یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مامۆستا شێخ مەلا ياسين شێخ فەرخ کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە بەشداری نوێنەری یەکێتی زانایان؛ کارەکانی خولی چل وپێنجەمین شرۆڤەی نامەی عەممان لە شانشینی ئوردەن بەرێوە دەچێت    *****    *****   یەکێتی زانایان لە گەڵ دەسپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن پەیامێک ئاراستەی لایەنە سیاسیەکان و هاوڵاتیان دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا عيسا کەونەگوندی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان  پێشوازی لە شاندێکی کریستیانەکانی کوردستان دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان  پێشوازی لە بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری دەکات    *****    *****   پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان    *****    *****   پەیامی سەرۆکی حکومەت لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان    *****    *****   پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی هەرێم بە بۆنەی 54 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایان    *****    *****   ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەرز راگیرا    *****    *****   یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان به‌ بۆنه‌ی 54 ساڵه‌ی دامه‌زراندنیه‌وه‌ پەیامێک بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا طيب أحمد کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات   
حوكمی گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندامی جه‌سته‌ی مرۆڤ و چاندنه‌وه‌ی له‌ كه‌سێكی دیكه‌
به‌رواری دابه‌زاندن: 23/02/2022 : 00:27:14
قه‌باره‌ی فۆنت
قال تعالى: {فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ} (سورة النحل: 43)
الحمد لله، والصلاة والسلام على سيدنا محمد رسول الله، وعلى آله وأصحابه ومن والاه.
وبعد:
پێشه‌كی:
گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندامی جه‌سته‌ی مرۆڤ له‌یه‌كێك و چاندنه‌وه‌ی له‌ كه‌سێكی دیكه‌؛ له‌ رووداو و كاره‌نوێیه‌كانه‌، كه‌ زانا و فه‌قیهه‌كانی سه‌رده‌م به‌ توێژینه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ باسیان كردووه‌ و هه‌ژماریان كردووه‌ به‌ (فقه‌ النوازل)، ی هاوچه‌رخ واته‌: ئه‌و رووداوانه‌ی كه‌ رووده‌ده‌ن بۆ جاری یه‌كه‌م و نوێن و پێشتر هاوشێوه‌یان نه‌بووه‌، جا زاناكان یه‌ك را و بۆچوونیان نییه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌؛ هه‌ندێكیان ئه‌و كاره‌یان به‌ مه‌رج رێ پێداوه‌ و جائیزیان كردووه‌، هه‌ندێكی دیكه‌ش قه‌ده‌غه‌یان كردووه‌، ته‌نها بۆ هه‌ندێك وێنه‌ و حاڵه‌تی سنووردار نه‌بێت، وه‌ك گواستنه‌وه‌ی خوێن.
هۆی را جیاوازیه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ جه‌سته‌ مافێكی په‌یوه‌سته‌ به‌ خودی مرۆڤ، ئایا مرۆڤ ئازاد و سه‌ربه‌سته‌ له‌ جه‌سته‌ و ئه‌ندامه‌كانی خۆی تا بۆی هه‌بێت هه‌رچی لێبكات به‌ ویستی خۆی؟ یان شه‌ریعه‌تی ئیسلام سنوورێكی بۆ مرۆڤه‌كان داناوه‌ و نابێت لێی ده‌ربچێت و بیبه‌زێنێت، هه‌ ردوو چینی زانایانیش به‌ڵگه‌ی خۆیانیان هێناوه‌ته‌وه‌ بۆ چه‌سپاندنی راكه‌یان
