یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   یەکێتی زانایان: لەگەڵ پرۆژە پێشنیاری هەمواری یاسای باری کەسی عیراق نین    *****    *****   یەکێتی زانایانی بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی قورئان بە زمانی ئاماژە بۆ نابیستان لە مەراسیمێکدا بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا حەمەئەمین سەراوی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و قەداسەتی پاتریاک مار ئاوای سێیەم پاتریاکی کەنیسەی رۆژھەڵاتی ئاشووری لەجیھان ديدارێک ئەنجام دەدەن    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکانی هەرێم دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کۆدەبێتەوە چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و بەرێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ 58 زانایانی ئایینی ساز دەکەن    *****    *****   مامۆستا شێخ جەلال بەرزنجی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا حسن دوگۆمانی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   شاندێکی باڵای ئەنجومەنی روحانی ئێزیدی لەسەر سوکایەتیەکانی قاسم شەشۆ سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   مامۆستا شێخ محمد خۆشکانی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان سکاڵای یاسایی لەسەر قاسم شەشۆ تۆمار دەکات   
زه‌كاتی ماڵی بازرگانی
به‌رواری دابه‌زاندن: 17/09/2020 : 00:16:10
قه‌باره‌ی فۆنت

قال الله تعالى: {فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ} (سورة النحل: 43).

الحمد لله والصلاة والسلام على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه والتابعين لهم بإحسان إلى يوم الدين:

ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا له‌ دانیشتنی ئاسایی خۆیدا له‌ به‌رواری 27/محرم/1442هـ = 15/9/2020م  وێڕای ئه‌وه‌ی چه‌ند بابه‌تێكی گرنگی تاوتوێ كرد، فه‌توای بابه‌تی (زه‌كاتی ماڵی بازرگانی)شی ڕاگه‌یاند، كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن ته‌واوی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی كۆتایی بۆ كرا بوو به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌:

كورته‌ی فه‌تواكه‌:

1- زه‌كات له‌ ماڵ وكه‌لوپه‌ل وكاڵای بازرگانی  وه‌ك: ده‌ست مایه‌و كه‌لوپه‌ل وكاڵای دوكان، سۆپه‌ر ماركێت، پێشانگه‌كانی جل وبه‌رگ و ئۆتۆمۆبیل و.. هتد، و هه‌ر كاڵایه‌كی دیكه‌ كه‌ به‌ نیه‌تی بازرگانی كڕین و فرۆشتنی پێوه‌ بكرێت واجبێكی شه‌رعیه‌.

2- زه‌كات له‌ ماڵی بازرگانیدا به‌م مه‌رجانه‌ واجب ده‌بێت:

أ. بگاته‌ ئه‌ندازه‌ی زه‌كات، كه‌ نرخی بیست مسقاڵ زێڕه‌.

ب. ساڵێكی ته‌واو به‌سه‌ر ئه‌و ماڵ یان كاڵایانه‌دا تێپه‌ڕ ببێت.

3- پێویسته‌ كه‌ ساڵ ته‌واو بوو بازرگان ئه‌وه‌ی له‌ ژێر ده‌ستیدا هه‌یه‌ له‌ دوكانه‌كه‌ یان ماڵه‌ بازرگانییه‌كه‌یدا بیقرسێنێ به‌ نرخی وه‌خت نه‌ك ئه‌و نرخه‌ی كه‌ پێی كڕیوه‌، ئینجا ڕێژه‌ی (%2.5) له‌ سه‌دا دوو نیوی لێ بدات به‌ زه‌كات.

4- پێویسته‌ بازرگان پاش تێپه‌ڕبوونی ساڵێكی ته‌واو زه‌كاته‌كه‌ی بدات له‌ سه‌رجه‌می نرخی كاڵاكانی دوكانه‌كه‌ یان ماڵه‌ بازرگانییه‌كه‌ی (ئه‌وه‌ی هی خۆیه‌تی یان ئه‌وه‌ی به‌قه‌رز هێناویه‌تی)، بێ گوێدانه‌ قه‌رزه‌كان، چونكه‌ ئه‌و ماڵه‌ی كه‌ كڕاوه‌ وئه‌و ماڵه‌ش كه‌ به‌قه‌رز هێناویه‌تی وله‌ دوكانه‌كه‌یدا هه‌یه‌ ئه‌وه‌ هه‌مووی موڵكی خۆیه‌تی.

