یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   پێکەوەژیانی ئایینی لە سۆران    *****    *****   مامۆستا مەلا محمد ئیبراهیم رەزگەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵی کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ لەبارەی پێکەوەژیانی ئایینی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لە هەردوو قەزای ئاکرێو بەردەڕەش ژمارەیەک مامۆستای ئایینی بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی ئاکرێ و لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   یەکێتی زانایان پانێڵێکی تایبەت بە گرنگیدان بە تەوزیفکردنی زانستی تەجویدو پاراستنی مۆرکی رەسەنی مەقامی جوان خوێندنەوەی قوڕئان بەرێوە ساز دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە گوندی بێراوە بەرێوە دەچێت    *****    *****   شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی دەڤەری گەرمیان بەسەر دەکاتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات    *****    *****   د.عبدالله شێرکاوەیی بۆ ماڵپەڕی روداو: لە ئیسلامدا هیچ سنوورێک بۆ مارەیی دیاری نەکراوە    *****    *****   کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەرێوە دەچێت چەند پرسێکی گرنگ و تایبەت تاوتوێ دەکات   
مامۆستا حەسەن پێنجوێنی
به‌رواری دابه‌زاندن: 03/05/2011 : 15:57:06
قه‌باره‌ی فۆنت
چۆكم به‌ ره‌شبینی دادا
ئه‌لَبه‌ت قورئانی پیرۆز كه ‌گه‌وره‌ترین كتێبی ئاسمانی و وه‌حیی خوداییه‌ و گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ په‌روه‌رده‌كردن، وپێگه‌یاندن سێ یه‌كێكی یازیاتری بریتییه‌ له‌چیرۆك، و ئه‌م چیرۆكانه‌ش گه‌وره‌ترین ده‌وریان له‌ په‌روه‌رده‌كردنی هاوه‌ڵه‌كان وبه‌ره‌ی یه‌كه‌می ئه‌م كاروانه‌دا هه‌بووه‌، بۆیه‌ دڵسۆزانی ئه‌م كاروانه‌و شاره‌زایانی په‌روه‌رده‌ له‌هه‌موو سه‌رده‌مێكدا بۆ په‌روه‌رده‌ چیرۆكیان به‌كارهێناوه‌، ئێمه‌ش كه‌ ده‌مانه‌وێ شوێن پێی ئه‌وزانایانه‌ بكه‌وین وله‌باره‌ی په‌روه‌رده‌وه‌ خزمه‌تێك به‌ گه‌نجان و لاوانی تازه‌ پێگه‌یشتووی ئه‌م كاروانه‌ بكه‌ین، پێمان وايه‌ چيرۆك باشترين وه‌سيله‌يه‌ بۆ په‌روه‌رده‌، هه‌ر له‌م روانگه‌وه‌ تا ئێستا - سوپاس بۆ خوا - زياتر له‌ سه‌د چيرۆكمان له‌ سه‌رچاوه‌ جياوازه‌كاني عه‌ره‌بي و فارسي و ئينگليزييه‌وه‌‌ كۆ كردۆته‌وه‌و پاش وه‌رگێڕان و كۆمێنت پێشكه‌ش به‌ خوێنه‌رانمان كردووه‌، و له‌ سايته‌كه‌دا بلآومان كردۆته‌وه، و بةنيازين ئينشائةلَلآ له‌ چه‌ند به‌رگێكدا به‌چاپیان بگه‌یه‌نین تا ئه‌وانه‌ی له‌ نیعمه‌تی ئێنته‌رنیت مه‌حروم بوون له خوێندنه‌وه‌يان مه‌حروم نه‌بن.

و له‌ {زنجیره‌ چیرۆكی گه‌شبینی وهیممه‌ت به‌رزی‌}يشدا تا ئێستا چه‌ند ئه‌ڵقه‌يه‌كمان پێشكه‌ش به‌ خوێنه‌ران كردووه‌، ئه‌وا ئه‌ڵقه‌يه‌كی تريش له‌م زنجیره‌يه‌يان پێشكه‌ش ده‌كه‌ين كه‌ برای باشمان دكتۆر ئه‌مجه‌د قه‌ره‌داغی بۆی ناردبووین كه‌ نووسینی نووسه‌ری به ‌ناوبانگی سعوودی خاتوو سه‌لوا عوزه‌یدان{سلوى العضیدان}ه‌، منیش به‌كوردی پێشكه‌ش به‌خوێنه‌رانی ده‌كه‌م و هیوادارم كۆمه‌كێك بێت بۆسه‌ركه‌وتنی لایه‌نی ئه‌رێ یی له‌و كه‌سانه‌دا كه‌ له‌ ململانێی هیواو بێ هیوابووندان، و تینێك به‌ وزه‌ی لاوازیان بدات و به‌ره‌و لووتكه‌ی سه‌ركه‌وتن هانیان بدات، و قاره‌مانی ئه‌م چیرۆكه‌مان نموونه‌یه‌كی به‌رزبێت بۆیان و له‌مپه‌ڕه‌كانی سه‌ررێی ژیان تووشی یه‌ئس و ره‌شبینییان نه‌كات، و هه‌میشه‌ به‌گه‌ش بینیی و هيوا‌وه‌ بڕواننه‌ ئاسۆ.. هيوا‌دارم سوودی بۆ هه‌موان هه‌بێ..

