ديمانە: گوڵان
شێخ گەیلان تاڵەبانی شارەزا لە بواری فیقهی ئیسلامی بۆ گوڵان: بەكارهێنانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ مەرامی سیاسی و دژی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكان دووڕوویی و نیفاقە
دكتۆر گەیلان محەمەد فاتح جەلال تاڵەبانی ناسراو بە «شێخ گەیلان تاڵەبانی»، كەسایەتییەكی ناسراو و لە بنەماڵەیەكی ئایینی و كوردپەروەرە و پسپۆڕی دیراساتی قورئانی و شارەزایە لە هزر و فیقهی ئیسلام و شەریعەت هەروەها پێشنوێژ و وتارخوێن و كەسایەتیی ناسراو و بەناوبانگی شاری كەركووكە، لە دیدارێكی گۆڤاری گوڵاندا باسی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە خەباتی نەتەوەییدا كرد. لێرەدا دەقی قسەكانی بڵاو دەكەینەوە.
* لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانی و زۆربەی سەركردەكانی دیكەی كورد كە ئەهلی مزگەوت و خانەقا و كەسانی ئایینی بوون، هاوكات مامۆستا و زانایانی ئیسلامیش لە دەوریان بوون، مامۆستا و مەلای ئایینی ئیعتیباراتی خۆیان هەبوو، ئایا ئەمە بۆچی دەگەڕایەوە؟
- بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان. كورد زۆرینەی میللەتێكی موسڵمانە و سەركردە مێژووییەكانی هەر لە شێخ عبدولسەلام ومەلا مستەفا بارزانی و پێشەوا و شێخ مەحموود و شێخ سەعید و چەندین سەركردە و شۆڕشگێڕی دیكەی كورد، ئەهلی مزگەوت و خانەقا و دەرچووی حوجرە بوون و باوك و باپیرانیان پیاوی گەورە و موسڵمان و لەخوداترس بوون، ئەمەش بە هۆكاری ئەوەی كە وا پەروەردە دەبن دڵسۆزی خاك و نەتەوەكەیان بن و لەسەر مەزڵووم بكەنەوە و دژی زاڵم بن و ژێردەستەیی قبووڵ نەكەن، ئەوان لە پێناو میللەتەكەیاندا خەباتیان كردووە. مامۆستاو مەلای ئایینییش بۆیە پاڵپشتییان كردوون، چونكە ئایینەكەیان لەسەری كردوونەتە ئەرك كە پاڵپشتیی ئەو سەركردە و شۆڕشگێڕانە بكەن، كە كار بۆ ئازادی دەكەن و دژی زوڵم و چەوسانەوەی میللەتەكەیانن. لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا باشترین كەس ئەوەیە بۆ نەتەوەكەی خۆی باش بێت، وەكو پێغەمبەرمان (د.خ) دەفەموێت: باشترین كەستان ئەو كەسەیە بۆ نەتەوەی خۆی باش بێت و مافی میللەتەكەی بەدەست بهێنێت، بەڵام مافی میللەتانی دیكەش زەوت نەكات، سەركردەكانی كوردیش ڕۆشنبیر و شارەزا بوون لە ئایین و شەرعی ئیسلامدا و هەستیان بە مەزڵومییەتی میللەتی كورد كردووە، ئێمەی مامۆستا و زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەشێكی ئەركمان ئەوەیە خزمەت بە ماف و بەرژەوەندیی میللەتەكەمان و مەزڵومییەتی نەتەوەكەمان بكەین و پشتگیری ئەو سەركردە و شۆڕشگێڕانەش بین كە لەسەر ئەم بنەمایە كار دەكەن.
