چۆن سیمای جەژنمان جوانترو پڕ ماناتر بكەین؟ زیندووكردنەوە و یادكردنەوەی بۆنە و یاد و شەعائیر و درووشمە ئاینییەكان، داینەمۆی زیندوو كردنەوەی بیرەوەری و یادەوەرییەكانە، لەوەش زیاتر وزە و بڕستی گەشانەوە و بووژانەوەی دڵەكانە، بوراقی تیژڕەوی بەرزكردنەوە و عروج پێكردنی ڕۆحە پاكەكانە، هەڵدانەوەی لاپەڕە گەش و زێڕینەكانی مێژووی مرۆڤایەتی و ئارامبەخشی ڕۆح و گیانەكان و ئاسودەبەخشی دڵەكانە. یادكردنەوە و زیندوو ڕاگرتنی دروشم و بۆنە ئاینییەكانیش، چەنێك هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژووی زێڕینی دوێنێ و ڕابردوویەكی پرشنگدار و پڕ لە سەروەرین، هێندە و زیاتریش تۆماركردنی لاپەڕەیەكی نوێ و نەخشاندن و كێشانی وێنە و نیگارێكی جوان و ڕازاوە و قەشەنگن بۆ سبەینێ و داهاتوویەكی پرشنگدارتر و پڕ سەروەریتر، كە تابلۆكانی ژیان هێندەی تر جوانتر و ڕازاوەتر دەكەن. گەلانی موسڵمانی جیهان بە گشتی و گەلی كوردمان بە تایبەتی، ئەمڕۆ لە بەردەم بۆنە و یاد و ڕۆژێكی ئێجگار گەورە و گرنگ و پیرۆزدایە، كە بریتییە لە بۆنەی ڕۆژی (جێژنی قوربان)ی پیرۆز، جێژنێك كە جەژنی لێبوردن و ڕەحمەت و بەزەیی و میهرەبانی خواییە، جێژنێك كە جەژنی قوربانیدانە بە ماڵ و مناڵ و گیان، جێژنێك كە جەژنی دامەزراوی دایكێكی هەست ناسكی لەخۆبردووی بوێرە، جێژنی تەسلیمبوونی باوكێكی دڵسۆز و خواویستی یەكتاپەرستە، جێژنی متمانەی تەواوی مناڵ و جگەرگۆشەیەكی ملكەچ و گوێڕایەڵە بۆ فەرمانی خوای حەكیم و كاربەجێ. ڕۆژی جەژنی قوربان، تەنها یادكردنەوە و زیندووكرنەوەی ڕۆژێكی خۆش و شادی بەخش نییە و بەس، بەڵكو یادی دڵخۆشبوونە بە بەشداری كردن لە خول و مانۆڕێكی پەروەردەیی و ئیمانی و ڕۆحی، خول و ڕاهێنانێك كە مرۆڤی باوەڕدار فێری وانەكانی چۆن ژیان و چۆنیەتی مردن دەكات. جێژنی قوربان، یادی شوكر و سوپاسكردنی ئەو خوا میهرەبانەیە كە بە ڕووكردنە (ڕووگە ـ قیبلە)ی باوەِردارە یەكتا پەرستەكان و بەشداری كردن لە مەراسیمی پڕ لە نەسیمی دینداری و خواناسی حەجدا، توانای ئەوەی بەخشییە هەندێك لە بەندەكانی ـ كە تامەزرۆیانە و بە شەوق و حەزەوە ـ زیارەتی بەیت و كەعبەی پیرۆز و مەدینەی مونەووەرە و ڕەوزەی ڕیزوانی ڕەنگینی ڕەسولی نازدار بكەن، درودی خوای لێبێت، هەر لەو مەملەكەتە نوورینەشدا بە بەرگی سپی ئیحرامەوە، بەشداری كەرنەڤاڵی نورینی عاریفانە و عاشقانەی تەواف و ڕەمی و سەفا و مەروە و قیامی بەردەم (مەقامی ئیبراهیم)و زیارەتی شەهیدە هەمیشە زیندووەكانی گۆڕستان و (گڵكۆی بەقیع)و نۆشینی قومێك ئاوی زەمزەم بكەن، كە هەركامەیان چێژ و خۆشی و مانا و مەدلول و مەغزای گەورە و گرنگی خۆیان هەیە و چەندین وانەی شیاوی سەرنجدانیان تێدایە. جەژنی قوربان، چەندین وانە و مانای جوانی وەك لێبڕان و پەیامداری و ئاشتی و تەبایی و هاوكاری و بەدەمەوەبوون و دەستگرۆیی كردنی هەژاران و نازكێشانی بێنازان و سەردانی خزم و كەس و دۆست و نەخۆش و پەككەوتەكانی تێدایە، كە بۆ هەر یەكێكیان پێویستە بەشێك لە كات و ماڵ و تەمەنمانی بۆ تەرخان بكەین. هەر بۆنە و یادێكی ئاینی یان نەتەوەیی، تایبەتمەندی و ڕەهەندی تایبەت بە خۆی هەیە، جێژنی قوربانی پیرۆزیش ـ وەك بۆنە و یادێكی ئایینی مەزن و گرنگ و بایەخدار ـ چەندین تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەر لە گوزەشت و لێبوردنی نێوان مرۆڤەكانەوە