یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مامۆستا شێخ مەلا ياسين شێخ فەرخ کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە بەشداری نوێنەری یەکێتی زانایان؛ کارەکانی خولی چل وپێنجەمین شرۆڤەی نامەی عەممان لە شانشینی ئوردەن بەرێوە دەچێت    *****    *****   یەکێتی زانایان لە گەڵ دەسپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن پەیامێک ئاراستەی لایەنە سیاسیەکان و هاوڵاتیان دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا عيسا کەونەگوندی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان  پێشوازی لە شاندێکی کریستیانەکانی کوردستان دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان  پێشوازی لە بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری دەکات    *****    *****   پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان    *****    *****   پەیامی سەرۆکی حکومەت لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان    *****    *****   پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی هەرێم بە بۆنەی 54 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایان    *****    *****   ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەرز راگیرا    *****    *****   یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان به‌ بۆنه‌ی 54 ساڵه‌ی دامه‌زراندنیه‌وه‌ پەیامێک بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا طيب أحمد کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات   
ئەنجومەنی باڵای فەتوا حوكمی ڕێككه‌وتنی پزیشك له‌گه‌ڵ ده‌رمانخانه‌ یان كۆمپانیاكانی ده‌رمان روون دەکاتەوە
به‌رواری دابه‌زاندن: 04/09/2023 : 22:03:29
قه‌باره‌ی فۆنت

قال تعالى: (وَمَآ أَرۡسَلۡنَا مِن قَبۡلِكَ إِلَّا رِجَالٗا نُّوحِيٓ إِلَيۡهِمۡۖ فَسۡ‍َٔلُوٓاْ أَهۡلَ ٱلذِّكۡرِ إِن كُنتُمۡ لَا تَعۡلَمُونَ)[سورة النحل: 43]

الحمد لله، والصلاة والسلام على سيدنا محمد رسول الله، وعلى آله وأصحابه ومن والاه.... وبعد:

دوای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك پزیشكی به‌ڕێز چه‌ند پرسیارێكیان ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا كرد سه‌باره‌ت به‌ حوكمی هه‌ندێك له‌و ڕیككه‌وتن و هه‌ماهه‌نگییه‌ بازرگانیانه‌ی له‌ ئێستادا له‌نێوان كۆمپانیاكانی ده‌رمان و دكتۆره‌ به‌ڕێزه‌كاندا ڕوو ده‌دات، یان شه‌ریكایه‌تی دكتۆره‌كان  له‌ نێوان خۆیاندا به‌پێی بینینی نه‌خۆش، یان ڕێككه‌وتنی خاوه‌ن باڵه‌خانه‌كان و دكتۆره‌ ناوداره‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نها پزیشكه‌كه‌ بێته‌ ناو باڵه‌خانه‌كه‌وه‌ و خاوه‌ن باڵه‌خانه‌كه‌ كرێی لێ نه‌سێنێت، و كۆمه‌لێك مه‌ساریف بخاته‌ ئه‌ستۆی خۆی و بیكاته‌ شه‌ریك له‌ ده‌رمانخانه‌ و ئه‌و تاقیگه‌ش كه‌ له‌ناو باڵه‌خانه‌كه‌دا دایده‌نێت به‌ مه‌رجێك ده‌رمانه‌كانی ده‌رمانخانه‌كه‌ی بۆ ساغ بكاته‌وه‌ و ڕێنمایی نه‌خۆشه‌كانی بكات بۆ تاقیگه‌كه‌ی..

ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا ئه‌گه‌ر چی له‌ فه‌توای ژماره‌ (370) له‌به‌رواری 19/8/2020 به‌شێوه‌یه‌كی گشتی زۆوربه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی ڕوون كردووه‌ته‌وه،‌ به‌ڵام تایبه‌ت بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و دكتۆره‌ به‌ڕێزانه‌ له‌ دانیشتنی ئاسایی خۆیدا له‌ به‌رواری 22/8/2023 دوای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌كانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام و مه‌به‌سته‌ باڵاكانی شه‌ریعه‌ت و یاساو داڕشته‌ فیقهییه‌كان، ئه‌م بابه‌ت و پرسیارانه‌ی گه‌نگه‌شه‌ كرد و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ وه‌ڵامی دانه‌وه‌:

یه‌كه‌م: سه‌باره‌ت به‌ ڕێككه‌وتن یان گرێبه‌ستی نێوان كۆمپانیاكانی ده‌رمان، ئینجا چ به‌وه‌ی دكتۆره‌ به‌ڕێزه‌كان ببنه‌وه‌ وه‌كیلی كۆمپانیاكانی ده‌رمان، یان ببن به‌ شه‌ریكیان له‌ ده‌رمانخانه‌ و تاقیگه‌كان به‌و مه‌رجه‌ چه‌ند جۆرێكی دیاریكراوی ده‌رمانیان بۆ ساغ بكه‌نه‌وه‌، به‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ ده‌رمانانه‌ بۆ نه‌خۆشه‌كانیان بنوسن، یان له‌ڕیگه‌ی هاوپیشه‌ وهاوتایبه‌تمه‌ندیه‌كانیان ساغی بكه‌نه‌وه‌، یان خاوه‌ن باڵه‌خانه‌یه‌ك پیشنیاریان بۆ بكات كه‌ به‌بێ كرێ له‌ باڵه‌خانه‌كه‌یدا نۆرینگه‌كه‌یان دابنێت و مه‌سره‌فی سكرتێرو ئاوو كاره‌باو.. هتد هه‌مووی له‌سه‌ر خاوه‌ن باڵه‌خانه‌كه‌ بێت، وسه‌همیشی هه‌بێت له‌ قازانجی ده‌رمانخانه‌ و تاقیگه‌ی باڵه‌خانه‌كه‌، یان په‌یوه‌ندی نه‌بێت به‌ ده‌رمانخانه‌كه‌وه‌ به‌س ده‌رمانه‌كان ساغ بكاته‌وه‌ و نه‌خۆشه‌كان بنێرێ بۆ تاقیگه‌كه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووی دروست نییه‌ مه‌گه‌ر ئه‌م مه‌رجانه‌ی خواره‌وه‌ تیایاندا بێته‌ دی:

أ- ئه‌و ده‌رمانانه‌ی پزیشكه‌كان بۆ نه‌خۆشه‌كان ده‌ینوسن به‌ شێوه‌یه‌كی فیعلی پێویست بن بۆ ئه‌و نه‌خۆشه‌.

ب- ئه‌و قازانجه‌ی پزیشكه‌كه‌ له‌و وه‌كاله‌ته‌ یان شه‌راكه‌ت و مامه‌ڵه‌یه‌ ده‌ستی ده‌كه‌وێت له‌سه‌ر حیسابی نه‌خۆشه‌كان نه‌بێت، واته‌ نرخی ده‌رمانه‌كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ گرانتر نه‌كرێت له‌سه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌، و ئه‌و جۆره‌ ده‌رمانانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌ش هه‌ر به‌هه‌مان نرخ یان هه‌رزانتر بێت، وئه‌م ڕێككه‌وتنه‌یان نه‌بێته‌ بارگرانی له‌سه‌ر نه‌خۆشه‌كان.

ج- هه‌ركات ده‌رمانێكی كوالێتی باشتر هه‌بوو یان هه‌رزانتر هه‌بوو له‌ بازاڕدا به‌ هه‌مان كوالێتی پێویسته‌ پزیشكه‌كه‌ ئه‌و ده‌رمانه‌ هه‌رزانه‌ یان باشتره‌ بنوسێت بۆ نه‌خۆشه‌كه‌، وگوێ به‌و ڕێككه‌وتنه‌ نه‌دات.

دووه‌م: سه‌باره‌ت به‌ ڕێككه‌وتنی كۆمه‌ڵێك پزیشك له‌سه‌ر به‌كرێگرتنی باڵه‌خانه‌یه‌ك و دانانی نۆرینگه‌كانیان له‌وێ وهه‌موو پێداویستیه‌كانی نه‌خۆش وه‌ك تاقیگه‌ وده‌رمانخانه‌و..... هتد دابنێن وقازانجیان به‌پێی ژماره‌ی نه‌خۆشه‌كانیان وبینینیان دابه‌ش بكه‌ن... ئه‌وه‌ كارێكی نادروسته‌و پێویسته‌ هه‌موویان به‌پێی رێژه‌ی ئه‌و سه‌هم و پاره‌یه‌ی كه‌ خستویانه‌ته‌ ناو ئه‌و پرۆژه‌ شه‌ریكییه‌وه‌ قازانجه‌كانیان دابه‌ش بكه‌ن، ئه‌مه‌ یاسایه‌كی بڕاوه‌یه‌ له‌ شه‌ریعه‌تدا له‌ هه‌موو جۆره‌كانی شه‌ریكایه‌تی.