لێرەدا نموونەیەكی زیندووی سەردەمی مەلا مستەفا بارزانی دەگێڕمەوە، بەو پێیەی مامی باوكم شێخ حەسیب تاڵەبانی كە مامۆستایەكی بەناوبانگی كورد بووە و، خاوەنی چەندین كتێبە، مەلا مستەفا بارزانی وەكو زۆر لە مامۆستا و مەلای ئەو سەردەمە ڕێزی لێ گرتووە و بەردەوام لە حزووری بارزانیدا كە سەردانی ناوچە ئازادكراوەكانی كردووە و پشتگیری و پاڵپشتیی كورد و خەباتی مەلا مستەفا بارزانی كردووە، بارزانی بەردەوام لە پرسە سیاسی و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتییەكاندا پرسی بە زانا و مامۆستای ئایینی دەكرد و زۆر لە یەكلاكردنەوەی كێشەكان بە مەشوەراتی ئەوان دەبوو، شێخ حەسیب زۆر باسی نەجابەتی سەركردەی كورد مەلا مستەفا بارزانی دەكرد، دەیگوت مەلا مستەفا بارزانی زۆر گرنگی بە ڕەئی شەرع دەدا و كاری پێ دەكرد، سەربووردەیەكی بۆ گێڕاینەوە و گوتی: ڕۆژێكیان لە خزمەتی مەلا مستەفا بارزانیدا بووم، تەپڵەكی جگەرەكەی خۆم لای خۆم بوو، دەستم برد تەپڵەكی جگەرەكەی ئەویشم ڕاكێشایە لای خۆمەوە، مەلا مستەفا بارزانی دەستی كرد بە پێكەنین و گوتی: یاشێخ بزانە هەر دەڵێن مەلا شتی ئێمە داگیر دەكات، ئەوەتا شێخەكانیش داگیری دەكەن و هەر دەیبەن. منیش بە پێكەنینەوە پێم گوت: بەخوا قوربان ئەوەی من سەهو بوو. شێخ حەسیب دەیگوت مەلا مستەفا بارزانی زۆر وریا و هەستیار و بەویژدان بووە، بەوەی مافی كەس لای نەبێت و كەس خۆی بە مەغدوور نەزانێت.
* ئایا هەر لەبەر ئەم ڕێز و خۆشەویستییە بوو بۆ مەلا و مامۆستایانی ئایینی، كە مەلا مستەفا بارزانی ڕێكخراوی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی دامەزراند؟
- مەلا مستەفا بارزانی وەكو سەرۆك و سەركردەیەكی مێژوویی گەورەی كورد، نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو لای هەموو كوردەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش زۆر گرنگ بوو، دەیتوانی چین و توێژەكان ئاراستە بكات لە پێناو خزمەتكردنی گەلەكەی، ئەو سەردەمە ڕۆڵی زانا و مامۆستای ئایینی ئیسلام زۆر گرنگی پێ درابوو، ئەو ئەم كارەی لەپێناو گەلەكەیدا دەكرد، تاوەكو لە ڕووی دینی و كۆمەڵایەتی و بگرە ئابووری و سیاسیشەوە مەلای كورد خزمەتێكی زیاتری خەڵك بكات و تەفرقە و جیاوازییان تێ نەكەوێت، تەنانەت دوژمنانی كورد هەندێك لە مامۆستا و مەلای كورد بەلای خۆیان ڕانەكێشن و لە دژی مافەكانی نەتەوەی كورد لە خشتە ببرێن. مەلا مستەفا بارزانی بۆ بەرزراگرتنی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی مەرجەعێكی دانا لەناو خۆیاندا و یەكەم كۆنگرەی یەكێتی زانایان لەلایەن جەنابییەوە بەسترا، لە كۆنگرەدا مەلا مستەفا بارزانی بە ئامادەبووانی گوت ئیتر مەلای ئایینی نوێنەرایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەكات و سیاسەتمەدارەكان لە دوای كردنەوەی كۆنگرە بەجێی بهێڵن و بڕۆن، بەڵام خۆی مایەوە و گوتی: ئێستا من خۆم وەكو مەلایەك ماومەتەوە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت مەلا مستەفا بارزانی بەشێك بووە لە مەلای ئایینی و خۆی بە خەمخۆری گەلەكەی زانیوە، بۆیە بۆ ئێمەی مەلای ئایینی جێگای شانازییە مەلا مستەفا بارزانی وەكو سەركردەیەكی كورد و شۆڕشگێڕێكی وا گەورە، هاوكات مەلایەكی ئایینیش بووە.