بگرە، تاوەكو دەگاتە تەسلیم بوون و ملكەچی لەبەردەم فەرمانی خوای میهرەبان و قوربانی كردن بە ماڵ و گیان و، سەردان كردنی خزم و كەس و كار و دڵخۆشكردنی ماڵ و مناڵ و نوقڵانەو جەژنانە بەخشین پێیان و چەندین شتی دیكەی جوان و بەهادار. لێرەدا و لە سۆنگەی ئەو چەند پەیڤە كورت و سادەیەی پێشەوە، با تەنها دیمەنێكی جەژن بهێنینە پێش چاومان، بیر لەوە بكەینەوە كە ئەو مناڵە چاوگەشانە چەنێك دڵخۆش و خۆشحاڵ دەبن كاتێك كە دەبیستن ئەمڕۆ یاخود سبەینێ جەژنە؟ چونكە دەزانن كە لەو ڕۆژەدا جل و بەرگی نوێ و جوان لەبەر دەكەن، خواردن و خواردنەوەی خۆش دەخۆن، نوقڵانە و جەژنانەیان پێ دەدرێت و خەڵات دەكرێن، بە نوقڵانەو شیرینی جەژن دڵ و دەمیان شیرین دەكرێ، گیرفان و دەخیلەكانیان پڕ لە پارە دەكرێ، هەروەها دڵخۆشن و گۆرانی دەڵێن، چونكە دەزانن كە لە ڕۆژانی جێژندا دەچن بۆ سەفەر و گەشت و گەڕان و سەردانی ماڵی خزم و كەس و دایە گەورە و بابە گەورە و كاكە و دادەكانیان و ئەوانیش جێژنانەیان پێ دەبەخشن. ئەی ئایا ئەو مناڵە چاوگەش و ئازیز و جگەرگۆشانەمان، چەنێك دڵیان خۆشتر دەبێت كاتێك كە بابەو دایەگیان، یان كاكە و دادە، یاخود مامە و خاڵۆیان، یان میمك و پورێیان، یان هەر كەسێكی دیكە دەست دەكات بە گیرفانیدا و بە كەیف و خۆشییەوە جەژنانەیەكیان پێ دەبەخشێت؟! لەوەش زیاتر بەو پەڕی سۆز و خۆشەویستی و سۆز و حەنانەوە، لەباوەش و ئامێزیان دەگرن و دەست دەكەن ملیان و ماچیان دەكەن؟ ئەدی ئەو مناڵە ئازیز و جگەرگۆشانەمان، چەنێك ئەو كەسە گەورە و خزمانەی خۆیان لەلا خۆشەویستتر دەبێت و لە دڵیاندا ئازیز و شیرن دەبن و وێنە و دیمەنێكی جوان لە مێشك و زەینیاندا تۆمار دەكرێ، كاتێك گەورەكانیان بەو شێوە جوان و میهرەبان بەخشندانە مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن؟ ئەی ئایا ئەو باوك و دایكە، یان ئەو كاكە و دادەیە، یاخود ئەو مامە و خاڵۆیە، چەنێك دڵخۆش و ئاسودە و دڵئارام و خۆشحاڵ و كامەران دەبن، كاتێك كە هەست دەكەن بەو نوقڵانە و جەژنانە بەخشینەیان، دڵی مناڵێك یان چەن مناڵێكی چاوگەشیان خۆش كردووە؟ دواجار و لە كۆتاییدا داواكارین لە خوای میهرەبان، كە ڕەحمەت و بەزەیی و خۆشەویستی خۆی ببارێنێ بە سەر دڵ و دەرون و خاك و گەل و نیشتیمانماندا، جەژنمان پڕ بكات لە ئاشتەوایی و خۆشی و شادی و دوور بێت لە هەر جۆرە خەم و ناخۆشیو موسیبەتێك، هەروەها پڕ بە دڵ و لە ناخەوە، دەپاڕێینەوە لە خوای میهرەبان كە حەج و عیبادەتی حاجییەكانمان قبوڵ بكات و بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناو ماڵ و زێد و نیشتیمانیان، هەروەها حەج و زیارەتی بەیت و كەعبەی خۆشەویستیش، بەنسیبی هەموو ئەو كەسانە بكات كە تامەزرۆی ئەو زیارەتەن و تینووی قومێك ئاوی زەمزەم و برسی زیارەت و نزای بەردەم كەعبەو ڕەوزەی ئازیزەكەی دڵەی تاوسەندوون، دواجار ئێمەی موحتاجی (تاجی حاجی)ش وا لێبكات لە یەكتر خۆش ببین، ئەگەر لە كەسێك زویر و عاجزین، ئاشت ببینەوەو ببینە هۆی دڵخۆشی كەس و كار و ماڵ و مناڵ و دەر ە دراوسێ و هەژار و نەدار و هەتیوو و بێ باوكە بێ نازەكان. جارێكی دیكە جێژنی قوربان لە هەموو لایەكمان پیرۆز بێت، هەموو ڕۆژێكمان هەر جەژن و هەموو جەژنێكیشمان لێوانلێو بێت لە خۆشی و شادی و ڕەزامەندی خوای گەورە و پاكبوونەوە لە گوناهو سپی بوونەوە وەك بەرگی ئیحرام. |