له‌راستیدا حه‌كیم ئه‌وه‌یه چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌كات،و ژماره‌یان كه‌م ده‌كاته‌وه، نه‌ك ئه‌كته‌رێكی كارابێت له‌زیادكردنیاندا.. گۆڕان لێ بوردده‌یی و خۆگری و خۆ له‌بیرچوونه‌وه‌ی ده‌وێ، پێ به‌جه‌رگی خۆنان و قبوڵكردنی تانه‌و توانجی كه‌م ئه‌زمونانی ده‌وێ..
ئێمێلێكیان بۆ ناردبووم له‌راستیدا نموونه‌ی باشترین حه‌كیم و چاكترین پلان و كاراترین په‌روه‌رده‌بوو.. خۆش به‌حاڵی ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی ئاگركوژاندنه‌وه ده‌ده‌ن،و ئاشتیه‌وایی به‌دی دێنن، برایه‌تی و دۆستایه‌تی دروست ده‌كه‌ن، هه‌موو هه‌وڵ و توانای خۆیان بۆ نه‌هێشتنی شه‌ڕوئاژاوه‌و دووبه‌ركی و لێكدابڕن به‌كار دێنن، یارمه‌تی مرۆڤه‌كان ده‌ده‌ن و له‌بیاتی هاندانیان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستیان به‌خوێنی یه‌كتر سوور بكه‌ن، ده‌یانه‌وێ ده‌ستیان پێ له‌ملی یه‌كتر بكه‌ن.. له‌راستیدا ئه‌و ئێمێله‌ی ئه‌مڕۆ به‌عه‌ربی بۆم هاتبوو ئه‌م هه‌موو واتایانه‌ی له‌خۆیا به‌رجه‌سته كردبوو بۆیه منیش به زمانی كوردی ناوه‌رۆكه‌كه‌یتان بۆ باس ده‌كه‌م و ئێوه‌ش شایه‌تی خۆتانی له‌سه‌ر بده‌ن، چۆنتان به‌باش زانی، به ئه‌رێ، یا به نه‌رێ.. باسه‌كه به‌م جۆره‌یه:
له‌یه‌كێ له‌وڵاته رۆژهه‌ڵاتییه‌كاندا بابڵێین:{ چین }، ئافره‌تێكی لاو شوو به كوڕێكی لاو ده‌كات، به‌ڵام وه‌ك عورف و عاده‌تی ئه‌و وڵاته بووك له‌ماڵ خه‌زووریا ده‌ژی، پاش ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر گواستنه‌وه‌یا بووك هه‌ست ده‌كات ناتوانێ له‌م كه‌ش و هه‌وا بارگاوییه‌دا بژی، باو و نه‌رێتی سه‌یریان هه‌یه، و هه‌میشه نه‌قدی لێده‌گرن، و له‌جیاتی ده‌ستخۆشی سه‌ركۆنه‌ی ده‌كه‌ن.. و كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو خێزانه‌كه زۆر لێك جیاوازن.
رۆژگار ده‌ڕوات وهه‌فته‌و مانگیش به‌شوینیانا.. به‌ڵام جه‌نگ و جیدال و چه‌له‌حانێی نێوان بووك و خه‌سوو كۆتایی نه‌ده‌هات و بگره زیاتر گڕی ده‌گرت و ناو به‌ناویش كڵپه‌ی لێ په‌یدا ده‌بوو..
به‌پێی باوی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و وڵاته ده‌بوا بووك هه‌میشه سه‌ری رێز بۆ خه‌سووی دابنه‌وێنێ !!و هه‌موو ئاره‌زووه‌كانی خه‌سووی به‌جێ بێنێ.. به‌كورتی بایه‌قووشی نه‌گبه‌تی خه‌ریك بوو هێلانه‌ی له‌و ماڵه‌دا ده‌كرد و به‌ره‌و وێرانی و كاولبوون و نه‌گبه‌تی تلێری ده‌كردنه‌وه.. ئه‌مه‌ش وای كردبوو تازه زاوای هه‌ژار هه‌ست به كامه‌رانی و به‌خته‌وه‌ری نه‌كات له‌و ژیانه نوێیه‌یدا..
