بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ئێمە وەك زانایانی ئایینی و پیاوانی ئایینی سەرجەم پێکهاتە ئایینیەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ (17/8/2015) لە بارەگای مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کۆبووینەوە، هەموومان یەکدەنگ و هاوڕا بووین کە هەرێمی کوردستان بە رەوشێکی خراپدا تێدەپەڕێت و، کۆمەڵێك گرفت و قەیرانی ئابووری و ئەمنی یەخەی وڵاتەکەمانی گرتووە، بەتایبەتی شەڕی نەگریسی تیرۆریستانی داعش، بۆیە لەو کاتەی هێشتا مزگەوت و کەنیسەو پەرستگەکانی سەرجەم ئۆل و پێکهاتە ئاینیەکانی کوردستان لەژێر دەستی تیرۆریستان دانەو، بە هەزاران ژن و منداڵی کوردستان دەستبەسەرو بارمتەی بەر دەستی تیرۆریستانن، هێشتا چاوی دایکی شەهیدان فرمێسکی وشك نەبووە، سات بە سات پێشمەرگە قارەمانەکانمان لەبەر سەرمای زستان و گەرمای هاوین دیفاع لە کەرامەتمان دەکەن، بەتایبەتی هەمیشە بە چاوی پەناگەی ئارامی پێکەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی تەماشای کوردستانمان کردووە.
بۆیە لێرەوە وەکو زانایان و پیاوانی ئایینی سەرجەم پێکهاتە ئایینی و مەزەبیەکانی کوردستان داوا لە هەموو لایەك دەکەین بە زووترین کات کۆتایی بەم گرژی و قەیرانەی ئێستا بهێنن و، پێکەوە بە برایانەو بە گیانی لێکحاڵیبوون کۆتایی بەم دۆخە بێنن، بۆ ئەوەی لە ئاست خواستی خەڵك بن و، خەڵك چاوەڕوانی چاکبوونی بژێوی ژیان و دابینکردنی ئاسایش وئارامییە، بۆیە دروستکردنی قەیرانێکی تر خەڵك بەرەو نائومێدی دەبات، بە دڵنیاییەوە ئەوانەی هەر شلەژانێك لەم وڵاتە دروست دەکەن مێژوو رەحمیان پێ ناکات.
دووبارە خوازیارین بگەنە سازان و پێکەوە کۆتایی بەم رەوشە بهێنن.
سەرجەم پێکهاتە ئایینی و مەزەبیەکانی کوردستان
17/8/2015