یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   پێکەوەژیانی ئایینی لە سۆران    *****    *****   مامۆستا مەلا محمد ئیبراهیم رەزگەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵی کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ لەبارەی پێکەوەژیانی ئایینی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لە هەردوو قەزای ئاکرێو بەردەڕەش ژمارەیەک مامۆستای ئایینی بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی ئاکرێ و لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   یەکێتی زانایان پانێڵێکی تایبەت بە گرنگیدان بە تەوزیفکردنی زانستی تەجویدو پاراستنی مۆرکی رەسەنی مەقامی جوان خوێندنەوەی قوڕئان بەرێوە ساز دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە گوندی بێراوە بەرێوە دەچێت    *****    *****   شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی دەڤەری گەرمیان بەسەر دەکاتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات    *****    *****   د.عبدالله شێرکاوەیی بۆ ماڵپەڕی روداو: لە ئیسلامدا هیچ سنوورێک بۆ مارەیی دیاری نەکراوە    *****    *****   کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەرێوە دەچێت چەند پرسێکی گرنگ و تایبەت تاوتوێ دەکات   
د. هه‌ڵدێر ئه‌سعه‌د خۆشناو
به‌رواری دابه‌زاندن: 16/03/2011 : 10:11:45
قه‌باره‌ی فۆنت
به‌هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ئایینی ئیسلام كورد نابێته‌ ده‌وڵه‌ت
له‌ پێشدا حه‌زم كرد تیشك بخه‌مه‌ سه‌ر راستیه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر خه‌ڵكی ساده‌و ساكاری میلله‌ته‌كه‌مان گومڕاو چه‌واشه‌نه‌كرێن به‌ قسه‌ و ریپۆرتاژی بێَسه‌روبه‌ری ناحه‌زانی ئایینی ئیسلام‌و قین له‌دڵان، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاینی ئیسلام له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئاینێكی ئومه‌میه‌ نه‌ك نه‌ته‌وایه‌تی، واته‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ نادات كه‌وا ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یه‌ك (عه‌ره‌ب) بسه‌پێنێ به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای ( الناس سواسيه‌ كأسنان المشط...لا فرق بين عربی و عجمی إلا بالتقوی ... وإن أكرمكم عندالله أتقاكم ) هه‌روه‌ها ئاینی ئیسلامیش ته‌نها بۆ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب دانه‌به‌زیوه‌ به‌ڵكو ئاینێكه‌ بۆ هه‌موو جیهان ( وما أرسلناك إلا رحمه‌ للعالمين ).

به‌ شیكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ زانایانی فیقهی ئیسلام ئه‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌ ته‌نها گه‌لانی غه‌یره‌ عه‌ره‌بی ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو جیهانی جنۆكه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ به‌ به‌ڵگه‌ی (قُلْ أُوحِيَ إِلَيَّ أَنَّهُ اسْتَمَعَ نَفَرٌ مِّنَ الْجِنِّ فَقَالُوا إِنَّا سَمِعْنَا قُرْآنًا عَجَبًا) و (وَإِذْ صَرَفْنَا إِلَيْكَ نَفَرًا مِّنَ الْجِنِّ يَسْتَمِعُونَ الْقُرْآنَ فَلَمَّا حَضَرُوهُ قَالُوا أَنصِتُوا فَلَمَّا قُضِيَ وَلَّوْا إِلَى قَوْمِهِم مُّنذِرِينَ، قَالُوا يَا قَوْمَنَا إِنَّا سَمِعْنَا كِتَابًا أُنزِلَ مِن بَعْدِ مُوسَى مُصَدِّقًا لِّمَا بَيْنَ يَدَيْهِ يَهْدِي إِلَى الْحَقِّ وَإِلَى طَرِيقٍ مُّسْتَقِيمٍ ، يَا قَوْمَنَا أَجِيبُوا دَاعِيَ اللَّهِ وَآمِنُوا بِهِ يَغْفِرْ لَكُم مِّن ذُنُوبِكُمْ وَيُجِرْكُم مِّنْ عَذَابٍ أَلِيمٍ)، به ‌واتایه‌كی تر ئایینی ئیسلام بۆ ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ تاكو نه‌ته‌وه‌یه‌كی باڵاده‌ستی موسڵمان نه‌ته‌وه‌یه‌كی تری پێ بچه‌وسێنێته‌وه‌ به‌ناوی ئیسلامگه‌ریی، به‌ڵكو ته‌نها خۆی له‌ گه‌یاندنی په‌یامێك ئه‌بینێته‌وه‌ ئه‌ویش په‌یامی یه‌كتاپه‌رستیه‌، كه‌ زاتی (الله) یه‌، به‌رامبه‌ر به‌وه‌ش ئه‌بێ رێز له‌ میلله‌تانی تر بگیرێت، چونكه‌ فره‌نه‌ته‌وه‌یی و فره‌گه‌لیش هه‌ر كاری زاتی (الله) یه‌ (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا).

