ئەمرۆ 14ی4ی2025 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری بەرێزان مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.عومەر مرۆو د.عبدالله شێرکاوەیی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان لقی سۆرانی یەکێتی زانایانیان بەسەر کردەوەو دیدارێکی تایبەتیان لە گەڵ ستافی لق ساز کدر.
لەم دیدارە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای خۆشخاڵی و سوپاس و پێزانینی بۆ لقی سۆران، وەک وەفاداری دروودو نزای خێری بۆ رۆحی مامۆستا مەلا خالد مەلەکی بەرپرسی پێشوتری لقی سۆران ناردو باسی لە هەڵوێست و خزمەتەکانی کردو رۆڵی خوالێخۆشبوو لە ناو ریزەکانی یەکێتی زانایان و خزمەتی مامۆستایانی ئایینی لە سۆران بەرز نرخاند.
دواتر چەند تەوەرو باسێکی تایبەت و پیشەیی لەگەڵ ئامادەبووان باس کردو تەئکیدی لە پێویستی تەبایی و رۆحی هاریکاری و کاری پێکەوەیی کردەوەو بە گرنگی زانی هەمووان لە پێناو پاراستنی پێگەو شکۆی یەکێتی زانایان وەک یەک تیم کار بکەن و لە خزمەتی زانایان و رەوشی ئایینی و سنوورەکە درێغی نەکەن.
لەبەشێکی تری دانیشتنەکە گفتوگۆی دانانی بەرپرسی نوێی لقی سۆرانی یەکێتی زانایان کراو سەرۆکی یەکێتی زانایان لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆ دەرگای گفتوگۆو تاوتوێی پرسەکەی کردەوەو لەم بارەوە گفتوگۆی تێروتەسەل کراو دواتر بەپێی رەزامەندی ئامادەبووان بەرێز (مامۆستا مەلا رەسول گەزنەیی) وەک بەرپرسی نوێی لقی سۆرانی یەکێتی زانایان دەست بەکار بێت.
هاوکات سەرۆکی یەکێتی زانایان بەناوی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پیرۆزبایی لە بەرپرسی نوێی لق کردو لەلایەن خۆشیەوە مامۆستا مەلا رەسول گەزنەیی سوپاسی مەکتەبی تەنفیزی و ستافی لقی کرد لەهەمبەر دەستبەکاربوونی بەرێزیان وەک بەرپرسی لقی سۆرانی یەکێتی زانایان.
شایەنی باسە دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکی یەکێتی زانایان و شاندی یاوەری لەگەڵ ستافی لقی سۆرانی یەکێتی زانایان سەردانی خانەوادەی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا خالد مەکیان کردو لە نزیکەوە تەئکید لە کەلێن و بۆشایی مامۆستای رەحمەتی کراو خزمەت و هەڵوێستەکانی بەرز نرخێندرا، لەلایەن خۆشیانەوە خانەوادەی مامۆستای خوالێخۆشبوو ئەو پەڕی سوپاسی خۆیان ئاراستەی سەرۆک و مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی و لقی سۆرانی یەکێتی زانایان کردو بەڵێنی ئەوەیان دووپات کردەوە لەسەر رێبازەکەی باوکیان بەردەوام بن لە خزمەتکردنی مامۆستایانی ئایینی..