5- هه‌ر ماڵ و كه‌لوپه‌لێك به‌ قه‌رز یان به‌ حازر كڕدرابێت پێش كاتی سوڕانه‌وه‌ی ساڵی (حول)ی ئه‌و ماڵه‌ی كه‌ پێشتر هه‌یه‌تی، ئه‌وه‌ زه‌كات له‌و ماڵه‌ نوێیه‌ فه‌رز نابێت تا ساڵێكی ته‌واو به‌سه‌ر كڕینه‌كه‌یدا تێپه‌ڕنه‌بێت، واته‌: حه‌ولی له‌گه‌ڵ حه‌ولی ماڵه‌ بازرگانیه‌ كۆنه‌كه‌دا جودایه‌و پێكه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عورفی بازرگانی گۆڕاوه‌ و زه‌حمه‌ته‌ بتوانێ بۆ هه‌ریه‌كێك له‌ ماڵه‌ كۆن و تازه‌كه‌ حه‌ولی جودا حیساب بكات، بۆیه‌ پێمان باشه‌ تا بكرێت زه‌كاتی هه‌ردووكیان به‌ حیسابی حه‌وله‌ كۆنه‌كه‌ له‌ یه‌ك كاتدا بدات.

6- ئه‌گه‌ر كاڵایه‌ك به‌ ساغ كردنه‌وه‌ (تصریف) درابوو به‌ كه‌سێكی دوكاندار یا هه‌ركه‌سێكی دیكه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ئه‌گه‌ر بۆی نه‌فرۆشرا خاوه‌نه‌كه‌ی لێی وه‌رده‌گرته‌، ئه‌وه‌ زه‌كاتی ئه‌و  كاڵایه‌ ته‌نها له‌سه‌ر خاوه‌نه‌كه‌ی پێویست ده‌بێت به‌ مه‌رجه‌كانی پێشوو، و له‌سه‌ر سه‌رفكه‌ره‌كه‌ واجب نابێت .

 

درێژه‌ی فه‌تواكه

ماڵی بازرگانی: بریتیه‌ له‌ كه‌ل وپه‌ل وشتومه‌ك وئاژه‌ڵ و زه‌وی وزار وهه‌موو شتێك كه‌ ئالوگۆڕی بازرگانی تیادا بكریت واته‌: ئه‌و ده‌ست وئه‌و ده‌ست بكات وشتێكی له‌ به‌رامبه‌ردا وه‌ربگیرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و كاڵایانه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ بۆت بێت بێ ئالوگۆڕ وه‌ك: به‌خشین، میرات، ئه‌وه‌ ماڵی بازرگانی نییه‌ وزه‌كاتی تیادا نییه‌. (روضة المحتاج: 2/266. المجموع: 3/46. المغني لابن قدامة: 2/335).

به‌ڵگه‌ی واجب بوونی زه‌كات له‌ماڵی بازرگانی

خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: ((يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَنْفِقُوا مِنْ طَيِّبَاتِ مَا كَسَبْتُمْ))  (سورة البقرة، الآية: 267).. واته‌: ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ بڕواتان هێناوه‌ ببه‌خشن له‌و شته‌ پاكانه‌ی ده‌ستتان ده‌كه‌وێ، و له‌ ماڵی كاسبـی خێر بكه‌ن، پێشه‌وا مجاهید ده‌فه‌رموێ: ئه‌و ئایه‌ته‌ به‌ بۆنه‌ی زه‌كاتی بازرگانی دابه‌زیوه‌، پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) فه‌رمویه‌تی: ((وفي البُزِّ صدقة)) (رواه الحاكم بإسناد صحيح.). بُزّ: قوماشی دوكانه‌، واته‌: له‌ قوماشی دوكان زه‌كات هه‌یه‌، كه‌واته‌: هه‌ر شتێك وه‌ك قوماش بكڕدرێ وبفرۆشرێ هه‌روه‌ك ئه‌وه‌.

