ئەمڕۆ لە ھەرێمی كوردستان قسە لە گەندەڵیی ئیداری و بێ ھێزیی دەوڵەت دەكرێ. دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ھەردووكیان ئەو واقیعەیان قبووڵ كردووە و دانیان پێدا ناوە. لە پاڵ ئەوە دا من پێم وایە بابەتی دیكەی ئاواش ھەن كە شەرت نیە سیاسی ئیداری بن و لەبەر چاوان بن، بەڵام بایخی ھێنانە گۆڕ و قسە لێكردنیان لە ھەموو ساتە وەختێك دا ھەیە و ھەموو لایەك لێیان مەسئوولن. ئەمڕۆ سەرنجی دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ھەر كامە بە ڕيگایەك دا لە سەر ریفۆرمە. پێكھاتنی فەزایەكی ئاوا پێش بە ھاتنە گۆڕێی ئەو بابەتانە ناگرێ كە لێرە دا دەیاننووسم، بگرە وەدواخستنیان بێ مانایە. ئەوانە وا باشە سەرنجیان بدرێتێ چونكە لە درێژخایەن دا دەتوانن شوێنەواری خۆیان دابنێن. بە مەبەستی ئیسلاح و چاككردن، ئینشاللە، بەم جۆرە ڕای خۆم لە سەر گۆڕان لە چەند خاڵ دا دەردەبڕم:
1 – تاریخی تەزویر
كاناڵە تلڤزیۆنییەكان و ڕۆشنبیران بە عام لە گواستنەوەی مێژووی دەستكرد بۆ نێو خەڵك دا زۆر ھەڵدەسووڕێن. نەورۆز و زەردەشت و ساسانی و ئەو جۆرە شتانە ئی كورد نین. وا باشە مێژووی تەزویر و دابی ئەم لاو ئەو لا بە مڵكی كورد نەناسێندرێن. بەھار فەسڵێكی خۆشە و تەبیعەت دەژێتەوە، بەڵام نەورۆز لە خۆی دا جەعلە و حەقیقەتێكی نیە. مێژوویەكی كە لە مێدیاكانەوە لە ھەموو پارچەكان ئەمڕۆ دەرخواردی خەڵك دەدرێ لە ڕاستی دا مێژووی تەزویرە. ئەو تەزویراتە لە كۆمەڵی دیكە دا بۆ مەبەستی خۆڵ دە چاوی خەڵك كردن كراون كە پاشان ڕۆشنبیریی ئێمە بە قەرز وەریگرتوون و خۆی پێوە ڕاناوە.
2 - ئاگری نەورۆز بۆ چی؟!
" نەورۆز" وشەیەكی فارسییە كە دەگەڕێتەوە بۆ سەر ھیندێك حەول لە 100 ساڵی ڕابردوو لە ئێران دا بۆ دروستكردنی مەجمووعەیەك ئەفسانە و چیرۆكی قەڵب. ئەو شتە تەزویرانە و كۆمەڵێك مێژووی بێ بنەمای دیكە كران بە ھەوێن بۆ خۆبەزلزانیی قەومی فارس و دانانی پاڵپشت بۆ دەوڵەتی مۆدێڕنی ڕەزاشا لە سەرەتای قەڕنی بیستەم دا. نێوەرۆكی چیرۆكەكەش حیكایەت لە ڕووخانی زحاك بە دەست فەرەیدون دەكا كە زحاك دەبێ ھەر ئاستیاك ی ئاخیر پادشای ماد بێ، بە حیسابی ئەو مێژووەی لە سەر كاغەز ھەیە. ھەڵپەڕینی كوردان لە نەورۆز دا بۆ ڕووخانی ئاخیر پادشای ماد بە دەست ھەوەڵ پادشای فارس لە مێژوو دا شتێكی سەیروسەمەرەیە.
