دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو بوویەوە، کە لە لایەن دوو کەس سوکایەتی بە تابلۆی دانراوی سەر شەقامەکان دەکرێ، کە زیکرو ناوی خوای لەسەرەو، دواتر دەیخەنە ژێر پێ و بە قسەو رەفتار سوکایەتی بە پیرۆزیەکان دەکەن، یەکێتی زانایان بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەناوی خوای گەروە
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، کە پڕە لە سوکایەتی کردن بە ناو و سیفاتی پیرۆزی خواو و قسە گوتن بە ئیسلام و پیرۆزیەکانی، کە نیگەرانی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو دیاریشە کە هیچ پاساو و بیانوێک هەڵناگرێ.
ئێمە لە یەکێتی زانایانەوە وێڕای نیگەرانیمان بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە کارانە دەکەین و پێمان وایە وێڕای ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵگەو رەوشتی کوردەواری ئێمە ناگونجێ، لەهەمان کات پێچەوانەی هەموو رێساو بەها بەخلاقیەکانەو هەوڵی نەزۆک و تێکدەرانەن بۆ شێواندنی سیمای جوانی کۆمەڵگەو پێکەوەژیانی ئایینی و بریندارکردنی هەستی موسڵمانان و نانەوەی پشێوی و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتیە، کە بەهیچ شێوەیەک قابیلی قبوڵ نیەو پێویستە رێی لێ بگیرێت.
بۆیە لێرەوە داوا لە لایەنی پەیوەندارو دەزگا ئەمنیەکان و بەتایبەت پۆلیس و ئاسایش دەکەین، هەرچی زووە بەدواداچوون بکەن و رێکاری پێویست و پەیوەست بگرنە بەر بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو کارو سوکایەتیە، بۆ ئەوەی بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، چونکە ئەو هەنگاوە پێچەوانەی یاساو شەریعەتی ئیسلامەو ناکرێ بە شتێکی عەفەوی و سادە سەیر بکرێت.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
25ی8ی2019