ئا: مەلا هەندرێن بالیسانی
ئەمڕۆ پێنج شەممە 7/11/2013 مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان هەڵسا بە سازدانی مەڕاسیمێكی رێزلێنان بۆ قوتابیانی كوردی دەرچووی زانكۆی ئەزهەری شەریف.
سەرەتای ئاهەنگەكە بە چەند ئایەتێك لە قوڕئانی پیرۆز دەستی پێكردو، دواتر لە لایەن مامۆستا مەلا عەبدوڵا سەرۆكی یەكێتی زانایان وتارێك پێشكەش بە ئامادەبوان كراو، لە وتارەكەیدا پیرۆزبایی سەری ساڵی كۆچی لە ئامادەبوان كردو، سوپاسی وەزارەتی ئەوقافی كرد بۆ پشتگیری كردنی ئەو پۆڵە قوتابیە كە توانیویانە لە زانكۆی ئەزهەر خوێندنیان بە سەركەوتوویی تەواو بكەنو، گلەیی ئەوەشی كرد كە چوار ساڵە ناردنە دەرەوەی قوتابیان بۆ ئەزهەر راگیراوەو، هیوادار بوو ئەم دەرگایە دانەخرێو بەردەوام قوتابیان بۆ ئەم زانكۆیە رەوان بكرێن كە سەركردەی كورد سەلاحەدینی ئەیوبی ئەم زانكۆیەو كورد بە یەكەوە دەبەستێتەوە.
هەروەها مامۆستا مەلا عومەر سوێری ئەندامی مەكتەبی زانایان لە وتارێكدا تیشكی خستە سەر رۆڵی مەلای كورد لە رابردوودا بۆ گەڕان بە دوای زانستو زانیاری، هەروەها چەندەها مەلای كورد بە نموونە هێنایەوە كە لە رابردوودا لە دەرەوەی وڵات خوێیندویانەو خزمەتیان بە دینی ئیسلام كردووە.
كونسوڵی كۆماری میسریش لە وتارێكیدا دوای سوپاسی یەكێتی زانایان باسی لە پەیوەندی نێوان كوردو وڵاتی میسر كردو گووتی: لە داهاتوودا پەیوەندەكانی نێوانمان زیاتر بەرەو پێش دەچنو، ئەو قوتابیانەش بوونە هۆكارێك بۆ زیاتر پتەوكردنی پەیوەندیەكانمان.
لای خۆشیانەوە قوتابیانی دەرچووی ئەزهەر لە وتارێكیان كە لە لایەن مامۆستا عەزیز یاسینەوە پێشكەشكرا سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانو وەزارەتی ئەوقافو یەكێتی زانایانیان كرد بۆ پشتگیریو هاندانیان لە تەواو كردنی پرۆسەی خوێندن لە وڵاتی میسر.
لە كۆتایی ئاهەنگەكەدا وێڕای خەڵاتو رێزلێنانی یەكێتی زانایان دیاریو خەڵاتی هەریەكە لەم بەڕێزانەی خوارەوەش بەسەر قوتابیان دابەش كرا:
1- كاك مەسرور بارزانی.
2- یەكێتی قوتابیانی كوردستان.
3- دكتۆر بەشیر خەلیل حەداد.