یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مامۆستا مەلا شێخ عابد کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان دیدارێکی تایبەت بە رۆژی جیهانی رووبەڕوو بوونەوەی وتاری رقەبەری بەڕێوە دەچێت    *****    *****   مامۆستا مەلا زبێر شێخە لاسەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان: داوا لە حاجیان دەکەین قوربانیەکانیان لە کوردستان ئەنجام بدەن    *****    *****   مامۆستا مەلا عەلی حەمە ڕەسول گێڵدەرەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   دکتۆر عرفان رەشید سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای حەج: رۆژانە لە خزمەتی حاجیان داین و کارەکانمان بە رێکو پێکی بەرێوە دەچێت    *****    *****   یەکێتی زانایان سیمینارێکی تایبەت بە ناونیشانی (نەفامی لە نێوان پیرۆزکردن و بە دامەزراوەیی کردندا) بەرێوە دەبات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری شاندێک لە شاری سلێمانی چەند دیدارو سەردانێک ئەنجام دەدات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەكێـتی زانایان پێشوازی لە بەڕێوەبەری گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە پیرمام بەرێوە دەچێت    *****    *****   مامۆستا مەلا ئەحمەد خاروکی تەرمەکەی دۆزرایەوەو یەکێتی زانایان پرسەو هاوخەمی خۆی بۆ خانەوادەکەی رادەگەینێت   
دكتۆر لوقمان جامیعی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەتوا: شایەدی ئەوە دەدەم فتواكانی ئەنجوومەنی فتوای یەكانگیرن لەگەڵ قورئان و سوننەت و دەقە شەرعییەكان
به‌رواری دابه‌زاندن: 24/05/2024 : 20:25:31
قه‌باره‌ی فۆنت

 


دكتۆر لوقمان جامیعی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەتوا، باسی وردەكاری دەرچوونی فتوا و پێگە ئاینییەكانی دەكات و ئەو كەسانەیش دەستنیشان دەكات كە دەتوانن فتوا بدەن. بەڵام نایشارێتەوە كە لە پرسیارە تازەكانی ئەم سەردەمەدا كە ڕووبەڕووی لیژنەی فتوا دەكرێنەوە، خەڵكی پسپۆڕ دەبەنە ناو گفتوگۆكانیان بۆ ئەوەی باشترین فتوا بدەن.


جامیعی لەم دیمانەیەی "وشە"دا "وازهێنانی یەكجاریی" خۆی لە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ڕادەگەیەنێت كە پێشتر كاری لەگەڵ ئەو حزبە كردووە. ئەم پسپۆڕە ئاینییە بە باشی دەزانێ، "هەر كەس لە خۆیەوە فتوا نەدات لە كوردستان" وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو بێسەروبەرییەی لە سۆشیال میدیادا دروست بووە و مەلا هەن بە تەنیا حوكم و فتوا دەدەن بۆ بینەر. 


 


1- ئایا فتوا لە كوردستان چۆن دەردەچێ؟


بسم الله الرحمن الرحیم ، الصلاە و السلام علی خیر الانام محمد و علی اله و صحبه. سوپاس بۆ پرسیارەكەت، بە درێژایی سەتان ساڵ لە مێژووی كوردی مسوڵمان، پرسی فتوا پرسێكی یەكانگیر و رێكخراو بووە (ئەگەرچی بەمدواییە پشێوییەك دەبینرێت)، بەڵام زۆرجار ئەوە بە شانازییەوە باس دەكەین كە لە كوردستاندا لە زاخۆوە تا خانەقین، مامۆستایانی پێشین فتوایان بەپێی مەزەوی ئیمامی شافیعی داوە و كورد پابەندی مەزەوی شافیعی بووە. زانایان و موفتییانی كوردیش خزمەتێكی گەورەیان بەو مەزەوە كردووە لە مێژووی ئیسلامیدا.


لە كۆندا فتواكان بەگوێرەی كتێبە فیقهییەكانی مەزەوی شافیعی دراون، چونكە پرسیار و داخوازییەكانی فتوا لەو كتێبانەدا دەدۆزرانەوە، ئێستەیش لە ئەنجوومەنی فتوا، بۆ فتوادان بە فەرمی بە مەزەوی شافیعی فتوا دەدەین كە بەگوێرەی پێرەو و پرۆگرام دیاری كراوە، لە هەندێك حاڵەتی پێویستیش دەگەڕێینەوە سەر مەزەوە موعتەبەرەكانی تری وەك حەنەفی و مالیك و حەنبەڵی، لە بابەتە هەنووكەیی و سەردەمییەكانی فتوایشدا، زۆرجار كە شتێك دێتە پێشمان لە ئەنجوومەنی باڵای فتوا، راوێژ بە ئەهلی پسپۆڕیی دەكەین وەك پزیشك یان ئابووریناس و هتد، ئینجا فتوا دەدەین و ئاگاداری فتوای كۆڕبەندە جیهانییەكانین. 