* ئایا دەتوانین بڵێین تا ئێستاش ئەم هزر و ڕێبازە بەردەوامی هەیە و هزری نەتەوەیی و ئایینی گرێدراوی یەكترن؟
- بە شێوەیەكی گشتی مامۆستا و مەلای ئایینی كورد پەروەردەی ڕەسەنی ئایینی پیرۆزی ئیسلامن و بە شێوەیەكی باش لە ئایینەكە و قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەر(د.خ) تێگەیشتوون. ئەوان لە ڕۆژە سەخت و ناخۆشەكانی گەلەكەماندا پێكەوە بوون و لەم پێناوەشدا قوربانییان داوە، هەر بۆیە گەلی كورد هەرگیز داگیركەر نەبووە و هیچ نەتەوەیەكی دیكەی نەچەوساندووەتەوە، بوونی كەلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی لە ناو كورددا جوانترین بەڵگەیە بۆ ئەم مێژووە ڕەسەنە كە تاكو ئەمڕۆ وێڕای بوونی هزری نامۆ و هێنانی هەندێك لە بیروبۆچوونی توندوتیژی لە دەرەوەی سنوورەكان، بۆ مەرام و مەبەستی كەسێتی و تاقمێك، بەڵام ئەمەش جێگای نەبووەتەوە لە ناو موسڵمانانی میللەتی كورددا، بەم شێوەیە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ناوەڕۆكی قورئان و فەرموودەكان ئەركی بەرگریكردن و بەشداریكردن لە شۆڕش و خەباتی لەسەر مامۆستایانی ئایینی و زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام داناوە.
هەموو ئەو ئەركە پیرۆزە نەتەوەیی و ئایینییە لە ئێستادا زۆر قورستر بووە و دەكەوێتە سەرشانی كاك مسعود بارزانی، كە ئەركی ئێستا زۆر قورستتر و ئاڵۆزتر و هەستیارترە لەو سەردەمە، ئەركی میللەتێكی گەورەی كوردی لە هەرێمی كوردستان لەسەر شانە و دەبێت بە وردی ڕەچاوی هاوكێشە سیاسییەكانی عێراق و ناوچەكە و دراوسێ و دونیا بكات و، باڵانسی پەیوەندییەكانی ڕابگرێت، میللەتێكی گەورە چاوی لە دەستی ئەوە و حزب و لایەنی سیاسیی زۆر و ناكۆك و پڕ لە كێشە هەن، كاك مسعود بارزانی لەسەر هزر و بیروباوەڕی باوكی بەردەوامیی لە خەبات و دڵسۆزی بۆ نەتەوەكەی هەیە، ئەوەی پەیوەندی بە مامۆستایانی ئایینیشەوە هەبێت، تاكە ڕێكخراوە كە ساڵانە لە یادی یەكێتی زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامی كوردستان ئامادە دەبێت.
