یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   پێکەوەژیانی ئایینی لە سۆران    *****    *****   مامۆستا مەلا محمد ئیبراهیم رەزگەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵی کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ لەبارەی پێکەوەژیانی ئایینی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لە هەردوو قەزای ئاکرێو بەردەڕەش ژمارەیەک مامۆستای ئایینی بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی ئاکرێ و لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   یەکێتی زانایان پانێڵێکی تایبەت بە گرنگیدان بە تەوزیفکردنی زانستی تەجویدو پاراستنی مۆرکی رەسەنی مەقامی جوان خوێندنەوەی قوڕئان بەرێوە ساز دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە گوندی بێراوە بەرێوە دەچێت    *****    *****   شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی دەڤەری گەرمیان بەسەر دەکاتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات    *****    *****   د.عبدالله شێرکاوەیی بۆ ماڵپەڕی روداو: لە ئیسلامدا هیچ سنوورێک بۆ مارەیی دیاری نەکراوە    *****    *****   کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەرێوە دەچێت چەند پرسێکی گرنگ و تایبەت تاوتوێ دەکات   
حه‌مه‌ی‌ ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ
به‌رواری دابه‌زاندن: 01/12/2010 : 21:30:19
قه‌باره‌ی فۆنت
زانایانی‌ ئایينی‌ و رۆشنبیرانمان كامیان گوێگریان زیاتره‌؟
یه‌كێك له‌ هاوڕێ رووناكبیره‌كانم كه‌ له‌ هه‌نده‌رانه‌وه‌ به‌ سه‌ردان گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ شاری‌ سلێمانی‌، یه‌كه‌مین قسه‌و كۆمێنتی‌ ئه‌وه‌بوو، كه‌ مه‌لایه‌ك یان مامۆستایه‌كی‌ مزگه‌وت، باشترین و زۆرترین هه‌وادارو گوێگری‌ هه‌یه،‌ سه‌دانجار زیاتر له‌ رووناكبیرێك كه‌ هێنده‌ی‌ قژی‌ سه‌ری‌ كتێبی‌ خوێندووه‌ته‌وه‌.

ئه‌مه‌ كۆمێنتێك و تانه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ رۆڵی‌ ڕووناكبیروو رۆشنبیرانی‌ كورد له‌م ده‌موه‌خته‌ هه‌ستیاره‌دا كه‌ قه‌یرانه‌كان و ئاڵوگۆڕییه‌كان له‌ هه‌موو بوارێكی‌ ژیانماندا، شێوازو ستایلی‌ گوزه‌رانی‌ رۆژانه‌یان پێ گۆڕیووین .. له‌ڕاستیدا ئه‌و رۆڵه‌ ده‌بوایه‌ لای‌ خۆمان بۆ ڕووناكبیرێك بوایه‌ و ئه‌و پشكی‌ شێری‌ به‌ركه‌وتایه‌و ڕۆڵی‌ هه‌بوایه‌ له‌ به‌ره‌وپێشچوونی‌ هۆشیاری‌ و هزری‌ تاكه‌كان و دواجار كۆمه‌ڵگای‌ كوردیدا، وه‌كو چۆن رووناكبیرێكی‌ وه‌كو عه‌زیز نه‌سین یان پیره‌مێردی‌ شاعیرو حسێن حوزنی‌ موكریانی‌ و زۆری‌ دیكه‌ گێڕاوییانه‌ له‌ ده‌ورو زه‌مانی‌ خۆیاندا، ئێستاكه‌ش رۆشنبیران و رووناكبیره‌ هاوچه‌رخه‌كان هه‌یانبووایه‌و گه‌نج و پیری‌ كوردستانیان له‌ خۆیان كۆبكردایه‌ته‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ پرسیارێكی‌ گرنگه‌و ده‌بێت ئاڕاسته‌ی‌ هه‌مووان بكرێت: بۆچی‌ مامۆستایه‌كی‌ ئایینی‌ و مه‌لای‌ مزگه‌وتێك زۆرترین و به‌رفراوانترین هه‌وادارو ده‌روێش و گوێگریان هه‌یه‌ له‌ كوردستاندا، یان هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌دا؟

ئه‌مڕۆ گۆڕانكارییه‌كی‌ زۆر به‌سه‌ر دونیادا هاتووه‌، رۆشنبیران وه‌كو كاریگه‌ری‌ و هه‌بوونی‌ كات و گوتارو په‌یام خوێندنه‌وه‌و ناردنیان بۆ كۆمه‌ڵگا له‌ پاشه‌كشه‌دان، دابه‌شبوون به‌سه‌ر گروپ و كۆمه‌ڵ و ستاف و حزبه‌كاندا .. زۆربه‌یان بارگاویكراون به‌ سیاسه‌ته‌وه‌و له‌ژێر سایه‌ی‌ حزبێكدان .. یان كۆمه‌ڵ و گروپێكدان و خه‌ریكی‌ بژێوی‌ په‌یدا كردنن .. زۆربه‌یان ڕۆڵی‌ به‌رژه‌وه‌ندیخوازیان بینیووه‌و هه‌ڵپه‌یان بووه‌ بۆ تێركردنی‌ ئاره‌زووه‌كانی‌ خودی‌ خۆیاندا.