حه‌سه‌نی پێنجوێنی

***

1
كاتێ چیرۆكه‌كم ده‌خوێننه‌وه‌ وانه‌زانن ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌خه‌یاڵ! به‌ڵكو له‌تاڵتاڵی كوێره‌وه‌رییه‌كانم ته‌نیومه‌، تا بزانن رۆژێك له‌رۆژان ده‌ست له‌ملانی ره‌شبینی نه‌بووم و نه‌هامه‌تی و كوێره‌وه‌رییه‌كان چۆكیان پێ دانه‌داوم، ئه‌وه‌ش به‌هۆی باوه‌ڕبوونم به‌ قه‌ده‌ری خوا و پشت به‌ستنم به‌ په‌روه‌ردگارمه‌وه‌ بوو.. ئه‌ویش له‌ناو تاریكییه‌كاندا گه‌شبینی وهێوای پێ به‌خشیم..

مندالیم هه‌ر كوێره‌وه‌ری بوو، كه‌مترین شتێ له‌وباره‌وه‌ بگوترێ بریتی بووه‌ له‌ته‌م و خه‌م له‌ناو خێزانێكی هه‌ژاری وادا كه‌ نه‌توانن سكی خۆیان له‌برسیه‌تی تێربكه‌ن .. له‌سه‌رده‌می كوێره‌وه‌ری منداڵیمدا رۆژێك له‌رۆژان نه‌مزانی تامی حه‌ڵوا و چكلێت چییه‌.. تا ئێستاش باش له‌یادمه‌ چۆن چاوه‌ڕوانی جه‌ژن و بۆنه‌ی شادییه‌كانی هاوسێ و خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كمان ده‌كرد چونكه ‌ته‌نیا له‌وكاتانه‌دا تامی گۆشت و ئه‌و میوانه‌مان ده‌كرد كه‌ لێیان بێ به‌ش بووین!!

خێزانه‌كه‌مان خێزانێكی سه‌یر بوو، هیچ كام له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانه‌ هه‌ستی به‌وی تر نه‌ده‌كرد، هه‌ر یه‌كه‌مان دنیایه‌كی تایبه‌تی هه‌بوو، به‌داخه‌وه‌ هه‌موو یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌مان ده‌ردێكی وای هه‌بوو، پێنووسه‌كه‌م شه‌رم ده‌كات باسی بكات، باوكم له‌یه‌كێ له‌ پیشانگاكاندا فه‌راش بوو، معاشێكی ساده‌ی هه‌بوو خیزانه‌ گه‌وره‌كه‌مانی به‌ سه‌لامه‌تی نه‌ده‌گه‌یانده‌ سه‌ری مانگ، به‌ڵكو هه‌ندێ جار كه‌شتی ژیانمان له‌نیوه‌ی مانگا ده‌وه‌ستا!!

باوكم له‌ژیانیا مرۆڤێكی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، قه‌ناعه‌تێكی سه‌لبی هه‌بوو، ده‌منداڵی به‌ره‌ڵای سه‌ر جاده‌ كردبوو، بێ ئه‌وه‌ی شتێك له‌باره‌یانه‌وه‌ ئاگاداربێ!!
له‌وانه‌شه‌ هۆی ئه‌وه‌ بووبێ كه‌ به‌هۆی به‌كارهێنانی ماده‌ سڕكه‌ره‌كان له‌سه‌ره‌تای ژیانییه‌وه‌ چه‌ند جارێك زیندانی كرابێت وبه‌ربووبێ، ئه‌مه‌ شوێنه‌واری نه‌گه‌تیفی له‌ ژیانیا دانابێت..و وای لێكردبێ گوێ به‌هیچ له‌ ده‌ورو به‌ریدا نه‌دات.. من هه‌ندێ جار به‌زه‌ییم پیا ده‌هاته‌وه‌ كه‌ده‌مبینی زۆر بێده‌نگه‌و بیری په‌رته‌وازه‌یه‌، و هیچ متێكیش نابزوێنێ!!

به‌ڵام دایكم ئافره‌تێكی زۆر سه‌یر بوو، بم بوورن ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌ سزاواره‌ باسی ده‌كه‌م!! له‌راستیدا ئازاری زۆری هه‌بوو، به‌درێژایی رۆژ خه‌ریكی سواڵكردن بوو له‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌دا!! ئیتر وه‌ك ئه‌وه‌ حاڵی نه‌بووبێ كه‌ ئه‌م ئافره‌ته‌، دایك وكه‌یبانووی ماڵه‌!! هه‌میشه‌ چاوی له‌ده‌ستی خه‌ڵكه‌وه‌ بوو، وئێره‌ییٍ [حه‌سوودی] پێ ده‌بردن، و داوای لێده‌كردن، و ئاوی ناوچاوی ده‌ڕشت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ ورده‌ نانی پێ ببه‌خشن!!

باسی براكانم هه‌رمه‌كه‌!! له‌سه‌رجاده‌و كۆڵان ده‌ژییان و به‌شی زۆریان له‌سه‌ر رێی راست لایان داو تووشی سه‌رسمی زۆربوون!! خوشكه‌كانم هیچ كێشێكیان دانه‌نابوو نه‌بۆ ره‌وشت، نه‌بۆ شه‌ره‌ف، ته‌نانه‌ت نه‌بۆ سه‌رنجی كۆمه‌ڵگایش. نه‌هامه‌تی ئه‌وه‌بوو خوشك و براكانم هه‌ر كه‌ ده‌گه‌یشتنه‌ پۆلی چواری سه‌ره‌تایی ئیتر به‌بێ هیچ هۆیه‌ك وازیان له‌قوتابخانه‌ ده‌هێنا..!!

