له به‌شی بۆچوونی بابه‌ته‌کانی پێشووم دا چه‌ند خوێنه‌ری خۆشه‌ویست باسی هاتنی دین به زه‌بری شمشیریان کردبوو. که‌سانێک به له ڕوو خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکی سه‌ر کاغه‌ز، ده‌ڵێن عه‌ڕه‌بی (به قسه‌ی ئه‌وان) ڕه‌شکه‌ی پێ‌خواسی مارمێلکهخۆری بێ تهمهددونی بێزانست، وه‌ختی خۆی، هاتوون به شمشیر کوردستانیان داگیر کردووه و خه‌ڵکیان به تۆبزی مسوڵمان کردووه!!!
جارێ پێش له هه‌موو شتێک با بڵێم له سه‌فه‌ری مانگی پێشووم بۆ سوئێد له ژنێکی به ساڵداچووی خۆماڵیم پرسی: ئه‌رێ خه‌ڵک قه‌دیم بۆ زوو ده‌نووستن و سه‌ری ئێوارێ ده‌چوون ده جێیه‌وه. یه‌کسه‌ر گوتی له به‌ر فتیله‌ی! گوتم چۆن؟ گوتی دووکه‌ڵی فتیله‌ی زۆر ناخۆش بوو له به‌ری دانیشی، نێو لووتت پڕ ده‌بوو له دووده. له به‌ر ئه‌وه‌ی زوو ده‌نووستن. من که چاوه‌ڕوان بووم ئه‌و ژنه شته‌که‌ی بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ زۆر دووری مێژوو، گوتی کوڕه جا من به عاسته‌م وه‌بیرم دێ. مانای ئه‌وه‌یه ئه‌و کۆشک و ته‌لاری پڕ فه‌ڕشی به چلچرا ڕازاوه‌ی مێژووی کۆن که ئیددیعای ده‌کرێ له گه‌ڵ قسه‌ی ئه‌و ژنه یه‌ک ناگرێته‌وه و له نه‌ققاشیی سه‌ر کاغه‌ز به‌ده‌ر چی دیکه نیه. پێشه‌کی با چاوێک له ئیددیعای ئه‌و خاوه‌ن نه‌زه‌رانه بکه‌ین که ده‌ڵێن کوردستان به زه‌بری شمشیر مسوڵمان کراوه. سێحه‌بی ئه‌و بۆچوونانه هه‌ر چی بۆ عه‌ڕه‌ب ته‌سه‌ووری ده‌که‌ن، عه‌کسی ئه‌وه بۆ کورد داده‌نێن:
ـ که ده‌ڵێن عه‌ڕه‌ب ڕه‌شکه‌یه به‌و مانایه‌یه که کورد پێستی سپییه،
ـ که ده‌ڵێن عه‌ڕه‌ب پێخواس بووه مانای ئه‌وه‌یه که کورد که‌وشی له پێدا بووه،
ـ که ده‌ڵێن عه‌ڕه‌ب مارمێلکه‌ی خواردووه، یانی کورد خواردنی چاکی هه‌بووه،
ـ ده‌ڵێن عه‌ڕه‌ب جاهیل بووه یانی کورد عالم بووه،
ـ که ده‌ڵێن عه‌ڕه‌ب بێتهمهددون بووه مانای ئه‌وه‌یه که کورد ته‌مه‌ددون واته حهزاڕهتی هه‌بووه،
ـ که ده‌ڵێن عه‌ڕه‌ب ئی نێو ئه‌شکه‌وت بووه یه‌عنی کورد له خانووبه‌ره دا بووه،
ئه‌ڵبه‌ته ئه‌و قسانه هه‌ر که‌سه به جۆرێک به ئه‌ندازه‌ی دڵخوازی خۆی لێی که‌م و زیاد ده‌کا، ئی وا هه‌یه هه‌موو ئه‌و سیفاته وێکڕا ده‌دا به‌و قه‌ومه و ئی وایه چه‌ند دانه‌ی لێ ده‌بژێرێ، خاوه‌ن نه‌زه‌ری وا هه‌یه ته‌نیا یه‌کیان ده‌ڵێ و که‌سی وایه ئه‌وانه و چه‌ندی دیکه‌شی به مه‌زاقی خۆی لێ زیاد ده‌کا.
