شاندێكی باڵای یه‌كێتی زانایان به‌شداری رێوڕه‌سمی كۆتایی پێشبڕكێی (قاریْ العراق) ده‌كات
رۆژی هه‌ینی 16/3/2012 شاندێكی باڵای یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، كه پێكهاتبوو له به‌ڕێز مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵا مه‌لا سه‌عید گرتكی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان‌و، مامۆستا مه‌لا جه‌لال خه‌یلانی جێگری سه‌رۆك‌و، مامۆستا شێخ نیاز دێگه‌یی به‌رپرسی لقی هه‌ولێری یه‌كێتی زانایان‌و، به‌ڕێزان زانایان ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی‌و لقی هه‌ولێری زانایان، به‌شداریانكرد له رێوڕه‌سمی كۆتایی پێشبڕكێی (قاریْ العراق)، كه له هۆتێلی (شیراتۆن) له شاری هه‌ولێر‌و، به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له به‌رپرسانی حیزبی‌و حكومی له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی عێڕاقی‌و كوردستانی‌و، ژماره‌یه‌كی فراوان له زانایانی ئایینی خوارووی عێراق به‌ڕێوه‌چوو.
دواتر به‌ڕێز دكتۆر عوسمان هه‌ڵه‌بجه‌یی له جیاتی بنه‌ماڵه‌ی (محمود جاسم البنیه)ی سپۆنسه‌ری رێوڕه‌سمه‌كه، وتارێكی پێشكه‌شكرد‌و، جه‌ختی له‌سه‌ر گه‌وره‌یی قوڕئانی پیرۆز هه‌ڵگرانی په‌یامه پیرۆزه‌كه‌ی كرده‌وه.
پاشان به‌ڕێز سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵا مه‌لا سه‌عید گرتكی وتارێكی پێشكه‌شكرد‌و، تیایدا وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی‌و ئاماده‌یی‌و هه‌ماهه‌نگی‌و پشتیوانی یه‌كێتی زانایان به هه‌ر خزمه‌تێك به ئایین‌و موسڵمانان، تیشكی خسته سه‌ر كاره‌ساتی كیمیا بارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌و، هه‌ڵوێست‌و په‌یامی یه‌كێتی زانایانی له‌و باره‌یه‌وه خسته ڕوو، هه‌روه‌ها باسی له گرنگی بڵاوكردنه‌وه‌ی گیانی برایه‌تی‌و خۆشه‌ویستی كرد.
دواتر (محمد حازم) به‌رپرسی لێژنه‌ی پشبڕكێی (قاریْ العراق)، ناوی 12 سه‌ركه‌وتووی پێشبڕكێیه‌كه‌ی ئاشكرا كرد‌و، پاشان هه‌ر له‌و دوانزه به‌شداربووه ناوی 3 كه‌سی یه‌كه‌م خوێندرایه‌وه، دواتریش سه‌ركه‌وتووی پله‌ی یه‌كه‌می سه‌رئاستی عیڕاق ده‌ستنیشانكرا، كه گونجێك بوو به ناوی (مصطفی محمد العسافی).
شایانی باسه: پێشبڕكێی ناوبراو به سه‌رپه‌رشتی‌و هه‌ماهه‌نگی هه‌ریه‌ك له كه‌ناڵی ئاسمانی به‌غداد‌و، دیوانی وه‌قفی سوننی‌و، ده‌زگای خێرخوازی مه‌حمود جاسم ئه‌لبوننیه به‌ڕێوه‌چوو، ماوه‌ی ته‌واو بوونی سه‌رجه‌م خوله‌كانی پێشبڕكێكه‌ش زیاتر له 5 مانگی خایاند، كه دوو خول له شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.
|