ئاله‌م كه‌ش وهه‌وا ئالووده‌و سه‌خته‌دا ژیانی منداڵیم به‌سه‌ر برد!! زۆر له‌وه‌زعی خۆم نارازی بووم، له‌و دایك وباوكه‌ی كه‌واتای به‌رزترین و به‌حورمه‌ت ترین له‌قه‌ب وناویان له‌م بوونه‌وه‌ره‌دا نه‌ده‌زانی زۆر تووڕه‌ بووم، به‌ڵام من به‌توندی ده‌ستم به‌خوێندنه‌كه‌مه‌وه‌ گرتبوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌زعه‌ ناهه‌مواره‌ی بۆم باسكردن و ژیانم له‌ناو ئه‌و خێزانه‌ په‌رته‌وازه‌یه‌دا نمره‌كان زۆر به‌رزبوون!!

باسی ئه‌و رۆژه‌شتان بۆ ده‌كه‌م كه‌ ئاوه‌ڕۆی ژیانمی بۆ هه‌میشه‌ گۆڕی و كوێره‌وه‌ری راسته‌قینه‌م له‌وێوه‌ ده‌ستی پێكرد!! خۆ ئه‌گه‌ر باوه‌ڕبوونم به‌خوا نه‌بوایه‌ هه‌رگیز نه‌مده‌توانی لێی رزگار ببم!! كاتێ شه‌هاده‌ی سێی ناوه‌ندیم وه‌رگرت – من تاقانه‌ منداڵێك بووم له‌ناو خێزانه‌كه‌مانا كه‌ سێی ناوه‌ندی ته‌واو بكه‌م – و ته‌مه‌نم پانزه‌ ساڵان بوو، پیاوێكی پیری ته‌مه‌ن شه‌ست ساڵی، ده‌رده‌دار به‌نه‌خۆشی شه‌كره‌و زه‌غت و هه‌میشه‌ مه‌ستی، و بازرگانیكردن به‌ ماده‌ سڕكه‌ره‌كان داوای كردم!! به‌پێی بۆچوونی دایك و باوكم ئه‌وبازرگانه‌ پاره‌یه‌كی زۆر و قازانجێكی گه‌وره‌ی ده‌ست ده‌كه‌وێت، و ئه‌مانیش ئه‌گه‌ر منی پێ بده‌ن نانیان ده‌كه‌وێته‌ شۆلاوه‌وه‌!! بۆیه‌ دایك و باوكم لیكیان بۆ ده‌ڕشت و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و چاوبه‌سته‌ مادییه‌وه‌ نه‌یانتوانی خۆ بگرن، و یه‌كسه‌ر رازی بوون!! بێ ئه‌وه‌ی پرسێ به‌من بكه‌ن؟! منیش هه‌رچی هاوارم به‌روویانا كرد، و پێم گوتن: من ئه‌وه‌م ناوێ و من ده‌مه‌وێ خوێندنه‌كه‌م ته‌واو بكه‌م.. خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌می بده‌نێ!! هیچ سوودی نه‌بوو..

له‌كه‌ش و هه‌وایه‌كی خه‌ماویدا گوێزرامه‌وه‌و زه‌ماوه‌ندم بۆ كرا!! دایكم هیچ گوێی په‌نه‌دام، - ده‌زانن له‌شته‌كانی ناوماڵدا پێش هه‌موو شتێ چیم خسته‌ ناو جانتاكه‌مه‌وه‌؟ كتێبی ده‌رسه‌كانم !! – رۆیشتمه‌ ناو خانووی نوێمه‌وه‌، ببورن مه‌به‌ستم زیندانه‌ كه‌م بوو، هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌رگاكه‌ی له‌پشت خۆیه‌وه‌ پێوه‌دا وه‌ك دڕونده‌یه‌ك تێم به‌ربوو، پاش تاوانه‌كه‌ی عاره‌قه‌ ئیسك قورسه‌كه‌ی خوارده‌وه‌و وه‌ك گا له‌سه‌ر جێگه‌كه‌یا پاڵ كه‌وت..

بیهێننه‌ پێشچاوی خۆتان وبێت به‌ خه‌یاڵتاندا ئافره‌تێكی ته‌مه‌ن پانزه‌ ساڵ له‌و دیمه‌نه‌ سامناكه‌ دا كه‌ مرۆڤایه‌تی و پاكیزه‌یی تیا ره‌شه‌كوژ كراوه‌، ده‌بێ وه‌زعی چۆن بووبێت؟! له‌و كه‌ش و هه‌وا سامناك و تۆقێنه‌ره‌دا پێنچ ساڵ له‌ته‌مه‌نم تێپه‌ڕی، ئه‌مه‌ش قیمه‌تی ئه‌و چاوچنۆكی و ته‌ماحكارییه‌ی باوك و دایكم بوو..

ئه‌و پێنچ ساڵه‌ی ته‌مه‌نم تامی جۆره‌ها ئێش و ئازارم چێشت، هه‌ر له‌داركاری و فه‌لاقه‌و نه‌عل و سۆلكاری سه‌روگوێلاكم، و به‌ند كردنم له‌ ژوورێكداو نان و ئاو لێ گرتنه‌وه‌م.. هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌یانتوانی ئازاری ده‌روونیم پێ بگه‌یه‌نن به‌ قه‌د دابڕانم له‌ خوێندنه‌كه‌م.. له‌ناو ده‌روونی خۆمدا خۆم خواردبووه‌وه‌، كه‌ نه‌یده‌هێشت بڕۆم بۆقوتابخانه‌و درێژه‌ به‌ خوێندنه‌كه‌م بده‌م!! له‌ئه‌نجامی خه‌م و خه‌فه‌تدا وه‌ك په‌یكه‌ری ئێسكیم لێهاتبوو!!

