مه‌لا ئاراس رواندوزی
ده‌گمه‌نن به‌ڵكه بێوێنه‌ن ئه‌و زانا ئایینیانه‌ی دواساتی دره‌وشاوه‌ی ته‌مه‌نییان له زایه‌ڵه‌ی كه‌رنه‌ڤاڵی دیمه‌نێكی شێوه شكۆفهییدا ده‌توێننه‌وه و ، ڕهنگاڵهییترین تابلۆی زیندووێتی وه‌ك شاكارێكی دانسقه‌ی به وه‌فابوون و به ئهمهكبوون بۆ ناسنامه دووانهییهكهی نیشتیمان و ئایین له مۆزه‌خانه‌ی شكۆمهندبووندا نمایش ده‌كه‌ن، ناوازه‌ن ئه‌و مرۆڤانه‌ی له چاوههڵێنانهوه چاوده‌بڕنه بڵندیی لووتكه و ، له باوه‌شی بوێری و بهرزهفڕییدا پێده‌گه‌ن و، له تافی لاویه‌تییه‌وه به وورهبهرزیی و ئازایه‌تییه‌وه سه‌نگه‌ر له ته‌وژمی تیژڕه‌وی ترس و مه‌رگ ده‌گرن و، به خۆنه‌ویستی و خۆبهخشینێكی جوامێرانه‌وه پڕ ماناترین وانه و واتای سه‌روه‌ریی و سه‌رفرازیی له دووتوێی ته‌مه‌نێكی ڕه‌نگاڵه‌یی بۆ نه‌وه‌كانی دوای خۆیان جێ‌دێڵن و له ئامێزی خاك و نیشتماندا به ئاسووده‌یی ده‌حه‌سێنه‌وه و، ناو و ناوبانگیی به‌رزییان چیرۆكی یاداشت و هه‌ڵوێستگه‌لێكی نموونه‌یی و لێوان‌لێو له جه‌ربه‌زه‌یی ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌م وه‌سف و ئاماژه‌دانه ئه‌گه‌ر بشێت له ئه‌رشیفی ئه‌فسانه‌یی كهڵهمێردێكی كه‌ڵه‌زانای ئایینی‌دا جێی ببێته‌وه و، وه‌ك پێشه‌كی تۆمارێكی ناوازه له شێرهسواریی و شێلگیریی خاوه‌نه‌كه‌یدا بنووسرێته‌وه ئه‌وا بۆ شه‌هید مه‌لا خدری وه‌رتی شایسته‌تر و لێهاتووتره و، ئه‌و هێنده‌ی بۆ نه‌ته‌وه و ووڵاته‌كه‌ی كردووه كه زیاتر له سه‌ركێشییه‌كی له ڕاده‌به‌ده‌ر ده‌چێت تا ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێست و خه‌باتێكی ئاسایی بێت.
به واتایه‌كی تر شه‌هید ملا خدری وه‌رتی له شه‌وه‌زه‌نگێكی ئه‌نگوسته‌چاودا كه ته‌ژی بوو له خلیسكان و خه‌ڵه‌فان به به‌رژه‌وه‌ندیخوازی و خۆپه‌رستیی په‌ی به گزنگ و گڕوتینی نه‌به‌زین و نه‌سره‌وتن بردووه و، له‌و ده‌مه‌دا كه هه‌لومه‌رج و هاوسه‌نگیی هێز و ده‌ستباڵایی سه‌ربازیی و قه‌ڵه‌مڕه‌ویی هه‌مه‌لایه‌نه تا لووتكه له قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی ڕژێمی ڕووخاوی به‌عس دابوو و ، ڕێگاكانی گه‌یشتن به ساتێك گوزارشتكردن له ئازادی و ئامانجی ڕه‌وا و ڕه‌خساوی سروشتیی میلله‌تێكی به‌شخوراوی وه‌كو كورد بڤه‌ترین سه‌رپێچیی و ده‌رچوون بوو له فه‌رمانی فه‌رمانڕه‌وایانی تاریكی ئه‌وساكه و ، ئاخۆ سزای ئه‌وه چ ده‌بێت كه یه‌كێكی وه‌كو مامۆستا له نێو خه‌ڵك و جمه‌ی جهللادهكاندا زمان بكاته‌وه و بكه‌وێته وێزه‌ی داروده‌سته خۆسه‌پێن و خوێڕێژهكانییدا ؟ مه‌گه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته موجازهفترین موجازه‌فه نیه و ، به په‌نجه‌ی ده‌ست ناژمێردرێن ئه‌وانه‌ی ڕچهشكێنییهكی ئاوه‌هایان له ناسنامه‌ی نهبهردییهتی خۆیان تۆخ كردبێته‌وه ؟
