یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری دیداری دیالۆگی نەجەف دەکات و وتارێک پێشکەش دەکات    *****    *****   د.عومەر مرۆ: ئیسلام رێنمایی پێویست و تەواوی بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری دیاری کردووە    *****    *****   د.عرفان رشيد: ئاڵای کوردستان جێگەی شانازی تەواوی کورد بووەو بزوێنەری هەستی نیشتمانپەروەری بووە    *****    *****   بەهۆی لەدەستدانی چوار ئەندامی خێزانەکەی یەکێتی زانایان هاوخەمی بۆ مامۆستا مەلا حسێن چەڵتوکی دەردەبڕێت    *****    *****   بە بەشداری یەکێتی زانایان پانێڵێکی تایبەت بە پرسی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی بەرێوەدەچێت    *****    *****   لە رۆژی ئاڵادا مەراسیمێکی تایبەت بۆ ژمارەیەک مامۆستای ئایینی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   لقی چەمچەماڵی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرپرسی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا ئەحمەدی ناوەزینان کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مزگەوتی حاجی ئیبڕاھیم مەنتک لە شاری هەولێر کرایەوە    *****    *****   شاندێکی زانایانی تورکیاو یەمەن و مەغریب لە ئەکادیمیای جیهانی زانایانی تەسەوف سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   لقی دهۆکی یەکێتی زانایان پانێڵێکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر بۆ پتر لە 110 زانای ئایینی ساز دەکات    *****    *****   دکتۆر عەباس شومان ئەمینداری گشتی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر: "بە تەئکید رۆڵی زانایانی کوردستان رۆڵێکی گرنگ و ئەرێنیە و لە ئاستێکی باشی پێشکەوتن و زانستی هەنگاو دەنێن "   
زانایانی ئایینی له‌ زۆربه‌ی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵ پاكترن
به‌رواری دابه‌زاندن: 03/08/2010 : 14:25:20
قه‌باره‌ی فۆنت
مه‌لا عومه‌ر چنگیانی بۆ گۆڤاری چركه ژماره‌ (30)‌:
زانایانی ئایینی له‌ زۆربه‌ی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵ پاكترن

پ1/ به‌ بروای تۆ ته‌كنه‌لۆژیا چ كاریگه‌ری یه‌كی هه‌یه‌ له‌سه‌ر موماره‌سه‌كردنی ئاین له‌كوردستان (ئاینی پیرۆزی ئیسلام وه‌ك نمونه‌)؟

وه‌ڵام: سوپاس بۆئه‌م ده‌رفه‌ته‌ كه‌ پێتان داوم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێم وایه‌ داڕشتنی پرسیاره‌كه‌ له‌بار نییه‌، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستتان به‌وه‌یه‌ تا چه‌ند موسڵمانان ده‌توانن سوودمه‌ند ببن له‌ ته‌كنۆلۆژیا بۆ خزمه‌ت كردن به‌ ئایین؟، ئه‌وه‌ گومان له‌وه‌دانییه‌ مزگه‌وته‌كانی كورستان به‌ر له‌ هه‌ر ده‌زگایه‌كی دیكه‌ له‌ پێشدا توانییان سوود بكه‌ن له‌ ئامێری بڵند گۆ و ده‌نگ تۆماركه‌ر و گواستنه‌وه‌ی وتاره‌كان له‌رێگه‌ی رووبه‌ری تیڤییه‌وه‌، ئێستایش به‌شێكی باش له‌ مامۆستایان سوود مه‌ندن له‌ كۆمپیۆته‌ر و هێڵی ئه‌نته‌رنێت و ماڵپه‌ڕی تایبه‌تییان هه‌یه‌.

پ2/ زۆرجار ده‌گوترێت ته‌كنه‌لۆژیا بابه‌ته‌ روحیه‌كان كاڵ ده‌كاته‌وه‌، مرۆڤ ده‌كاته‌ كائینێكی مادی گه‌را ، تۆ چۆن بۆ ئه‌مه‌ ده‌روانیت؟

وه‌ڵام2: نازانم مه‌به‌ستت چییه‌! خۆ نه‌هاتووین له‌باتی مامۆستایه‌كی پێش نوێژ ئامێرێك دابنێین، یان له‌سه‌ر دوانگه‌ رۆبۆرتێك دانێین وتار بدات! له‌چی رۆح كه‌م ده‌كاته‌وه‌؟

پ3/ زۆرجار گله‌ی ئه‌وه‌ له‌مامۆستایانی ئاینی ده‌كرێت كه‌له‌و سه‌رده‌مه‌ پێشكه‌وتنه‌ وتاره‌كانیان زۆر لاوازن، زۆرجار وتاری ته‌قلیدین، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر دوركه‌وتنه‌وه‌ی هاوڵاتیان له‌موماره‌سه‌كردنی ئاین؟ تۆ چ بیرورایه‌كت هه‌یه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌؟

وه‌ڵام3: ئه‌گه‌ر له‌نێو جیهانی راگه‌یاندندا نه‌بوومایه‌ و منیش تیرم به‌تاریكییه‌وه‌ بنایه‌ وه‌ك تۆم ده‌گوت! ئه‌وه‌ چه‌ند ووتارتان له‌به‌ر ده‌ستدایه‌ كه‌ باسی خورافات ده‌كات و چه‌ندیشیان باس له‌ هه‌موو كێشه‌كانی جیهان و باسی زانستیی؟ بگره‌ من له‌هه‌ندێك لایه‌نه‌وه‌ نیگه‌رانم كه‌ هه‌ندێك مامۆستای به‌ڕێز هێنده‌ لایه‌نه‌ دنیاییه‌كان باس ده‌كه‌ن خه‌ریكه‌ له‌سه‌ر حسابی رۆح ده‌كه‌وێت.