 ئه‌نجونمه‌ن دوای لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ لایه‌نه‌كانی ئه‌م بابه‌ته‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌كانی شه‌ریعه‌ت و مه‌به‌سته‌كانی شه‌ریعه‌ت له‌ دانیشتنی ئاسایی خۆی له‌ به‌رواری 8/2/2022  به‌م شێوازه‌ی خواره‌وه‌  و به‌م توێژینه‌وه‌یه‌ شیته‌ڵكاری و خوێندنه‌وه‌ی كرد بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ :
پێناسه‌:
ئه‌م كاره‌ بریتییه‌ له‌:
هه‌ڵكه‌ندن و لێكردنه‌وه‌ی ئه‌ندامێكی ساغ و ته‌ندرووست، له‌ كه‌سێكی زیندوو، یان مردوو؛ وه‌ گواستنه‌وه‌ و چاندنی له‌ جه‌سته‌ی خودی خۆی، یان له‌ جه‌سته‌ی كه‌سێكی دیكه‌ی نه‌خۆش، له‌بری ئه‌و ئه‌ندامه‌ی كه‌ فه‌وتاوه‌ و سوودی نه‌ماوه‌. یان بریتیه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندامێكی جه‌سته‌، یان كۆمه‌ڵێك له‌ (أنسجه‌ و خلایا) خانه‌كانی له‌ش له‌ خۆبه‌خشێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی دیكه‌، تاوه‌كو له‌ شوێنی ئه‌و ئه‌ندامه‌، یان ئه‌و ئه‌نسیجه‌ و خانانه‌ی كه‌ تێكچوونه‌ و فه‌وتاون بچێندرێت و كاری خۆی بكات.
گرنگرترین به‌شه‌كان:
یه‌كه‌م: گواستنه‌وه‌ی كه‌سی -خودی- (الژاتی): واته‌: وه‌رگرتنی به‌شێك له‌ جه‌سته‌ی خودی نه‌خۆش، پاشان چاندنه‌وه‌ی له‌ شوێن و به‌شێكی دیكه‌ی جه‌سته‌ی هه‌مان كه‌سی نه‌خۆش، وه‌ك: گواستنه‌وه‌ی پێست و كڕكڕاگه‌ و ده‌مار و خوێن و هیتر..
مه‌به‌ستیش له‌م گواستنه‌وه‌یه‌ چاره‌سه‌ركردن و تیماركردنی شوێنی تێكچووه‌ له‌ جه‌سته‌ی خودی نه‌خۆشه‌كه‌، وه‌ك شێوانی جه‌سته‌یی به‌هۆی نه‌خۆشی زگماكی یان جه‌نگ و سووتان و هه‌ر كاره‌ساتێكی دیكه‌.. ئه‌وا دروسته‌ به‌م مه‌رجانه‌:
1. ده‌بێت گواستنه‌وه‌كه‌ش پێویست و زه‌روور بێت، نه‌وه‌ك ته‌نها بۆ جوانكاری بێت، یان هه‌ر پێویستیش نه‌بێت.
2. هه‌روه‌ها ده‌بێت ره‌چاوی دڵنیابوونی سوودی گواستنه‌وه‌كه‌ زیاتر بێت له‌ زه‌ره‌ری چاوه‌ڕوانكراو
3. گواستنه‌وه‌كه‌ش بۆ هێنانه‌وه‌ی ئه‌ندامێكی نه‌ماو و فه‌وتاو ئه‌نجامبدرێت، یان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شێوه‌ی ئه‌ندامه‌ نه‌ماوه‌كه‌، یانیش بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كاری ئه‌ندامێكی جه‌سته‌، یان بۆ چاككردنه‌وه‌ی كه‌موكوڕیێكی جه‌سته‌یی ئاشكرا و دیار و بێزاركه‌ر، یان بۆ لابردنی ناشیرینیه‌ك له‌سه‌ر جه‌سته‌ی كه‌سه‌كه‌ .
4. هۆكاریش بێت بۆ لابردنی ئه‌زیه‌ت و ناڕه‌حه‌تی، جا ئه‌زیه‌ته‌كه‌ ده‌روونی بێت، یان جه‌سته‌یی . 
دووه‌م: گواستنه‌وه‌ له‌كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی دیكه‌: واته‌: گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندامێك له‌ مرۆڤێكه‌وه‌ بۆ مرۆڤێكی دیكه‌، كه‌ گرنگترین جۆری ئه‌م به‌شه‌یان بریتیه‌ له‌: 
أ‌- گواستنه‌وه‌ له‌ مرۆڤێكی زیندوو، بۆ مرۆڤێكی دیكه‌ی زیندوو.