له به‌رچاوی ڕۆشنفکران ژماره‌یه‌ک عه‌ڕه‌بی پێخاوسی مارمێلکه‌خۆر دێن تهمهددونی کوردی له به‌ین ده‌به‌ن (ئه‌وه من نایڵێم ئه‌وان ده‌یڵێن) !!! به خه‌یاڵی ئه‌و کۆمه‌ڵه ڕۆشنفکره کوردستان که ئه‌مڕۆ له شار و دێهات و جه‌معیه‌تی میلوێنان که‌س پێک هاتووه و خاوه‌نی نه‌زم و ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی و به‌ڕێوه بردنه، زه‌مانی هاتنی ئیسلامیش هه‌ر به‌م جۆره بووه. ئێمه له‌م پێداچوونه‌وه‌یه دا فه‌ڕز له سه‌ر ئه‌وه داده‌نێین که کوردستان ئه‌و جۆره بووه که ڕۆشنفکران ده‌ڵێن. به ڕبه‌ی ئه‌وان ده‌پێوین. بۆ لێکدانه‌وه‌ی عه‌قڵیی مه‌سه‌له‌که، با چه‌ند پرسیارێک بێنینه گۆڕێ:
1 ـ چۆنه عه‌ڕه‌ب شمشیری پێ بووه و کورد پێی نه‌بووه؟
2 ـ چۆنه عه‌ڕه‌ب پووڵی کڕینی شمشیری هه‌بووه، به‌ڵام پووڵی کرینی که‌وشی له باغه‌ڵ دا نه‌بووه؟ ئایا که‌وش قیمه‌تی گرانتره یان شمشیرێک که به یه‌ک زه‌ربه به‌شه‌رێک دووکه‌رت ده‌کا (به قسه‌ی بۆچووننووسێک له پاوه هه‌ر چی له 14 ساڵ بۆ سه‌رێ بووه به شمشیر دوو که‌رت کراوه!!!)؟
3 ـ چۆنه کورد له کاتی هێرشه‌که دا که‌وشی له پێ دا بووه، به‌ڵام شمشیری پێ نه‌بووه؟
4 ـ ئه‌گه‌ر کورد شمشیری هه‌بووه بۆ چی له کاتی هاتنی داگیرکه‌ر نه‌یهێناوه‌ته ده‌رێ؟
5 ـ ئه‌گه‌ر کورد تهمهددونی هه‌بووه چۆنه سازمانی دیفاعیی بۆ پاراستنی ئه‌و حهزاڕهته نه‌بووه؟
6 ـ ئه‌گه‌ر کورد وه‌زاڕه‌تی دیفاعی هه‌بووه چۆنه چه‌ند پێخواس که خواردنیان مارمێلکه‌یه و که‌وشیان له پێ دا نیه، نه‌زان و جاهیل و بێ نه‌زم و بێ فه‌نن و عیلمن، ده‌توانن له سه‌حرای عه‌ڕه‌بستان ڕا به چه‌ندین مانگ به پێ شه‌که‌ت و ماندوو بێنه کێو و شاخ، تووشی هیچ بورج و باڕوو و قه‌ڵا و سه‌نگه‌ر و ڕه‌سه‌د و له‌شکر و ئه‌و نیشانانه‌ی تهمهددونێک هه‌یه‌تی، نه‌بن؟
7 ـ به نیسبه‌تی خه‌ڵکی کوره‌ی ئه‌رزی، جه‌معیه‌تی مه‌ککه و مه‌دینه ئه‌و ده‌م ناتوانێ له چه‌ند هه‌زار که‌س زیادتر بێ واته له خواره‌وه ده هه‌زار که‌س. ئه‌گه‌ر 3 له چواری کۆمه‌ڵی مسوڵمانان پێک هاتبێ له ژن و منداڵ و پیر و کاسب و به‌رهه‌مهێنه‌ر، هه‌ر 1500 پیاوی به تاقه‌ت ده‌مێنێته‌وه بۆ شه‌ڕ کردن له گه‌ڵ کۆمه‌ڵگاکانی دیکه. دابه‌ش کردن و ده‌سته ده‌سته کردنی 1500 نه‌فه‌ر جاهیلی بێ عیلمی پێخواس چلۆنه بۆ داگیر کردنی تهمهددونی کوردی و فارسی و تورکی و ڕۆمی و ئاندۆلۆسی و لوبنانی و هیندی و ئیندۆنێزی و فیلیپینی و چینی و یه‌مه‌نی و جه‌زایری و قیبتی (میسری) و فه‌له‌ستینی و مه‌ڕاکیشی و ئازه‌ربایجانی و چیچێنی؟ ئایا هه‌ر مه‌مله‌که‌ته‌ی چه‌ند که‌سی وه‌به‌ر ده‌که‌وێ؟ به حیسابێکی ساده هه‌ر وڵاته‌ی ته‌قریبه‌ن 88 نه‌فه‌ر هێرشکار(88.2 = 17÷ 1500).
