بەپێی زانیاری و پێوانە فەلەکیەکان بەیانی ۲۱ی٦ی۲٠۲٠ کە دەکاتە یەکەم رۆژی هاوینی ئەمساڵ دیاردەی خۆر گیران لە هەرێمی کوردستان روو دەدات.
ئەم خۆرگیرانە لە کوردستان بە شێوەیی نیمچەیی دەبێت و ماوەی ۲ کاتژمێرو ۱۵ خولەك و ۳۲ چركە دەخایەنێت.
لەو بارەوە کەشناسی هەرێم رایگەیاندووە: دەستپێكی دیاردەكە لە هەرێمی كوردستان لە كاتژمێر 7:34:52 بەیانی دەست پێدەكات و كاتژمێر 8:38:47 ی بەیانی خۆرگیرانەكە دەگاتە بەرزترین ئاستی كە رێژەی %36.86 تاریك دادێت، كاتژمێر 9:50:24 كۆتایی بەو دیاردەیە دێت بە نیسبەت هەرێمی كوردستان.
کەشناسی هەرێم رایدەگەیەنێت: بە پێویستی دەزانين كەوا هۆشداریی بدەينە هاووڵاتیانی ئازیز كەوا بەهیچ شێوەیەك هەوڵ نەدەن راستەوخۆ لە رێگەی (تلسكۆب و دووربین و كامێرا) لەهەر كات و ساتێك و لەژێر هەر بارێكدا سەیری خۆرنەكەن، چونكە دەستبەجێ زیانی راستەوخۆ بەچاو دەگەیەنێ و دەبێتە هۆی خوانەخواستە كوێربوونی كاتی یان هەمیشەیی یان دەبێتە هۆی حاڵەتی لەدەستدانی توانای بینینی رەنگەكان..
جێی ئاماژەیە دیاردەی خۆرگیران دیاردەکی گەردوونیەو لەسەردەمی پێغەمبەریش (درودی خوای لەسەر بێت) روویداوە، بۆیە لە کاتی خۆرگیران سوننەتێکی گەورەیە نوێژی خۆرگیران ئەنجام بدرێ، کە دەتواندرێ بە جەماعەت یان بە تەنها بکرێ، بەڵام لەبەر ئەم باردۆخە کە مزگەوتەکان داخراون، ئەوەی بتوانێ و حەز بکات ئەم سوننەتە بەجێ بگەیەنێ ئاساییە بە تەنهاو لە ماڵەوە ئەم سوننەتە جێبەجێ بکات.
بۆ شێوازی نوێژکردنەکە ئەنجومەنی باڵای فەتوا لەهەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا شێوازی ئەنجامدانی نوێژی خۆرگیرانی خستۆتە روو بەم شێوەی خوارەوە:
ئەنجامدانی نوێژی رۆژگیران لە ماڵەوە بە جەماعەت یاخود تاک..شێوازو ئەحکامەکان..
الحمد للە والصلاة والسلام علی رسول الله وآله وصحبه اجمعين اما بعد:
بە پێی راگەیاندنەکانی کەشناسی سبەی کاتژمێر 8 ی سەر لە بەیانی رۆژگیرانێک بە ئیرادەی خودا روودەدات..
ئەگەر روویدا ئەوا ئایەت و نیشانەیەکە لە نیشانەکانی دەسەڵات و عەزەمەتی خودا و سوننەتە نوێژی رۆژگیرانی تێدا ئەنجام بدرێت..بەڵام لەم بارودۆخە ناتەندرووستەی کوردستاندا دروستە لەماڵەوە ئەنجام بدرێت بە جەماعەت یان بەتاک، بەبێ بانگ و قامەت و بێ گوتار، تەنها دەوترێت (الصلاة جامعة)
بەم شێوەیەیەی لەی خورەوە:
یەکەم: شێوازی نوێژەکە
بەم شێوەیە دەکرێت:
نییەتی دوو رکاعەت سوننەتی رۆژگیران ، لە هەر رکاعەتێکدا دوو قیام و دوو روکوع و دوو سوجودی تێدایە.
