یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرێوەبەری ئەوقافی ئاکرێ و بەردەڕەش و بەرپرسی لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرێوەبەری ئەوقافی شەقڵاوە دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ 130 مامۆستای ئایینی و هاوکارانی  راگەیاندنی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان ساز دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان کۆمەڵێک نامەی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنەوە پێ دەگات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا صلاح أحمد تەرخانی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بە پێشکەشکردنی پانیڵێک بەشداری کۆنفرانسی گفتوگۆی بازنەیی تایبەت بە پرسی بەشداری ئافرەت لە کایەی سیاسیدا دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: پێکەوەژیان خواستێکی ئایینیەو پێویستە هەمووان رێزی لێ بگرین    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: هەڕەشەو بێڕێزیکردن بەرامبەر مامۆستایانی ئایینی قابیلی قبوڵ نیە    *****    *****   لقی سۆرانی یەکێتی زانایان کۆدەبێتەوە چەند پرسێک گەنگەشە دەکات    *****    *****   لقی رانیەی یەکێتی زانایان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و چەند پرسێک تاوتوێ دەکات    *****    *****   کونسوڵی گشتی فەرەنسا لەهەرێمی کوردستان سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات   
د.سیروان کەرکوکی
به‌رواری دابه‌زاندن: 30/05/2023 : 11:13:19
قه‌باره‌ی فۆنت
كێشەی مامۆستایانی ئایینی و چارەسەر ئایا مزگەوتتان بۆ خۆتان دروست كردووە، یان بۆ پەروەردگار؟

دیارە كێشە و گرفتی زۆر هەن لە بەرانبەر بانگخوازان، بەتایبەت مامۆستایانی ئایینی و وتاربێژان بە پێویستی دەزانین ئاماژەی پێ بكەین و، لەسەر لایەنی پەیوەندیداریش پێویستە زوو بە دەم چارەسەری ئەو كێشەیەوە بچێت و، بۆ هەتا هەتایی بنبڕی بكات، چونكە كەسانی بانگخواز بەتایبەت وتاربێژ و مەلای مزگەوت خەڵكانێكی ماندوون، جێگەی دەستیان دیارە لە نێو كۆمەڵگەدا، هەق نییە دەستەڵات (مەبەستمان حكومەتە)، بهێڵێت ئەو چینە لەلایەن كەسانێكی خاوەن پارە و پشتبەستوو بە هەندێ كەسی فەرمانڕەوا و پلەدارەوە هەر لەبەر ئەوەی بینای مزگەوتەكەی كردووە، دەبێ لەژێر پرس و فەرمانی ئەودا بن و بە ئارەزووی خۆی بیانچەوسێننەوە لەژێر ناوی سەرپەرشتیاری مزگەوت (متولی) یان، خاوەن مزگەوت، دیارە ئێمە لە خۆمانەوە ئەو قسانە ناكەین، بەندە بۆ خۆم زیاتر لە پانزە ساڵ زیاتر وتاربێژ بووم لە مزگەوتەكانی شاری كەركووك، هەروەها پەیوەندییەكی باشم لەگەڵ زۆرێك لە مامۆستایانی ئایینی هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئاگام لە كێشە و گرفتی هەندێك لەو مەلا و وتاربێژانە هەیە لە دوور و نزیكەوە و دەزانم (متولی) زۆرێك لە مزگەوتەكان چی بەو مامۆستا بەڕێز و مەلایانە دەكەن.

دەمەوێت جارێ جەنابی (متولی) لەوە ئاگادار بكەمەوە و هۆشداریی ئەوەی پێ بدەم كە ئەگەر ئێوەی متەوەلی و خاوەنی مزگەوت دەڵێن بینامان كردووە و پارەی زۆرمان تێدا سەرف كردووە، بە بیرتان دەهێنمەوە ئەگەر بۆ خودا (جَلَّ ذِكْرُهُ) ئەو مزگەوتەتان بینا كردووە، ئەوا پاداشتتان لای پەروەردگارە، خۆ دەبێت هیچ پەیوەندییەكتان بەو مزگەوتەوە نەمێنێت، چونكە فەرموودەكەی حەزرەتی پێغەمبەر زۆر ڕوون و ئاشكرایە كە دەفەرموێت: (مَنْ بَني لِلّهِ مَسْجِدًا، بَني اللَهُ لَهُ بَيْتًا في الجنة).