دروستكردنی دوو مار لە سەر شانی ئاستیاك واتە زوحاك و فەخر و سەربەرزیش بۆ بەرامبەرەكەی و كوتك وەشاندنی كاوە و ئاگرەكەی نەورۆز و ئەو باسانە پاكی درۆن. با خەڵكی خۆمان لەوانە ئاگادار كەینەوە و شەففافیەت نەك ھەر لە ئیدارە و سەرفی بودجە و سیاسەت دا بكەین، بەڵكوو لە كلتوور و مێژووش دا چاوكراوە بین. بە ئێرانی و فارسی ناساندنی نەورۆز لە لایەن " ئومەمی موتتەحیدە" وە دەرفەتی چاكە بۆ ئەوەی درۆیەكی زەبەلاح بە ناوی نەورۆز لە قاو بدەین و ئەو شتە بۆ نەوەكانی ئەمڕۆ و داھاتوومان ڕاست بكەینەوە.
دووكەڵ ساز كردن و ئاوركردنەوە و تسوونامییەك لە درۆ لە سەر مێدیا كوردییەكان سەبارەت بە مێژووی نەورۆز لە چەند ڕۆژی داھاتوو دا دەست پێ دەكا. تێفكرین و لێكدانەوەیەكی ناوەكان لە چیرۆكەكە دا حەقیقەتی باسەكە دەردەخا و نەورۆز شەففاف دەكاتەوە. ناوی زحاك یان سحاك لە ’ اسحاق’ ـەوە وەرگیراوە. نەورووز (نەك نەورۆز) ھەر گۆڕدراوی نەورود یان نەمرود ـ ـە و كاوەی كوتك وەشێن لە كەسایەتیی حەزرەتی ئیبڕاھیم خەلیل كۆپی كراوە. لە دەیان خاڵی وێكچوون دا ئەو كۆپی كرانە دەردەكەوێ. كاتێك لێی دەكۆڵیەوە، لە نزیك بە 20 خاڵ دا ھەرچی لە باسی ئیبڕاھیم ی خەلیل دا دەیبینی كۆپییەكەی لە كەسایەتیی " كاوە" ش دا دەدۆزییەوە، وەك: كوتكی كاوە و تەوری ئیبڕاھیم، ئاوری نەوروز و ئاوری نەورود (نەمرود) ، سەربڕانی كوڕی كاوە و كوڕی ئیبڕاھیم، تەمەنی پیریی كاوە و پیریی ئیبڕاھیم و ئەو بەرانەی كە لە باتی كوڕی ھەردووكیان سەر دەبڕدرێ لە ھەر دوو چیرۆك دا. تەنانەت ناوی ئەو كەسەی بەرانەكە بۆ نەجاتی ئیسماعیل بۆ ئیبڕاھیم دێنێ لە گەڵ ناوی ئەو كەسەی بە سەربڕینی مەڕ و دەرخوارددانی مێشكەكەی بە مارانی زوحاك دەبێتە ھۆی نەجاتی كوڕانی خەڵك لە مەتبەخی زوحاك دا وێك دەچن. لە چیرۆكی ئەسلی دا ناوی جوبڕائیل و ئیسماعیل ھەیە، لە كۆپییەكە دا ( كە نەوروزە) دوو كەس بە ناوەكانی ئەرمایل و گەرمایل لە مەتبەخەكەی زوحاك بۆ نەجاتی كوڕی خەڵك مەڕ سەر دەبڕن و مێشكەكەی دەدەن بە مارەكان و... ھتد. ھەروەھا كاتی ڕاپەڕینی كاوە لە گەڵ كاتی ڕاپەڕینی ئیبڕاھیم وێك دەچن لەوە دا كە ھەر دووكیان لە غیابی دەستەڵات دا زەبری خۆیان دەوەشێنن، كاوە بە كوتكەوە لە كاتی بە سەفەرچوونی زحاك دا خەڵك وەدوای خۆی دەدا و كۆشكەكە دەگرێ، ئیبڕاھیم ـ یش لە كاتی چوونە دەری خەڵك بۆ سەیران زەفەر بە بتەكان دەبا و بە تەورەكەی دەیانشكێنێ. ئیبڕاھیم دوای ئەوە دەخرێتە مەنجەنیق و ئاگری بۆ دەكرێتەوە و كاوەش دوای ئەوە ئاگر دەكاتەوە. ئاگرەكە بۆ ئیبڕاھیم سەركەوتنی بە دوا دادێ و بۆ كاوەش ڕەمزی سەركەوتنە.