هاوه‌ڵی به‌ڕێز سه‌موره‌ (خودا لێی رازی بێ) ده‌گێریته‌وه‌: خۆشه‌ویستی خوا (درودی خوای له‌سه‌ربێت) فه‌رمانی به‌ ئێمه‌ ده‌كرد له‌و شتانه‌ی ئاماده‌ كراون بۆفرۆشتن زه‌كات بده‌ین (رواه أبوداود) هه‌روه‌ها چه‌ندین به‌ڵگه‌ی دیكه‌ شكه‌ ده‌یسه‌لمێنن كه‌ ماڵی بازرگانی زه‌كاتی تیادا واجبه‌. (بڕوانه‌: المجموع شرح المهذب: 6/44)..

 

مه‌رجه‌كانی زه‌كاتی بازرگانی

ماڵی بازرگانی به‌ دوو مه‌رج زه‌كاتی تیادا واجب ده‌بێ:

(الحول)، واته‌: ساڵ سوڕانه‌وه‌، پێویسته‌ ماڵی بازرگانی ساڵێكی ته‌واوی به‌ سه‌ردا تێپه‌ڕ ببێت، پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) فه‌رمویه‌تی: ((لا زكاةَ في مالٍ حتَّى يَحولَ عَليهِ الحَولُ)) (رواه الدارقطني . وة برِوانة: تحفة المحتاج: 3/292-298، المغني لابن قدامة: 2/335)، واته‌: ماڵی بازرگانی زه‌كاتی له‌سه‌ر واجب نابێ تاكو ساڵی به‌سه‌ردا ده‌سوڕێته‌وه‌.

ماڵه‌كه‌ بگاته‌ ئه‌ندازه‌ی زه‌كات فه‌رزبون (النصاب)، ئه‌وه‌ش مه‌رجه‌ له‌ كۆتایی ساڵ بێت، وئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ بریتیه‌ له‌ نرخی بیست 20 مسقال زێڕ، كه‌واته‌: ئه‌گه‌ر ماڵێك كه‌متر بوو له‌و ئه‌ندازه‌یه‌ ئه‌وه‌ زه‌كاتی تێدا فه‌رز نییه‌.

بۆیه‌ كه‌ ساڵ ته‌واو بوو پێویسته‌ بازرگان ئه‌وه‌ی له‌ ژێر ده‌ستیدا هه‌یه‌ له‌ دوكانه‌كه‌ بیقرسێنێ به‌ نرخی وه‌خت نه‌ك ئه‌و نرخه‌ی كه‌ پێی كڕیوه‌، و بزانێ گوژمه‌ی كۆتایی هه‌موو دوكانه‌كه‌ی چه‌نده‌ ئینجا ڕێژه‌ی (%2.5) له‌ سه‌دا دوو نیوی لێ بدات به‌ زه‌كات.. (كتاب الفقه علی المذاهب الاربعه‌: 1/304).

هه‌روه‌ها پێویسته‌ هه‌موو بابه‌ته‌كان پێكه‌وه‌ ئه‌ژمار بكرێن هه‌رچه‌نده‌ جیاوازیشیان هه‌بێت ویه‌ك جۆر نه‌بن (كتاب الفقه على المذاهب الاربعة: 1/304).

ئه‌گه‌ر مامه‌ڵه‌كردن به‌ پاره‌ بێت - وه‌كو ئێستا - ده‌بێت ماڵی بازرگانییه‌كه‌ به‌ پاره‌ بقرسێندرێ، پاشان به‌راورد بكرێ له‌ گه‌ڵ نرخی زێڕ، ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌می نرخی كه‌ل وپه‌له‌كانی دوكانه‌كه‌ دوای لێكدانه‌وه‌و به‌راوردكردنی له‌ گه‌ڵ زێڕ ده‌ركه‌وت كه‌وا گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌ندازه‌ی نرخی بیست 20 مسقال زێڕ، ئه‌وه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ (نصاب)، وزه‌كاتی تێدا فه‌رزه‌، ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یشته‌ ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش ئه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ زه‌كاتی تیادا نییه‌ و حه‌ولێكی تازه‌ ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌. (الجامع فی الفقه الإسلامی وأدلته، المفصل: 1/388).

