
ئەمرۆ 5ی5ی2025 بە ئامادەبوونی د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و د.دیار جەباری راوێشکاری وەزارەتی ئەوقاف و مامۆستا فارس جەوهەر بەرێوەبەری گشتی لەدیوانی وەزارەتی ئەوقاف و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی و فەتواو بەرپرس و کارگێرانی لقی هەولێرو نوێنەری دەستەی پاراستنی ژینگەو چاکوانانی بواری ژینگە، مەراسیمی ناساندنی کتێبی (دین و ژین و ژینگە) بەرێوەچوو، هەر بەو بۆنەشەوە سیمینارێک بەناونیشانی پێگەی ژینگەو پێویستی ژینگەپارێزی لە دیدی ئیسلامدا بۆ بەرێز د.سیروان ئەحمە کەرکوکی نوسەری کتێبی ناوبراو بەرێوە چوو.
سەرەتای سیمینارەکە وێڕای خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز؛ بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا باسی لە گرنگگی ژینگەو بایەخی ئیسلام بە ژینگەپارێزی کردو رۆڵی زانایانی ئایینی لەم رووەوە بەرز نرخاند، هەروەها سوپاس دەستخۆشی ئاراستەی د.سیروان کەرکوکی کرد بۆ سیمینارەکەو بەرهەمەکەی پێشکەش دەکات.
دواتر بەرێز د.سیروان کەرکوکی لەسەر ناونیشانی کتێبەکەو بابەتی ژینگە سیمینارەکەی پێشکەش کردو باسی لە بایەخی ئیسلام و پرسی ژینگە کردو چەندین ئایەت و فەرمودەو بۆچوونی زانایانی هێنایەوە، کە ئاماژە بوون بۆ گرنگی پێگەی ژینگەو پێویستی ژینگەپارێزی لە روانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە، هەروەها رایگەیاند کە پرسی ژینگە پرسێکی فراوانەو پێویستی بۆ هەڵمەت و هۆشیاری بەردەوام هەیە بۆئەوەی کۆمەڵگەو هاوڵاتیان هۆشیار ببنەوەو بایەخی پتر بە پرسی ژینگە بدەن.
دواتر ئامادەبووان بە پرسیارو وڵام سیمینارەکەیان دەوڵەمەند کردو پاشانیش لەلایەن مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆکی یەکێتی زانایان سوپاس و پێزانین ئاراستەی د.سیروان کەرکوکی کرا.