ئیسلام بۆ ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ تاكو نه‌ته‌وه‌یه‌كی باڵا ده‌ستی موسڵمان نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر بچه‌وسێنێته‌وه‌
له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌م بنه‌مایه‌ پێغه‌مبه‌ر (د.خ) كاتێك نامه‌ی بۆ سه‌رۆكه‌كانی وڵاتان و هه‌رێمه‌ عه‌ره‌بی‌و غه‌یره‌ عه‌ره‌بیه‌كانی ده‌نارد بۆ ئیسلامبوون مافی ئه‌وه‌شی پێئه‌به‌خشین كه‌دوای ئیسلامبوونیان له‌سه‌ر هه‌مان ده‌سه‌ڵات وحوكمی لۆكاڵی خۆیان بمێننه‌وه‌، نه‌ك داگیركردنیان له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌ موسڵمانه‌كان و دواتر به‌تاڵانبردنی سه‌روه‌ت و سامانه‌كانیان، به‌ڵكو ئه‌وان خۆیان دوای ئیسلامبوونیان داوایان ده‌كرد كه‌وا فه‌قیهێكی موسڵمانیان بۆ ره‌وانه‌ بكات تاكو فێری ئه‌حكامه‌كانی شه‌ریعه‌تی ئیسلامیان بكات له‌نزیكه‌وه‌، بۆیه‌ كاتێك پێغه‌مبه‌ر (د.خ) و دواتر خه‌لیفه‌كانیش كه‌ كه‌سانی شاره‌زایان بۆ ئه‌ناردن سه‌رۆكی ئه‌و ووڵاته‌ یاخود هه‌رێمه‌كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌كان و خه‌ده‌م و حه‌شه‌مێكی زۆری ووڵاته‌كه‌یان به‌ره‌و پیری ئه‌و نێردراوه‌ ئه‌هاتن و به‌رێزێكی زۆره‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌یان پێشوازیان لێ ئه‌كرد. (و ئه‌گه‌ر جارجاریش شمشێر به‌كارهاتبێ ئه‌وا ئه‌و خاكانه‌ش پێشتر به‌زه‌بری شمشێر داگیركرابوون له‌لایان هه‌ردوو ئیمبراتۆری فارس و رۆم و خاكی خۆیان نه‌بوو، كه‌وابێ ئه‌چێته‌ خانه‌ی ململانێی سیاسی و نێوده‌وڵه‌تی نه‌ك په‌یامی ئیسلام).
به‌ڵام ئێمه‌ زیاتر مه‌به‌ستمان تیشك خستنه‌ سه‌ر چۆنیه‌تی فه‌رمانڕه‌وایی ئیسلامه‌، كه‌ به‌هیچ جۆرێك ئه‌م جیاوازیه‌ نه‌بووه‌ له‌نێوان عه‌ره‌بی موسڵمان‌و نه‌ته‌وه‌ موسڵمانه‌كانی تر، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ئایه‌ته‌ی قورئان و فه‌رمووده‌ به‌نرخانه‌ی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) بناغه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلام داڕێژراوه‌ به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی رێژه‌یه‌كی باشیش له‌ خه‌ڵكانی غه‌یره‌ موسڵمان به‌ عه‌ره‌ب و غه‌یره‌ عه‌ره‌ب له‌سه‌ر ئایینی كۆنی خۆیان هه‌رمابوونه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دانیشتووی ووڵاتی ئیسلام بوون، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای به‌خشنده‌یی و لێبورده‌یی ئایینی ئیسلام له‌گه‌ڵ هه‌ر بیروباوه‌ڕ و عه‌قیده‌یه‌كی تر هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بنه‌مای ( فمن شا‌و فليؤمن ومن شا‌و فليكفر).

