەرعی و یاسایی هەڵناگرێت، سەرەنجام کۆبوونەوە بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی تایبەت بەو پرسە کۆتایی پێ هات و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ناوەرۆکی بەیاننامەکە بۆ رای گشتی خوێندرایەوە.
لە بەشێکی بەیانەکە هاتووە: زانايانی نەینەوا بە کۆدەنگی بریاری دابەشکردنی موڵکی وەقف لە عیراق رەت دەکەنەوە، چونکە هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی نیەو لەرووی شەریعەتیشەوە حەرامەو هیچ بیانووێک هەڵناگرێت.
هەروەها هاتووە: ئەنجومەنی باڵای ئەوقاف بەرزترین دەستەڵاتی ناو دیوانەو بەرپرسە لە سیاسەتی ستراتیژی بریارە چارەنووسسازەکان، بۆیە داوا دەکەین راسپاردەکانی لێژنەی هاوبەش لەسەر ئەم دۆسیەیە جێبەجێ بکەن و ئەو رێککەوتنە هەڵبوەشندرێتەوە.
لەبەشێکی تری هاتووە: داوا لە سەرۆک وەزیرانی عیراق بەرێز مستەفا کازمی دەکەین بەهیچ شێوەیەک ئەم بڕیارە پەسند نەکات، چونکە زیان بە لایەنی سەقامگیری وڵات دەگەیەنێ و پێچەوانەیە هەموو بەهایەکی شەرعی و یاسایی.
شایەنی باسە ئەمرۆ لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بەرێز شێخ ئیبراهیم نیعمە زانای دیاری شاری موسڵ پەیامێکی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عیراق کرد، کە بە هیچ شێوەیەک ئەو رێککەوتنە ئیمزا نەکات و سێ جار تەئکید لەوە دەکاتەوە کە سەرۆک وەزیران لە خوا بترسەو خۆت لە غەزەبی خوا بپارێزەو ئەم بریارە پەسند مەکە.