کچان و کوڕان بخەون !
ئەمشەو من و دایە شارم
لە قەڵاوە ئێشک دەگرین
سلێمانی و منارەی هۆلاکۆ بەزێن
لە گەڵمانا ئێشک دەگرن !
دەڵێم دایە تۆ بخەوە ... من ناخەوم
دەڵێ گوێ شل کەن بەڵێن بێ
نە ئەمشەو تا بەیان دەخەوم
نە سبەیش ، بە پاڵێ ئەوان دەکەوم !
ئای دایە شار !
ئەو جلە چوار ڕەنگەی بەرت
چۆن بۆتە تیر و کەوان
پێکاوێ ناخ و هەناوی
ئەو چوار داڵە دەم داچەقیوەی
دیار سەرت !!
دایە گوێ بنێ بە دڵی دیواری ڕەحیماواوە
ڕمەی پێی ئەسپی هەولێر دێ
بۆنی ئەو شەوانەی لێ دێ
کە زستان بوو
باو بۆران بوو
کوڕەکانت لە چوار لاوە
لە یەک سات و گشت پێکەوە
دەبون بە هەورە تریشقە و بە چەخماخە
لە ناو دڵی
فس فس پاڵەوانەکانی ڕۆژا
وەک بۆمبا دەتەقینەوە !
ئەی دایە شار !
ئەوان سبەی
بەر لە شەفەق ئەوان لێرەن
هەرچی دەستمان بۆ بهێنی
دڵنیابە دەستی بە دەستی خواوە بێ
دەیهێننە خوار
٢٣ / ٢ /2011 |