ئەمە وەك شێوازە فەرمییەكەی فتوا، بەڵام ئەوەی كەسێك هەڵدەستێت و بەبێ زانست و زانین فتوا دەدات، ئەمە زۆر لە حەقیقەتی شەریعەتەوە دوورە.


 


2- كەواتە كێ بۆی هەیە فتوا بدات؟ 


لە ئیسلامدا سێ پلە هەیە، پلەی ئیجتیهاد و پلەی فتوا و پلەی ئاسایی و عەوام، هەر كەسێك موجتەهید نەبێت، واتا عەوامە و دەبێت تەقلید بكات، ئێستە كە زانایانی موجتەهید كەم بوون و زانست ڕوو لە لاوازییە، دەبێـت بۆ فتوا بگەڕێینەوە بۆ موجتەهیدین و موفتی راستەقینە، كارەساتە كەسێك ئاگاداری زانستەكانی زمانی عەرەبی نییە و ئاگاداری مەزەوە فیقهییەكان و بنەما ئوسوڵییەكان نییە، بوێریی بداتە خۆی فتوا بدات، خۆی تووشی خەتەرێكی گەورە دەكات و ماڵوێرانییە.  


زانای كورد م، سەعیدی نەورەسی پێی وایە لە سەردەمی ئەمڕۆماندا، فتوا و ئیجیتهاد بە كۆمەڵە و دەستەجەمعی دەربچێت، پەسندترە و سەلامەتترە لە تاقە موفتییەك. بە ڕاستی ئەو كەسەی ئەهلی فتوا بێـت، دەبێ لە زانست و دینداری و تەقوای دڵنیابین، دڵ ئاو بخواتەوە بە فتواكەی و لە فتواكانیدا رەچاوی فیقهی واقیع بكات، ناكرێـت كەسێك كە هیچ ئاگادارییەكی بە فیقهی واقیع نییە و لە سەردەمی خۆی بێ ئاگایە و لە چەمكە نوێیەكان تێناگات، فتوا بدات . 


 


3- بەڵام لە سۆشیال میدیادا زۆر گوتارخوێن یان كۆلكەمەلا دەبینی ڤیدیۆ بڵاو دەكەنەوە و قسەكانیان هەمووی فتوا و حوكمە، ئەمە كێ رێی پێ داون؟ ئاخۆ كەس بۆی هەیە فتوا بدات؟.


ئیمامی مالك دەفەرموێـت (لا ادری نصف العلم) گوتنی نازانم نیوەی زانستە، جەنابی مالك چەندان پرسیاریان لێ كرد لە وەڵامی نیوە زیاتردا فەرمووی نازانم، ئەوە باسی گەورەی زانایان ئیمامی مالكە، بەڵام وەك ئاماژەم پێ دا، ئەوە لە تەقوا و دیندارییەوەیە. ئێمە دەستخۆشی لە هەر كەس دەكەین كە بیەوێـت بانگەواز بكات بۆ رێی خوا و ڤیدیۆ و وتاری شەرعی بڵاو دەكاتەوە، قورئان و فەرموودە بەرگوێی خەڵك دەخەن و دەبنە هۆكار بۆ هیدایەتی گەنجان و رێنوێنیی پیران، بەڵام ڤیدیۆ و وتار و سۆشیال میدیا، جێی فتوا نین و مەرج نییە هەر بەڕێزێك وتاری بەپێز بوون، بتوانێـت فتوا بدات و زانا بێـت. 


 


4- ئاخۆ هیچ پێوەندییەك هەیە لە نێوان لیژنەی فتوا و وەقفی سوننی یان دەزگا ئاینییەكانی تری وڵاتان؟ ئەگەر هەیە لەسەر چ جۆرە پرسێك گفتوگۆ دەكەن؟ ئەگەر نییە بۆچی؟


ئەنجوومەنی فتوا وەك ناوەندێكی فەرمیی فتوا لە كوردستان كە سەربە یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانە، خۆی لە ئاستی ناوەندەكانی تری فتوا دەبینێت لە جیهانی ئیسلامیدا، لە هەمانكاتدا لای گەلانی مسوڵمان، گەلی كورد و زانایانی كورد جێی ستایش و رێزلێگیراون، پێوەندیی ئەنجوومەنی فتوا لەگەڵ وەقفی سوننی، لە ئاستێكی باشدایە و لە پرسە هاوبەشەكاندا راوێژكردن بە یەكترمان هەیە، بە تایبەت ئەو بابەتانەی پێوەندیدارن بە هەردوولا، وەك پرسی سولفەی عەقار و رۆژوو و بینینی مانگ و هتد.


