ئەمرۆ 3ی12ی2024 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەیی بەرێز مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی و ئەنجومەنی باڵای فەتواو بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی زانایان؛ پێشوازی لە شاندی گەورە زانایانی ئەزهەر بەرێزان دکتۆر عەباس شومان ئەمینداری گشتی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەرو بەڕێز دکتۆر سەلامە داود سەرۆکی زانکۆی ئەزهەر و بەڕێز وائل بەخیت جێگری سەرۆکی رێکخراوی جیهانی دەرچوانی زانکۆی ئەزهەرو بەڕێز ئەحمەد فەوزی بەڕێوەبەری کارووباری دەرەوە لە زانکۆی ئەزهەر کرد.
لە دانیشتنێکدا بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای بە گەرمی بەخێرهێنان؛ خۆشحاڵی خۆی و مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەربڕی بۆ دیدارو سەردانی شاندی ناوبراو بۆ هەرێمی کوردستان و یەکێتی زانایان، دواتر رۆشنایی خستە سەر پەیوەندی نێوان گەلی کوردو میسڕو زانایانی ئەزهەری شەریف لەگەڵ زانایانی کوردو ئەو شانازی و هەماهەنگی بەتایبەت لە نێوان یەکێتی زانایان و مەشیخەی ئەزهەر هەیە، هەروەک پوختەیەکی لە مێژوو و ئەرک و ئامانجی یەکێتی زانایان و خزمەتی مەلای کورد خستەڕوو.
دواتر بەرێز د.عباس شومان سەرۆکی ئەمینداری گشتی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر خۆشحاڵی خۆی بە دیداری زانایانی کوردستان و پێشوازی گەرمی مەکتەبی تەنفیزی دەربڕی و پەیوەندی نێوان هەردوولای بە گرنگ و مێژووی وەسف کرد، هەروەک باسی وێستگە تایبەت و هاوبەشەکانی نێوان گەلی کورد و گەلی میسڕو زانایانی هەردوولا کرد، کە وێڕای شانازیکردن خاڵی هاوبەشی نێوان هەردوولا خزمەتی ئیسلام و بڵاوکردنەوەی بری میانڕەوی و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوییە، هەروەک پوختەیەکی لە کارو پرۆژەو خزمەت و ستراتیژی ئەزهەری شەریف خستەڕوو، کە لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی و بە شێوەی زانستی و لە هەر دوو بواری ئایینی و ئینسانی پێشکەشی کردووە.
دواتر بەرێز دکتۆر سەلامە داود سەرۆکی زانکۆی ئەزهەر وێڕای ئەوپەڕی خۆشحاڵی بە دیداری یەکێتی زانایان؛ سوپاسی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی کرد، بۆ پێشوازی گەرمیان و بایەخ و رێزیان بۆ پێگەو هەوڵەکانی ئەزهەر لە خزمەتکردنی ئایین و مرۆڤایەتی، هەروەک سەلام و رێزی تایبەتی بەرێز شێخی ئەزهەری گەیاندە زانایانی کوردستان.
هەر لە دانیشتنەکە کۆمەڵێک پرس و بابەتی پەیوەست بە هەردوولاو گرنگی پەیوەندی و هەماهەنگی جەختی لێکرایەوەو، پاشان هەر یەک لە بەرێزان جێگری سەرۆکی یەکێتی زانایان و ئەمینی ئەنجومەنی باڵای فەتواو ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی گفتوگۆو قسەی گرنگیان لەبارەی سەردانەکەو پەیوەندی نێوان هەردوولاو ئامانجی سەرەکی خزمەتکردن و بەرەو پێشبردنی رەوشی زانستی و هۆشیاری ئایینی کرد.
دواتر خەڵاتی رێزلێنان لە لایەن ئەمینداری گشتی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر پێشکەش بە سەرۆکی یەکێتی زانایان کراو، لەلایەن خۆشیەوە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان رێزلێنانی تایبەتی پێشکەش بە شاندی ناوبراو کرد.