خوای دلۆڤان و كاربه‌جێ به‌زه‌یی پیاما هاته‌وه‌و چه‌ند مندالێكی پێ به‌خشیم تا ببنه‌ هۆگر و هاونشینم و خۆمیان پێوه‌ خه‌ریك بكه‌م و ببنه‌ خه‌م ره‌وێنم!! له‌ماوه‌ی ئه‌و پێنچ ساڵه‌دا دووكوڕ و كچێكم بوو، له‌وكاته‌دا ته‌مه‌نم ته‌نیا 20 ساڵ بوو!! په‌یمانم به‌خۆم دا كه‌ منداڵه‌كانم له‌هه‌موو ئه‌وشتانه‌ بپارێزم كه‌ به‌منداڵی خۆما تێپه‌ڕی بوو، به‌ڵام چۆن بتوانم ئه‌وكاره‌ بكه‌م و باوكیان ئه‌و دێوه‌زمه‌یه‌، كاتێ شه‌ره‌فی باوكایه‌تی به‌شكرا به‌شێكی ئه‌وی تیا نه‌بوو!! هه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رخۆش ده‌بوو ده‌ستی به‌لێدانی من و منداڵه‌كانم ده‌كرد!! ئایا ده‌زانن به‌شی زۆری شه‌وانه‌ من و منداڵه‌كانم له‌ژوورێكی ترا ده‌بووین و ده‌مگرتنه‌ ئامێز و له‌ترسی لێدان داده‌نیشتین و ها ئێستا ها تاوێكی تر بێت بۆ لێدانمان؟! یا بمان كوژێت هه‌روه‌ك هه‌ندێ جار هه‌ره‌شه‌ی لێده‌كردین؟!

خۆ ئه‌گه‌ر كاتێ پێویستی به‌هێرۆین ببوایه‌و له‌به‌ر ده‌ستیا نه‌بوایه‌ هه‌ر شتێكی ئه‌و ماله‌ی به‌رده‌ست بكه‌وتایه‌ ده‌ی شكاند!! و من و منداڵه‌كانیشی له‌ماڵ ده‌كرده‌ ده‌ر بۆ سه‌رجاده‌..!! زۆرجار دراوسێ باشه‌كانمان جێیان ده‌كردینه‌وه‌و به‌زه‌ییان پیامانا ده‌هاته‌وه‌.. له‌وانه‌یه‌ بپرسن: ئه‌ی ده‌وری دایك و باوكم چی بوو؟!
ده‌ڵێم: به‌داخه‌وه‌ وه‌ك عاده‌تی خۆیان هیچ متبوویه‌كیان بۆ نه‌ده‌جووڵا.. له‌شه‌وانی تاریكا هه‌ڵ ده‌ستام و له‌به‌ر قاپی ره‌حمه‌تی په‌روه‌ردگارا هه‌ڵده‌كڕوزام و به‌گریه‌وناڵه‌وه‌ ده‌لاڵامه‌وه‌و ده‌پاڕامه‌وه‌ ده‌روومان لێ بكاته‌وه‌ و ئه‌و به‌ڵایه‌مان له‌سه‌رلاببات، كه‌له‌ توانای مندا نه‌بوو لابردنی..

سه‌ره‌تای ده‌رووی خوايی:
نزاو پاڕانه‌وه‌كه‌م گه‌یشت و خوا دواكانمی گیراكرد!! رۆژێكیان گوێم له‌هاواری دراوسێكانمانه‌وه‌ بوو كه‌بانگیان ده‌كردم و ده‌یانگوت: دایكی فڵان! مێرده‌كه‌ت..

مێرده‌كه‌ت!! خۆم و منداڵه‌كانم رامان كرده‌ ده‌ره‌وه‌ تابزانین چی رووی داوه‌؟! دیمان باوكی منداڵه‌كان له‌گه‌ڵ كابرایه‌كی تری هێرۆینیدا كه‌ مشته‌ری خۆی بووه‌، له‌سه‌ر پارچه‌ هێرۆیینێك كردوویانه‌ به‌شه‌ڕو به‌چه‌قۆ به‌ربوونه‌ته‌ گیانی یه‌كتر، ئه‌م دابووی له‌و، و كوشتبووی، ئه‌ویش له‌می دابوو شپرزه‌ی كردبوو، به‌لاَم كتوپڕ نه‌مردبوو، منیش كه‌رۆیشتم دیم مێرده‌ تاوانباره‌كه‌م ده‌ست وپل و جل وبه‌رگی به‌خوێن سوور بووه‌، له‌به‌رده‌م پۆلیسدا ده‌له‌رزێ، له‌ترسا لێوه‌كانی سپی بوونه‌وه‌، چاوی به‌ره‌و ئه‌بڵه‌قبوون ده‌چوو!! به‌هه‌ست به‌تاوانه‌وه‌ چاوی ده‌گێڕاو سه‌یری خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌كرد، به‌لام له‌باره‌ی خۆمه‌وه‌ هه‌ر مه‌پرسن چ ئیحساساتێكی سه‌یرم بۆ دروست ببو!!

