بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
(وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا)
بەرێزان: وا (٤٥) ساڵ بەسەر رۆژی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان تێدەپەڕێت، کە لە (21/9/1970) بە چاودێری و ئامادەبوون و راسپاردەی مەلا مستەفای بارزانی لە شارەدێی گەڵالەی باڵەکایەتی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری زانایانی ئاینی لە شوێنە جیاجیاکانی کوردستان دامەزرا. لەم رۆژەدا وێڕای پیرۆزباییکردن لە ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتییەکەمان بەتایبەتی مامۆستایانی ئاینی، کە هەمیشە رەمزی ئاشتی و برایەتی و پێکەوەژیان بوونە، جارێکی دیکە پەیمان دەدەین بەردەوام دەبین لەسەر ئەو ئامانجانەی یەکێتیەکەمانی بۆ دامەزرا، ئەوانیش داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانی زانایانی ئاینی و، هەمیشە پێکەوەگرێدانی هەر دوو شاباڵی ئاین و نیشتیمان، بۆ خزمەتکردن بە وڵات و قووڵکردنەوەی گیانی برایەتی و پێکەوەژیان و تەبایی لە نێوان سەرجەم ئاین و مەزەب و نەتەوە جیاوازەکانی کوردستان.
بەرێزان:
ئەمرۆ نیشتیمانەکەمان بە دۆخێکی پر ناسۆری تێپەڕ دەبێت، بەتایبەتی شەڕی تیرۆریستانی داعش و لێکترازانی ناوخۆیی باڵە سیاسیەکان و رۆیشتنی گەنجان بۆ هەندەران و قەیرانی ئابووری و بێ مووچەیی فەرمانبەران، بۆیە لێرەوە جارێکی تر تەئکید دەکەینەوە، کە هەموو لایەك بە ئەرکی ئاینی و نیشتیمانی و مرۆڤانەی خۆیان هەڵبستن و ناوماڵی کوردستان رێکبخەنەوەو، ئەو ململانێ تەسکە حزبیانە بخەنە ئەولاوەو، دەست لە ناو دەستی یەك بنێن بۆ چەسپاندنی عەدالەت و برایەتی و یەکریزی. هەر ئەمەش تاکە چەکی بەکارمانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەهامەتیەکان و سارێژکردنی برینەکان.
یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
21/9/2015