به‌ڕێز: ئه‌وه‌ی پێوه‌ری له‌لایه‌ كه‌ فڵان گوتار لاوازه‌ یان به‌هێز، وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كارو باری ئایینیی به‌ڕێز و یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی به‌رێزه‌ له‌ كوردستان، پێوه‌ر لای ئه‌وانه‌، نه‌ك كه‌سێكی دی، ئه‌وان رێنمایی خێر ده‌كه‌ن نه‌وه‌ك حكوومه‌ت بن و ده‌سه‌ڵات، ده‌كرێ بڵێی: له‌ رووی سه‌رده‌میانه‌وه‌ گازنده‌ له‌ هه‌ندێكیان ده‌كرێت، به‌ڵێ، به‌ڵام سه‌نگه‌ر به‌ستن له‌ دژی مه‌لا، نه‌ خزمه‌ت به‌ كورد و دۆزه‌كه‌ی و نه‌ خزمه‌ت به‌كه‌س ده‌كات، زۆرمان بینی له‌وانه‌ی كه‌ ده‌یانویست شه‌قامه‌كانی كوردستان وه‌ك شه‌قامه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ لێ بكه‌ن كه‌ ئه‌مان ماوه‌یه‌ك له‌باڕ و چیشتخانه‌كانیان كاریان كرد و هاتنه‌وه‌ ده‌یان ویست هه‌موو شت به‌ خواستی ئه‌وان و تێر كردنی حه‌زه‌كانی ئه‌وان بێت، دواجار ده‌ركه‌وت پێوه‌ره‌ شه‌رعییه‌كان كه‌ هی خوای هه‌موانه‌ له‌ ژوور هه‌موو شته‌وه‌ بوو، ئه‌وه‌ی خانه‌واده‌كانی تێك ده‌دا به‌ناوی داكۆكی له‌مافی ژنی كورد كه‌ ماف لای ئه‌و، هه‌ر ئازادی ره‌هابوو، خۆی كه‌ ده‌گاته‌ ده‌سه‌ڵات خانمه‌ هه‌ژار به‌گسك ده‌ری ماڵه‌كه‌یشی راناگرێت و فلیبپینیه‌ك شوێن خۆی ده‌خات.

مامۆستایان فریشته‌ نین، به‌ڵام به‌پیوه‌ری دروست ته‌ماشایان بكه‌ین له‌ زۆربه‌ی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵ پاكترن، كامیان په‌نای برد بۆ جۆرج بۆش بۆئه‌وه‌ی فریای كوردستان بكه‌وێت چونكه‌ دیموكراتی تێدانییه‌؟، كامیان له‌ سه‌ر كوشتنی لاوێك رۆژنامه‌كانی دنیای تێگه‌یاند؟، كامیان له‌سه‌ر ده‌س نه‌كه‌وتنی كورسییه‌ك بوو به‌سیخوڕ؟ هیوادارم پێوه‌ره‌كان راست كه‌ینه‌وه‌، له‌سێره‌دا وێستان بۆ مه‌لا زیانی فره‌ لایه‌نه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

پ4/ هۆكاری چییه‌ مامۆستایانی ئاینی ئه‌و كاریگه‌ریه‌ی كه‌پێشوتر هه‌یان بوو نه‌یان ماوه‌، ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌خودی مامۆستایانه‌وه‌ هه‌یه‌ یان شتی تر؟

وه‌ڵام4: كاریگه‌ری چییه‌؟ ئێستا له‌كوردستان مزگه‌وت زۆرتره‌ له‌جاران، گه‌نج له‌ هه‌ردوو ره‌گه‌ز ئێستا وابه‌سته‌ ترن تا جاران، ئێستا خه‌ڵك له‌ جاران زۆرتر بایه‌خ ده‌دات به‌قسه‌ی مه‌لا، له‌ ماره‌یی و ته‌ڵاق، ئێستا پرسیاری شه‌رعی زۆرترن و زۆرتر ده‌كرێن، بۆ ناچن سه‌رێك له‌ لیژنه‌ی باڵای فه‌توا بده‌ن، بزانن رۆژانه‌ چه‌ند كه‌س بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان روو له‌وان ده‌نێن، یان روو له‌ رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان، بۆنایه‌ی چێكێكی ماڵپه‌ڕه‌ ئایینییه‌كان بكه‌یت بزانی ئێمه‌ میوان و سه‌ردانمان زۆره‌ یان ماڵپه‌ڕه‌كانی دیكه‌، بۆ نایه‌ی بزانی په‌یوه‌ندیی و نامه‌كان بۆ ئێمه‌ زۆرن یان خه‌ڵكانی دیكه‌؟ كاتێ پیشانگای كتێب ده‌كرێته‌وه‌ له‌ شاره‌كان كان كام به‌شه‌ زۆرترین كتێبی تێدایه‌ و لێی ده‌فرۆشرێت؟.

