بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
دوای هاتنی ئەو قەیرانە دارایییەی سەر هەرێمی کوردستان و نەدانی مووچەی فەرمانبەران بۆ ماوەی پێنج مانگ، کە ژیانی تەواوی خەڵکی کوردستانی تووشی شڵەژان و ناخۆشی کردو، بازاڕو کاری خەڵك وەستاوە، بۆیە هەموومان دڵخۆش بووین کاتێك حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە هەندێك پاشەکەوتەوە مووچەی تەواوی فەرمانبەران لە کاتی خۆی بدرێت، بەڵام ئەوەی نیگەرانییەکەی قوڵتر کردەوە ئەو رێژە زۆرە بوو کە حکومەت بە ناوی پاشەکەوتەوە لە مووچەی فەرمانبەرانی دەبڕێت، چونکە بەم رێژە زۆرەوە هیچ لە ژیانی خەڵک و فەرمانبەران ناگۆڕێت و، گرفتەکان زیاتر دەبن، زۆربەی خانەوادەکانیش تووشی گرفت و کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی دەبنەوە، بۆیە وەك زانایانی ئایینی دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی هەموو ئەوانەی بڕینی ئەم رێژە زۆرە رەت دەکەنەوە، لێرەشەوە داوا لە حکومەت دەکەین هەرچی زووە بەم بڕیارە دابچنەوە، چونکە خەریکە ناڕەزایی و بێزاری خەڵك دەگەنە لوتکە.
یهکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
7-2-2016