بە کورتی:
رکاعەتی یەکەم پاش خوێندنی فاتیحە سورەتێک قورئان بخوێنێت و پاشان بچێتە روکوعەوە ئەندازەیەک تەسبیحاحت بخوێنێت تیایدا، پاشان هەستێتەوە بۆ قیامی دووەم بە هەمان شێوەی یەکەم پاشان دوو سەجدە بەرێت و پاشان هەستێتەوە بۆ رکاعەتی دووەم بە هەمان شێوەی رکاعەتی یەکەم پاشان تەحییات بخوێنێت و سەلام بداتەوە..
بە درێژیەکەیشی :
دوای اللە اکبری دابەستنی نوێژەکە دۆعای افتتاح(وجهت وجهی..) بخوێنێت پاشان سورەتی فاتیحە پاشان سورەتی البقرە یان بە ئەندازەی ئایەتەکانی ئەو، پاشان رکوعی یەکەم بەرێت و بە ئەندازەی سەد ئایەت تەسبیحات بکات، پاشان هەستێتەوە بۆ قییامی دووەم بە هەمان شێوە، بەڵام کەمتر قورئان و تەسبیحات ئەنجام بدات، بە بەراورد لەگەڵ قیامی یەکەمدا، پاشان دوو سوجدە بەرێت و ئەندازەیەک تەسبیحات بکات تیایاندا، پاشان هەستێتەوە بۆ رکاعەتی دووەم بە هەمان شێوە رکاعەتی یەکەم، بەڵام کەمتر لە رێژەکانی رکاعەتی یەکەم قیرائەت و تەسبیحات ئەنجام بدات، پاشان تەحییات دەخوێنێت و سەلام دەداتەوە..
پاشان میقدارێک یادی خودا و تەوبە دەکات و حەمودی پەروەردگار دەکات لەسەر نیعمەتەکانی بەتایبەت نیعمەتی رۆژ کە بۆ دروستی کردووە بۆ ژیانی تەندروستی بەندەکانی..
دووەم: کاتی دەستپێکردنی نوێژەکە:
لەگەڵ دەستپێکردنی رۆژگیرانەکەدا نوێژەکەیش دەسپێدەکرێت، خۆ ئەگەر نەکرا تا رۆژ دەرکەوێت ئەوا سوننەت نییە بکرێت لە پاشان هەروەها ناگێڕدرێتیشەوە بە قەزا.
سێهەم: ئیمام نابێت دەنگی بەرزکاتەوە لە نوێژەکەدا، بە پێچەوانەی مانگگیرانەوە..ئەمەیش تەنها جیاوازییە لە نێوان هەردوو نوێژی رۆژگیران و مانگ گیراندا..
چوارەم: ئەم سوننەتەیە بۆ کەسی گەشتیارو ئەهلی لادێیش هەر سوننەتە ئەنجام بدرێت.
پێنجەم: لەکاتی ئاساییدا سوننەتە خەڵکی کۆببنەوە لە مزگەوتداو پێشەوای موسڵمانان یان جێگرەکەی یان مامۆستایەکی شایستە نوێژەکەیان بۆ ئەنجام بدات بەو شێوەیەی گوتمان پاش دەرکەوتنەوەی رۆژ.. دوو گوتاریان بۆ بدات لە جێگەی نوێژکردنەکەی، تیایاندا خەڵکی هان بدات لەسەر تەوبەو گەڕانەوەو حەمدی خودا، بە مەرج و روکنەکانی ووتاری رۆژی هەینی..جگە لەوەی کە لە نوێژی هەینیدا دوو گوتارەکە پێش دەخرێت بەسەر نوێژەکەدا، بە پێچەوانەی رۆژگیران و مانگیران و نوێژی جەژنەکان.
واللە تعالی اعلم
=====
بۆ زیاتر شارەزایی و بەڵگەکان بڕوانە:
کتاب الٲم لٳمامنا الشافعي رحمة الله علیه، کتاب صلاة الكسوف ج1 ص 276-280
======
پ.د. حسن الشیخ خالد المفتي
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا
رۆژی شەممە/ هەولێر
28 شوال 1441ك
20 / 6/ 2020 م