* چەند گرنگە بۆچوونەكانی مامۆستایانی ئایینی بە ئەمانەتەوە بگەیەندرێتە دەستی سەرۆكی حكومەت و بیر و بۆچوونە باش و بەسوودەكانی مامۆستایان و زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە لایەن دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بخرێتە خزمەتی گەل و خاكی نیشتمان، ئایا بەو نزیكبوونەوەیە وەكو جاران لە مێژوودا ڕۆڵ و پێگەی مامۆستایانی ئایینی لە پاراستنی نەتەوە و نیشتمان چی دەبێت و ئایا ڕێزلێنانی سەرۆكی حكومەت بۆ مامۆستایانی ئایینی چەند گرنگ بوو؟
- ڕۆشنبیری و خۆشەویستیی نەتەوەیی و دڵسۆزی بۆ نیشتمان و خاك لای مامۆستایانی ئایینی لە ئاستێكی بەرزدایە، هەر لەو ڕوانگەیەشەوە ڕێزی بۆ سەركردەكانی كورد و پێشمەرگە و بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەكان هەیە، میللەتی ئێمەش بەو پێیەی زۆرینە موسڵمانە و باوەڕی بە خودا و قورئان و پێغەمبەر (د.خ) هەیە، بۆیە پێویستە ئایین لە پێناو خۆشی و بەختەوەری و ئازادی و تەنانەت سەربەخۆیی و بوون بە خاوەن دەوڵەتی كوردستاندا بەكار بهێنین، ئەوەتا هەموو نەتەوەكانی دیكەی دەوروبەرمان هەر لە عەرەب و فارس و توركەوە ئایین بەكار دەهێنن بۆ بەرزڕاگرتنی نەتەوەی خۆیان و پارێزگاریكردن لە دەوڵەتەكەیان و، هەر خۆی لەخۆیدا ئایینی پیرۆزی ئیسلامیان بۆ گەیشتن بە دەوڵەت بەكار هێناوە، ڕەنگە ئەمە بە مافێكی سرووشتیی خۆیانی بزانن، بەڵام ئەوەی سرووشتی نییە، ئەوەیە نابێت ئەو دەوڵەتانە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە ناهەق بۆ چەوساندنەوە و دەسەڵات دژی هیچ كەس و لایەنێك بەكار بهێنن، وەكو بۆ چەوساندنەوەی میللەتی كورد كە بەكار دەهێندرێت، یان لەسەر حیسابی ئێمە بێت. بەو پێیەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش بۆ خزمەتی خەڵك و میللەت هاتووە و زۆر ئاساییە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەم ڕێگەیەوە خزمەتی نەتەوەكەی خۆیان بكەن و، ئەركی یەكگرتوویی چین و توێژەكان و ئاشتیی كۆمەڵایەتییان لەسەر بنەمای پابەندبوون بە یاسا و بە شەرع لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان، بۆچوونەكانی زانایانی ئیسلامی بە هەند وەربگرن بۆ ئەوەی هاوكاریی حكومەتەكەی خۆیان بكەن، بۆ پاراستنی قەوارەكە و ڕێگەگرتن لە دەستێوەردانی دەرەكی، ئەمە جێگەی داخە گەلێكی موسڵمانی وەكو كورد لەسەر دەستی ڕژێمەكانی ناوچەكە تووشی زوڵم و چەوسانەوە ببێت، هەر خۆی لەخۆیدا ئەمە دژی قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەرمانە (د.خ).
* میللەتەكەمان لە قۆناغێكی هەستیاردایە، كەچی حزبە كوردستانییەكان هەریەكەو لەلایەك گوتاری بۆ دۆخەكە هەیە، ئایا لەم بێسەروبەرییەی ئێستادا ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی چییە بۆ جێبەجێكردنی ئەركە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانیان؟
- چەند ئەجێندایەكی دەرەكی هەیە و چەند لایەنێكی سیاسی بەكار دەهێنن بۆ دژایەتیكردنی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و، یاساشكێنی دەكەن و هەوڵیش دەدەن خۆیان بە مەزڵووم نیشان بدەن و خەڵك چەواشە دەكەن، بەداخیشەوە چەند مامۆستا و مەلایەكی ئایینی كە ئاستی زانستییان لە زانست و ئاییندا كەمە، دوای ئەم لایەنانە كەوتوون، تەنانەت دوای هەندێك هزر و بۆچوونی ناڕێك و ناجائیز كەوتوون كە لە دەرەوە بە پێچراوی بۆمان دەنێرن و، وەكو بۆمبێكی چێنراو دژ بە میللەت و قەوارەكەمان بەكاری دەهێنن، تاوەكو بارودۆخی ئاسایش و هێمنی میللەتەكەمان تێك بدەن، لە كاتێكدا چەندین ساڵە ماڵ و حاڵمان لەدەست چووە و شەهید و قوربانیمان داوە، ئێستا نابێت بهێڵین كەسانێكی ساویلكە ئەم هزر و بۆچوونە خراپە و دوور لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە ناو گەنجەكانماندا بچێنن.