بووكه په‌تی ئارامی ده‌پچڕێ و ده‌یه‌وێ به‌هه‌ر جۆرێك بێت له‌ده‌ست خه‌سووی رزگار ببێت، تا كه‌ش و هه‌وای ماڵه‌كه به‌دڵی خۆی بگۆڕێت.. بۆیه په‌ناده‌باته به‌ر هاوه‌ڵێكی باوكی كه پیاوێكی حه‌كیم و ژیر و به‌ئه‌زموون ده‌بێ و پێی ده‌ڵێ ده‌ستم دامێنت چاره‌سه‌رێكم بۆ بدۆزه‌وه واوه‌خته شێت ببم به‌ده‌ست خه‌سوومه‌وه.. ئه‌وی راستی بێت ده‌مه‌وێ ژه‌هرێكم بده‌یتێ تا بۆی بكه‌مه خواردنه‌كه‌یه‌وه‌و له‌ده‌ستی بۆ هه‌میشه رزگارم ببێت..
حه‌كیمی ده‌رمان فرۆش كه‌مێ بییر ده‌كاته‌وه‌و پێی ده‌ڵێ: بۆچاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ت من یارمه‌تیت ده‌ده‌م، به‌ڵام به‌مه‌رجێ گوێ رایه‌ڵم بیت.. و چیت پێ ده‌لێم به‌گوێم بكه‌یت!
بووكه‌یش پێی ده‌ڵێ: به‌سه‌ر هه‌ردوو چاو.. تۆ چی بڵێیت به‌جێی دێنم..
حه‌كیمی ده‌رمان فرۆش بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌چێته پشت ژووره‌كه‌ی خۆیه‌وه‌و پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆلای ئافره‌ته‌كه‌وشووشه‌یه‌ك ده‌رمانی له‌شێوه‌ی قه‌تره‌و تنۆك تنۆكدا بۆ دێنێ و پێی ده‌ڵێ:
تۆ ناتوانی كت وپڕ بیكوژی و له‌ده‌ستی رزگارت بێت، چونكه ئه‌گه‌ر كارێكی وابكه‌یت هه‌موو كه‌س پێت ده‌زانێ و تووشی گۆبه‌ندێكی گه‌وره ده‌بیت. له‌به‌ر ئه‌وه من پاڵفته‌و گووشراوی هه‌ندێ گژوگیای ژه‌هراویت ده‌ده‌مێ و تۆیش هه‌موو دو رۆژ جارێك خواردنی مریشك یا هه‌رگۆشتێكی تری بۆ ئاماده ده‌كه‌یت و چه‌ند تنۆكێ له‌م ده‌رمانه‌ش ده‌كه‌یته ناو ئاوی گۆشته‌كه‌یه‌وه..
هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی به‌جوانی دڵنیابیت كه‌س گومانت پێ نه‌با كه‌تۆ كوشتووته.. ده‌بێ هه‌میشه گوێ رایه‌ڵی بیت، چی پێ گوتیت به‌گوێی بكه‌یت، ده‌مه قاڵه‌و چه‌له‌حانێی له‌ته‌كا نه‌كه‌یت!! وه‌ك هاورێیه‌ك هه‌ڵس و كه‌وتی له‌ته‌كا بكه‌یت..باشتر بڵێین ده‌بێ مامه‌ڵه‌ت وه‌ك مامه‌ڵه‌ی كیژێك له‌ته‌ك دایكیا وابێ..
بووكه به‌م پلان و پیلانه زۆر دڵخۆش ده‌بێت و هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵ ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه ده‌كات.. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ خه‌سووه‌كه‌ی بكوژێ و كه‌سیش پێی نه‌زانێ!!
رۆژگار به‌هه‌فته‌و مانگییه‌وه ده‌ڕۆیشت، وهه‌موو دوو رۆژێ بووكه خواردنێكی خۆشی بۆ خه‌سووه‌كه‌ی ئاماده ده‌كرد، وچه‌ند تنۆكێ له‌ده‌رمانه‌كه‌یشێ تێ ده‌كرد.. راسپارده‌و ئامۆژگارییه‌كانی حه‌كیمه‌كه‌ی بییر ده‌كه‌وته‌وه‌و هه‌وڵی ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س گومانی پێ نه‌بات به‌سه‌ر ده‌روونی خۆ‌یا زاڵ ببێت.. له‌به‌ر ئه‌وه مامه‌له‌یه‌كی زۆر جوان و شیرینی خه‌سووی ده‌كرد.. وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌له‌واقیعدا دایكی بێت نه‌ك خه‌سوو..
