یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   لقی سلێمانی یەکێتی زانایان بەشداری مەراسیمێکی تایبە بە دەستنوسەکانی شێخ محمدی خاڵ دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا محمد رەزانی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی پارێزگای هەولێر دەکات    *****    *****   سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان سه‌ردانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ ده‌كات    *****    *****   مامۆستا مەلا ئەحمەد رۆستەم کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا محمد هەرتەلی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان بە بۆنەی سەری ساڵی کۆچی پەیامێک بڵاودەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا عەلی وەرتی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لقی سۆرانی یەکێتی زانایان بەسەردەکاتەوەو دیدارێکی تایبەت لەگەڵ ستافی لق ساز دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا عبدالله دێلۆیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   مامۆستا مەلا شێخ عابد کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات   
مه‌لا ئاراس رواندوزی
به‌رواری دابه‌زاندن: 09/03/2016 : 09:58:29
قه‌باره‌ی فۆنت
ئافرەت لە ئیسلامدا.. ماف و تایبەتمەندی زیاتر لە پیاو
نووسینی/ مەلا ئاراس ڕواندوزی

لە ڕۆژی 8ـی مارسی هەموو ساڵێک، ئافرەتان لە سەرانسەری جیهان ئاهەنگ دەگێڕن بە دەستکەوتە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوورییەکانیان، لە هەندێک وڵاتی وەک "چین و ڕوسیا و کوبا"ـش ئافرەتان لەو ڕۆژەدا خەڵات دەکرێن، بەڵام کەسانێکیش لەو ڕۆژەدا، بە بیانووی داکۆکیکردن لە ماف و تایبەتمەندییەکانی ژنان، هێڕشی ناڕەوا دەکەنە سەر ئیسلام!، گوایە ئیسلام سەرچاوەی نەگبەتییەکانی ئافرەتانە!، بێئاگا لەوەی ئیسلام بە پرەنسیپ و پڕۆگرامە ڕوونەکەی، بووەتە داکۆکیکار و بەدیهێنەری ڕاستەقینە بۆ خواست و خولیا و خەون و مافە شایستەکانی ئافرەتان.

بۆیە ویستم لەو بۆنەیەدا هەڵوێستەیەک بکەین و، چەند سەرەقەڵەمێک بکەین بە ڕۆشناییەک لەسەر هەقیقەتی ئەوەی، کە ئیسلام باشترین و بەهێزترین و شایستەترین ڕێبازە لە ژیان، کە ئاسوودەیی و ئۆقرەیی و ئۆخژنی ڕاستەقینەی ژنانی لە پێشەوەی ڕیزبەندی ئامانجە سەرەکییەکانی پەیامەکەی پۆڵێنبەند کردووە.

لێرەدا دەمەوێت هێما بۆ ئەوە بکەم، کە بە پێچەوانەی ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت، شەریعەتی ئیسلام ڕێزی زۆری بۆ ئافرەت داناوە، چەندین مافی تایبەتیشی بۆ دەستەبەر کردووە، کە لە پێش هاتنی ئیسلام لێیان بێبەشکراوە، تەنانەت لە مێژووی زووشدا، لە پێش دەرکەوتنی بەرەبەیانی ئیسلام، ئافرەت لە ژێر چەتری چەوساوەیی و چەرمەسەرییەکی سەختدا گوزەراندوویەتی و، لە زۆرێک لە کاروبارەکانی ژیان دوورەپەرێز و بێبەشکراوە، وەک لە میرات و کارکردن و چوونە دەرەوە و تاد.

بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕۆشنایی ئیسلام، ئافرەت زنجیری چەوساوەیی پساند و لە بەرگی نەگبەتییەکان هاتە دەرەوە و گەیشتە ئاستێک لە بەرچاوڕوونی و کراوەیی و فراوانبینی، کە بتوانێت شانبەشانی پیاو هەنگاو بنێت و، ماف و بەخشش و تایبەتمەندییەکانی بۆ بگەڕێتەوە، بە تەرزێک لە هەندێک کاتدا ماف و تایبەتمەندیی زۆر زیاتری لە پیاو دەستکەوتووە، ئەوەش هەمووی لە سایەی تێڕوانینی تایبەتی ئایینی ئیسلامەوە بووە بۆ پایە و کەسایەتی ئافرەت.