ناكرێت بە ناوی دینەوە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ مەرامی سیاسی بەكار بهێنرێت و هەر یەكەو ئیخوان و ئیسلامییەكی توندڕەوی دامەزراندووە و وەلائیان بۆ میللەت و سەركردەی خۆیان نییە، ئەمە دووڕوویی و نیفاقە لە ناو ئیسلامەتیدا، تەنانەت حزب هەیە لە ناو حكومەتدایە، كەچی لەملاوە بە مامۆستای ئایینی دەڵێت قسە بە سیاسەتمەدار و حكومەتەكە بڵێ، ئەمە چەواشەكارییە لە ناو میللەتی كورددا كە بەداخەوە تا دێت زیاتر دەبێت و خەڵكانێكی زۆر لێی سوودمەند دەبن، لەسەر حیسابی خەڵكی ڕەشوڕووت و هەژار و عەوام فیتنە و شەڕ و ئاژاوە دەنێننەوە .
باشە ئەوەی لە دەسەڵاتە و ئەوەشی لە ئۆپۆزسیۆنە، چۆن دەبێت خەڵكی دژی نەتەوە و نیشتمانەكەی هان بدات و تۆوی دووبەرەكی و فیتنە بچێنیت و، لە پێناو بەرژەوەندیی تەسكی شەخسی و گرووپەكەیدا لە حكومەتێكی كوردستانی بدات، كە چەترێكە بە هەموو كەموكورتی و ڕەخنەكانمانەوە، هەمووانی كۆ كردووەتەوە و لە كۆمەڵكوژی و چەوساندنەوە دەمانپارێزێت، مامۆستای ئایینیی ڕاستەقینە هەرگیز خۆی ناكاتە بەشێك لە فیتنە و ئاژاوە و دووبەرەكی و ئایینەكەی دژی میللەتەكەی بەكار ناهێنێت.
* بەو پێیەی مامۆستایەكی دیار و بەرچاوی لە كەركووك، ئەو كەركووكەی لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە داگیر كرا و، لە ئێستادا دووبارە تەعریب و تەرحیل بە شێوەیەكی مەترسیدارتر دەستی پێ كردووەتەوە، ئایا پەیامت لەسەر دۆخی كەركووك چییە؟
- ئەگەر باخچەكەت گوڵێكی تێدا نەبێت، تام و لەزەتی نابێت، كەركووكیش وەكو جەنابی مەلا مستەفا فەرمووی (دڵی كوردستانە) كەواتە هیچ لەشێك بێ دڵ ناژی و بەهێز نابێت، سوپاس بۆ خودا سەرۆك مسعود بارزانی لەسەر هزر و بۆچوونی باوكی بەردەوامە و كەركووك و خاكی كوردستان بە هێڵی سوور دادەنێت و، سازشی لەسەر ناكات، هەر دەبێت بەپێی دەستوور كەركووك بە هەر سێ قۆناغەكەی ئاسایی بكرێتەوە (تطبیع، إحصاء، إستفتاء) و كێشەكەی چارەسەر بكرێت، تا بنەماڵەی بارزانی هەبن ڕۆژێك دێت كەركووك هەر دەگەڕێتەوە باوەشی نیشتمان، ئەمەش لەلای دوژمنانی كورد زۆر ڕوونە، بۆیە ئەو هەموو دژایەتییەی بارزانی دەكرێت، پێشتریش حوكمی زاتی درا بە كورد، بەڵام ئەوەی جێگەی ناڕازیبوونی بارزانی بوو، مەسەلەی كەركووك بوو، هەر لە سەرەتای دۆزی كوردەوە جەنابیان بایەخێكی زۆری بە كەركووك و كەركووكییەكان دابوو، بۆ ئێمەی خەڵكی كەركووك زۆر دڵخۆشكەر بوو كە بارزانی و پارتی لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەغدا ماددەی 140ی دەستووریان ژیاندەوە و، جەختیان كردەوە كە دەبێت ئەو ماددە دەستوورییە جێبەجێ بكرێت، ئەمەش دەیسەلمێنێت سەرۆك بارزانی لەسەر ڕێبازەكەی مەلا مستەفا بارزانییە.