سەرنج بدەن لە دەستەواژەی:(مَنْ بَني لِلّهِ مَسْجِدًا) تەماشای لامی (لِلّهِ) بكەن كە بۆ تەملیكە و دەبێتە موڵكی پەروەردگار، یانی بۆ خودا نەك بۆ ئەوەی سبەینێ بنووسن مزگەوتی (فلان لە عەشیرەتی فلان)، لەو وڵاتەماندا لەو جۆرە مزگەوتانە زۆرن، ئەمڕۆ بە ناوی كەسەكانەوە مزگەوت دروست دەكرێت، پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر، بۆ خودا بیناتان كردووە، پەروەردگار ئاگای لە ڕاز و نیازی نێو دڵتان هەیە، پێم ناڵێن ئەی بۆ ئەو ناوەی خۆتان بە مزگەوتەكەوە لكاندووە؟

 سەرنجتان بۆ فەرموودیەك ڕادەكێشم تاوەكو، پەند و عیبرەتی لێ وەربگرن، پێش ئەوەی كار لەكار بترازێت، پێغەمبەر فەرموویەتی: (لا تقومُ الساعةُ حتی يتباهی الناسُ في المساجدِ).

قیامەت نایەت، تا خەڵكانێك لە نێو مزگەوتەكاندا، بەتایبەت ئەوانەی بینای مزگەوتیان بە پارەی خۆیان كردووە، هەركەسەو شانازی دەكات بەو مزگەوتەی دروستی كردووە، یەكێك دەڵێت: مزگەوتەكەم نەخش و نیگارەكەی وایە، ئەوی دی دەڵێت: نەخێر مزگەوتەكەی من جوانتر و قەشەنگترە.

(سبحان اللّه) وەكو، ئەوەی جەنابی پێغەمبەر بۆ ئەو سات و زەمانەی تێیداین قسە دەكات، ئەوە یەكێكە لە نیشانە دیارەكانی نزیكبوونەوەی ڕۆژی قیامەت و كۆتایی دونیا، كە ئێستا بە زەقی ئەو نیشانەیە دەركەوتووە و لێرە و لەوێ بە چاوی خۆمان دەیبینین ودەیبیستین.

ئەی ئەوانەی مزگەوتتان دروست كردووە، بەو بەڵگەیەی كە نەهێڵن مامۆستا و وتاربێژی مزگەوت پێشنوێژییەكەی بكات، دڵنیاتان دەكەمەوە لەوەی ئێوە مزگەوتتان بۆ خۆتان دروست كردووە، نەك بۆ خودا، هاتووی كەسێكی دیكەت داناوە پێشنوێژی بكات، لە كاتێكدا وتاربێژ لە مینبەر دێتە خوارەوە ئەسڵ ئەوەیە ئەو نوێژ بە موسڵمانان بكات، نەك كەسێكی دیكە چونكە، تۆی متەوەلی وا دەخوازیت.

 مەلایەكی برادەرم بۆی گێرامەوە گوتی: ڕۆژێك لەگەڵ چەند برادەرێك سەردانی مزگەوتێكم كرد، گوتم با لەوێ نوێژی نیوەڕۆمان بكەین و چاوێكیشمان بە مامۆستا مەلا فڵان دەكەوێت، كاتێك بینیم مامۆستای برادەرمان پێشنوێژیی نەكرد و كەسێكی دیكە كردی، لە خاوەنی مزگەوتەكەم پرسی ئەوە بۆچی مامۆستای برادەرمان پێشنوێژیی نەكرد؟ لە وەڵامدا گوتی: ئەو كەسە دەنگی خۆشترە، منیش گوتم: ئێستا نوێژی نیوەڕۆیە نوێژەكە بە دەنگەوە نییە. ئەوسا بۆم دەركەوت ئەو مامۆستایەی برادەرمان كە بڕوانامەی دكتۆرای هەیە، بۆی نییە پێشنوێژی بكات، تەنانەت لە ڕۆژانی هەینیشدا كاتێك لە وتاربێژی تەواو دەبێت، كەسێكی دیكە پێشنوێژی دەكات، چونكە ئەوە فەرمانی خاوەنی مزگەوتەكەیە (متولی) لە كاتێكدا ئەو مامۆستایەی برادەرمان بە فەرمی دامەزراوە لە لایەن ئەوقافەوە، كەچی ناتوانێت پێشنوێژی بكات.

ئەوە بەڕاستی كارێكی نەشیاوە، خۆ دەبێ فەرمانگەی ئەوقاف لەسەر ئەو جۆرە ڕەفتارانە بێنە وەڵام، بەڵام بەداخەوە بێدەنگییان لە ئاست ئەو جۆرە (متولی)یانە هەڵبژاردووە، چونكە پارەدار و پشتئەستوورن بە هەندێ كەسی خاوەن پۆست و پلەدار، مزگەوت هەیە لەوەتەی دروست كراوە، حەوت هەشت مەلای بۆ دانراوە چونكە بە ئارەزووی خاوەنی مزگەوتەكەیە و هەر كات ویستی فلانە مەلا لابەرێت، لای دەبات، فەرمانگەی ئەوقافیش پشتگیریی لێ دەكات و فەرمانگەی بۆ جێبەجێ دەكات، بێ ئەوەی بپرسێت بۆچی؟ لە كاتێكدا دەبێت پشتگیریی مەلاكە بكات، نەك پشتی تێ بكات.

