یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   پێکەوەژیانی ئایینی لە سۆران    *****    *****   مامۆستا مەلا محمد ئیبراهیم رەزگەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵی کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ لەبارەی پێکەوەژیانی ئایینی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لە هەردوو قەزای ئاکرێو بەردەڕەش ژمارەیەک مامۆستای ئایینی بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی ئاکرێ و لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   یەکێتی زانایان پانێڵێکی تایبەت بە گرنگیدان بە تەوزیفکردنی زانستی تەجویدو پاراستنی مۆرکی رەسەنی مەقامی جوان خوێندنەوەی قوڕئان بەرێوە ساز دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە گوندی بێراوە بەرێوە دەچێت    *****    *****   شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی دەڤەری گەرمیان بەسەر دەکاتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات    *****    *****   د.عبدالله شێرکاوەیی بۆ ماڵپەڕی روداو: لە ئیسلامدا هیچ سنوورێک بۆ مارەیی دیاری نەکراوە    *****    *****   کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەرێوە دەچێت چەند پرسێکی گرنگ و تایبەت تاوتوێ دەکات   
م. محمد مه‌لا محمود تاوگۆزی
به‌رواری دابه‌زاندن: 15/12/2011 : 12:57:48
قه‌باره‌ی فۆنت
ڕۆڵی ئیسلام له‌ سه‌قامگیركردنی باری ئه‌منی‌و بنه‌بڕكردنی ترس‌و دڵه‌ڕاوكێ‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌دا
ئاسایشی‌و هێمنی وڵات‌و نیشتمان یه‌كێكه‌ له‌وناز‌ونیعه‌مه‌ته‌ مه‌زنانه‌ی، كه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌یڕژێنێت به‌سه‌ر هه‌ر گه‌ل‌و نه‌ته‌وه‌یه‌كدا كه‌ خۆی بیه‌وێت، هۆزی قوره‌یشیش یه‌كێكه‌ له‌و هۆزانه‌ی كه‌ له‌م نیعمه‌ته‌ به‌هره‌مه‌ندی كردبوون، وبیریشی ده‌خستنه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌م نیعمه‌ته‌وه‌ په‌رستشه‌كانی به‌جێ بگه‌یه‌نن وخوا په‌رستی بكه‌ن، وه‌ك ده‌فه‌رموێت: [لإيلاف قريش إيلافهم رحلة الشتاء والصيف فليعبدوا ربّ هذا البيت الذي أطعمهم من جوع وآمنهم من خوف] سورة القريش. واته‌: با ئه‌و خوایه‌ بپه‌رستن كه‌ له‌ گرانی‌و برسێتی ڕزگاری كردن و ترس و دڵه‌ ڕاوكێیانی ڕه‌وانده‌وه‌.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ده‌بینین حه‌زره‌تی (ئیبراهیم ؛سه‌لامی خوای لێبێت؛) كاتێك دوعا بۆ نیشتمانه‌كه‌ی ده‌كات‌و ده‌ستی نزا به‌رز ده‌كاته‌وه‌ بۆ لای خوا، به‌ر له‌ هه‌موو شتێك داوای ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ خوای گه‌وره‌ ئارامی‌و ئاسایشی بۆ نیشتمانه‌كه‌ی به‌رقه‌رار بكات، وه‌كو خوای گه‌وره‌ ئه‌م نزایه‌یمان له‌سه‌ر زاری خۆیه‌وه‌ بۆ به‌یان ده‌كات‌و ده‌فه‌رموێت: [وإذ قال إبراهيم ربّ اجعل هذا بلدا آمنا وارزق أهله من الثمرات من آمن منهم بالله واليوم الخير قال ومن كفر فأمتعه قليلا] البقرة: 126. واته‌: یادی ئه‌و كاته‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ (ئیبراهیم) دوعای كردو وتی: خوایه‌ ئه‌م شوێنه‌ بكه‌ به‌ شارێكی ئارام وهێمن، وه‌ ڕۆزی هه‌مه‌ چه‌شنه‌ ببه‌خشه‌ به‌ دانیشتوانه‌كه‌ی، (به‌ تایبه‌ت) ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هه‌یه‌ به‌ خودا تاكو ڕۆژی قیامه‌ت، خوای گه‌وره‌یش وه‌ڵامی داواكه‌ی دایه‌وه‌و فه‌رموی: وه‌ ئه‌وانه‌یشی بێ‌ باوه‌ڕ وكافرن له‌ ناز ونیعمه‌تی كاتی دونیایی بێ به‌شیان ناكه‌م.