 

ئایا بازرگانێك قه‌رزدار بێت زه‌كات له‌ سه‌ری واجبه‌ ؟

ئه‌گه‌ر هاتوو كه‌سێكی بازرگان زۆر شت له‌ دوكانه‌كه‌یدا هه‌بوو، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش قه‌رزدار بوو، یان ئه‌گه‌ر هاتوو كه‌سێك به‌ ئه‌ندازه‌ی به‌های هه‌موو دوكانه‌كه‌ی قه‌رزی كردبوو (الدین المستغرق)، ئایا ئه‌و قه‌رزداره‌ زه‌كاتی له‌سه‌ر واجب ده‌بێت؟ یان به‌های قه‌رزه‌كه‌ له‌ نرخی دوكانه‌كه‌ كه‌مده‌كرێته‌وه‌؟

وه‌ڵام: پێویسته‌ بازرگان زه‌كات بدات له‌ سه‌رجه‌می نرخی كاڵاكانی دوكانه‌كه‌ یان ماڵه‌ بازرگانییه‌كه‌ی پاش تێپه‌ڕبوونی حه‌وله‌كه‌ی بێ گوێدانه‌ قه‌رزه‌كان، چونكه‌ ئه‌و ماڵه‌ی كه‌ كڕاوه‌ وئه‌و ماڵه‌ش كه‌ به‌قه‌رز هێناویه‌تی وله‌ دوكانه‌كه‌یدا هه‌یه‌ ئه‌وه‌ هه‌مووی موڵكی خۆیه‌تی، واته‌: خۆی خاوه‌ن ومالیكی ئه‌و ماڵه‌یه‌ كه‌ به‌ قه‌رز هێناویه‌تی، وه‌ قه‌رز له‌ سه‌ر خاوه‌نه‌كه‌یه‌و نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ دوكان وكه‌ل وپه‌له‌كه‌، بۆیه‌ زه‌كاتی تێدا فه‌رزه‌، پێشه‌وا نه‌وه‌وی ده‌فه‌رموێ: (ولا یمنع الدین وجوبها فی أظهر الأقوال) واته‌ قه‌رز ڕێگری له‌ زه‌كات ناكات له‌سه‌ر چاكترین ووته‌كان.(تحفة‌ المحتاج: 3/337. النجم الوهاج: 3/246).

 

به‌روبومی ماڵی بازرگانی

به‌روبوم وبه‌رهه‌می ماڵی بازرگانی، وه‌ك: قازانج، میوه‌ی دار، بێچووی ئاژه‌ڵ، شیرو خوری و..هتد، هه‌ر هه‌موو پێكه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ ماڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ زه‌كاتی لێ ده‌درێت، كه‌واته‌: به‌روبوم وبه‌رهه‌می ماڵی بازرگانی حه‌ولی نوێی پێویست نییه‌، هه‌روه‌ها ساڵ وه‌رسوڕانه‌وه‌یێكی تایبه‌تی ناوێت؛ چونكه‌ حه‌ولی له‌گه‌ڵ حه‌ولی سه‌رمایه‌كه‌یه‌. (نهاية المحتاج: 3/63 و 104 تحفة المحتاج: 3/232 و 298 . الفقه على المذاهب الأربعة: 1/491 - 492. الفقه الإسلامي وأدلته: 3/1876).

 

زه‌كاتی ماڵی قه‌رز

هه‌ر ماڵێك به‌ قه‌رز یان به‌ حازر كڕدرابێت پێش كاتی سوڕانه‌وه‌ی ساڵی (حول)ی ئه‌و ماڵه‌ی كه‌ پێشتر هه‌یه‌تی، ئه‌وه‌ زه‌كات له‌و ماڵه‌ نوێیه‌ فه‌رز نابێت تا ساڵێكی ته‌واو به‌سه‌ر كڕینه‌كه‌یدا تێپه‌ڕنه‌بێت، واته‌: حه‌ولی له‌گه‌ڵ حه‌ولی ماڵه‌ بازرگانیه‌ كۆنه‌كه‌دا جودایه‌و پێكه‌وه‌ نیه‌ (نهایة‌ المحتاج: 3/64. تحفة‌ المحتاج: 3/233 - 234)، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عورفی بازرگانی گۆڕاوه‌ و زه‌حمه‌ته‌ بتوانێ بۆ هه‌ریه‌كێك له‌ ماڵه‌ كۆن و تازه‌كه‌ حه‌ولی جودا حیساب بكات  و ڕاگرتنی حیسابی حه‌وله‌كانیان زه‌حمه‌ته‌،  بۆیه‌ پێمان باشه‌ زه‌كاتی هه‌ردووكیان به‌ حیسابی حه‌وله‌ كۆنه‌كه‌ بدات، هه‌رچه‌نده‌ ماڵه‌ تازه‌كه‌شی هێشتا كاتی زه‌كات لێدانی نه‌هاتووه‌، چونكه‌ پێشخستنی زه‌كاتیش دروسته‌.