ئامرازه‌كان و كه‌ره‌سته‌كانی‌ ئیغراكردن و خه‌ڵه‌تاندن ئه‌وه‌نده‌ قورس و تاقه‌تپڕوكێنن بۆ زۆرێك له‌و جۆره‌ ڕۆشنبیرانه‌ كه‌ وه‌رگرتنی‌ پارچه‌یه‌ك زه‌وی‌ یان خانووییه‌ك یان پاره‌و سه‌یاره‌ وه‌رگرتندا، خۆیان پێڕاناگیرێت و هزرو مه‌عریفه‌و رۆشنبیرییان ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان به‌كاردێنن، خه‌ڵكیش له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌زموونه‌ تاڵه‌و نموونه‌ زۆره‌دا ده‌ستوپه‌نجه‌یان نه‌رم بووه‌و بڕوای‌ ته‌واویان به‌ رووناكبیرو رۆشنبیر نه‌ماوه‌.

به‌داخه‌وه‌، ئه‌و تۆزه‌ رووناكبیرو رۆشنبیرانه‌ی‌ كه‌ رۆڵیان و هه‌ڵوێستیان و هزرو ره‌فتاریان شایانی‌ خوێندنه‌وه‌و گۆلێگرتنن، هێنده‌ كه‌م بووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ نیسبه‌ت زۆرینه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ی‌ كردووه‌.

خه‌ڵكی‌ ئه‌مڕۆ له‌ سه‌راپای‌ جیهاندا، هیلاك و ماندوون، ئاره‌زووه‌كانی‌ زۆرو بێسه‌روبه‌ره‌و بێكۆتان .. ئیشكردن و كاركردنیشی‌ له‌ سبه‌ینێوه‌ تاكو نیوه‌ی‌ شه‌وه‌، كه‌سانێك هه‌ن رۆژی‌ سێ كار ده‌كه‌ن، چونكه‌ (وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن: پاره‌كه‌یان بێنرخه‌و هیچ ناكات، كرێچییه‌و یه‌ك مووچه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌ڕوات، شتومه‌ك و خۆراك و كاڵاش ئه‌وه‌نده‌ گرانن ئاگر ده‌كه‌نه‌وه‌!!)..

كه‌واته‌ ئه‌م هه‌ناسه‌سارده‌ ئه‌گه‌ر ژن و ماڵیشی‌ هه‌بێت ئه‌وا داخوازیی‌ زۆری‌ ژن و منداڵه‌كانیشی‌ ده‌چێته‌ سه‌رو هه‌ر راده‌كات و نایگاتێ‌، كه‌واته‌ ئه‌م مرۆڤه‌ ماندووه‌و خه‌م و ده‌رده‌سه‌ری‌ زۆره‌، فشاری‌ جه‌سته‌یی‌ و ره‌نگه‌ ده‌روونی‌ و رۆحی‌ زۆری‌ له‌سه‌ره‌، بچێته‌ لای‌ رۆشنبیرێك و نووسه‌رێك ره‌نگه‌ هیچی‌ وای‌ چنگ نه‌كه‌وێت وه‌كو مه‌رهه‌م و هه‌تووان بۆ ده‌ردو ئاریشه‌و كێشه‌كانی‌ جه‌نجاڵی‌ ژیان و گوزه‌رانیی‌ رۆژانه‌ی‌ خۆی‌، برینه‌كانی‌ ناخی‌ پێ تیمار بكات.

نووسه‌رو رۆشنبیر، مرۆڤێكی‌ ساده‌ نین و ره‌نگه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ دیكه‌ جه‌نجاڵترو ماندووتری‌ بكات، چونكه‌ ئه‌و زیاتر زمانی‌ ره‌خنه‌و بێزاری‌ و خه‌مۆكی‌ (سترێس)ی‌ هه‌ڵگرتووه‌، ئه‌و ره‌نگه‌ بێئومێدو ره‌شبین و عه‌به‌سی‌ بێت و ئه‌وه‌نده‌ی‌ دیكه‌ ژیانی‌ لێ تاڵترو ڕه‌شتر بكات.

