سەلام كەریم سیدان-بەرپرسی راگەیاندنی ئاینی وەزارەتی ئهوقاف
لەمیانەی خولە رۆشنبیریە – زانستیە هاوبەشەكانی نێوان راگەیاندنی ئاینی وەزارەتی ئەوقاف و رێكخراوی تواناسازی ئافرەت كە بۆ ئیمام و خەتیبەكانی كوردستان چەند ساڵێكە بەردەوامە،مامۆستا مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان موحازەرەیەكی پێشكەشكرد بەژمارەیەك وتارخوێنی مزگەوتەكانی هەولێر و دەوروبەری ،تیایدا تەئكیدی لەسەر 3 ئەركی گرنگی وتارخوێن و زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان بەگشتی كردەوە كە ئەویش ئەركی ئاینی و كۆمەڵایەتی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی بوو.
سەرۆكی یەكێتی زانایان لەموحازەرەكەیدا زۆر بەوردی و بۆ ماوەی 50دەقیقە لەسەر ئەو 3 ئەركە قسەی كرد و لەپاڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەزەرورەتی پابەندبوونی مامۆستایانی ئاینی بەفەتوا كردەوە و گوتی پێویستە پێش هەر فەتوایەك لەگەڵ لیژنەی باڵای فەتوای كوردستان گفتوگۆی كردبێت.
رۆژی پێشتریش مامۆستا د.بەشیر خەلیل سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف لەپەرلەمانی كوردستان بەموحازەرەیەكی بەپێز بەشداری لەم خولەدا كرد و وەڵامی پرسیاری بەشداربوانیشی دایەوە. |