به‌یاننامه‌ی یه‌كێتی زانایان تایبه‌ت به ره‌وشی عه‌فرین
به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
(وَلَا تَبْغِ الْفَسَادَ فِي الْأَرْضِ إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ الْمُفْسِدِينَ)
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه به دڵێكی پڕ له ئاخ و هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵی پڕ ناسۆره‌وه، چاودێری ره‌وشی عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان ده‌كه‌ین، كه وێڕای نیگه‌رانیمان له ره‌وشه‌كه، سه‌رسوڕماوین له ئاست بێده‌نگی وڵاتانی دونیا به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ی له‌لایه‌ن وڵاتی توركیاوه ده‌كرێته سه‌ر كورد‌و ته‌واوی پێكهاته‌كانی شاره‌كه، ئه‌مه له كاتێكدایه گه‌لی كورد زۆرترین قوربانی داوه له شه‌ڕی تیرۆر له عێراق و سوریا. به‌ڕاستی قه‌ت چاوه‌ڕوانی ئه‌م بێده‌نگیه‌ی وڵات و هه‌نگاوێكی له‌م جۆره‌ی توركیامان نه‌ده‌كرد، به‌تایبه‌تی كه حكومه‌تی ئێستای توركیا خۆی له قاڵبێكی دیندارانه‌و دیموكراسیخوازانه‌و ئاشتیخوازانه نمایش ده‌كرد، ئه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌كانی ئێمه‌ی زیاتر كرد هه‌ڵوێستی ده‌سته‌ی كاروباری ئایینی توركیا بوو، كه له بری ئه‌وه‌ی رۆڵی ئاشتیخوازی ئیسڵاحانه ببینێت و رێ له زمانی هه‌ڕه‌شه‌و هه‌نگاوی سته‌مكارانه بگرێت، به‌داخه‌وه به فه‌رمی له هه‌موو مزگه‌وته‌كانی توركیا سوڕه‌تی (الفتح)ـیان خوێندووه بۆ پشتگیریكردن له شه‌ڕفرۆشی سوپای توركیا، كه ئه‌مه دۆخه‌كه‌ی زیاتر شێواندووه‌و، خه‌می ئێمه‌ی گرانتر كرد، به‌تایبه‌تی كورد مێژووێكی درێژی له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره فرت و فێڵانه هه‌یه، هه‌میشه حكومه‌ته داگیركاره‌كان له‌ژێر ناوی ئایینی و دروشمی دیندارییه‌وه زه‌ڕبه‌ی سته‌ماكارانه‌ی خۆیان له كورد داوه.
لێره‌وه داوا له كۆماری توركیا ده‌كه‌ین هێڕشه‌كانی رابگرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه، هاوڵاتی كورد هیچ جیاوازییه‌ك له نێوان ده‌سه‌ڵاتی ئێستا‌و ده‌سه‌ڵاته سته‌مكاره‌كانی پێشوو نابینێت، هه‌روه‌ك داوا له سه‌رجه‌م وڵاتان و رێكخراوه مرۆیی و ئیسلامیه‌كان ده‌كه‌ین هه‌نگاو بهاوێژن بۆ رێگرتن له‌م كارانه، چونكه ده‌ره‌نجامی ئه‌م كارانه وێڕای زیانی گه‌وره له خه‌ڵكی سڤیل و وێران و خاپووركردنی وڵات، په‌ره به گیانی ده‌مارگیری و رق و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ده‌دات. ئه‌مه‌ش به ئه‌ركێكی مێژوویی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆڤانه‌ی هه‌موو لایه‌كی ده‌زانین.
یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كورستان
23/1/2018