نه‌م ده‌زانی ئایا ئه‌وه‌ ساته‌وه‌ختی ئه‌وخۆشی و شادییه‌یه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆربوو چاوه‌ڕوانیم ده‌كرد؟! یا ساته‌ وختی ئێش و ئازاره‌، ناخود ئاگا له‌به‌ر خۆمه‌وه‌ ئه‌م وشه‌یه‌م دووپات ده‌كرده‌وه‌: سوپاس بۆ خوا، سوپاس بۆخوا!! ئه‌وشه‌وه‌ی بووكێنیم بییركه‌وته‌وه‌، كه‌ چ شه‌وێكی ئازار و كوێره‌وه‌ری بوو!! چۆن به‌ چه‌قۆ تێم به‌ر بوو؟! به‌زۆریش‌ داگیری كردم! پیاوێكی سه‌رخۆشی دڵڕه‌قی بێ ره‌حمی بێ به‌زه‌یی، بیری برینه‌كان و جله خوێناوییه‌كانم كه‌وته‌وه‌، چۆن له‌ترسا له‌به‌رده‌ستیا ده‌له‌رزیم!! نه‌م ده‌زانێ بۆ كوێ بچم و روو له‌كوێ بكه‌م؟! چوارده‌ری ده‌رووم لێ گیرابوو، فرمێسكه ‌گه‌رمه‌كانی ئه‌و شه‌وه‌ ره‌شه‌م بییركه‌وته‌وه‌!!

هه‌فته‌یه‌ك پاش ده‌ستگیركردنی و پێش دادگایی كردنی، زه‌غتی خوێنه‌كه‌ی به‌رزبووه‌وه‌و تووشی نه‌زيفی ده‌ماخ بوو، خوای باڵاده‌ست به‌دادگه‌ری خۆی فه‌رمانی ده‌ركرد و گیانی كێشا و له‌خه‌سته‌خانه‌دا مرد..

چاوم به‌ناوماڵه‌كه‌دا ده‌گێڕا تفم ده‌كرد له‌دۆڵابی جله‌كانی.. له‌ پیاڵه‌ی شه‌رابه‌كانی.. له‌و داره‌ی بۆ لێدان و فلاقه‌ی من و منداڵه‌كانی دانابوو، تفم له‌هه‌موو بستێكی ئه‌و ناوماڵه‌ده‌كرد كه‌ئه‌و پیایا گه‌ڕابوو.. كه‌سوكاره‌كه‌م هاتن سه‌رخۆشیم لێبكه‌ن، منیش ماوه‌ی دوو ساڵ بوو نه‌م بینیبوون.. یه‌كه‌م قسه‌یه‌ك له‌ده‌می دایكم هاته‌ ده‌ر گوتی: خوالێی خۆش بێ، كچێ میراتێكی لێ به‌جێماوه‌؟!

خۆ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ترسی خوا نه‌بوایه‌ ده‌رم ده‌كرد!!ویستی خوا وابوو كاتێ باوكی منداڵه‌كان مرد قه‌رزار بوو، كاتێ ئه‌وانیش به‌وه‌یان زانی ئیتر نه‌م بینیینه‌وه‌، له‌وه‌ ده‌ترسان منیش به‌ منداڵه‌كانمه‌وه‌ ببمه‌ بارێكی تر به‌سه‌ریانه‌وه‌!! هه‌ستم به‌ ئازارێكی ئاوێته‌ به‌رق وقین ده‌كرد، ئای كه‌س وكاره‌كه‌م چ گرێ به‌ستتێكی زیاناویی و بێ خێریان له‌ته‌ك ئه‌و خوێنڕێژه‌دا به‌ستبوو!! هه‌ربۆیه‌ش راكردن و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌منیان هه‌ڵبژارد..

پاش ته‌واو بوونی رێ و ره‌سمی پرسه‌و ماته‌مینی، رۆژێ دانیشتم و بییرم كرده‌وه‌ من ئێستا بێوه‌ژنێكی بیست ساڵه‌م و له‌هه‌ره‌تی جوانیدام و سێ منداڵیشم هه‌یه‌، و هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی ژێواریم نییه‌.. چی بكه‌م؟ ديتم ته‌نیا دوو رێم له‌به‌رده‌مدایه‌: یه‌كه‌میان رێگای هه‌وڵ و تێكۆشان و زه‌حمه‌تكێشان و خۆگری.. دووه‌میشیان زۆر ئاسان و خێرایه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ خۆفرۆشی و له‌شفرۆشی به‌وكه‌سانه‌ی ئاره‌زومه‌ندی ئافره‌تێكی ته‌نیای وه‌ك منن!! منیش بێ دوودڵی رێگای یه‌كه‌میانم هه‌ڵبژارد..

