نەسلی ئێستا فێر دەكرێ كە لە ئەسلی خۆی واتە باوك و دایكی ھەڵگەڕێتەوە و بێ حورمەتییان پێ بكا. ئەو كەسانەی منداڵان تووشی ئەو ھەڵدێرانە دەكەن بە دەستی ئەنقەست و بە عەمد وا دەكەن. منداڵیش كە دەكەوێتە سەر ھەوای لاساری و بێ ڕێزی بە باوك وا دەزانێ خۆی پێ گەیاندووە و بۆتە پێشكەوتوو و بە چەند شەقاو لە خەڵكی دیكە دوور كەوتۆتەوە و بەرەو پلەیەكی بەرز لە سەقافەت ڕۆیشتووە.
بەشێك لە مێدیای كوردی ئێستا ڕووی حەول و خەباتی خۆیان دە خێزان كردووە و خەریكی ھەڵتەكاندن و ڕووخاندنی بینای ژیانی بنەماڵەیین و بە خەیاڵی خۆیان عەولاد لە دایك و باب یاغی دەكەن. برادەرێكم سەردانی شارێكی كوردستانی ئێرانێی كردبوو، دەیگوت: باسی كچێكیان بۆ كردم گوتیان ئەوە یاغییە. پێیان وابوو زۆرم پێ موھیممە و منیش وەك وان دەچم كچەكە ھان دەدەم بۆ ئەوە، كە چی كچەكەم بانگ كرد گوتم ڕۆڵە ئەوانە بە ھەڵەت دا دەبەن و سەرت لێ دەشێوێنن، وەرەوە سەر ڕێگای دروستی خۆت و ژیانی عاددیی خۆت بكە. برادەرەكەم گوتی كاتێك ئەو قسانەم بەو كچە گوت زۆری پێ خۆش بوو و لەوەی كە عەیبەكەیم پێ گوتبوو و وشیارم كردبۆوە تەشەككوری لێ كردم. دیارە كچەكە لە ژێر فشاری دەوروبەر دا كەوتبووە ئەو حاڵەتە، دەنا لە ئەساس دا موڕتاح نەبوو بە دوژمنایەتی كردنی لە گەڵ ماڵێ و دایك و بابی.
برادەرەكەم پێی وابوو كە بەعزێك لە مێدیای كوردی بە پلانەوە ئەو وەزعە دەخوڵقێنن و دەیانەوێ بناغەی خێزان و كۆمەڵ لە بەر یەك ھەڵوەشێنن. ئەو دەیگوت: وەختی ئەوە نەماوە كۆمەڵ نەجات دەی، دەبێ ھەر كەسە دەس بە كڵاوی خۆی دا بگرێ با نەیبا!!! |