سروشتی ناساندن و نووسینی چه‌ند سهرهقهڵهمێكیش له سه‌ر مرۆڤێكی هه‌ڵكه‌وتوو و هه‌ڵگری خه‌سڵه‌ته به‌رزه‌كانی وه‌كو هێمامان بۆكرد وه‌هایه كه نووسه‌ر له دۆزینه‌وه‌ی وه‌سف و وێناكردنێكی شایسته به كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی تووشی دامان و ڕامانێكی قووڵ ده‌بێت نه‌خاسمه ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كه له پایه‌ی زانای ئایینی دابێت و له پێناو ئایین و دۆزی میلله‌ته‌كه‌ی به پله‌ی شه‌هاده‌ت گه‌یشتبێته‌وه ووێستگه ڕاسته‌قینه و حهتمییهكه ، ئه‌مه پڕاوپڕ له گوزه‌ری زینده‌گیی شه‌هیدی ئه‌نفالكراو ملا خدری وه‌رتی به‌رجه‌سته ده‌بێت كه به ووردبوونه‌وه له خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه كهسایهتییهكانیدا كه له باڵاییدا كه‌موێنه‌یه ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌و به ڕۆحییه‌تی خرۆشاو به ئاوێته‌بوونی گیانی ئایینپه‌روه‌ری و نیشتیمان په‌روه‌ری خۆی خزاندۆته مه‌یدانه‌كه كه ته‌ژی و ته‌نراو بوو به سامناكیی و سامداری.
شه‌هید ملا خدری وه‌رتی له ساڵی 1941 له گوندی وه‌رتێی ( ئێستا بۆته ناحیه ) سه‌ر به قه‌زای رواندوز چاوی به كوردستانێكی خاپوور و خوێناویی به ڕه‌نگیی سووری شه‌هیدان هه‌ڵهێناوه و له ته‌مه‌نی مناڵیهتییهوه چۆته به‌ر خوێندنی فه‌قێیه‌تی و له حوجره‌كانی (ماونان و گرتك و شێخ مه‌موودیان و بێتواته و رواندوز) و، له سه‌رده‌ستیی مه‌لا ناوداره‌كانی ئه‌وكات به ئهلف و بێی زانسته شه‌رعی و ئیسلامییه‌كان و ، وانه‌ی نه‌ته‌وه‌ییبوون زمان و مێشكی گۆشكراوه و له درێژه‌دان به به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی مه‌لایه‌تی دانه‌بڕاوه كه باڵاترین بڕوانامه بووه لهوساكهدا تا دوا ووێستگهیی زانستخوازی له كۆشش بووه و له سه‌رده‌ستی خوالێخۆشبووی گه‌وره زانا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم أفندی له ڕواندوز به و پایه‌دارییه گه‌یشتتووه كه شایسته‌ی هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارییه‌تی مێزه‌ره سپییه‌كه بێت و زانایه‌كی ئایینی پایه‌داری لێ هه‌ڵكه‌وتووه ، له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا دێته مزگه‌وتی ته‌كیه‌ی گه‌یلانی له‌ناو جه‌رگه‌ی شاری رواندوز و ده‌بێته پێشنوێژ و ووتارخوێن كه لێره‌دا چیرۆكی چالاكی و چاونه‌ترسیی مامۆستا و چه‌مانه‌وه‌ی سه‌رانی ڕژێمی له‌ناوچوو له به‌رامبه‌ر بوێری و بێباكیی ئه‌ودا ده‌ستپێده‌كات كه ده‌بێته داكۆكیكارێكی سهڕهق بۆ ماف و داوا ڕه‌واكانی گه‌لی كورد ، هه‌ر بۆیه له مینبه‌ر و كۆڕ و مه‌جلیسه‌كاندا ته‌نانه‌ت له به‌رامبه‌ر به‌رپرسه باڵاكانی به‌عسیشدا ئازایانه ده‌جه‌نگێت به ته‌رزێك سه‌رانی به‌عس زوو هه‌ست به كاریگه‌ری و كارایی ئه‌و ده‌كه‌ن له‌ناو خه‌ڵكدا بۆیه ترسنۆكانه دوای پیلانێكی به‌رنامه‌ڕێژیی بۆكراودا له شه‌وێكی ساڵی 1986 له‌ماڵه‌كه‌یدا به ده‌ستڕێژیی تفه‌نگ په‌لاماری ده‌ده‌ن.