8 ـ ئه‌و 88 نه‌فه‌ره که دوو مانگ به‌ڕێوه بووه و ئاو نه‌بووه خۆی پێ بشوا و بێجگه له مارمێلکه نه‌یبووه بیخوا که هه‌ر مارمێلکه گرتنهش دنیایه‌ک ڕاوڕاوێنی ده‌وێ و به‌و شمشیره قورسه‌وه ده‌بێ به‌و ده‌شته دا به دووی دا هه‌ڵێی و ڕۆژێ سێ جه‌مه ده‌بێ ئه‌و کاره بکه‌یه‌وه، چۆن دوای دابه‌زین له چیا به‌رزه‌کانی کوردستان، به سه‌ر میلله‌تێک دا زاڵ بوون که خاوه‌نی ئه‌م شتانه بووه: ته‌مه‌ددون، لیباس، که‌وش، خواردنی سینگی که‌و، خوارده‌نه‌وه‌ی شه‌ربه‌تی که‌لله‌ته‌زێنی نێو فه‌غفوور، کارخانه‌ی توواندنه‌وه‌ی ئاسن، ڕمب و ته‌ور و نێزه و مه‌تاڵ، زرێ و سه‌رله‌شکر، ڕێبه‌ری و ئیداره‌ی پێشکه‌وتوو، ئهلف و بێ و کتێبخانه، سیستمی خه‌به‌ر گه‌یاندن، پادشا و باره‌گا که دیاره ته‌مه‌ددون ده‌بێ ڕێبه‌رایه‌تیی هه‌بێ، دیوان و سکه و پووڵ و بازاڕ و سه‌نعه‌ت؟
9 ـ ئه‌گه‌ر ئه‌و 88 نه‌فه‌ره تۆزاوی و برسی و بێپێڵاو و نه‌خوێنده‌واره به سه‌ر شار و دێهات و ئاوه‌دانییه‌کانی کوردستانی پێشکه‌وتووی زه‌مانی هاتنی ئیسلام دا دابه‌ش که‌ی بۆ ئه‌وه‌ی داگیری بکه‌ن، هه‌ر شار و ئاوایییه‌ک چه‌ند که‌سی وه به‌ر ده‌که‌وێ؟ دیاره ده‌بێ عه‌مه‌لیاتێکی ئاوا له یه‌ک سه‌عات دا و هاوکات بێ، بۆ ئه‌وه‌ی ئاوه‌دانییه‌ک ئه‌وی دیکه وشیار نه‌کاته‌وه!!!
10 ـ من پێم وایه هه‌ر شار یان دێیه 1 نه‌فه‌ری وه‌به‌ر ده‌که‌وێ، چونکه ئه‌و تهمهددونه کوردییه خۆ ناکرێ له 80 شار و دێ که‌متری هه‌بێ، مادام ئیمپهراتۆریهت بووه. باشه به خه‌ڵکی شارێک وێکڕا نه‌یانده‌توانی ئه‌و عه‌ڕه‌به جاهیله بێکهوشه بگرن ده‌ستبه‌سه‌ری بکه‌ن، تا فه‌رهه‌نگ و تهمهددونیان به تاڵان نه‌با و ژنه‌کانیان به جاریه نه‌گرێ (ئه‌وه قسه‌ی خودی ڕۆشنفکرانه ئی من نیه) و زه‌رده‌شتیان لێ نه‌سووتێنێ و ئاته‌شکه‌ده‌یان لێ کوێر نه‌کاته‌وه و له پاوه (به قه‌ولی برای نووسه‌ری بۆچوون) هه‌ر چی له 14 ساڵ بانتر بوو لێیان به شمشیر دوو که‌رت نه‌کا و کچه‌کانمان نه‌نێرێته خوزستان بۆ کڵفهتیی ماڵان و ئاوێستامان لێ نهدڕێنێ و ساسانیمان لێ قووت نه‌دا و وه‌ک مارمێڵکه نه‌یخوا و هه‌ڵی نهلووشێ؟!