له‌ كۆتاییدا وێڕای ده‌ستخۆشی زۆرمان بۆ هه‌موو ئه‌و دكتۆره‌ به‌ڕێزانه‌ی كه‌ به‌وردی خه‌می پیشه‌كه‌ی خۆیانیانه‌و، له‌ سنوری شه‌رع و مرۆڤدۆستی و یاسا به‌ركاره‌كان ده‌رناچن و ده‌یانه‌وێت توشی گوناه و رزقی حه‌رام نه‌بن، ده‌ڵێیین:

1- پیشه‌ی پزیشكی به‌ هه‌موو به‌شه‌كانییه‌وه‌ كارێكی زۆر پیرۆز و گرنگه‌، چونكه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌گیان وجه‌سته‌ی مرۆڤه‌كانه‌وه‌، كه‌ پیرۆزترین و به‌ڕێزترین دروستكراوی خودان، خودای په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێت: (وَلَقَدۡ كَرَّمۡنَا بَنِيٓ ءَادَمَ)[سورة الإسراء: من الآية 60]، هه‌روه‌ها پاراستنی جه‌سته‌ وگیانی مرۆڤ (حفظ النفس) یه‌كێكه‌ له‌ مه‌به‌سته‌ به‌رزو بڵنده‌كانی هاتنی شه‌ریعه‌ته‌ ئاسمانییه‌كان، دكتۆره‌ به‌ڕێزه‌كان ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانن كه‌ جه‌سته‌ و گیانی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی دێته‌ به‌رده‌ستییان ئه‌مانه‌ته‌، و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ ته‌ماع و پاره‌ په‌یدا كردن ڕێگه‌ به‌ خۆیان نه‌ده‌ن كه‌ خیانه‌ت له‌و ئه‌مانه‌ته‌ بكه‌ن، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ لَا تَخُونُواْ ٱللَّهَ وَٱلرَّسُولَ وَتَخُونُوٓاْ أَمَٰنَٰتِكُمۡ وَأَنتُمۡ تَعۡلَمُونَ)[سورة الإسراء:27]، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و پیشه‌یه‌ به‌ پیرۆزی و مرۆڤدۆستییه‌وه‌ موماره‌سه‌ بكرێت، و تێكه‌ڵ نه‌كرێت له‌گه‌ڵ ته‌ماع و چاوچنۆكی هه‌ندێك بازرگانی بێویژدان كه‌ هیچ باكیان به‌ گیرفانی هه‌ژاران و كه‌مده‌رامه‌تان و ته‌ندروستییان نییه‌، وته‌نها بیر له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبوونیان ده‌كه‌نه‌وه‌.

2- هه‌ر كارێكی بازرگانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی كاری پیرۆزی پزیشكی ئه‌نجام بدرێت، به‌ باشی ده‌زانین پزیشكه‌ به‌ڕێزه‌كان خۆیانی لێ به‌ دوور بگرن.

3- هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌ نێوان كۆمپانیا و پزیشكدا، یان له‌ نێوان تاقیگه‌ و پزیشكدا، یان له‌ نێوان ده‌رمانخانه‌كان و پزیشكدا، له‌سه‌ر حیسابی نه‌خۆش ئه‌نجام بدرێت حه‌رامه‌ و دروست نییه‌.

4- ساغ كردنه‌وه‌ی ده‌رمانی ناپێویست، یان نه‌شته‌رگه‌ری و فه‌حس و ئه‌شیعه‌ی ناپێویست، غه‌ش و فیڵ كردنه‌ له‌ پیشه‌ی پیرۆزی پزیشكی، و پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان ده‌فه‌رموێت: (مَنْ غشّنا فَلیسَ مٍنا) رواه مسلم برقم: 164 (1/99) عن أبی هریره‌.

 

والله تعالی أعلم

وصلی الله علی سیدنا محمد وعلی آ‌له وأصحابه أجمعین.

 

 

ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا

6/صفر/1445كۆچی - 22/8/2023 زاینی -31/خه‌رمانان/2723 كوردی