لە پەیامێکدا بە بۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆکی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان؛ یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پیرۆزبایینامەیەک ئاراستەی بەرێز دکتۆر عەلی قەرەداغی دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەرێز دکتۆر عەلی موحێدین قەرەداغی
بە بۆنەی تەواوبوونی کۆنگرەی شەشەم و هەڵبژاردنی بەرێزتان وەک سەرۆکی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان، پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاراستە دەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین، خوای گەورە پشتیوانتان بێت.
هیوادارین بەم هەنگاوە ببنە فاکتەرێکی گرنگی یەکڕیزی نێو موسڵمانان و زانایانی ئایینی و بایەخدانی پتر بە پەیامی ئاشتی و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان و نەهێشتنی گوتاری توندڕەوی، هەروەک دەخوازین بە هەستێکی کوردانەو گەیاندنی زیاتری قەزیەی کوردی بە جیهانی ئیسلامی و کۆکردنەوەی پاڵپشتی بۆ مافی چارەنووس هەنگاو بنێن.
دووبارە پیرۆز بێت لە بەرێزتان و یەکێتیەکەتان و لە دڵسۆزی و پەیامی دینداری زیاتر موفق بن.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
هەولێر - کوردستان
11ی1ی2024