خەڵكە خۆماڵییەكە كە من لێیان دەپرسم دەڵێن پێشتر گوتوومانە نەورۆز ھی عەجەمانە. لە كوردەواری دا لە ساڵی 1948 داوا لە مامۆستا پیرەمێرد دەكرێ كە بۆ ئەو بۆنەیە شێعر دابنێ و ئەو دەڵێ: جێژنێكی قەومی كوردە بە خۆشی و بە ھاتەوە. دواتر خوالێخۆشبوو حەسەن زیرەك لە ڕادیۆی كرماشانەوە سروودەكە بە جەعلكراوی دەڵێتەوە. لە ئیزگەی كرماشان كە لە ژێر ئیدارەی دەوڵەتی شا دابوو شیعرەكە تێكھەڵكێش بە وەسفی شای ئێران دەكرێ و لە جێی "جێژنێكی قەومی كوردە"، زیرەك دەڵێ جێژنێكی كۆنی كوردە. ئەم كۆن بوونە لەو ڕێگایەوە بە سەر كلتووری ئێمە دابڕاوە، بە غەیری ئەوە نەوروز كۆن نیە و تەنیا ھەڵگێڕدراوە و كۆپی كراوی چیرۆكەكەی نمرودە لە سەدەیەك لەمەو پێشەوە.
وام پێ باشە بە پیر نوێ بوونەوەی تەبیعەت و فەسڵی بەھارەوە بڕۆین و لە باتی تیكرار كردنەوەی چیرۆكی ئاڵۆز و پڕ لە درۆی مار و ئاور و زحاك و كاوە، لەو ڕۆژە دا كە یەكەم ڕۆژی بەھارە لە بیری ژینگە و خاوێن ڕاگرتنی دابین و لە جیاتی ژینگە پیس كردن و ئاور كردنەوە و چڕە دووكەڵ و جەو خراپكردن، دار بچەقێنین با سال لە گەڵ ساڵ گەورە بێ و كوردستان سەوز بكاتەوە.
3 – خوایە وەتەن ئاوا كەی
با لە پاڵ " ئەی ڕەقیب" دا كە باس لە قەوم دەكا، نەشیدێكیشمان بۆ وڵاتەكەمان ھەبێ كە ئەگەر كەمایەتییەكی غەیرە كوردیش لە گەڵمان بوو بتوانێ ھەست بە ھاوبەشی بكا. " ئەی ڕەقیب" جێگای ڕێزە، بەڵام بۆ كاتی حكومەت كردن ’ خوایە وەتەن ئاوا كەی’ گونجاوترە.
4 – زمانی كوردی شێوێندراوە
با زمانی كوردی لە پەلاماری وشەی داتاشراو و فارسیزاسیۆن بە دوور بێ. ئەوەی لە لایەن ڕۆشنبیرانی كوردەوە بە سەر زمانی كوردی ھێندراوە لە خۆی دا شێواندن و شپرزە كردنە. ئەو زمانەی نوخبەی ڕۆشنبیر لە 60 یان 70 ساڵی ڕابردوو دا دروستی كردووە سەرلێشێواوی و بشێوی لێ كەوتۆتەوە و لە گەڵ زمانی خەڵك خزمایەتیی نیە. مێدیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لۆغەتی فارسی دێنێ و دەیكا بە باو و وا دەنوێنێ كە ئەوانە كوردیی ڕەسەنن. ئێستا جیلێك لە قوتابخانەكان ھەن كە بە ھۆی خوێندنی كوردیی داتاشراو و بە فارسیكراو بەروە ئەوە دەچێ كە دواڕۆژ ئێمە و ئەوان لێك تێنەگەین.