 

زه‌كاتی ئه‌و ماڵه‌ی كه‌ به‌ پاره‌ی ناو دوكان نه‌كڕاوه‌

ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی دوكان هێناویه‌تی وكه‌ل وپه‌لی پێكڕیوه‌و ئه‌و كه‌ل وپه‌لانه‌شی خستۆته‌ ناو دوكان، سه‌یر ده‌كرێ: ئایا ئه‌و پاره‌یه‌ به‌قه‌د ئه‌ندازه‌ی زه‌كات ده‌بێت واته‌ نصاب، یان نا؟

ئه‌گه‌ر بڕی پاره‌كه‌ به‌قه‌د ئه‌ندازه‌ی زه‌كات ده‌بوو، ئه‌وه‌ زه‌كاتی تێدا هه‌یه‌، وسه‌ری حه‌ولیش له‌و رۆژه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ پاره‌كه‌ی ده‌ست كه‌وتووه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر بڕی پاره‌كه‌ به‌قه‌د ئه‌ندازه‌ی زه‌كات نه‌بوو، به‌ڵام پاره‌ی تری له‌ ماڵ هه‌بوو، وه‌ بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ هه‌یه‌تی ئه‌گه‌ر كۆبكرێته‌وه‌ له‌ گه‌ڵ بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ بردوویه‌تی بۆ دوكان پێكه‌وه‌ ده‌گه‌یشته‌ ئه‌ندازه‌ی زه‌كات (نصاب)، ئه‌وه‌ش زه‌كاتی له‌سه‌ر واجب ده‌بێ، وسه‌ری حه‌وله‌كه‌ی له‌ رۆژی پاره‌ هه‌بوونه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات. (كتاب الفقه على المذاهب الأريعة: 1/487. الفقه الإسلامي وأدلته: 3/1870 - 1877. موسوعة الفتاوى المعاملات المالية: 16/61).  

 

زه‌كاتی ماڵی قه‌رز

قه‌رز سێ جۆری هه‌یه‌:

یه‌كه‌م: ئه‌و كه‌سه‌ی داوای قه‌رزی كردووه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌ن مامه‌ڵه‌كه‌ ته‌واو رێك نه‌كه‌وتوون، كه‌واته‌: ماڵه‌كه‌ هه‌ر هی خاوه‌نه‌كه‌یه‌تی وقه‌رزه‌كه‌ نه‌چه‌سپاوه‌ ئه‌م جۆره‌ قه‌رزه‌ زه‌كاتی تێدا نیه‌.

دووه‌م: بزن ومه‌ڕی به‌قه‌رز دراو زه‌كاتی له‌سه‌ر واجب نیه‌، بۆ نموونه‌: كه‌سێك 40 چل سه‌ر مه‌ڕو بزنی به‌قه‌رزدا به‌ كه‌سێك، ئه‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ش زه‌كاتی تیادا نییه‌، چونكه‌ زه‌كاتی ئاژه‌ڵ فه‌رزه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ئاژه‌ڵه‌كه‌ ده‌له‌وه‌ڕا لای خاوه‌نه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ی به‌قه‌ردیش ده‌درێ خاوه‌نی نایله‌وه‌ڕێنی.