كه‌واته‌ مرۆڤی‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌ره‌و لای‌ كێ بچێت، بۆ لای‌ به‌رپرس و مه‌سئوله‌كان، كه‌ دوێنێ بانگه‌شه‌ی‌ میلله‌ت و نیشتمان و چه‌وساوه‌و هه‌ژارانیان ده‌كرد بۆ خه‌باتكردن و شۆڕشه‌كه‌مان، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ته‌نیا به‌ ڕێكه‌وت له‌ناو سه‌یاره‌ مۆدێل به‌رزه‌ جامڕه‌شه‌كانه‌وه‌ ده‌یانبینێت، یان له‌ سكرینی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌، وه‌كی دی ده‌ستی‌ پێیان ناگات و ئه‌گه‌ر گه‌یشتیش هیچی‌ ئه‌وتۆی‌ بۆ ناكات، چونكه‌ ئه‌م مرۆڤه‌ داوای‌ یارمه‌تی‌ و هاریكاریی‌ ماددی‌ و مه‌عنه‌وی‌ ده‌كات، ئه‌وانیش لایان وه‌ده‌ست ناكه‌وێت، په‌یمانی‌ زۆریان هه‌یه‌و نیوه‌ی‌ ئه‌و گفتانه‌ جێبه‌جێناكه‌ن.

كه‌واته‌ مرۆڤی‌ ئه‌مڕۆ به‌ تایبه‌تی‌ گه‌نجه‌كان ده‌چنه‌ لای‌ یه‌كێك كه‌ بڕوایان پێی‌ هه‌یه‌، زانایه‌كی‌ ئایینیه‌و زانیاری‌ و مه‌عریفه‌ی‌ ئایینی‌ هه‌یه‌، كه‌سێكی‌ پاكوخاوێنه‌، ده‌ستبڕو داوێن پیس و گه‌نده‌ڵ و خۆفرۆش و بوغراو لووتبه‌رز نییه‌، ئاڵۆزو موعه‌قه‌دو ڕه‌شبین و خاوه‌نی‌ قسه‌ی‌ زل و كرده‌وه‌ی‌ نابه‌جێ‌ و ناوازه‌ نییه‌.

ئه‌و به‌ زۆرینه‌ی‌ هه‌وادارو ده‌روێش و گوێگره‌كانی‌ خۆی‌ ده‌ڵێت، باش ره‌فتار بكه‌ن و باش مامه‌ڵه‌ی‌ براو خوشك و باوك و دایكتان بكه‌ن، رێز له‌ پیرو ئافره‌ت و منداڵان بگرن، دزی‌ مه‌كه‌ن، درۆ مه‌كه‌ن، گه‌نده‌ڵ مه‌بن، داوێن پیسی‌ مه‌كه‌ن، چاوچنۆك و پیسكه‌و پاره‌په‌رست مه‌بن، خێرو چاكه‌تان زۆرتر بێت له‌ خراپه‌كاریی‌، ساده‌و خاكی‌ و مرۆڤدۆست بن، شه‌ڕ مه‌كه‌ن و چاوتان له‌ نامووسی‌ كه‌س نه‌بێت و .. هتد.

خه‌ڵكی‌ ئێمه‌ پێویستی‌ به‌و گوتارانه‌یه‌ كه‌ رۆح و ده‌روونی‌ پاك و خاوێن ده‌كاته‌وه‌، ده‌مارو مێشكی‌ هێمنتر ده‌كاته‌وه‌، له‌ بێزاری‌ و خه‌مباری‌ و دڵته‌نگی‌ دووری‌ ده‌خاته‌وه‌، ویژدان و ناخی‌ ده‌هه‌ژێنێت ئاوێكی‌ ساردی‌ پێدا ده‌كرێت و خۆی‌ پێ پاكده‌كاته‌وه‌.

به‌ڵام له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر یاسا سه‌ره‌وه‌ر نه‌بوو، نه‌یتوانی‌ ده‌سه‌ڵاتدارو هاووڵاتی‌ له‌به‌رده‌م دادگادا وه‌كو یه‌ك و وه‌كو دوو هاووڵاتی‌ ڕابگرێت و له‌سه‌ر تاوانكردنیان وه‌كو یه‌ك سزایان بدات، ئه‌گه‌ر یاسایه‌ك نه‌یتوانی‌ دزو درۆزن و چه‌ته‌و گه‌نده‌ڵ و بكوژو تاوانكارو لاده‌ر به‌ یاسایه‌كی‌ سه‌روه‌رو دوور له‌ واسیته‌ سزا بدات، ئه‌وا قسه‌و راوێژو په‌ندو حیكمه‌ته‌كانیش هه‌ر وه‌كو قسه‌و مه‌ره‌كه‌بی‌ سه‌ر كاغه‌ز ده‌مێننه‌وه‌و ژیانی‌ تاكی‌ كورد له‌م كوردستانه‌ هه‌ناسه‌سارده‌دا به‌خته‌وه‌رو هێمن و ساده‌ نابێت و مرۆڤیش ئاسووده‌ نابێت و ماندووتر ده‌بێت به‌دوای‌ فریادڕه‌س و مرۆڤدۆستی‌ و خۆشبه‌ختیهێندا وێڵ ده‌بێت.