دیاره‌ ئه‌و بناغه‌ پته‌وانه‌ دواتر بووه‌ هه‌وێنێك كه‌ میلله‌تانی زۆری غه‌یره‌ عه‌ره‌ب ببنه‌ موسڵمان ته‌نانه‌ت كه‌سانی هه‌ڵكه‌وت و بلیمه‌ت و سه‌ركرده‌شیان لێده‌رچێت، بۆیه‌ ئه‌بینین كه‌وا ئه‌و سه‌ركرده‌ و سوڵتانه‌ موسڵمانه‌ غه‌یره‌ عه‌ره‌بانه‌ هه‌رگیز هه‌وڵیان نه‌داوه‌، كه‌وا ئه‌و بنه‌ما به‌رز و پیرۆزانه‌ به‌لاوه‌بنێن كاتێك ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته‌ ده‌ست و بۆ خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌كانیان به‌گه‌ڕی بخه‌ن، به‌ڵكو هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان چڕكردبۆوه‌ بۆ خزمه‌تی ئوممه‌ی ئیسلامی، نمونه‌ش له‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ زۆرن وه‌كو (نورالدین الزنكی والڤاهر بیبرس) كه‌ به‌ ڕه‌گه‌ز توركمان بوون. ته‌نانه‌ت وه‌زیری به‌رگری سوڵتان نورالدین كه‌سێكی كورد بووه‌ به‌ناوی (شێركۆ) كه‌ نازناوی (أسدالدين) بووه‌ كه‌ ده‌كاته‌ مامی سوڵتان (صلاح الدينی ئه‌يوبی) هه‌روه‌ها خودی سه‌ركرده‌ی گه‌وره‌ی كورد صلاح الدین له‌سه‌ر هه‌مان رێچكه‌ به‌رده‌وام بوو كه‌ ورده‌كاریه‌كان لای زۆربه‌مان ئاشكرایه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ رێژه‌یه‌كی زۆری زانا و فه‌یله‌سوفانی ئیسلامی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی نه‌بوون.

دواتر مه‌خابن موسڵمانان ئه‌و به‌ها و بنه‌ما به‌رزو پیرۆزانه‌یان به‌لاوه‌نا، به‌تایبه‌تی له‌دوا خه‌لافه‌تی ئیسلامی عوسمانی. كه‌ زیاتر به‌ڕوونی و ئاشكرا هه‌وڵه‌كانی چڕكردبۆوه‌ به‌مه‌ستی زاڵبوونی نه‌ته‌وه‌ی تورك به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی تر، ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگای فه‌رامۆشكردنی مافی گه‌لانی ترو به‌گه‌ڕخستنی هێزو سامانیان ته‌نها بۆ خزمه‌تكردنی نه‌ته‌وه‌ی خۆیان و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان.

ئه‌م شێوازه‌ كاره‌یان بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كاردانه‌وه‌یه‌كی به‌هێزو توند لای نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی بێته‌كایه‌وه‌، كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی (شه‌ریفی كوڕی عه‌لی) كه‌ موسڵمانێكی عه‌ره‌ب بوو، ده‌ستی له‌گه‌ڵ ئینگلیز له‌رێگای ئه‌فسه‌رێكیان (لۆرانس) تێكه‌ڵ بكه‌ن بۆ له‌ناوبردنی خه‌لافه‌تی ئیسلامی، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی پارچه‌بوون و لێكترازانی خه‌لافه‌تی ئیسلامی و دواتر دروستبوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی.

له‌سه‌روبه‌ندی پیاده‌كردنی ئه‌م ڕه‌وته‌ نامۆیه‌ به‌ ئایینی ئیسلام چه‌ندان دروشمی جیهانگیری ئیسلامی گۆڕدرا و خۆی له‌ چوارچێوه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییدا دۆزیه‌وه‌، له‌وانه‌ دروشمی (أمه‌ إسلاميه‌ واحده‌ ذات رساله‌ خالده‌) كه‌ گۆردرا بۆ (أمه‌ عربيه‌ واحده‌ ذات رساله‌ خالده‌!) و بانگهێشتی (القدس مدينه‌ إسلاميه‌ محتله‌) بوو به‌ (القدس العربيه‌ المحتله‌!) ئه‌مه‌ش وای له‌ووڵات و نه‌ته‌وه‌ موسڵمانه‌كانی غه‌یره‌ ئیسلامی كرد ساردبنه‌وه‌ له‌ پشتیوانی كردنیان.

ته‌نانه‌ت ئه‌م ره‌وته‌ ـ كه‌ شۆفینیزمی عه‌ره‌بی، توركی، فارسی لێكه‌وته‌وه‌ ـ به‌ڕه‌وایان ئه‌بینی كه‌ هه‌موو جۆره‌ شێوازێك پیاده‌ بكات بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ و داگیركردن و زینده‌به‌چاڵكردن و به‌تاڵانبردنی سه‌روه‌ت و سامانی گه‌لانی تر، له‌وانه‌ میلله‌تی كوردی موسڵمان، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م ره‌فتارانه‌ی دواتری ئه‌م ره‌وته‌ شۆفینیزمه‌ تێك ناكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ما به‌رزو ره‌واكانی ئایینی ئیسلام.
ئه‌و هۆكاره‌ چه‌وتانه‌ بوون وایان كرد گه‌لانی غه‌یره‌ عه‌ره‌بی موسڵمانیش داوای جیابوونه‌وه‌‌و دامه‌زراندنی كیانی خۆیان بكه‌ن

ئه‌م هۆكاره‌ چه‌وتانه‌ی سه‌ره‌وه‌ هانده‌رێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لانی غه‌یره‌ عه‌ره‌بی موسڵمانیش داوای جیابوونه‌وه‌ و دامه‌زراندنی كیانی خۆیان بكه‌ن یاخود به‌لای كه‌می به‌رگریكردن له‌و قه‌تڵ وعامه‌ی كه‌ به‌رۆكیانی گرتبوو.