سێیه‌م: كه‌سێك كه‌لوپه‌لێك به‌قه‌رز بفرۆشێ یان پاره‌ به‌قه‌رز بدات، وه‌ له‌ هه‌ردوو حاله‌ت پاره‌كه‌ی وه‌رنه‌گرتبێته‌وه‌ و(نصاب) و(حول)ی ته‌واو بێت، ئه‌وه‌ زه‌كاتی له‌سه‌ر واجبه‌، به‌ڵام بۆ كاتی زه‌كاتدانه‌كه‌ ته‌ماشای وه‌زعی قه‌رداره‌كه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر هاتوو قه‌رز وه‌رگرتنه‌وه‌كه‌ زه‌حمه‌ت بوو له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سی قه‌رزداره‌كه‌ نه‌بون بوو، یان حاشای ده‌كرد، یان منجڕ بوو وشاهیدیش نه‌بوو، یان خۆی شاردبۆوه‌،  یان خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بوو ئه‌وه‌ خاوه‌ن ماڵ ده‌توانێت هه‌ركاتێ ماڵه‌كه‌ی خۆی وه‌رگرته‌وه‌ ئه‌و كاته‌ زه‌كاتی هه‌موو ساڵه‌كان بدات، وه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو قه‌رزه‌كه‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئاسان بوو، بۆ نموونه‌: قه‌رزداره‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبوو، یان شاهیدی له‌سه‌ر هه‌بو كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ حاكم ده‌یتوانی ماڵه‌كه‌ وه‌ربگرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر حازربوو (الحال) ئه‌وه‌ واجبه‌ زه‌كاتی ئێستا بدات، وه‌ ئه‌گه‌ر قه‌ردبوو كاتی دانه‌وه‌ی مابوو له‌ كاتی وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كه‌ ده‌بێت زه‌كاتی هه‌موو ساڵه‌كان بدات. (المجموع شرح المهذب: 6/19 - 21. روضة المحتاج: 2/194).

 

جیاوازی ساغ كردنه‌وه‌ (تصریف) له‌گه‌ڵ قه‌رز

ساغ كردنه‌وه‌ (تصریف) ئه‌وه‌یه‌: فرۆشیار چه‌ند كاڵایه‌ك ده‌دات به‌ كڕیار ونرخی دیاری ده‌كات و، پێی ده‌ڵێت هه‌ر كاتێك فرۆشتت پاره‌كه‌م پێبده‌، وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌فرۆشرا لێی وه‌ر ده‌گرێته‌وه‌.

جیاوازی له‌گه‌ڵ هێنانی كاڵا به‌ قه‌رز ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ قه‌رز كاتی دانه‌وه‌ی دیار ده‌كرێت، وكاڵاكه‌ ده‌ستبه‌جێ ده‌بێته‌ موڵكی قه‌رزداره‌كه‌، به‌ڵام ته‌صریف كاتی دیار نیه‌ هه‌ر كات ماڵه‌كه‌ فرۆشرا ئینجا پاره‌كه‌ی ده‌دات، وكاڵایه‌كه‌ نابێه‌ موڵكی كه‌سه‌كه‌، بۆیه‌ زه‌كاتی كاڵاكه‌ له‌سه‌ر سه‌رفكه‌ره‌كه‌ واجب نابێت به‌ڵكو ته‌نها له‌سه‌ر خاوه‌نه‌كه‌یه‌تی.

 به‌زۆری مامه‌ڵه‌ی ته‌صریف له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێت كه‌ پاره‌یان نیه‌، وتوانای قه‌رزدانه‌وه‌یان نیه‌، وبراده‌ری فرۆشیارن ویارمه‌تیان ده‌دات وداوای قه‌رزدانه‌وه‌یان لێ ناكات تا ده‌فرۆشرێ، هه‌ر بۆیه‌ جاری وا ده‌بێ ئه‌و كاڵایه‌ بازاری سسته‌ ده‌یباته‌وه‌ بۆی ده‌گۆرن به‌ بابه‌تێكی تر، به‌ڵام پێویسته‌ خاوه‌نه‌كه‌ی زه‌كاتی لێبدات.

وصلی الله علی سیدنا محمد وعلی آ‌له وصحبه وسلم

(والله تعالی أعلم)

                

                                                     ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا له‌ هه‌رێمی كوردستان

                                                    27/محرم/1442هـ = 15/9/2020م =24/گه‌لاوێژ/2720

 

بۆ داگرتنی فەتوایەکە بە شێوەی پی دی ئێف کلیک لەم لینکەی خوارەوە بکە:

http://www.zanayan.org/book_pro.php?id=223&scheme=