لە داتاشینی وشە و لە بە فارسیكردنی كوردی دا ھەموو لایەنێك وەك یەك بەشدارن و بە خەیاڵی خۆیان كوردایەتی دەكەن. مەسەلەن وشەی " جومعە" كە لە ئەوەڵەوە لە نێو كورد دا ھەر وا گوتراوە ئێستا كراوە بە ’ ھەینی’. بەڵگەیەك نیە كە كورد لە قەدیم دا گوتبێتی " ھەینی"، لە حالێك دا ’ جومعە’ لە بنەڕەتەوە وشەی زاری خەڵك بووە. یان بە " قیبلە" كە لەوەتا ھەین ھەر وا گوتراوە دەڵێن ’ ڕووگە’. ڕووگە داتاشراوە و لە خۆی دا غەڵەتە. ڕووگە یانی جێگای ڕوو، و جێگای ڕوو دەبێتە شان و مل. ئەم وشە داتاشینانە دەبنە ھۆی سەرلێشێواوی. ئەوە تێكدانی زمانی خەڵكە چونكە كوردی ئەوەیە خەڵك دەیڵێ، نەك ئەوەی ڕۆشنبیر دایدەتاشێ و لە فارسی ڕا دەیھێنێ.
لایەنەكان بە عام خەریكی دەستتێوەردانی زمانی كوردین. بە ھۆی متمانە بە خۆ نەبوون لە زمانەكە دا، ئێستا خەڵك سەری لێ شێواوە و نازانێ چۆن قسە بكا. خەڵك ھەست بەوە دەكا لە قسە كردن دا خۆی سانسۆڕ دەكا، ھەر بۆیە زۆر كەس ئەوەی لە دڵی دایە بە ڕەحەتی بۆی بەیان ناكرێ. كەسێكی ناسراو لە سەر تلڤزیۆن كە باسی ھاتنە سەر شەقامی خەڵكی دەكرد، دەیگوت: " ئێمە كرداركەرین". مەقسەدی ئەوە بوو كە كردارمان ھەیە. كەسێكی دیكە لە سەر تلڤزیۆن دەیگوت: ’ بەرپا بوونی قەڵەوی لە ھەولێر’. ئەوانەی لە بیری ڕاكردن و حاشا كردن لە زمانی خەڵك دان و دەیانەوێ زمان داتاشن وایان كردووە كە زمانەكە تووشی قەیران ببێ. بەم جۆرە كە مێدیا قۆڵی لێ ھەڵكردووە و ھەر ڕۆژەی لۆغەتێكی فارسی داخڵ دەكا، بە چەند ساڵی دیكە كوردی دەبێ بە فارسی. بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە دەبێ وەك خەڵك قسە بكەین.
5 – با شاشەی تلڤزیۆن ئی ھەمووان بێ
ئەو تلڤزیۆنانەی خۆ بە نوێنەری حیزبێكی خەڵكی یان حكومەت دەزانن پیویستە لە نیشاندانی سیمای خەڵك دا سێلێكتیڤ نەبن واتە گوڵبژێر نەكەن. با ئەوەی زاھیری جوانیشی نیە تەسویر بكرێ و ڕێزی لێ بگیرێ و گوێ بدرێتە مەعاناتی. ئارشیوی چەند ساڵەی ھیندێك لە قەناتەكان نیشان دەدا كە ئەو تلڤزیۆنانە سیاسەتی ئاپارتایدیان لەو بارەوە ڕەچاو كردووە.
ھەر كام لەو خاڵانە نووسین و باسی زۆر ھەڵدەگرن. ئەوەی لێرە ھاتووە تەنیا ئیشارەیەكی كورتە كە بە مەبەستی چاككردن دەیخەمە بەر چاوی خەڵكی خۆشەویستی كوردستان و ڕێبەرانی.
بە ھیوای ئیسڵاح و سەربەرزی |