به‌یاننامه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتی زانایان
به‌ناوی خوای گه‌وره‌ی میهره‌بان
(وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا)
خه‌ڵكی شه‌ره‌فمه‌ندی كوردستان
مامۆستا‌و سه‌یدا‌و مه‌لا‌و زانایانی ئایینی قه‌درگران
به‌بۆنه‌ی ساڵوه‌گه‌ری دامه‌زراندنی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له ته‌واوی هاووڵاتیانی كوردستان ده‌كه‌ین به‌تایبه‌تی له مامۆستایانی ئایینی‌و ئه‌ندام‌و دۆستانی ئه‌م رێكخراوه ره‌سه‌نه، كه له رۆژی (21/9/1970) له گه‌ڵاڵه‌ی باڵه‌كایه‌تی دامه‌زرا، دامه‌زراندنی یه‌كێتی زانایان ته‌نها وه‌ك ئه‌ركێكی پیشه‌ییانه نه‌بوو، به‌ڵكو زه‌روره‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی‌و پێویستیه‌كی مێژوویی ئایینی‌و نیشتیمانی بوو، بۆ ئه‌وه‌ی وێڕای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و ئاریشه‌كانی كۆمه‌ڵگه پشتیوانێكی به‌هێزی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بن.
ئێستاش مایه‌ی شانازی ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستانه، كه له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا تواندراوه به ئه‌ندازه‌ی بۆ ره‌خسان له ئاست ئه‌ركه پیشه‌یی‌و ئایینی‌و نیشتیمانیه‌كانی قۆناغی ئێستای هه‌رێمی كوردستاندا بێت.
جێگه‌ی سه‌ربه‌رزیه كه له‌م ره‌وشه تایبه‌ته‌ی ئێستای عێراق به‌تایبه‌تی دوای ده‌ستدرێژییه‌كانی تیرۆریستان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێتی زانایانی ئایینی به ئه‌ركی خۆیان هه‌ڵستان‌و، له یه‌كه‌م هه‌نگاودا ده‌ستیان كرد بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك‌و هه‌روه‌ها هاندانی هاووڵاتیان بۆ كۆمه‌كیكردنی سه‌رجه‌م ئاواره‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و مه‌زه‌بی، هه‌روه‌ك زیاتر له جاران له وتاره‌كانیان جه‌غتیان له پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی كرده‌وه، هه‌روه‌ها به روونی له رێگه‌ی چه‌ندین به‌یاننامه‌و فه‌توادا رایانگه‌یاند ئێستا پێشمه‌رگه له پیرۆزترین ئه‌ركی ئایینی‌و نیشتیمانی خۆیدایه‌و، ئه‌م كاره‌ی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن به هه‌موو پێوه‌رێكی ئاسمانی له‌وپه‌ڕی ره‌وایه‌تیدایه، هه‌روه‌ك به‌شێكی زۆریشیان چوونه به‌ره‌كانی جه‌نگ و، وتاربێژانی مزگه‌وته‌كانیش وتاره‌كانییان تایبه‌ت كردن به به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر‌و تووند‌و تیژی ئایینی.
بۆیه له یادی دامه‌زراندنی یه‌کێتییه‌که‌مان پشتیوانی خۆمان بۆ پێشمه‌رگه‌و سه‌رجه‌م هێزه نیشتیمانپارێزه‌كانی كوردستان دووپات ده‌که‌ینه‌وه له جه‌له‌ولاو كه‌ركوك‌و مه‌خموور‌و زمار‌و شێخانه‌وه تا ده‌گاته كۆبانێ‌و ناوچه‌كانی تری رۆژئاوای كوردستان و بست به بستی خاکی کوردستان، که نه‌یارانی گه‌له‌که‌مان ده‌یانه‌وێت ده‌ستدرێژی بکه‌نه سه‌ر.
مایه‌ی سه‌ربه‌رزیمانه، كه له‌و كاته‌ی ساڵیادی رێكخراوه‌كه‌مان ده‌كه‌ینه‌وه هه‌موو توانا‌مان خستۆته گه‌ڕ تا به ئه‌ركی خۆمان هه‌ڵبستین‌و به گوێره‌ی توانا‌مان له ئاست قۆناغه‌كه‌دا بین له قوڵکردنه‌وه‌ی نیشتیمانپه‌روه‌ری و پارێزگاریكردن له نیشتیمان‌و قوڵكردنه‌وه‌ی برایه‌تی‌و ته‌بایی‌و خۆشه‌ویستی و پێكه‌وه‌ژیان‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر‌و تۆقاندن‌و ته‌كفیركردن.
به‌ڵێنیش ده‌ده‌ین له داهاتوودا به هه‌مان گیان‌و رۆحیه‌تی گه‌رم‌و گووڕه‌وه كار بكه‌ین‌و، هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و مرۆیی‌و نیشتیمانیه‌كانمانه‌و.
له كۆتاییدا داوای زیاتر قوڵكردنه‌وه‌ی یه‌كریزی‌و ته‌بایی نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ین‌و، پێشمان وایه ئه‌مه كاراترین چه‌كی راسته‌قینه‌یه دژی دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان، له خوای گه‌وره داواكارین وڵاتمان بپارێزێت‌و شه‌هیده‌كانمان بخاته به‌ر ره‌حمه‌تی خۆیی‌و، شیفای برینداره‌كان بدات.
بژی کورد بژی کوردستان، رووره‌شی بۆ دوژمنانی كورد‌و كوردستان.
یه‌کێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
21/9/2014
تێبینی: ساڵانه له یادی دامه‌زراندنی یه‌کێتی زانایان کۆمه‌ڵێك رێوره‌سم و مه‌راسیم ئه‌نجام ده‌دران، به‌ڵام به‌هۆی بارودۆخی باشوور‌و رۆژئاوای کوردستان به‌تایبه‌تی رووداوه‌کانی شنگال و کۆبانێ بریار درا ئه‌مساڵ یاده‌که ته‌نها به به‌یاننامه بکرێته‌وه.