ئەمرۆ 24ی12ی2024 بە ئامادەبوونی بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و د.حسن موفتی ئەمینی ئەنجومەنی باڵای فەتواو ئەندامان کۆبوونەوەیەکی ئاسایی ئەنجومەن بەرێوە چوو، کە تێیدا کۆمەڵێک پرس و بابەتی پەیوەست بە بواری فەتوا تاوتوێ کرا.
لەم کۆبوونەوەیە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان لە وتەیەکدا دەستخۆشی ئاراستەی ئەنجومەنی باڵای فەتواو لێژنەی فەتوای لقەکان کرد، کە لە ماوەی رابردوو بە دڵسۆزانە کاری فەتوایان راپەڕاندووەو خزمەتێکی شایستەیان پێشکەش کردووە، هەوەرک ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو کێشانەی روو لە ئەنجومەنی باڵاو لێژنەکانی فەتوا دەکەن زۆرو هەمەجۆرن؛ کێشەی خێزانی و میرات و زەوی و زارو نوسراوی فەرمی و وڵامی نوسراوی دام و دەزگاکان و دەرکردنی فەتوای فەرمی بەشێکی کارو ئەرکی ئەوان بووە بە بەردەوامی.
لە بەشێکی تری دانیشتنەکە باس لە کتێبی فەتواکان کرا، کە لەم هەفتەیە چاپەکەی تەواو بوو لە دوو بەرگی تێروتەسەل و بە قەبارەی 900 لاپەڕە سەرجەم فەتواکانی ئەنجومەنی باڵای فەتوای لە ساڵانی 2010 تا 2024 لە خۆ گرتووەو یەکێکە لەو کارو بەرهەمە گرنگانەی یەکێتی زانایان کاری لەسەر کردووە.
دواتر بەرێز د.حسن موفتی ئەمینی ئەنجومەنی باڵای فەتوا درێژەی بە کۆبوونەوەکەداو کۆمەڵێک پرس و بابەتی گرنگی لە دوا کۆبوونەوەی ئەمساڵ لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای فەتوا گەنگەشە کرد.