یادی (٤٦) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایان
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
(وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا)
چل و شەش ساڵ بەر لە ئێستا لە (٢١/٩/١٩٧٠) لە شارۆچگەی گەڵاڵەی باڵەکایەتی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دامەزرا، دامەزراندنی یەكێتی زانایان لەگەڵ یەکەم هەناسەی ئازادی و دوور لە ژێردەستەیی دوژمنانی کورد، پەیامێك بوو بۆ بە دامەزراوەییکردنی دامو دەزگاکانی وڵات و، رێکخستنی کاروباری سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان، هەروەك پیشاندەری رۆڵ و کاریگەری پێگەی مەلاو زانایانی ئایینی کوردستان بوو لە پرسە ئایینی و نیشتیمانی و نەتەوەییەکاندا.
بەم بۆنەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم ئەندام و لایەنگران و دۆستانمان دەکەین، بەو هیوایەی ئەو ئومێدانەی بناغەی ئەم خەباتە مەزنەیان دانا لە گەشانەوەو نوێبوونەوەی بەردەوام دابن تا گەیشتن بە چلەپۆپەی هیواو ئاواتەکانی ئەم گەلە ستەملێکراوە.
بەڕێزان: لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكتییەکەماندا جارێکی تر سووربوونی خۆمان رادەگەیەنین له بەردەوامبوون بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پیشەیی و ئایینی و نیشتیمانی و نەتەوەییانەی رێکخراوەکەی بۆ دامەزراوە، بەتایبەتی لە رۆژگاری پڕ لە ئازاری ئەمڕۆدا، کە وڵاتەکەمان روو بەرووی شالآوێکی تیرۆریستی بۆتەوەو، خوێنی سەدان رۆڵەی ئەم وڵاتەی بە ناهەق رشت و چوونە کاروانی شەهیدانەوە، لە هەمان کاتدا لە ناوەخۆ گەلەکەمان بەدەست گێژەڵووکەی قەیرانی دارایی و ململانێ سیاسییەکان دەناڵێنێت، کە ئازارەکانی کەمتر نین لە ئازاری شەڕی تیرۆریستان.
بۆیە لێرەوە داوادەکەین ئاوڕێکی جددی بدەنەوە لە باشکردنی ژیانی خەڵك و تێپەڕاندنی نههامهتییهکانی ئەو گەلە تێکۆشەرو ئارامگرە، چونکە ئازارەکان هەموو سنوورێکی بەزاندووەو، سەدان گرفت و کێشەی کۆمەڵایەتی ناوەتەوە، بەتایبەتی مامۆستایانی ئایینی وەك سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەت لە رەوشێکی خراپ دان، چونکە وێڕای کەمی مووچەیان دەرفەتی هیچ کارکردنێکیان نییە.
هەروەك پێویستە تێکڕای لایەنە سیاسییەکان بچنە ژێر باری مەسئولیهتی مێژووییان و واز لە بەرژەوەندییە حزبی و شەخسییەکانیان بێنن کە هەر رۆژەو ناخۆشییەکی تازەی دەروونی دەخەنە ناو خەڵك و، هەر یەکەو بە ئاوازی بەرژەوەندی حزبی خۆی رۆحی رق و ململانێ بڵاودەکاتەوە، بۆیە باشترین وەفاداری ئەوەیە هەر یەکەو واز لە بەرژەوەندی تەسکی بهێنێت و لە خزمەتی گشتی دابێت.
دووبارە ئەم یادە لە هەموو لایەك پیرۆز دەکەین و، بە هیوای ئاییندەیەکی سەرفرازو پڕ لە ئاشتی و برایەتی.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
21/9/2016