ب‌- گواستنه‌وه‌ له‌ مردوێك –تازه‌ مردوو- بۆ مرۆڤێكی دیكه‌ی زیندوو.
جا ئه‌م به‌شه‌یان – گواستنه‌وه‌ له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی دیكه‌- بوه‌ته‌ مایه‌ی زۆرترین را جیایی نێوان زانایانی هاوچه‌رخ؛ هه‌ندێكیان قه‌ده‌غه‌یان كردووه‌، به‌ڵام زۆرینه‌یان به‌ جائیزیان داناوه‌ ئه‌گه‌ر خۆبه‌خشی بێت ، نه‌وه‌ك به‌ مامه‌ڵه‌ پێكردن و كڕین و فرۆشتن بێت. ئه‌نجومه‌نی باڵاش به‌م مه‌رجانه‌ی خواره‌وه‌ پێی دروسته‌:
1- ده‌بێت خۆبه‌خشه‌كه‌ بالیغ و فامیده‌ -عاقڵ- بێت و شایسته‌ی راسپاردن بێت و به‌ ره‌زامه‌ندی خۆیشی بێت، دوور له‌ زۆرلێكردن و فرت و فێڵ.
2- ره‌چاوی رێزی مرۆڤایه‌تی تێدا بكرێت، دووربێت له‌ سوكایه‌تی و گه‌یشتنی زیان به‌ كه‌سی خۆبه‌خش.
3- ده‌بێت به‌خشینه‌كه‌ له‌كاتی پێویست و زه‌روره‌ت بێت، هه‌روه‌ها له‌ سنورێكی ته‌سك و سنورداردابێت، باشتریشه‌ كه‌ كه‌سی خۆبه‌خش له‌ خزم و كه‌سی نزیكی نه‌خۆشه‌كه‌ بێت.
4- نابێت ئه‌و ئه‌ندام و به‌شه‌ی كه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ له‌جه‌سته‌ی خۆبه‌خشه‌كه‌دا، سه‌ره‌نجام ببێته‌ هۆكاری مردنی خودی كه‌سی خۆبه‌خش، یان ببێته‌ هۆی ناته‌واوی و كه‌موكورتی و نه‌خۆشكه‌وتن و تێكچوونی ته‌ندروستیه‌كه‌ی، یانیش ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی په‌كی بكه‌وێت له‌ به‌جێگه‌یاندنی فه‌رز و واجبه‌كانیدا، هه‌روه‌ها نابێت گواستنه‌وه‌كه‌ یارمه‌تیده‌ربێت بۆ كارێكی حه‌ڕام، یان بۆ كه‌سێك بێت كه‌ رشتنی خوێنی حه‌ڵاڵ بێت.
5- ده‌بێت ژیانی كه‌سی وه‌رگر -نه‌خۆش- له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌نجامنه‌دانی گواستنه‌وه‌كه‌دا مه‌ترسی مردنی له‌سه‌ر بێت و هه‌موو رێگا و هۆكارێك كۆتایی هاتبێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی  و تاكه‌ رێگا كه‌ مابێت بۆ رزگاركردنی ژیانی؛ گواستنه‌وه‌و چاندنی ئه‌ندامی جه‌سته‌ی مرۆڤێكی دیكه‌یه‌ له‌ جه‌سته‌ی نه‌خۆشه‌كه‌دا، ئه‌مه‌یش په‌یوه‌سته‌ به‌ بڕیاری لیژنه‌ی ته‌ندروستی تایبه‌ت .
6- نابێت مه‌به‌ستی پزیشك، له‌م گواستنه‌وه‌و چاندنه‌دا؛ ته‌نها تاقیكردنه‌وه‌ و راهێنان و باری دارایی خۆی بێت . 