 مەلا لە مزگەوت لابراوە لەبەر ئەوەی تەنیا گڵوپێكی لە ناو مینبەرەكەدا داناوە، بێ پرسی خاوەن مزگەوت، هەروەها خانوو بۆ مامۆستا لە ناو مزگەوت زۆر پێویستە، بەڵام خانووەكە لەسەر ڕووبەری 100 مەتر دووجا دەكرێت، لەو لاشەوە متەوەلی چەندەها ملیۆن دولار سەرف دەكات، كەچی خانووی مەلاكە ئەوەندە بچووكە جێگەی ماڵ و خێزانەكەی تیا نابێتەوە، دیارە نموونەی زۆرمان هەن لەو پێشێلكارییانەی خاوەن مزگەوتەكان، ئەمانە و چەندەها پرسی دیكەش هەن، پێویستە وەزارەتی ئەوقاف قسەی جددیی هەبێت و چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە.

 دەبێت وەزارەتی ئەوقاف چیتر ڕێگە نەدات بەو شێوازە متەوەلیی مزگەوت بە ویست و ئارەزووی خۆی ڕەفتار بكات، هەروەها پێویستە پێش ئەوەی دەست بە دروستكردنی بینای مزگەوت بكرێت، بەڵێنێك لەو كەسانە وەربگیرێت كە بڕیاریان داوە مزگەوت بینا بكەن، لەگەڵ تەواوبوونی بینای مزگەوتەكە هیچ پەیوەندییەكیان بە مزگەوتەكەوە نەمێنێت، نەك ببنە ئامروناهی لە مزگەوتەكاندا، هەروەكو ئەم سەردەمە، من بۆ خۆم بە چاوی خۆم بینیومە خاوەنی مزگەوتەكە لە بەرانبەر ژووری ئیمام و وتاربێژەكە ژوورێكی بۆ خۆی دروست كردووە، هەروەها بەو دوو چاوەی خۆم بینیومە لە شارێك لە شارەكانی هەرێمی كوردستان متەوەلیی مزگەوتەكە لە پێشنوێژی هەینی لە ناو حەرەمی مزگەوتەكە دەهات و دەچوو، هەروەك ئەوەی چێشتخانەی هەبێت، چۆن خاوەنی چێشتخانەكان بەسەر نەفەرەكانەوە دەسووڕێنەوە، نەبادا میوانێك لە میوانەكان داواكارییەكیان هەبێت، تاوەكو بۆیان جێبەجێ بكات.

ئا ئەوەیە بارودۆخی بانگخواز و وتاربێژ لە زۆرینەی ئەو مزگەوتانەی كە دروست كراون، بەڕاستی ئەو جۆرە ڕەفتارانە كە بەرانبەر ئەو وتاربێژ و بانگخوازانە دەكرێت لەلایەن ئەو متەوەلییانەوە، خۆڕاگری و سەبری دەوێت، لە هەمان كاتیشدا زۆر بە ئاسانی ئەو كێشەیە چارەسەر دەكرێت لەلایەن حكومەتەوە، بەتایبەت لە وەزارەتی ئەوقافەوە، تەنیا بە بڕیارێك و فەرمانێك دەتوانن هەموو ئەو مزگەوتانە لەژێر دەستەڵاتی ئەو خاوەن مزگەوتانە وەربگرنەوە، چیتر ڕێگە نەدەن بێڕێزی بەرانبەر ئەو چینە بە ئەمەك و پیرۆز و موبارەكانە بكەن كە بۆ خودا سوڵحاون و بانگهێشتی خەڵكی دەكەن بۆ دینی خودا.

 كاتی ئەوە هاتووە ئەوقاف و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە بێنە سەرخەت و نەهێڵن بەو شێوازە مامۆستایانی مێزەر بەسەر و وتاربێژ لەلایەن متەوەلیی مزگەوتەكانەوە بچەوسێندرێنەوە، پێویستە ئەو مامۆستا و مەلاو وتاربێژانە لەو بارودۆخە ناهەموارە ڕزگاربكرێن، تاوەكو بە ئارەزووی خۆیان ئامۆژگاری و ڕێنمایی موسڵمانان بكەن.

لەگەڵ ئەوەشدا كەسانی دیكە هەن مزگەوتیان دروست كردووە و لەپاش تەوابوونی ڕادەستی مەلایەكیان كردووە و گوتوویانە مامۆستاو وتاربێژی بەڕێز ئێمە ئیشمان تەواو بوو، فەرموو جەنابتان كاری بانگخوازیی تێدا بكەن و ئێمە هیچ پەیوەندییەكمان بەو مزگەوتەوە نەما، لەو جۆرانەش هەن، بەڵام زۆر نین، خودا جەزای خێریان بداتەوە.

تێبینی: ئەم بابەتە لە سایتی گوڵان وەرگیراوە..