2

به‌داوای لێبوردنه‌وه‌، لاپه‌ڕه‌ی بابه‌تی هه‌فته‌ له‌توانایا نه‌بوو چیرۆكه‌كه‌ به‌ته‌واوی پێش كه‌ش به‌خوێنه‌ران بكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناچاربووین بیكه‌ین به‌ دووبه‌شه‌وه‌ به‌شی یه‌كه‌م و دووه‌م.. فه‌رموون بۆ به‌شی دووه‌می چیرۆكه‌كه‌.. به‌شی یه‌كه‌م ته‌واو بوو، سه‌یری به‌شی دووه‌میشی بكه‌..
یه‌كه‌م هه‌نگاوم ئه‌وه‌بوو دواین پارچه‌ ئاڵتوونێكم هه‌بوو فرۆشتم، و له‌و خانووه‌ی كه‌ ناخۆشترین یادگار و بیره‌وه‌رییه‌ تاڵه‌كانی تیابوو بگوێزمه‌وه‌، له‌گه‌ل منداڵه‌كانما رۆیشتین بۆشارێكی دوور، له‌وێ ژوورێكمان به‌كرێ گرت كه‌ حه‌مام و توالێتی سه‌ربه‌خۆی هه‌بوو، كه‌ل و په‌لی ناومالم له‌كۆنه‌بازاڕ كڕی ، من دان به‌وه‌دا ده‌نێم ئه‌و ژووره‌ ته‌نانه‌ت له‌دیدی هه‌ژاره‌كانیشه‌وه‌ نه‌شیاوبوو، به‌ڵام ئه‌وه‌م پێ خۆش بوو كه‌سه‌ر به‌خۆبوو، بیرم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ ه‌ بتوانم منداله‌كانم به‌وجۆره‌ پێ بگه‌یه‌نم كه‌ خۆم ده‌مه‌وێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پاش ویستی خوای باڵاده‌ست ئه‌و ژووره‌ بۆ به‌دیهێنانی مه‌به‌سته‌كه‌م كاریگه‌ر بوو..
ده‌ستم به‌گه‌ڕان كرد بۆ په‌یداكردنی پاروه‌نانێكی شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌، له‌راستیدا خوای باڵاده‌ست به‌رو دراوسێ باشه‌كانی بۆ رامكردم ویارمه‌تی زۆریان دام.. به‌خێر و سه‌ده‌قه‌ خواردنیان بۆ ده‌ناردین، جل و به‌رگیان بۆ خۆم منداڵه‌كانم ده‌نارد، چاكه‌ی زۆریان له‌ته‌كا كردین خوا پاداشتی خێریان بداته‌وه‌، كارێكی فه‌رمیم وه‌ك كارمه‌ند له‌قوتابخانه‌یه‌كی ئاماده‌ییدا به‌ده‌ست هێنا، وه‌ك فه‌راشێك ده‌ست به‌كار بووم له‌وقوتابخانه‌یه‌ی له‌نزیك ماڵه‌كه‌مانه‌وه‌ بوو..هه‌رگیز ئه‌ومووچه‌یه‌م له‌بییر ناچێته‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌م مووچه‌بوو له‌ژیانما وه‌ری بگرم، معاشێكی زۆر ساده‌و ساكار بوو، به‌ڵام له‌كاتی وه‌رگرتنه‌كه‌یدا خوڕخوڕ فرمێسكی شادی له‌چاوم هاته‌خوار و زۆر گریام، و سوپاسی خوام كرد له‌سه‌ر ئه‌و ژێوارییه‌ی بۆی ناردووم و یارمتیده‌رمه‌ بۆ پارووی ژیان.. !!

هه‌ر له‌و یه‌كه‌م معاشه‌ جل وبه‌رگی نوێم بۆمنداڵه‌كانم كڕی كه‌ره‌سه‌ی یاری وخواردنی خۆشم بۆ كڕین، و پاش چوار مانگ ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جار بوو كه‌ گۆشتی مریشك بۆ منداڵه‌كانم لێ بنێم، پسكیت و چكلێتم بۆ كڕین و له‌نێوچاویانا هه‌ستم به‌ كامه‌رانی ده‌كرد!!!

ساڵێكی ته‌واو به‌سه‌ر ئه‌وكاره‌مدا تێپه‌ڕی، له‌وماوه‌یه‌دا توانیم رێزی به‌ڕێوه‌به‌ر و ده‌سته‌ی مامۆستایان، و خۆشه‌ویستی قوتابییه‌كان به‌ده‌ست بێنم.. رۆژێك له‌خۆمم پرسی: بۆچ من له‌م قوتابخانه‌یه‌دا درێژه‌ به‌خوێندنه‌كه‌م نه‌ده‌م، وخوێندنی ئاماده‌ییش ته‌واو نه‌كه‌م؟1 به‌تایبه‌ت كه‌ خۆم له‌ قوتابخانه‌یه‌كی ئاماده‌ییدا كار ده‌كه‌م؟!

ئه‌و نیازه‌م لای به‌ڕێوه‌ره‌كه‌مان دركاند - كه‌ خانمێكی به‌ڕێز بوو- خوا پاداشتی خێری بداته‌وه‌ زۆر هانی دام، و بیرۆكه‌كه‌می به‌رز نرخاند، و منیش ئه‌وراقم پێشكه‌ش كرد پاش شه‌ش سال له‌یه‌كی ئاماده‌ییدا ده‌ستم به‌خوێندن كرده‌وه‌، قه‌ده‌ر وابوو من له‌پۆلی یه‌كی ئاماده‌یی و كوڕه‌ نۆبه‌ره‌كه‌یشم له‌ پۆلی یه‌كی سه‌ره‌تاییدا بووین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ ئه‌ركم زۆر بوو بارم گران بوو، له‌لایه‌كه‌وه‌ دایك، و له‌لایه‌كه‌وه‌ كارمه‌ند، و له‌لایه‌كه‌وه‌ قوتابی له‌خوێندنه‌كه‌مدا هه‌وڵێكی باشم ده‌دا كۆششێكی چاكم ده‌كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كاتێ له‌پۆلی شه‌ش ده‌رچووم تێكرای نمره‌كانم 97 له‌سه‌د بوو!! له‌ماوه‌ی سێ ساڵدا پاش فه‌زڵی خوا توانیم شه‌هاده‌ی دواناوه‌ندی گشتی به‌و پله‌ باشه‌وه‌ وه‌ربگرم، له‌خۆشیدا جارێكی تر ده‌ستم كرد به‌گریان و خوڕخوڕ فرمێسكی شادی به‌سه‌ر گۆناكانما هاته‌ خوار، كه‌ به‌رهه‌می هه‌وڵ و تێكۆشانه‌كه‌یشم ئه‌و نمره‌ به‌رزانه‌ بوو!!