پاش شه‌ش مانگ به‌ته‌واوی كه‌ش و هه‌وای ماڵه‌كه ده‌گۆڕێ ، بووكه به‌ته‌واوی زاڵ ده‌بێ به‌سه‌ر ده‌روونی خۆ‌یا، نه تووڕه ده‌بوو، نه‌تێك ده‌چوو، نه‌جڵه‌وی هۆشی خۆی له‌ده‌ست ده‌دا.. و جه‌نگ و جیدال و چه‌له‌حانێی له‌ته‌ك خه‌سوویا نه‌ده‌كرد، خه‌سوویشی له‌واقیعدا گۆڕانێكی گه‌وره‌ی به‌سه‌را هاتبوو.. وای لێهاتبوو به‌ته‌واوی بووكه‌كه‌ی خۆش ده‌ویست، لای خزم و خوێشان باسی چاكه‌ی بووكه‌كه‌ی ده‌كرد، و ئاواته خوازبوو كه هه‌ردۆست و خۆشه‌ویستێكی بووكی وه‌های بێ!! به‌كورتی وه‌ك كیژێكی خۆی خۆشی ده‌ویست!! مێرده‌كه‌یشی به‌م هه‌ڵس و كه‌وته‌ی خێزانی و دایكی زۆر شاد و خۆشحاڵ ده‌بوو..
رۆژێكیان بووكه‌كه ده‌ڕوات بۆلای ده‌رمان فرۆشه‌كه‌ی هاوه‌ڵی باوكی و ده‌سته‌دامێنی ده‌بێ و پێی ده‌ڵێ: جه‌نابی حه‌كیم.. ده‌ستم به‌دامێنت، به‌ڵكو ده‌رمانێكم بۆ بنووسی دژی ئه‌و ژه‌هره‌بێت كه‌من بۆخه‌سووم به‌كارم هێناوه!! چونكه ئافره‌ته‌كه گۆڕاوه به‌ئافره‌تێكی میهره‌بانی زۆر چاك، و ئێستا به‌قه‌د دایكم خۆشم ده‌وێت!! و نامه‌وێ به‌هۆی ئه‌و ژه‌هره‌وه بمرێ كه‌من پێم داوه!!
حه‌كیمه‌كه‌ش بزه‌یه‌ك ده‌كات و پێی ده‌ڵێ: كچه باشه‌كه‌م! من ژه‌هرم نه‌دایتێ.. ئه‌و تنۆكانه‌ی پێم دایت ته‌نیا ئاوی رووت بوو، هیچی تری تیا نه‌بوو..!!
ئه‌وژه‌هره له بیر‌و هۆش و ژییری تۆدا بوو، له‌و هه‌ڵس و كه‌وتانه‌دا بوو كه تۆ به‌رامبه‌ر خه‌سوت ده‌تنواند.. به‌ڵام ئه‌و ژه‌هره كوشنده‌یه به‌هۆی خۆشه‌ویستی پێدانته‌وه به خه‌سووت هه‌مووی تیا چوو شوێنه‌واری نه‌ما..
# # #
په‌روه‌ردگاری بالاده‌ستیش ده‌فه‌رموێ:" وَلَا تَسْتَوِي الْحَسَنَةُ وَلَا السَّيِّئَةُ ادْفَعْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ فَإِذَا الَّذِي بَيْنَكَ وَبَيْنَهُ عَدَاوَةٌ كَأَنَّهُ وَلِيٌّ حَمِيمٌ، وَمَا يُلَقَّاهَا إِلَّا الَّذِينَ صَبَرُوا وَمَا يُلَقَّاهَا إِلَّا ذُو حَظٍّ عَظِيمٍ" فصلت /٣٤،٣٥
واته: بێگومان چاکه و خراپه وه‌ک یه‌ک نین، تۆ به‌جوانترین و چاکترین شێوه به‌ره‌نگاری خراپه و نادروستی بکه، ئه‌وسا ده‌بینیت ئه‌وكه‌سه‌ی له نێوان تۆ و ئه‌ودا دوژمنایه‌تی و ساردی هه‌بووه؛ ده‌بێته دۆستێکی دڵسۆز و گیانی به‌گیانی. ته‌نیا که‌سانێك ده‌توانن به‌و ڕه‌فتاره هه‌ستن که ئارامی و خۆگرییان هه‌بێ، هه‌روه‌ها که‌سیش ده‌توانێت که خاوه‌نی به‌هره‌یه‌کی گه‌وره بێت.
خۆش به‌حاڵی ئه‌وانه‌ی ئارام و خاوه‌ن به‌هره‌ی گه‌وره‌ن!! و ئه‌وانه‌ش رێی راست به‌خه‌ڵكی نیشان ده‌ده‌ن و پڵانی دروستیان بۆ داده‌نێن. |