بەڕێزان، ئافرەت لە ئیسلامدا هاوبەشێكی سەرەكی پیاوە، نەک وەک ئەوەی دەڵێن لە دوای پیاوەوەیە!، مافی ئەوەشی هەیە هاوسەری ژیان بۆ خۆی دیاری بکات، کە هیچ کەس بۆی نییە ئەو مافەی لێ زەوت بکات، تەنانەت مافی ئەوەشی پێدراوە كە كۆتایی بە پرۆسەی هاوسەرگیری بهێنێت و گرێبەستی پەیوەستبوونی بە هاوژینەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەگەر لەو هاوسەرێتییەدا زیانمەند دەبوو و نەیدەتوانی شکۆمەندانە و سەربەززانە ژیانی لەگەڵدا بەسەر ببات.

هەر لە ژێر ڕۆشنایی ڕێنووماییەکانی ئایینی ئیسلامەوەیە، کە ئافرەت مافی ئەوەی هەیە خاوەن سەرمایە و داهاتی دارایی تایبەت بە خۆی بێت و، هەر خۆیشی بڕیار بە دەست بێت لە خەرجکردن و بەکارهێنانیدا، مافی كاركردنیشی هەیە، دەشتوانێت لە وەزیفەیەكی گونجاودا كار بكات، كە لەگەڵ سروشتی خۆیدا بگونجێت و نەیخاتە بەردەم سەرەنجامێک، كە كەسایەتی و پایە مێیینییەكەی لەناو کۆمەڵگادا لەكەدار بكات.

لە شەریعەتی ئیسلامدا چوونە دەرەوەی ئافرەت بە شێوەیەکی ڕەها قەدەغە نەكراوە، چونكە ئافرەتان لە سەردەمی پێغەمبەری ئازیزمان (د.خ) لە بەرەكانی جەنگ بریندارەكانیان تیمار دەكرد، ئەگەر پێویستیش بووایە شانبەشانی پیاو بەشداری شەڕیان دەكرد، لەو سەردەمیش وەزیفەی میری نەبووە، بەڵام لە ئێستادا بەرەوپێشچوونێكی گەورە هەیە لەو ڕووەوە، هەروەک چەندین كار و پیشەش هەن، كە تەنیا ئافرەتان تێیاندا تایبەتمەند و دەستڕەنگین و دەستباڵان، هەندێک حاڵەتی تایبەتیش هەن بە ئافرەتان، کە خودی ئافرەت باشتر شارەزایی تێیاندا هەیە و دەتوانێت مامەڵەی گونجاو و تەندروستانەیان لەگەڵ بکات، بۆیە لەو سۆنگەیەوە دەبێت لەگەڵ خواستەكانی سەردەم مامەڵە لەگەڵ پرسی ئافرەتان و ماف و تایبەتمەندییەکانیان بكەین، بە شێوەیەک كە گونجاو و یەکانگیر بێت لەگەڵ بنچینە جێگیرەکانی شەریعەتەكەمان، کە سەربەرزی ئافرەتانی تێدا چەسپێندراوە.

ئەوەی گوێبیستیش دەبین سەبارەت بەوەی، کە ئیسلام ئافرەتی گۆشەگیر كردووە و ڕێگەی نەداوە ئافرەتان لەگەڵ پێشكەوتنەكانی سەردەم هەڵبكەن، یان هەندێک کەس و لایەن مەینەتی و نەگبەتییەکانی ژنان بە ئیسلام دەبەستنەوە، ئەوە بێجگە لە بانگەشەیەكی مەبەستداری بەرنامە بۆ داڕێژراو هیچی تر نییە، بەڵکو زیاتر لە ئامانجێکی گوماناوی و قیناوی لە پشتەوەیە بۆ مەبەستی لێدان لە ئایین و کردنی ئافرەت بە کاڵایەکی هەرزان بۆ ئامانجە نەزۆکەکانیان، چونكە ئەگەر هەر كەسێک تۆزقاڵێک ویژدانی هەبێت، باش دەزانێت كە ئیسلام زیاتر لە هەر ڕێبازێک، بەوپەڕی ڕێزلێنانەوە دەڕوانێتە پایە و کەسایەتی ئافرەت، بە کرداریش لە پێناو پاراستنی کەڕامەت و شکۆی ئافرەت تێدەکۆشێت، ئەوەشیان لەلادا ڕوون و ئاشکرایە، كە ئەوانەی بە دروشمی بریقەدار لەسەر ماف و ئازادی و خواستەکانی ئافرەتان دەدوێن، ئەوان لە هەموو کەس و لایەک زیاتر كار بۆ تێكشكاندنی ئافرەت و لەکەدارکردنی کەسایەتییەکەی و لەناوبردنی خەون و خولیاکانی دەكەن و، لە ئافرەتدا تەنیا بە دوای مەبەستە گڵاوەكانیان دەگەڕێن و هیچی تر، چونکە ئافرەت تەنیا و تەنیا وەک کەرەستە و کاڵا تەماشا دەکەن، نەک وەک بوونەوەرێکی هاوتا و هاوشانی پیاو.