ئینجا له‌یه‌كێ له‌ دایه‌ره‌ ده‌وڵه‌تییه‌كاندا وه‌زیفه‌یه‌كی نووسه‌ری هه‌بوو، منیش پێشكه‌شم كرد بۆی و به‌ معاشێكی باشه‌وه‌ وه‌رگیرام، و وازم له‌ فه‌راشییه‌كه‌ هێنا، هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ پێشكه‌شم كرد بۆ زانكۆ به‌شی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی، له‌وێش به‌سوپاسه‌وه‌ وه‌رگیرام، له‌خانووه‌ یه‌ك ژوورییه‌كه‌دا گۆاستمه‌وه‌، و شوققه‌یه‌كی بچكۆله‌م به‌كرێ گرت كه‌ له‌دوو ژووری خه‌و وهۆڵ و حه‌مام و توالێت و مووبه‌قێك پێك هاتبوو، سلفه‌یه‌كم وه‌رگرت و كه‌ره‌سه‌ی بنه‌ڕه‌تی نوێم بۆ كڕی و ژیانی ئاسووده‌ییم ده‌ستی پێكرد. به‌تایبه‌ت منداڵه‌كانم رۆیشتنه‌ قوتابخانه‌و له‌باره‌ی خوێندن وره‌وشتیانه‌وه‌ زۆر لێیان رازی بووم، و سوپاس بۆ خوا سه‌ركه‌وتووبوون، هه‌وڵم ده‌دا منداڵه‌كانم حه‌زیان له‌ چی بێت بۆیان بكڕم تا قه‌ره‌بووی ئه‌و نه‌بوونییه‌ی پێشوویان بۆ بكه‌مه‌وه‌.. له‌گه‌ڵ ئافره‌ته‌ قوتابييه‌كانی هاوكارم، و خوشكانی ئیمانیمدا په‌یوه‌ندییه‌كی باشم دروست كردبوو، ئه‌وانیش باشترین كۆمه‌ك و یارمه‌تیده‌رم بوون، و بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانم زیاتر هه‌ست به‌ خۆشی بكه‌ن ده‌ڕۆیشتین بۆ سه‌یران و سه‌ردانی دۆستانيش!!

چوارساڵی سه‌ختی زانكۆ به‌سه‌رچوو، له‌ئه‌نجامدا به‌كالۆریۆسم به‌پله‌ی نایابی شه‌ره‌ف وه‌رگرت، پاش ئه‌وه‌ له‌لوتفی خواوه‌ به‌ مامۆستای ناوه‌ندی دامه‌زرام، و كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌م ته‌مه‌نی ببوه‌ 13 ساڵ باوه‌شی پیا كردم و گوتی: " دایه‌گیان! تۆ گه‌وره‌ترین دایكی، من شانازی به‌تۆوه‌ ده‌كه‌م" منیش هه‌موویانم له‌ ئامێز گرت، و بۆ ماوه‌ی چه‌ند ‌كاتێك هه‌موومان به‌بێ ویست ده‌ستمان به‌گریان كرد.. بۆ یه‌كه‌مجار بوو معاشێكی گه‌وره‌ وه‌ربگرم، بۆ سوپاسی خوای میهره‌بان رۆیشتم نیوه‌یم به‌ته‌واوی كرد به‌خێر، به‌و نیوه‌كه‌ی تریشی منداڵه‌كانم چییان پێویست بوو بۆم كڕین..

ئینجا ده‌ستم كرد به‌ پاشه‌كه‌وت كردنی به‌شی گه‌وره‌ی معاشه‌كه‌م.. تا خانوویه‌كی پێ بكه‌ینه‌وه‌ بۆ خۆمان، له‌هه‌مان كاتدا پێشكه‌شم كرد بۆ خوێندنی ماجستێر، و وه‌رگیرام، و له‌ماوه‌ی دوو ساڵا ته‌واوم كرد و شه‌هاده‌كه‌م به‌ پله‌ی نایابی شه‌ره‌فه‌وه‌ وه‌رگرت.. ئینجا ده‌ستم كرد به‌ كردنه‌وه‌ی خانووه‌كه‌مان، خانووه‌كه‌یشمان له‌ دوونهوم و ده‌ ژوور و دوو هۆڵ و مووبه‌قێك وگه‌نجینه‌یه‌كی گه‌وره‌و باخچه‌یه‌كی گه‌وره‌، و حه‌وزێكی مه‌له‌كردن پێكهاتبوو..

