ئەمرۆ 30ی11ی2024 بە ئامادەبوونی بەرێز بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامؤستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و بەرێوەبەری ئەوقافی هەولێرو ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی و فەقێ و قوتابی زانستی و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و بەرپرسانی ئیداری؛ مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە مزگەوتی بێراوە لە شاری هەولێر بەرێوەچوو، کە لەلایەن مامۆستا مەلا سادق خەتێ بەخشرایە چوار مامۆستای ئایینی.
لەم مەراسیمە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وتارێکی پێشکەش کردو وێڕای دەست خۆشی و پیرۆزبایی لە مامۆستای بڕوانامە دەرو مامۆستایانی بڕنامەوەرگر، ئاماژەی بە گرنگی پێگەی زانست زانایان کردو هیوای خواست هەمووان وەک بەرپرسیارێتی ئایینی و پیشەیی بایەخی پتر بەم بوارە بدەن.
سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: حوجرەکانی کوردستان رۆڵی گرنگ و گەورەیان گێراوە لە پێگەیاندنی مامۆستای ئایینی و بڵاوکردنەوەی زانست و هۆشیاری ئایینی، بۆیە گرنگە هەمووان هەست بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر حوجرەو مەدرەسە ئایینیەکان بکەین و پاڵپشتی رێرەوی خوێندنی زانستی بکەین، بۆ ئەوەی بتواندرێت بەو پەڕی شایستەیی کەسانی پڕ لە زانست پێبگەینن و ببنە چرای ناو کۆمەڵگە و لەسەر مینبەر و مزگەوتەکان خزمەت بە شەریعەتی ئیسلام و هەستی نیشتمانپەروەری بکەن و رۆڵەی گەلەکەمان بە پەروەردەیەکی دروست پەروەردە بکەنظ.
شایەنی باسە هەر لەم مەراسیمە کۆمەڵێک وتاری تر خوێندرانەوەو چەند پارچە پەخشان و سرودو قەسیدەیەک پێشکەش کران.