رۆژنامه‌ی چاو‌دێر له ژماره (25)ی پاشكۆی (روانگه‌و ره‌خنه) بابه‌تێكی بڵاوكردۆته‌وه، ده‌رباره‌ی ئیسرا‌و میعراج، نووسه‌ری بابه‌ته‌كه ده‌یه‌وێت، هه‌موو ئه‌و هه‌قیقه‌تانه به درۆ بخاته‌وه، به‌وه‌ی شتێك رووی دابێت به‌ناوی شه‌وڕه‌وی پێغه‌مبه‌ر درودی خوای له‌سه‌ر بێت.
ئه‌وه‌ی جێگای تێبینی‌و قسه له‌سه‌ركردنه، رۆژنامه‌كه وێنه‌یه‌كی كاریكاتێری له‌گه‌ڵ هه‌واڵه‌كه دابه‌زاندووه، كه به كاریكاتێر وێنه‌ی پێغه‌مبه‌ریان كێشاوه، كه سواری گیانه‌وه‌رێك بووه، كه گوایه ئه‌وه بۆراقه.
له‌و باره‌وه مه‌لا جه‌لال خه‌یلانی جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان به ماڵپه‌ڕی (زانایان)ی راگه‌یاند: نارازیبوونی خۆمان وه‌ك یه‌كێتی زانایان به‌رامبه‌ر به‌و كرده‌وه‌ی چاو‌دێر ده‌رده‌بڕین، پێمان وایه ئه‌وه‌نده‌ی وێنه‌كه سوكایه‌تیكردنی تێدایه، زۆر له‌وه زیاتره كه له وتاره‌كه هه‌یه، به‌مه وێنایه‌كی ناشیرینی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی ده‌كه‌ن، ئه‌وه سه‌رۆكی دانیمارك به ره‌سمی داوای لێبووردنی له موسڵمانان كرد له به‌رامبه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه كاریكاتۆریهكان له رۆژنامه‌كانی ئه‌و وڵاته، كه‌چی لێره تازه به تازه ئه‌وان وێنه‌ی ناشیرین له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ری ئیسلام بڵاوده‌كه‌نه‌وه.
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا خه‌یلانی گووتی: به مافی ره‌وای خۆمانی ده‌زانین، هه‌موو رێگایه‌كی یاسایی بگرینه به‌ر، چونكه ئه‌وه سه‌رباری ئه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئایینی پیرۆزی ئیسلامه، هه‌روه‌ها سوكایهتیكردنیشه به ئادابی گشتی كۆمهڵگاو، ناكۆكه له‌گه‌ڵ ده‌ستووری ئێراقی فیدراڵ.
|