له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌م رووداوانه‌ دیارده‌ی دروستبوونی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی دروستبوو، كه‌ به‌ ره‌وایان ئه‌زانی داوای جیابوونه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ن، ئه‌مه‌ش كاتێك كه‌ ئه‌و كیانه‌ به‌ناو ئیسلامیانه‌ ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌كیانه‌ی له‌گۆڕنا كه‌ پێشتر ببووه‌ هه‌وێنی پێكه‌وه‌ ژیانی گه‌لانی جیاواز له‌ ژێر سایه‌ی بنه‌ما راسته‌قینه‌كانی ئیسلام، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵكو كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی به‌جینۆسایدكردنی گه‌لانی ژێر ده‌ستیان، له‌سه‌ر هیچ نا ته‌نها له‌سه‌ر جیاوازی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌م پاكتاوه‌ نه‌ژادیه‌ش زۆر به‌روونی به‌دیده‌كرێت له‌لایان نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و تورك دژ به‌ نه‌ته‌وه‌ی كوردی موسڵمان. له‌م حاڵه‌ته‌دا میلله‌تی كورد دیاره‌ مافی ره‌وای خۆیه‌تی به‌پێی شه‌رع و یاسا به‌رگری له‌بوون و مانه‌وه‌ و خاكی خۆی بكات (فمن قتل عن ماله أو عرچه أو أرچه فهو شهید) به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر بزانین میلله‌تی كورد له‌سه‌ر خاكی خۆی نیشته‌جێیه‌ و نه‌چۆته‌ سه‌ر خاكی كه‌س به‌میوانیش، به‌ڵكو نه‌ته‌وه‌كانی تر كۆچه‌رن و كوردیش خاوه‌ن ماڵه‌، كاتێ كه‌ میوانیش زیاده‌ڕۆیی كرد ئه‌بێ ده‌رچن له‌ماڵ نه‌ك خاوه‌ن ماڵ ده‌ركه‌ن. به‌ڵكو كورد مافی خۆیه‌تی ته‌نانه‌ت داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ش بكات ـ له‌كاتی گونجاوداـ له‌مه‌ڕ ئه‌و زه‌ره‌رو زیانانه‌ی پێیگه‌یشتووه‌.

یه‌كێك له‌و ئیفرازاتانه‌ی له‌پاڵ دروستبوونی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی چه‌كداری نه‌ته‌وه‌ی كورد هزر و هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی بوو، كه‌ وه‌كو كاردانه‌وه‌یه‌ك له‌ دژی ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی له‌ئاكامی ئه‌و زوڵم و سته‌مه‌ی كه‌ له‌گه‌له‌كه‌مان ده‌كرا. له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌م هزره‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌ك یاخود بیرۆكه‌یه‌ك چه‌كه‌ره‌ی كرد ـ به‌تایبه‌تی له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌م ـ ئه‌ویش خۆی له‌م رسته‌یه‌ ئه‌بینیه‌وه‌ (گوایه‌ ئه‌گه‌ر گه‌لی كورد موسڵمان نه‌بوایه‌ له‌مێژبوو ده‌وڵه‌تی خۆی هه‌بوو!!) له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ ئه‌بینین زۆر كه‌س به‌ناوی رۆشنبیر و چاكساز و چالاكوان...هتد، هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵایان به‌گه‌ڕخستووه‌ به‌ مه‌به‌ستی پراكتیكردنی ئه‌م بنه‌مایه‌ به‌هیوای به‌ده‌وڵه‌ت بوونی گه‌لی كورد. له‌ بیریشمان نه‌چێت هه‌مان تێروانین پێشتر له‌لایان توركه‌كان دروست ببوو دژ به‌ ئایینی ئیسلام كه‌ ئه‌تاتورك و دواتر كه‌مالیزمیه‌كان زۆر به‌سه‌ختی پیاده‌یان ده‌كرد، وه‌كو قینێك به‌رامبه‌ر به‌ عه‌ره‌ب كه‌ به‌ فاكته‌رێكی سه‌ره‌كیان ده‌زانی له‌ روخانی خه‌لافه‌تی عوسمانی توركی، به‌ڵام رۆژگار ده‌ریده‌خات ئه‌و ره‌وته‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ووڵاته‌كه‌یان به‌ ئاراسته‌ی دژایه‌تیكردنی ئایینی ئیسلام له‌ لایه‌ك و رازیكردنی داواكانی ئه‌وروپا له‌لایه‌كی تر، به‌ڵكو له‌پێش چاومانه‌ كه‌ چۆن سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو دژایه‌تیكردنه‌ی ئایینی ئیسلام له‌ دواجار هه‌ر حزبێكی ئیسلامی هاتۆته‌ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك ببه‌خشێ گرنگترینیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی موسڵمانی تورك هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری ئایینه‌كه‌یان نابن، چونكه‌ بیروباوه‌ڕه‌كه‌یان وابه‌سته‌ی عه‌ره‌ب نیه‌، به‌ڵكو له‌ هزری ره‌گ و ریشه‌یی ناخ و ده‌روون هه‌ڵقوڵاوه‌)، (إن هذا القرأن يهدی للتی هی أقوم).