مه‌رجه‌كانی گواستنه‌وه‌ له‌ مردوو –تازه‌ مردوو- بۆ مرۆڤێكی زیندوو:
1- ده‌بێت مردووه‌كه‌ –ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ئه‌ندامێك و به‌شێك له‌ جه‌سته‌ی ده‌بڕدرێت و لێده‌كرێته‌وه‌ و ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ كه‌سێكی دیكه‌ی زیندوو- به‌ ته‌واوی مردبێت، نه‌ك ته‌نها مردنی پزیشكی.
2- ده‌بێت پزیشكی پسپۆڕی متمانه‌پێكراو دانبنێت كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌ندامه‌كه‌ی بۆ ده‌گوازرێته‌وه‌ و له‌جه‌سته‌ی ده‌چێنرێت؛ هیچ رێگا و چاره‌سه‌رێكی دیكه‌ی پزیشكی نه‌ماوه‌، ته‌نها ئه‌و چاره‌یه‌ نه‌بێت.
3- گواستنه‌وه‌و چاندنی ده‌بێت بێ‌ به‌رامبه‌ر بێت، واته‌ كڕین و فرۆشتن به‌ جه‌سته‌ی مردوو نه‌كرێت.
4- ده‌بێت مردوو؛ پێش مردنی و له‌ ژیانیدا بیبه‌خشێت و به‌ ویستی خۆی و بێ هیچ  به‌رامبه‌رێكی مه‌عنه‌وی یان مادی بێت و به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی، یان وه‌سیه‌ت و راسپاردن بكات، بێ زۆر لێكردن به‌ به‌خشین، هه‌روه‌ها ده‌بێت میراتگرانیشی رازی بن له‌دوای مردنی كه‌سه‌كه‌ به‌ به‌خشینه‌كه‌.
به‌ڵگه‌كان:
بۆ دروستی به‌خشین و گواستنه‌وه‌و چاندنی جه‌سته‌ چه‌ندین به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ له‌ قوڕئانی پیرۆز و فه‌رموده‌ی پێغه‌مبه‌ری خوادا –صلی الله علیه‌ وسلم- ، له‌وانه‌: خوای گه‌وره‌ فه‌رمویه‌تی: [ومن أحياها فكأنما أحيا الناس جميعا]، (سوره‌تی المائدة‌، ئایه‌تی: 32)، واته‌: "هه‌ركه‌سێك ببێته‌ هۆكاری ژیاندنه‌وه‌ی مرۆڤێك وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ له‌ پاداشتدا كه‌ هه‌موو مرۆڤه‌كانی ژیادبێته‌وه‌"، له‌ به‌خشین و گواستنه‌وه‌ و چاندنیش زیندوبوونه‌وه‌ی كه‌سێكی دیكه‌ی تێدایه‌، هه‌روه‌ها خوای گه‌وره‌ فه‌رمویه‌تی: [ويؤثرون على أنفسهم]، (سوره‌تی الحشر، ئایه‌تی: 9)، ئه‌و كاره‌ش كارێكی مرۆڤانه‌ و خۆنه‌ویستانه‌یه‌، كه‌ ئایینی پیرۆزی ئیسلام هانی داوین بۆ چه‌سپاندنی له‌ ژیانی رۆژانه‌ماندا، هه‌روه‌ها به‌ به‌ڵگه‌ی فه‌رمووده‌ی خۆشه‌ویستمان حه‌زره‌تی محمد –صلی الله علیه‌ وسلم- له‌وانه‌: (من نفَّس عن مؤمن كربة من كرب الدنيا؛ نفَّس الله عنه كربة من كروب يوم القيامة‌)، له‌ ریواتی موسلیم به‌ ژماره‌: 2699، به‌خشینیش مایه‌ی خه‌مڕه‌وینیه‌و دڵخۆشكردنی تێدایه‌، هه‌روه‌ها فه‌رموده‌ی: (تداووا عباد الله، فان الله لم يضع داء الا وضع معه شفاء الا الهرم)، له‌ ریواتی تیرمژی، به‌ ژماره‌: 2038، ئه‌و كرداره‌ش چاره‌سه‌ره‌ بۆ نه‌خۆشیه‌كانمان.
ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌وێته‌ خانه‌ی حوكمی زه‌روره‌ت و پێویستیه‌كان و له‌ یاسا و بنچینه‌ی شه‌رعیشدا هاتووه‌: (يدفع أعظم المفسدتين باحتمال أدناهما) (بڕوانه‌: الأشباه والنظائر1/47)  واته‌ ئه‌گه‌ر كارێك كه‌وته‌ نێوان دوو زه‌ره‌ری مسۆگه‌ردا، ئه‌و زه‌ره‌ره‌یان هه‌ڵده‌بژێردرێت، كه‌ سووكترینیانه‌.
چه‌ند تێبینیه‌ك:
1- زانایان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ گواستنه‌وه‌ی (غدد) و ئه‌ندامی زاوزێی پیاو و ژن جائیزنیه‌، چونكه‌ سه‌رده‌كێشێت بۆ تێكه‌ڵبوونی ره‌چه‌ڵه‌ك، هه‌روه‌ها به‌ هه‌مان شێوه‌ گواستنه‌وه‌و چاندنی هه‌ر ئه‌ندامێك كه‌ له‌ دوارۆژدا كاریگه‌ری خراپی هه‌بێت، چ له‌ رووی شه‌رعی یان یاسایی؛ جائیز نییه‌، وه‌ك چاندنه‌وه‌ی په‌نجه‌ی ده‌ست بۆ به‌كارهێنانی په‌نجه‌مۆر.
2- هه‌روه‌ها زانایان كۆكن، كه‌ هه‌ر ئه‌ندامێكی جه‌سته‌، ئه‌گه‌ر تاك بێت؛ گواستنه‌وه‌ی جائیز نییه‌، وه‌ك: دڵ، یان جه‌رگ به‌ ته‌واوی، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ره‌زامه‌ندی خۆبه‌خشه‌كه‌ش ئه‌نجامبدرێت، ئه‌وه‌ خۆكوشتنه‌، خۆ ئه‌گه‌ر به‌ زۆره‌ملێ و به‌بێ ره‌زامه‌ندیش ئه‌نجامبدرێت، ئه‌وه‌ بێگومان كوشتنی كه‌سێكه‌ به‌بێ ره‌وایی.
3- هه‌روه‌ها وه‌رگرتنی هه‌ر شتێكی ماددی به‌رامبه‌ر به‌ گواستنه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌ندامێك و چاندنه‌وه‌ی له‌ كه‌سێكی دیكه‌، وه‌ك: پاره‌، جائیز نییه‌، چونكه‌ مرۆڤ رێزلێگیراوه‌و خاوه‌نی جه‌سته‌ی خۆیشی نیه‌، تاوه‌كو بتوانێ كڕین و فرۆشتن و مامه‌ڵه‌ی پێوه‌بكات.
4- هه‌ر ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ی مرۆڤ، ئه‌گه‌ر هاتوو بڕدرا به‌ هۆی حه‌دد و حه‌قێكی شه‌رعی –نه‌وه‌ك به‌ هه‌ڵه‌، یان بێ حه‌قی شه‌رعی- ئه‌وه‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌و چاندنه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌كه‌، له‌ جه‌سته‌ی كه‌سی سزادراو، یان بۆ كه‌سێكی دیكه‌؛ جائیز نییه‌، چونكه‌ مه‌به‌ست و حیكمه‌تی حه‌دده‌ شه‌رعیه‌كه‌ نایه‌ته‌ جێ، كه‌ ئه‌ویش سزای خوایی و په‌ندوه‌رگرتنه‌ له‌ حه‌دده‌كه‌ .
والله تعالى أعلم
وصلى الله على سيدنا محمد وعلى آله و أزواجه وأصحابة الطيبين الطاهرين، والحمد لله أولا وآخرا

ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا
14/ رجب/ 1443ك = 15/2/2022ز = 26/ ڕیبه‌ندان/ 2721ك