بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
(وَأَحْسِنُوا إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ)
هاوڵاتیانی بەڕێز
وەك هەموومان لە ناو واقیعەکە دەژین ئەمڕۆ کوردستان بە قۆناخێکی سەختی ئابووری و دارایی تێپەڕ دەبێت، کە بەشی هەرەزۆری هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە تووشی گرفت و ناخۆشی هاتوونە، لێرەوە ئەرکی هەموو لایێکە رۆڵی خۆی ببینێت بۆ رزگاربوون لەم دۆخە دژوارە، بێگومان ئەرکی یەکەم و سەرەکی دەکەوێتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە وێرای دابینکردنی مووچەی هاوڵاتیان، هەروا چاکسازی ریشەییش بکات بۆ ئەوەی نادادگەری و نایەکسانی نەمێنێت و، چیتر ئەم گرفتانە بەرۆکی کوردستان نەگرن.
هاوڵاتیانی بەڕێز:
بێگومان هاوڵاتیانیش هەر یەکەو بە ئەندازەی خۆی دەتوانێت بەشی هەبێت لە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، ئەمەش لەژێر سێبەری ئەو فەرموودەی پێغەمبەرمان دروودی خوای لەسەر بێت کە دەفەرمووێت: (وَمَنْ يَسَّرَ عَلَى مُعْسِرٍ يَسَّرَ اللَّهُ عَلَيْهِ فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ). واتە: ئەوەی ئاسانکاری بۆ لێقەوماوێك بکات ئەوا خوای گەورە لە دونیاو ئاخیرەتدا ئاسانکاری بۆ دەکات.
بۆیە لێرەوە داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین هەرچی بۆیان دەکرێت لە هاوکاری و هەرزانی و ئاسانکاریکردن ئەنجامی بدەن، بەتایبەتی لەم خاڵانەی خوارەوە:
یەکەم: ئەوانەی خواپێداون چەندی دەتوانن ئاوڕ لە هەژاران و کەم دەرامەتان بدەنەوە، چونکە بەڕاستی لەو رۆژە سەخت و ناخۆشانەدا دیندارانی راستەقینەو مرۆڤدۆست بە دیار دەکەون، تا رۆژەکان سەختتربن بێگومان ئەجرو پاداشتی چاکەکاریش گەورەتر دەبێت.
دووەم: هیوادارین ئەوانەی خانوویان بە کرێیەو، کرێچییەکانیان مووچەخۆری دەوڵەتن، یان مامەڵەو کاریان وەستاوە، یان پارەیان بە قەرز داوەتە خەڵك، چاوپۆشیان لێ بکەن و، تەنگەتاویان بۆ نەهێنن، صەبرو ئارامیان هەبێت، تا ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕ دەبێت.
سێیەم: داوا لە بازرگانەکان دەکەین بە هەموو شێوەیەك خۆیان دوور بگرن لە قۆرخکاری و گرانکردنی بازاڕ، بێگومان هەر هەنگاوێك بەرەو گلدانەوەی ئازووقەو گرانکردنی بازاڕ دەبێتە بەڵایەکی گەورەو بەرەکەت لە ماڵەکەیان ناهێڵێت، ئەگەر زۆریشیان هەبێت لێیەوە بەختەوەر نابن، بە پێچەوانەوە هەرزانکردنی بازاڕ دەبێتە مایەی خیرو بەرەکەتی دونیاو ئاخیرەت.
چوارەم: بێگومان خاوەن پیشەکانیش دەتوانن رۆڵێکی کارا ببینن، ئەویش بە هەرزانکردنی حەقدەست و سووککردنی باری سەر شانی هاووڵاتیان.
پێنجەم: کۆمەڵێك رێورەسمی کۆمەڵایەتی دەبنە بارگرانی بۆ سەر هاوڵاتیان، بەتایبەتی بابەتی پرسە، کە خەڵکێك لەبەر لۆمەی خەڵك و خۆدوورگرتن لە گلەیی بە قەرزو قۆڵیش بێت رێگایەکی دوور دەبڕێت، بۆیە داوا لە هاوڵاتیانی ئازیزمان دەکەین، ئەم ئەرکە سووك بکەن و گلەیی لە یەکتری نەکەن، باشترین رێگە ئەوەیە بە نامەو تەلەفۆنیش لە یەکتری قبوڵی بکەن.
بە هەمان شێوە پێویستە ئاسانکاری بکرێت لە بابەتی زەواج و هاوسەرگیری و مەراسیمی بووك گواستنەوە، بەوەی هەوڵی کەمکردنەوەی مارەیی بدرێت، چونکە بەپێی فەرموودە بەرەکەت دەکەوێتە هاوسەرگیریێك کە مارەیی کەم بێت، هەروەك هەوڵبدرێت لە مەرسایمی بووك گواستنەوە زێدەڕۆیی و ئیسراف نەکرێت.
بەو ئومێدەی ئەم دۆخە دژوارە بە ئاسانی تێپەڕ ببێت و ئارامی و هەرزانی باڵ بەسەر وڵاتمان بکێشێت.
یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
4/2/2016