سه‌ره‌تا ده‌پرسین ئاخۆ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك داڕێژراوه‌ یاخود بونیاتنراوه‌ سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی؟ یان له‌به‌رئه‌وه‌ی گوایه‌ خۆرئاوا گاورن و رقیان له‌موسڵمانه‌ تاوه‌كو هه‌وڵه‌كانمان به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره‌ چڕكه‌ینه‌وه‌ به‌هیوای ئه‌وه‌ی له‌ رقی موسڵمان بمانكه‌ن به‌ده‌وڵات؟!.

له‌راستیدا ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌ووردی راڤه‌بكه‌ین، ئه‌بینین به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ووڵاتانی خۆرئاواو و زلهێزه‌كان په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ گه‌لانی تر هیچ كاتێك له‌سه‌ر بنه‌مای ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووه‌ و ناشبێت له‌داهاتوودا، به‌ڵكو ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌كانیان بووه‌ له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ش به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری. به‌ڵگه‌ش كه‌ گه‌واهی ئه‌مه‌ ده‌سه‌لمێنی ده‌بینین له‌ پێشدا ئیمبڕاتۆڕی به‌ریتانیا و ئێستاش ئیمبڕاتۆڕی تازه‌ی ئه‌مریكا له‌ رواڵه‌تدا كه‌ هه‌ردوو ووڵات سه‌ر به‌ئاینی گاورن، به‌ڵام به‌هه‌موو شێوازێك به‌رگری له‌بوون و كیانی دوژمنی سه‌رسه‌ختی مێژوویی ئایینه‌كه‌یان (جوو) ده‌كه‌ن كه‌ ئیسرائیله‌، ئه‌مه‌شیان نه‌ له‌به‌رچاوی كاڵی جووله‌كه‌یه‌ نه‌ له‌ڕقی ئیسلامیشه‌، به‌ڵكو له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئابووریه‌كانیانه‌. و ئه‌گه‌ر روو له‌ ووڵاتی هیندستان بكه‌ین پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌ر زۆر راسته‌، چونكه‌ ده‌بینین كاتێك گاندی داوای وه‌ده‌رنانی ئیستعماری به‌ریتانیایی و سه‌ربه‌خۆیی ووڵاته‌كه‌ی ده‌كرد، نه‌یانهێشت له‌كۆتایی تێر ئاوبخاته‌وه‌ و به‌ ئۆخه‌ی سه‌ركه‌وتنی سه‌رتاسه‌ری سه‌ربنێته‌وه‌، به‌ڵكو وڵاتی هیندستانیان بۆ پارچه‌ پارچه‌ كرد و ئینجا بۆیان به‌جێهێشت، باجێی سه‌رسوڕمان نه‌بێ كه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌ئه‌نجامی ئه‌و دابه‌شكردنه‌ دروست بوون كۆمپلیت موسڵمان بوون وه‌ك (پاكستان، ئه‌فغانستان، به‌نگلادیش) هه‌مدیسان نه‌ك له‌به‌رخاتری ئیسلام به‌ڵكو له‌به‌ر دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان و قینی داگیركه‌رانه‌یان له‌مه‌ر به‌رهه‌ڵستیكردنی گاندی و بزوتنه‌وه‌كه‌ی له‌لایه‌كی تره‌وه‌، هه‌مان شرۆڤه‌كردن دروسته‌ بۆ وڵاتی كۆسۆڤۆ كه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی یوگسلاڤیای سه‌ر به‌ئایینی گاور دابڕا له‌لایه‌ن وڵاته‌ زلهێزه‌كان پشتیوانیان لێكرا تا سه‌ربه‌خۆبوونیان، واته‌ گه‌مه‌ی سیاسی خۆی له‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌بینێته‌وه‌ نه‌ك شتی تر، بۆیه‌ له‌په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا نه‌ دوژمن هه‌تا سه‌ره‌ نه‌دۆست.