11 ـ دوای ئه‌وه‌ی له هه‌ر شار و دێیه‌ی کوردستان ئه‌و یه‌ک نه‌فه‌ره ئاوه‌دانییه‌که داگیر ده‌کا و ئه‌وه‌ی ده‌یکوژێ ده‌یکوژێ و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێ به دیلی ده‌گرێ و جه‌غزی له ده‌وری ده‌کێشێ، ئایا شه‌وێ ئه‌و یه‌ک نه‌فه‌ره خه‌وی نایه له به‌ر ماندوویه‌تیی ئه‌و هه‌موو له مل دان و چهقۆتیژکردنهوهیه و به بێهۆشی و شه‌که‌تی و هیلاکی بۆی ناکه‌وێ؟! ئه‌و ده‌میش هیچ ناکرێ له گه‌ڵی؟ پارێزه‌رانی ئه‌و تهمهددونه دره‌خشانه ناتوانن ده‌ستی ده تینتینۆکه‌ی نێن و بیخنکێنن یان زه‌نگ بۆ پۆلیس ی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ئی ئه‌وده‌می لێده‌ن و بیسپێرن به دادگای عه‌داڵه‌ت و وه‌کیلی بۆ بگرن و به پێی یاسای وڵاته‌که سزای بده‌ن؟ یان سواری وشتری که‌ن و بینێرنه‌وه عه‌ڕه‌بستان؟! ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ددون بووبین ده‌بێ ئه‌و ئهنستیتۆیانهمان هه‌بووبێ. به قه‌ولی مه‌سعودی مه‌لا هه‌مزه (مامۆستای زانستگا) زه‌رده‌شت خۆی سه‌رۆکی 20 هه‌تا 40 گروپی موزیکی ڕاپ له کوردستان بووه، ئایا هه‌ر ته‌نیا موزیکژه‌نانی ئه‌و 40 گرووپه کۆیان که‌یه‌وه ناتوانن ئه‌و یه‌ک عه‌ڕه‌به بگرن؟ یان له ترسی شمشیره‌که‌ی نا‌وێرن لێی نزیک که‌ونه‌وه؟
12 ـ ئایا ئه‌و ده‌مه‌ی که ئه‌و یه‌ک نه‌فه‌ره پێخواسه، نیوه‌ی دانیشتووانی شاره‌که‌ی کوشتووه و نیوه‌ی باقییه‌که‌ی له زنجیری دا به دیل ڕاگرتووه، وخه‌ریکه ئاته‌شکه‌ده ده‌ڕووخێنێ و خشت و بلۆکه‌کانی ده‌کا به مزگه‌وت، ئایا ناکرێ له پشته‌وه ڕا خشتێکی له سه‌ری دهن و هه‌ستنه‌وه و ڕاپه‌ڕن؟ یه‌کێک له تلڤزیۆنهکانی کوردستانی ئه‌ودیو ڕاپۆرتێکی له مزگه‌وتی شێخ عوسمان له بیاره دروست کردبوو، ده‌یگوت ئه‌و مزگه‌وته له پێش دا ئاته‌شکه‌ده بوو، دوایه کردیانه مزگه‌وت!!!
ئه‌وه‌ی موسه‌لله‌مه ئه‌وه‌یه که ژماره‌ی جه‌معیه‌تی مسوڵمانی مه‌ککه و مه‌دینه ناتوانێ له چه‌ند هه‌زار ئینسان تێپه‌ڕێ له‌و زه‌مانی دا. تازه ئه‌وه به لانی زۆرییه‌وه ده‌ڵێم. جا ئێستا ڕۆشنفکرانمان که به‌ڵگه و دۆکیومێنت و فیلم و ڤیدیۆ و عه‌کس و زه‌بتی سه‌وتیان نیه بۆ ئه‌و ڕووداوانه، ئایا قووه‌ی لێکدانه‌وه‌شیان نیه؟!
ئه‌گه‌ر هه‌مووی ئه‌و ده‌لیلانه که من ده‌یانڵێم قسه‌ی به‌لاشن، ئه‌ی باشه هۆی چیه 4 عه‌ڕه‌بی پێخواس هاتن و تهمهددونێکیان گرت؟ تۆ بڵێی شمشیری ساسانی له ته‌خته نه‌بووبێ؟! ئه‌دی چیه؟ ئاخر ئه‌گه‌ر وه‌ک ڕۆشنبیره‌کانمان ده‌ڵێن عه‌ڕه‌ب جاهیل و پێخواس بووه و ئێمه تهمهددونمان هه‌بووه، وه‌ک ئه‌وه وایه ئه‌مڕۆ خه‌ڵکی ئاوایی " قاڕنجه" له کوردستانه‌وه هه‌ستن به سواری که‌ڵ و عاڕه‌به بچن ئه‌مریکایه بگرن!!! عه‌قڵ قبووڵی ده‌کا؟! |