 


5- خەڵكێكی زۆر لە كوردستان ئاستی تێگەیشتنیان نزمە، مەلا سیاسییەكانیش زۆر ئەو بۆشاییە دەقۆزنەوە بۆ هاندانی توندڕۆیی یان بە سیاسیكردنی پێوەندی تاك و خوا، لە كاتێكدا كورد خۆی كولتوورێكی جوانی هەبووە لە باپیرانمانەوە و ئێستە هەست دەكرێ زۆر گومان و دڵپیسی نوێ هاتووەتە ناو خەڵكەوە، ئەمە بۆ وایە، خۆ ئاینی مسوڵمانان هەر یەك و خوا یەك خوایە، ئەم هەموو گرووپە چین كە خەڵك بە لاڕێدا دەبەن؟ 


ئەم پرسیارە پرسیارێكی فرەڕەهەندە، لای منیش پێوەری مرۆڤەكان كار و كردەوەیانە، بە شێوازێكی گشتی مەلایانی كورد لە دێرزەمانەوە لە خزمەتی ئاین و گەل و نیشتمانی خۆیاندا بوون و لەگەڵ ئەوەیشدا چەم بێ چەقەڵ نابێت، شایەدیش بۆ ئەم باسە، هاوڕابوونی هەموو مەلاكانە لە بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی داعش.


بە بڕوای من، ئاین زۆر گەورەیە و ناكرێت مرۆڤ بۆ مەرامی تایبەتی خۆی بەكاری بێنێت و لەكەداری بكات. بەڵام من كاركردنی هەموو گرووپێك كە بەرهەم و ئامانجەكەی خزمەتی ئاین و گەل و نیشتمان بێت، بە ڕەوا دەبینم، گرنگ ئامانجمان خزمەتكردنی بێگانە نەبێت و كار بۆ چەسپاندنی مافی ئەم میلەتە ستەمدیدەیە بكەین.


 


6- ئەندامانی لیژنەی فتوا هیچ پێوەندییەكی حزبییان هەیە لەگەڵ حزبەكانی كوردستان؟ یان 100% بەپێی دەقی قورئان فتوا دەردەكەن؟


شایەدی ئەوە دەدەم فتواكانی ئەنجوومەنی فتوای یەكانگیرن لەگەڵ قورئان و سوننەت و دەقە شەرعییەكان، بە خەمخۆری و دڵسۆزییەوە وەڵامی خەڵك دەدرێتەوە بەبێ جیاوازی، كاریگەریی هیچ پارتێكی سیاسیش بەسەر فتواكانی ئەنجوومەنەوە نابینم، بەڵام ئایا ئەندامەكان پێوەندییان بە هیچ پارتێكی سیاسییەوە هەیە؟ ئەمە شتێكی تایبەتە و پێوەندیی بە كەسەكە خۆیەوە هەیە و ناپرژێتە سەر باسەكانی ئەنجوومەن، بەڵام دەكرێ بڵێین چونكە ئەنجوومەنی فتوا دەزگایەكی مەعنەویی باڵایە و لە خزمەتی هەموو خەڵكدایە، پیشەیەكی گشتییە هاوشێوەی دادوەریی، بۆیە باشتر وایە ئەندامانی ئەنجوومەنیش بێلایەن بن.


 


7- بۆ نموونە ئێوە جاران سەربە یەكگرتووی ئیسلامی بوون، ئێستە پێوەندیت لەگەڵ ئەو حزبە ماوە؟


نەخێر من هیچ پێوەندییەكی حزبی و رێكخستنیم لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی نەماوە، ئێستە بێ لایەنم و وا هەست دەكەم بەم شێوازە دەتوانم زیاتر خزمەت بكەم وەك خۆم و زیاتر بە تەدریس و نووسین و كارەكانی فتواوە سەرقاڵم.


 


تێبینی: ئەم دیمانەیە ماڵپەری (وشە نێت) ئەنجامی داوە، بەڵام بە پێیەی مامۆستا ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەتوایە بە پێویستمان زانی لێرەش بلاوی بکەینەوە..