كه‌واته‌ به‌پێی ئه‌م شیكاره‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ندێك كه‌س، گۆڕینی قبیله‌ی كوردی موسڵمان له‌ كه‌عبه‌ بۆ لالش؟! یاخود هاندانی خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه‌ له‌ ئایینی ئیسلام گوایه‌ ئیسلام ئایینی عه‌ره‌به‌؟! به‌هیوای ئه‌وه‌ی كورد ببێت به‌ ده‌وڵه‌ت بانگه‌شه‌یه‌كی بێ بنه‌ما و هه‌ڵه‌ و پڕوپوچه‌. جا كه‌ میلله‌ته‌كه‌مان تا ئێستا له‌ قه‌ل بووه‌ با له‌ كۆتریش نه‌بێت؟! ـ با قیامه‌ته‌كه‌شمان له‌كیس نه‌چێت و چیتر میلله‌ت چه‌واشه‌ نه‌كرێت.

هاندانی خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه‌ له‌ ئایینی ئیسلام به‌هیوای ئه‌وه‌ی كورد ببێت به‌ ده‌وڵه‌ت بانگه‌شه‌یه‌كی بێ بنه‌ماو هه‌ڵه‌یه‌

كه‌ی ئه‌مه‌ لۆژیكه‌ هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌بنه‌ڕه‌تدا كه‌ كورد ئاگر په‌رست بووه‌ یاخود شتی تر؟! ده‌بێ هه‌روا بمێنێته‌وه‌؟! باشه‌ ده‌پرسین ئایا پێوه‌ر بۆ زانینی راستیه‌كان و زانین په‌نابردنه‌ بۆ هزری دروست و لۆژیك یان ده‌ست پێوه‌گرتنی داب ونه‌ریت و باوه‌ڕی كۆنی باوباپیران مه‌گه‌ر چه‌وتیش بێت؟! كه‌وا بێ ده‌بێ عه‌ره‌بیش بچنه‌وه‌ سه‌ر ئایینی پێشوویان كه‌ بت په‌رستی بووه‌، به‌ڵام ئایا ئه‌م تێڕوانینه‌ زۆر كۆن نیه‌ و وه‌ڵامی نه‌دراوه‌ته‌وه‌ له‌مه‌وبه‌ر؟ (وإژا قيل لهم أتبعوا ما أنزل الله قالوا بل نتبع ما ألفينا عليه آ‌با‌ونا أو لو كان آ‌باؤهم لايعقلون شيئاَ ولا يهتدون) به‌پێی ئه‌م بانگه‌شه‌ بێت به‌رده‌وام راستیه‌كان وونه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نازانرێ‌ راستی كامه‌یه‌، چونكه‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك و میلله‌تێك به‌ئاره‌زووی خۆی ئایینێك، خوایه‌ك (بت، بوزا، ئاگر، مانگا، تاوس، مشك، فیل...) بۆ خۆی داده‌نێت ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بڵێت (من جیاوازم؟!!).

له‌سۆنگه‌ی پیاده‌كردنی ئه‌م ره‌وته‌وه‌ ده‌بینین، هه‌ندێك كه‌س هه‌وڵ و ته‌قه‌لایان زۆر به‌چری به‌گه‌ڕخستووه‌ بۆ زه‌مینه‌ خۆشكردن بۆ ئیباحیه‌ت و فه‌ساد و دواتر ئیلحاد له‌ژێر چه‌تری (ده‌سته‌به‌ركردنی ماف و ئازادی ئافره‌ت و... نابێ پێوه‌ر بۆ شه‌ڕه‌ف دامێنی ئافره‌ت بێت... پڕۆژه‌ی هاوسه‌ریی پڕۆژه‌یه‌كی دواكه‌وتووه‌ و چه‌وساندنه‌وه‌ی تێدایه‌، له‌بری ئه‌بێ مۆلگه‌ و شوێنی تایبه‌ت فه‌راهه‌م بكرێ بۆ سێكسی ڕه‌ها... یان با مزگه‌وته‌كان دابخرێن ئه‌گه‌ر نا كه‌م بكرێنه‌وه‌ به‌ڕاده‌یه‌ك ژماره‌ی یانه‌ی شه‌وانه‌ و قومارخانه‌كان زیاتر بێت (ومن أڤلم ممن منع مساجد الله أن یژكر فیها أسمه وسعی فی خرابها).