به‌ڵام مامۆستا به برینداری ده‌ربازی ده‌بێت و ئه‌م كاردانه‌وه‌یه‌ش نه‌ك هه‌ر نایترسێنێ به‌ڵكه به ڕقێكی ئه‌ستوورتر دێته‌وه مه‌یدان ، پیاوانی به‌عس زۆر له مامۆستا ده‌ترسان و جورئه‌تی ئه‌ویان نه‌بووه ڕووبه‌ڕوو قسه‌ی له گه‌ڵ بكه‌ن یان بیدوێنن ، له ڕاپه‌ڕینه مێژووییه‌كه‌ی 19 / 5 / 1987 ی شاری ڕواندوز مامۆستا ڕۆڵی پێشڕه‌وانه‌ی نواندووه له خرۆشاندن و ئاماده‌كردنی جه‌ماوه‌ر كه له چه‌ند ساتێك‌دا رواندوزیان ڕزگاركرد و سه‌رانی به‌عس سه‌رشۆڕانه وه‌ده‌رنران ، دوای هاتنه‌وه‌ی به‌عس بۆ ناوشار له 15 / 6 / 1988هه‌ڵمه‌تێكی ڕه‌شبگیریی و ئه‌نفالكردن ده‌ستپێكرا له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌یانوێرا نزیكی مامۆستا بكه‌ون به‌ڵام له نێو خه‌ڵكی گیراودا مامۆستا مه‌لا ڕه‌زاق كه‌ڕه‌كی هه‌بوو.
بۆیه مامۆستا ئه‌وه‌ی پێ قه‌بول ناكرێ مامۆستایه‌كی ئایینی بگیرێت و ده‌ستبه‌جێ ده‌چێته سه‌رای رواندوز بۆ سۆراخكردنی ملا ڕه‌زاق لێ حه‌یف به‌عسییه دڕنده‌كان فرسه‌ت دێنن و ئه‌و هه‌له ده‌قۆزنه‌وه و مامۆستا ئه‌نفال ده‌كه‌ن و تا ئێستاشی له گهڵبێت مامۆستا نه‌گه‌ڕایه‌وه و ، وه‌ك باس ده‌كه‌ن دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له ئه‌نفالكردنی شه‌هید ده‌كرێت و تا ئێستاش شوێن ته‌رمه‌كه‌ی نه‌دۆزراوه‌ته‌وه ؛ مامۆستای شه‌هید له ماوه‌یه‌كی پێوانه‌ییدا خزمه‌تێكی ئایینی زۆری پێشكه‌شكرد و له پاڵ ئه‌وه‌شدا له ڕووی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیش بووه كاره‌كته‌رێكی كارا و كاریگه‌ر له‌و مه‌یدانه‌دا.
ئێستاش خه‌ڵكی رواندوز به گێڕانه‌وه‌ی سهربووردهو چیرۆكی قاره‌مانییه‌تی مامۆستا شایه‌دی بۆ ئه‌وه ده‌ده‌ن كه به واتای ووشه پیاوێكی خاكی و خاڵی له خۆپه‌رستی و خۆنه‌ویستی بوو ، دڵسۆزێكی دانسقه‌ی ڕێباز و ڕێگای ئایینپه‌روه‌ریی و نیشتیمان په‌روه‌ری بوو و ، له‌و زه‌مه‌نه‌دا كه تاریكی باڵیكێشابوو به سه‌ر ووڵاتدا مامۆستا ببووه چراخانێك بۆ بێنه‌وایان و چهوسێندراوانی شاره‌كه و چه‌خماخه‌ی هیوای ئازادی به گیانفیدایی خۆی داگیرساند ، هه‌زاران ڕه‌حمه‌ت له گیانی شه‌هید ملا خدری وه‌رتی كه تاوه‌كو ئه‌به‌د ناوی به زیندوویی له تۆماری پڕ سه‌روه‌ریی میلله‌ته‌كه‌یدا ده‌مێنێته‌وه . |