پ5/ چۆن ده‌روانیته‌ رۆلی ریكخراوی یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان؟

وه‌ڵام5: به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی روون هه‌نگاو ده‌نێن و به‌هه‌موو توانایه‌كمه‌وه‌ پشتیوانی له‌ستافی ئێستایان ده‌كه‌م و وای ده‌بینم كه‌ له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌ركی ئێمه‌مانان زۆر كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و خوا سه‌ركه‌وتوویان بكات.

پ6/ بۆچی مامۆستایانی ئاینی وه‌ك هه‌موو چین و توێژه‌كانی تر دابه‌ش بوون به‌سه‌ر حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا؟ ئایه‌ ئه‌مه‌ كاریگه‌ری نی یه‌ له‌سه‌ر رۆڵ و پێگه‌ی مامۆستایان له‌كوردستان؟

وه‌ڵام6: ئه‌وه‌ لایه‌نی ئه‌رێنی مامۆستایانی ئایینی كوردستانه‌ كه‌ خۆیان به‌ به‌شێك له‌خه‌ڵك دابنێن و ئه‌وانیش ببنه‌ خاوه‌نی بڕیار نه‌وه‌ك جه‌نابت ده‌ڵێی دابه‌ش بوون، چه‌ند جوان بوو ئه‌گه‌ر له‌ كۆنگره‌ی یه‌كێتی نیشتمانی به‌ڕێزدا، مه‌لایه‌كیش لای سه‌ره‌وه‌ی حیزب بوایه‌ و پارتیش له‌كۆنه‌وه‌ بێ مه‌لانه‌بووه‌ و هیوادارم له‌ كۆنگره‌ی سیازده‌دا ئه‌وانیش ئه‌و بۆشاییه‌ پڕبكه‌نه‌وه‌ و له‌ كه‌سایه‌تییه‌ هه‌ره‌مییه‌كان بن و زۆر ئاساییه‌ به‌لامه‌وه‌، كه‌ قوتابی بووم له‌ مه‌دینه‌ قوتابی هندی مان هه‌بوو ئه‌ندام بوو له‌ حیزبه‌ كه‌ی راجیڤ غاندی و مامۆستاكانیشمان نه‌یان ده‌گوت تۆ كافری.

پ7/ به‌درێژایی مێژوو مامۆستایانی ئاینی رۆڵێكی یه‌كجار گه‌وره‌یان بینیوه‌، له‌پرۆسه‌ی سیاسی و دروست كردنی ئینتمای نه‌ته‌وه‌یی، له‌ئیستاشدا هه‌ستی نیشتمانی به‌گشتی لای خه‌لك لاواز بووه‌، به‌بروای تۆ پێویسته‌ بۆ ئه‌و حاله‌ته‌ مامۆستایان چ رۆلێك بگیرن؟

وه‌ڵام7: كه‌مترین كاڵبوونه‌وه‌ له‌مه‌لادا ده‌بینم و ئه‌گه‌ر له‌وانیشدا هه‌بێت سه‌دان هۆكاری كه‌می دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌پشته‌وه‌یه‌ نه‌وه‌ك بڕوانه‌بوونیان به‌دۆزه‌كه‌، ئه‌گه‌ر هه‌یشیان بێت وابن ئه‌وانیش كوردن و مرۆڤن و خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌.

پ8/چۆن ده‌روانیته‌ هیزو حزبه‌ سیاسی یه‌ ئیسلامیه‌كان، به‌تایبه‌ت كه‌به‌شێك له‌ئه‌وان هه‌موو ئه‌و مامۆستائاینیانه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ حزبه‌ ئیسلامیه‌كان كار ناكه‌ن؟

وه‌ڵام8: ئه‌وكاته‌ی بڕوام به‌فره‌ رایه‌تی هه‌بوو، ئه‌وه‌یش به‌لامه‌وه‌ ئاساییه‌، خۆئێستا له‌به‌ره‌و به‌غدا چووندا یه‌ك راو ده‌نگ و بۆچوونن ئه‌مه‌ گرنگه‌، به‌رامبه‌ر به‌رامبه‌ره‌كانمان یه‌كڕابین ئه‌وی دی هه‌موو ئه‌ندامی خێزانێكین پێی ده‌گوترێت كوردستان و كۆمان ده‌كاته‌وه‌.

پ9/ ئه‌گه‌ر هه‌ست ده‌كه‌یت كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌ به‌ناوی لاواز بونی هه‌ستی ئاینی، ئه‌وه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت؟

وه‌ڵام9: ئه‌مه‌نده‌ی ئێستا ئایین به‌هێزه‌ خوا به‌هێزتری بكات، سروشتی ئیمان خۆی وایه‌ زیاد و كه‌م ده‌كات.