بیانووشیان بۆ ئه‌م بانگه‌شه‌ ناڕه‌وایانه‌ گوایه‌ ئه‌وان مه‌به‌ستیان چاكسازییه‌ له‌ ژیانی تاك و كۆمه‌ڵگا به‌گشتی!! پێشكه‌وتنی ئه‌وروپا و رۆژئاوا به‌ گه‌واهی راست و دروستی بانگه‌وازه‌كانیان ده‌زانن (وإذا قيل لهم لاتفسدوا فی الأرض قالوا إنما نحن مصلحون ألا أنهم هم المفسدون ولكن لايشعرون). دیاره‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان زۆر دووره‌ له‌راستی و تاكه‌ ئامانج تێیدا چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵكی ساویلكه‌یه‌، چونكه‌ بۆ هه‌موو كه‌س روونه‌ كه‌ وڵاتانی رۆژئاوا به‌ زانست و شه‌ونخونی گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌مرۆ له‌بواری زانست و ته‌كنه‌لۆژیا، نه‌ك به‌ ئیباحیه‌ت و فه‌سادی و به‌دڕه‌وشتی و تێكدانی شیرازه‌ی خێزان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رچه‌نده‌ له‌رووی زانست و ته‌كنه‌لۆژیا گه‌شه‌ی سه‌ندووه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م پێشكه‌وتنه‌ ته‌نها پێشكه‌وتنێك بوو له‌رووی ماددیه‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌بینین له‌ بواری ره‌وشته‌وه‌ له‌ده‌ست زۆر كێشه‌وه‌ ده‌ناڵێنن به‌جۆرێك رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ ئاده‌میزاد ـ چ ئافره‌ت چ پیاو ـ وه‌ك كاڵا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێ به‌جۆرێك له‌ جامخانه‌كانی دوكانه‌كانیان نمایش ده‌كرێن، ئه‌مه‌ش دیمانه‌ی سه‌رده‌می به‌ردینمان به‌بیرده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ ئاده‌میزاد وه‌ك كۆیله‌ كڕین و فرۆشتنیان پێده‌كرا. ئاكامێكی تری خراپی ئه‌م ئیباحیه‌ته‌ خۆرئاوای به‌جارێك تووشی دوو په‌تای كوشنده‌ كردووه‌ سته‌مه‌ به‌ئاسانی لێی ده‌ربازبێت، یه‌كێكیان نه‌خۆشیه‌ سێكسیه‌كانه‌ به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ دووه‌م په‌تای نه‌مانی ئینتمابوون، كه‌ ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت به‌ سه‌رژمێری له‌ یه‌كێك له‌ووڵاته‌كانی خۆرئاوا ده‌ریده‌خات كه‌ 80% هاوسه‌ره‌كان دڵنیانین كه‌ منداڵه‌كانیان له‌خۆیان بن، ئه‌مه‌ش له‌ ئاكامی به‌ربڵاوی په‌تای خیانه‌تی هاوسه‌ریی له‌هه‌ردوو ره‌گه‌ز دیاره‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆكار بۆ نه‌مانی به‌زه‌یی و وه‌فا له‌نێوان ئه‌ندامانی خێزان به‌تایبه‌تی نه‌وه‌كان، كه‌ فاكته‌رێكه‌ بۆ ئه‌نجامدانی بێباكانه‌ی تاوان ته‌نانه‌ت به‌رامبه‌ر كه‌سه‌ نزیكه‌كانیشیانه‌وه‌ و دواتر له‌دژی گه‌ل ونیشتیمانه‌كه‌شیان، بۆیه‌ ووڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا ساڵانه‌ به‌ ده‌یان ملیار دۆلار ته‌رخانده‌كه‌ن بۆ هاندان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شیرازه‌ی خێزان به‌ لایه‌نی كه‌م بۆ ساڵانی په‌نجاكان كه‌ شیرازه‌ی خێزانی خۆرئاوا زۆر پته‌وبوو له‌چاو ئێستایان، ئه‌ویش له‌ رێگای ده‌رهێنانی چه‌نده‌ها فیلم له‌و باره‌یه‌وه‌ و ده‌ركردنی بڵاوكراوه‌كان به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌، به‌ڵام بۆیان ناكرێ چونكه‌ ره‌وشه‌كه‌ به‌جارێك له‌ده‌ست چووه‌.

