ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢—١٢—٢٠٢٢ بەسەرپەرشتی لقی ڕانیەی یەكێتی زانایان كۆمەڵێك لە زانایانی سنوری لقی ڕانیە سەردانی ئیدارەی ڕاپەڕینمان كرد و بەگەرمی لەلایەن كاك ھیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین پێشوازیمان لێكرا و لەگفتوگۆیەكی ڕاشكاوانەدا بەكورتی پەیامی سەردانەكەمان عەرزكرد كە لەدووخاڵدا كورتمان كردەوە:
یەكەم: سوپاس و دەستخۆشیمان ئاراستەی بەڕێزیان كرد لە سەر ھەڵوێستی پشتیوانی بەردەوامی زانایان و لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی كۆمەڵایەتی دەڤەرەكە و بەتایبەتیش لەوھەڵمەتەی بەناوی جێندەرەوە لە ناوچەكە ئەنجام دەدرێ، كەھەر دوای بلاوبونەەوەی ھەواڵەكە یەكسەر بەفەرمانی بەڕێزیان لەڕێگەی پۆلیس و ئاسایشەوە تەواوی بڵندگۆكان لابران و كۆتایی بەھەڵمەتەكە ھێنرا.
دووەم: بەڕون و ڕاشكاوی ئەوەمان ڕاگەیاند كە نە زانایان و نەكەسایەتیەكان و نەخەڵكی جوامێر و شكۆمەندی ڕاپەڕین بەگشتی لەژێر ھیچ پەردەو ناونیشانێكدا ئەوە قبوڵناكەن دەست بۆ پیرۆزیەكانییان ببرێت و ھەوڵی شێواندن و شكاندنی ناوو ناوبانگی سەربەرزانەی ڕاپەڕین و خەڵكەكەی بدرێت. بۆئەمەش كاك ھیوا قەرەنی دڵنییایی پێداین كە ئەوەی كراوە زانیاری تەواویان لەسەر ناوەرۆكی پەیامەدەنگیە تۆماركراوەكەی شەوی ڕابردوو كەلەڕێگەی بڵیندگۆوە بڵاو كراوەتەوە نەبووە، و لەداھاتوشدا بەھیچ جۆرێك ئەوەقبوڵناكەین ئاسایاشی خێزانی و ئارامی ناوچەكە كێشەی بۆ دروست بكرێت و ڕێگە بەھیچ چالاكیەكی لەو بابەتە نادەین .
شایەنی باسە : ھەر لە كۆبونەوەكەدا كاك سەمیر ھەورامی وتەبێژی كاك قوباد تاڵەبانی پەیوەندی بەكاك ھیواوە كرد و دواتر من وەكو بەرپرسی لقی ڕانیە بەناوی زانایانی ڕاپەڕینەوە قسەم لەگەڵ بەڕێزیان كرد و عەرزم كرد كە نابێ كاك قوباد ڕێگەبدات ناوی ئەو بەكاربھێندرێت لەو ھەڵمەتەی كە ھەموخەڵكی كوردستانی ھەراسان كردووە و پشێوی و ئاڵۆزی خستووەتە ناو ماڵەكان و ناو ڕاگەیاندن و ناو خەڵك بەگشتی و ئەوكەس و ڕێكخراوانەش كە تەواو نامۆ و غەریبن بەدین و بەكلتوری خەڵكی كوردستان بانگەشەی ئەوە دەكەن كە بەڕێزیان پشتیوان و ھاوكاریانە!
بەڵام كاك سەمیر ئەوەی دوپات كردەوە كاك قوباد لەگەڵ ئەوھەڵمەتە نیە و بۆ ئەومەبەستەش بەڵێنی دا :
كەدوای یادەكانی سەری ساڵ دیدارێك سازبكات و بەیەكەوە لەگەڵ جەنابی كاك قوباد كۆمان بكاتەوە و لەنزیكەوە داخوازیەكانی خەڵكی ڕاپەڕین و پەیامی زانایانی دەڤەرەكەی پێ بگەیەنین.
شایەنی باسە : زانایانی ڕاپەڕین بەتێكڕا و بێ جیاوازی لەھەموو قۆناغە ھەستیارەكاندا دڵسۆزانە لەمەیدانن بۆ پارێزگاری لە ئاسایش و ئارامی دەڤەرەكە و لەو پێناوەشدا ھەم لەبەرنگاربونەوە بیری توندڕەوی و مەترسی مەوادی ھۆشبەر و داواكردنی مافەكانی خەڵك بەگشتی قسوریان نەكردووە و بەردەوامیشن لەسەر ئەوڕەوتەی كاركردنیان بۆ ڕەزامەندی خوا و لەپێناوی بەرژەوەندی باڵای خەڵك و ناوچەكە، بۆیە پێویستە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار لەپەیامی دڵسۆزانە و خەمخۆرانەیان سود وەربگرێت.
ئێمە لێرەوە بەناوی لقی ڕانیەی یەكێتی زانایانەوە سوپاسی دڵسۆزی و ھەماھەنگی تەواوی ناوخۆیی زانایانی ڕاپەرین دەكەین و دەستخۆشی لە چین و توێژە جیاوازەكانی تریش لە كەسایەتیەكۆمەڵایەتی و ئەكادیمیەكان و لە گەنجان و لەسەرجەم خەڵكی ڕاپەڕین دەكەین.
خوای گەورە یار و یاوەری ھەموان بێت.
بەشی ڕاگەیاندنی
لقێ ڕانیەی یەكیەتی زانایانی ئیسلامی كوردستان
22/12/2022