ئەوەی ئەمشەو لە بەرنامەی کەوانەی (GKsat) پەخشکرا، لە گفتوگۆی دوو زانای ئایینی، کە من هەرگیز بە گفتوگۆی نازانم، هێندەی بە شەڕە قسەی بێکەڵكی دەزانم، لێدانێکی تر بوو لە پێگەی زانایانی ئایینی، بەڵام بە نەزمێکی تر و بە جۆرێتییەکی کاریگەرتر، کە گەلێك نەشیاو بوو، زۆریش نەگونجاو بوو، زانایان بە بەرچاوی هەموو خەڵکەوە، سەنگەر لە یەکتر بگرن، هەرگیز ڕەوا نەبوو، دوو زانای ئایینی بەو شێوەیە، لە سەر شاشەی تیڤییەوە، بە ناوی زانای ئایینیەوە، بە جوب بە و مێزەر و بەرگی مەلایەتییەوە، یەکتر بشکێنن، تەشهیر بە یەکتر بکەن، دەرفەت بە ئیعلام بدەن درز بخاتە ڕیزی زانایانەوە و، خەوشداریی لە سەر سیما و شێوەی پەیوەندییان زەقبکاتەوە، قەت چاوەڕوانکراو نییە بۆ زانایان، زمانی زبر لە یەکتر بکەنەوە، مینبەری ناوزڕاندن تاقیبکەنەوە، لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە، سەندنەوەی ڕەواییەتی لە یەکتر و، پاکانە هێنانەوە هەریەکە بۆ خۆی، ببێتە ناونیشانی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بێئەنجام، ئەو شێوازانە لە گفتوگۆکردن، قەت بە حیوار دانانێم، قەتیش بنەما و پێوەرەکانی حیواری تێدا بەدیناکرێت، وەك چۆن لێهاتوویی حیوار لە هەر یەکێك لە دوو تەڕەفەکە بەدیار نەکەوت، بەڵکە ئەوەی بینرا، دژەکە بوو، نە ئەبوو ئەو شێوە گفتۆگۆکردنە بە حیوار ناوزەد بکرێت، دەبوو ناوبنرایە دژە گفتوگۆ!!. جێی داخ بوو، کە هەڵەی تاقیکراوەی پێشوو، جارێکی تر زەقکرایەوە، جارێکی تریش، بە هۆکاری وەها گفتوگۆیەك، گلەیی زۆر ئاراستەی توێژی زانایانی ئایینی دەکرێتەوە و، لە لایەن نەزانانەوە سەرزەنشت دەکرێنەوە، ئەگەرچی ئەوە پەیامی ڕاستەقینەی زانایان نەبوو، ئەوە هەڵوێستی زانایانی ئایینی نەبوو، قەتیش مومکین نییە، پەیامەکە بەو ڕەنگ و دەنگە بێت، پەیامی زانایان، پەیامی لە یەکترتێگەیشتن و قەبوڵکردنی یەکترییە، پەیامی بەکارهێنانی زمانی گوڵ و پەیڤی شیرینە، تۆمارکردنی هەڵوێستی بەرزە، پیشاندانی وێنەیەکی زیندووە کە تەبایی و یەکڕیزیی و یەکدەنگیی بنوێنێت، ناساندنی شەرعییەتی بوونێتی خۆیانە لە گۆڕەپان و گۆشەکانی ژیان بەڕێی دەرخستنی جوانترین نموونە لە بەیەکەوە دانیشتن. پێموایە ئێستا خودی هەردوو زانا ئایینیەکە، لەوە تێگەیشتوون، کە هەڵەیەکی گەورەیان کردووە، کاتێك بەو جۆرە بەرامبەر یەکتر دانیشتن و قسەیان کرد، من دڵنیام دوای بینینەوەی بەرنامەکە،لەوە تێدەگەن، کە بوون بە مایەی خەفەتباری بۆ زانایانی ئایینی، بۆیەش زۆر زوو پەشیمان دەبنەوە لەوەی، کە نەیانتوانی نوێنەرایەتییەکی شایستە بە زانایانی ئایینی لە سەر شاشەی تیڤی پێشکەش بکەن، لەوەش بە ئاگا دێنەوە، کە دەرکەوتن لە سەر شاشەی تیڤی، بەو شێوە و شێوازەوە، وێنەیەکی ناشیرین لە سەر کەسایەتی زانایانی ئایینی پیشانی بینەران دەدات، ئەوەش شێواندنی کەسایەتی زانایانی ئایینیە و، جێگەی داخێکی قووڵیشە، زانایان ببنە فاکتەری شکاندن و لەکەدارکردنی یەکتر!!!. |