دواتر ووڵاتانی خۆرئاوا بوونی دوو فاكته‌ری گرنگ وایلێكردووه‌ كه‌ له‌توانایدا هه‌بێت بۆ ماوه‌یه‌كی درێژتر خۆراگڕ بێت له‌روخان و داڕمان!، ئه‌ویش پێكهاته‌ و شێوازی حوكمڕانیانه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای دامه‌زراوه‌ییه‌، و دووه‌میان خاوه‌ن ژێرخانێكی ئابووری به‌هێزن، به‌ڵام ئێمه‌ چیمان هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت توور و كه‌ره‌وس و دۆ و ماستاویش له‌ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ ده‌كه‌ین!. نه‌بوونی ژێرخانی ئابووری، به‌دڕه‌وشتی و بێ دینیشی بێته‌ سه‌ر حاڵمان حه‌لوه‌لای ئه‌بێ؟! جگه‌ له‌وه‌ی جارێ هێشتاكه‌ هیچ نه‌بووه‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر به‌ ئیسرائیلی دووه‌م ناوزه‌دمان ده‌كه‌ن، جا ئه‌وه‌ خۆمانین بیانویان ئه‌ده‌یه‌نێ هه‌ركاتێ ره‌وشه‌كه‌ بۆیان له‌باربوو له‌ نموونه‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكای له‌ناكاو یاخود داڕمانی ژێرخانی ئابووری ئه‌و كات ئه‌بێ خۆزگه‌ به‌ ئه‌نفال بخوازین؟!!.

ده‌بێ ئه‌م جۆره‌ بانگهێشتانه‌
كپ بكرێن ئه‌گینا سه‌ری میلله‌تی كورد ئه‌خۆن
كه‌واته‌ ده‌بێ ئه‌م جۆره‌ بانگهێشتانه‌ كپ بكرێن و یاخود به‌لایه‌نی كه‌م په‌رواێز بخرێن، ئه‌گینا سه‌ری میلله‌تی كورد ئه‌خۆن، خۆشیان باكیان نیه‌ چونكه‌ زۆربه‌یان له‌ هه‌نده‌رانن (ئاگره‌ سووره‌ له‌من دووره‌) چ جای ئه‌وه‌ی هه‌ندێكی تریان له‌ روانگه‌ی ئه‌و كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كه‌ تووشیان هاتووه‌ ده‌ڕواننه‌ ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ (نه‌ك له‌روانگه‌یكی بابه‌تیه‌وه‌). له‌ بابه‌تی ته‌ڵاقدان یاخود قه‌یره‌یی یاخود كه‌سه‌كه‌ خۆی داوێن پیسه‌ حه‌زده‌كات ئافره‌ت سووك و چروك بێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاسانی بێنه‌ باوه‌شی گڵاویان بۆ ئه‌وه‌ی نامۆ نه‌بن له‌كۆمه‌ڵگا له‌م بواره‌!! كه‌سیش به‌زه‌قی په‌نجه‌یان بۆ درێژ نه‌كات و هه‌ندیكێشیان ته‌نها له‌ نه‌زانی خۆیان لاسایان ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ناوبانگ دروست بكه‌ن، یان مافی په‌نابه‌ریه‌كه‌یان جارجار بۆ نوێ بكرێته‌وه‌ و ره‌وانه‌یان نه‌كه‌نه‌وه‌. دیاره‌ خوای گه‌وره‌ش زۆر به‌ڕوونی باس له‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م جۆره‌ بانگهێشتانه‌ ده‌كه‌ن به‌ ناوی چاكسازی و به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵگا؟! (إن الذين يحبون ان تشيع الفاحشه‌ فی الذين آ‌منوا لهم عذاب أليم فی الدنيا والأخره‌ ).

له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێین نابێ هه‌ر كه‌سێ دوو سێ ریپۆرتاژی بێسه‌روبه‌ری له‌رۆژنامه‌كان بڵاوكرده‌وه‌ و دوو لێدوانی ته‌له‌فزیۆنی دا، ببێته‌ ده‌مڕاستی میلله‌ت و نازنازی رۆشنبیر و رووناكبیری پێ ببه‌خشرێ، به‌ڵكو ده‌بێ ئاوڕێك له‌ كه‌سایه‌تی‌و هزری راسته‌قینه‌‌و رابردوو و ئێستای ئه‌و كه‌سه‌ بده‌ینه‌وه‌ و بیكه‌ینه‌ پێوه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی چه‌واشه‌ نه‌كرێین، ئه‌و كات بۆ میلله‌ت روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ بیر رۆشن و بیر رووناكن یاخود بیرلێڵ وگڵاو و سه‌رخۆشن!! (يا أيها الذين آ‌منوا إن جا‌وكم فاسق بنبأ فتبيّنوا أن تصيبوا قوماَ بجهاله‌ فتصبحوا علی مافعلتم نادمين).

*یاسای مه‌ده‌نی