ئینجا پێشكه‌شم كرد بۆ دكتۆرا، ئه‌ویش ئه‌ركێكی زۆر و زه‌حمه‌تێكی زۆر زۆری هه‌بوو، به‌تایبه‌ت كه‌ منداڵه‌كانم گه‌وره‌ ببون، وته‌واو ماندوو ببوم، له‌لایه‌كه‌وه‌ قوتابی دكتۆرا بووم، دكتۆراش هه‌روا ئاسان نییه‌، بریتتییه‌ له‌باس و به‌شوێنا گه‌ڕان، و له‌لایه‌كه‌وه‌ ده‌رس گوتنه‌وه‌، له‌ ئاماده‌ییدا، هه‌وڵم له‌نێوان ئه‌م سێ كوچكه‌یه‌دا په‌رت وبڵاو ببوه‌وه‌: ده‌رسوتنه‌وه‌ له‌ ئاماده‌ییدا، باس و لێكۆلینه‌وه‌ی خوێندنی دكتۆرا، دروستكردن و ته‌واو كردنی خانووه‌كه‌..
كاتێ ته‌مه‌نم بووبه‌ 37 ساڵی ته‌واو پله‌ی دكتۆرام وه‌رگرت.. له‌وته‌مه‌نه‌دا به‌مامۆستای زانكۆ دامه‌زرام.. ئایا ده‌زانن له‌وكاته‌دا كه‌ شه‌هاده‌كه‌ی دكتۆرام وه‌رگرت چیم بییركه‌وته‌وه‌؟! بیری دایكمم كه‌وته‌وه‌، داخۆ ئه‌گه‌ر دایكم ئاله‌و دیمه‌نه‌دا منی ببینیایه‌ له‌خۆشیدا ده‌گریا، یا داوای به‌شێك له‌و ده‌ستاوه‌رده‌ مادییه‌ی لێ ده‌كردم كه‌ له‌و شه‌هاده‌وه‌ ده‌ستم ده‌كه‌وێت.؟!!

پێتان وانه‌بێ كه‌ من به‌رامبه‌ر دایكم بێ رحم بووبم، یا سه‌رم نه‌دابێ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ چه‌ند جارێك سه‌رم لێداوه‌، و هه‌ستم ده‌كرد هیچ نه‌گۆڕاوه‌، هه‌رهه‌مان خووی خۆی هه‌بوو، به‌ڵام باوكم پاش ساڵێك له‌مردنی مێرده‌كه‌م ئه‌ویش مرد و كۆچی دوایی كرد، و له‌معاشه‌كه‌ی خۆم به‌شێكم بۆ ده‌نارد.. به‌ڵام براو خۆشكه‌كانم هیچ پێم خۆش نه‌بوو سه‌ریان لێ بده‌م و بیان بینم، به‌تایبه‌ت له‌به‌ر منداڵه‌كانم ده‌ترسام ببنه‌ نموونه‌یه‌كی خراپ بۆیان..

***


ژیان پاش گرژییه‌كی زۆر كه‌وته‌ بزه‌ بۆم:
ئێستا جێی خۆیه‌تی باسی وه‌زعی خۆم و كچ و كوڕه‌كانمتان بۆ بكه‌م: ئێستا من پێگه‌يه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیم هه‌یه‌، و له‌خانوویه‌كی گه‌وره‌و به‌ربڵاودا ده‌ژیم، و ئێستا خزمه‌تكا‌ر و شۆفیرم هه‌یه‌...

منداڵه‌كانم هه‌موویان ده‌رچووی زانكۆن، كوڕه‌ نۆبه‌ره‌كه‌م پزیشكی نه‌شته‌رگه‌ره‌، كوڕی دووه‌مم ئه‌ندازیاره‌، كچه‌كه‌یشم پزیشكی منداڵانه‌..
هه‌موویان خێزانیان پێكه‌وه‌ ناوه‌، كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌م جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وكرد و سووربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خۆی و خێزانی له‌ته‌ك مندا ژیان به‌رنه‌ سه‌ر.. ، ئێستاش ماڵه‌كه‌م پڕبووه‌ له‌ژیان و پێكه‌نینی نه‌وه‌كانم.. ئاله‌م كاته‌دا كه‌ ئه‌م باسه‌ی خۆمتان بۆ ده‌گێڕمه‌وه‌ ته‌مه‌نم 55 ساڵه‌ سوپاس بۆ خوا..

ئه‌م چیرۆكه‌ی ژیانم پێشكه‌ش به‌وانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ره‌شبینی رووی تێكردوون و هه‌ست به‌ تێشكان ده‌كه‌ن له‌ژیانیاندا، به‌ڵكو سۆلسۆله‌یه‌ك هیوای تیابێ بۆیان و ره‌شبینییه‌كانی ژیانیان بڕه‌وێنێته‌وه‌، باوه‌ڕتان هه‌بێ ئه‌گه‌ر من ته‌سلیمی ره‌شبینی و چركه‌ تاڵه‌كانی ببومایه‌ نه‌ده‌گه‌یشتم به‌م ژیانه‌ی ئێستام – به‌فه‌زڵی خواو پاشان به‌هۆی هیواداری خۆمه‌وه‌ - پێی گه‌یشتم!!

باوه‌ڕم پێ بكه‌ن به‌پێی ئه‌و ته‌جروبه‌ی كه‌خۆم بینیومه‌و توانیومه‌ تیا سه‌ركه‌وتووبم، شتێك نییه‌ له‌گه‌شبینی و هیواداری و وده‌ست به‌هیواوه‌ گرتن جوانتر بێت.. با ئه‌وهیوایه‌ش بچووك بێت.

تێبينی: ئه‌م چیرۆكه‌ی به‌رده‌ستان به‌سه‌رهاتی خودی نووسه‌ر خاتوو سه‌لوا عوزه‌یدان{سلوى العضیدان} نييه‌ كه‌ نووسه‌رێكی ناوداری سعودییه‌، به‌ڵكو چیرۆكه‌كه‌ به‌سه‌رهاتی دكتۆره‌یه‌كی هاوه‌ڵیه‌تی و بۆی گێڕاوه‌ته‌وه‌ ئه‌میش بۆ وره‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی بێ وره‌كان وه‌ك چیرۆكێك دای رشتوته‌وه‌.