ده‌بێت بێ‌ باوه‌ڕانیش ئه‌منیه‌تیان پارێزراو بێت:
ئه‌گه‌ر سه‌رنجێكی خێرای مانا و مه‌به‌ستی ئه‌م ئایه‌ته‌ی سه‌ره‌وه‌ بده‌ین، ئه‌وا ده‌بینین كه‌ خوای گه‌وره‌ مافی ژیان وخۆشگوزه‌رانی دونیایی بۆ كافرانیش دابین كردووه‌، وله‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ هه‌موو هاوڵاتیان ؛به‌ مسوڵمان وغه‌یره‌ مسوڵمانه‌وه‌، به‌ سه‌رجه‌م ده‌نگ وڕه‌نگ وئایدیا جیاوازه‌كانه‌وه‌؛ له‌ دنیادا وه‌ك یه‌ك مافی ژیانیان هه‌یه‌ وده‌بێت ئه‌وانیش وه‌ك مسوڵمانان له‌ به‌رقه‌رار بوونی ئارامی وسه‌رجه‌م خزمه‌تگوزارییه‌ نیشتمانییه‌كاندا به‌هره‌مه‌ند وسودمه‌ندبن.
هه‌ر بۆیه‌ له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێكدا ؛هه‌ر له‌ چه‌رخی یه‌كه‌می كۆچییه‌وه‌؛ كار به‌ سیسته‌می دابینكردنی مافی په‌نابه‌رێتی (ئه‌مانه‌ت) بێ‌ باوه‌ڕان كراوه‌ له‌ وڵاتانی ئیسلامیدا، و سه‌ره‌وه‌ری و ئه‌منیه‌تی گیان وماڵیان پارێزراو بووه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌و مافه‌یه‌ كه‌ خودا خۆی به‌ هه‌موو كه‌سێكی داوه‌ و بۆ گشت تاكه‌كانی دابین كردووه‌، وه‌ك ده‌فه‌رموێت: [ وإن أحد من المشركين استجارك فأجره حتى يسمع كلام الله ثم أبلغه مأمنه] التوبة: 6. واتة: (ئةى ثيَغةمبةر ؛د.خ؛، ئه‌ی ئیماندار) ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ موشریكه‌كان داوای په‌نای لێ كردن، ئه‌وا په‌نای بده‌ن، تاوه‌كو فه‌رموده‌ی خوا ببیستێ‌، وه‌ پاش ماوه‌ی مانه‌وه‌ی بیگه‌یه‌نه‌ ئه‌و جێگایه‌ی كه‌ خۆی ده‌یه‌وێت وماڵا وگیان وژیانی تێدا پارێزراوه‌.
هه‌ر بۆیه‌ زانایان بڕیاریان داوه‌ مافی (ئه‌مان) په‌نابه‌رێتی بدرێت به‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی بێ‌ باوه‌ڕن ودێنه‌ ناو وڵاتی مسوڵمانانه‌وه‌، ئیتر به‌ مه‌به‌ستی خوێندن بێت، یاخود بۆ بازرگانی، یان گه‌شت وگوزار، یان چاره‌سه‌ر، یان ... هتد، به‌ڵام به‌مه‌رج گیراوه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بێت، وه‌ هه‌روه‌ها (ئه‌و بێ‌ باوه‌ڕانه‌) نه‌بنه‌ جێگه‌ی مه‌ترسی بۆ بیروباوه‌ڕ، وبه‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتیه‌كانی مسوڵمانان، وبڕیاره‌كانی ناو ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ی نێوانیان پێ شێل نه‌كه‌ن، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م مه‌رجانه‌ هاتنه‌ جێ ئه‌وا ئه‌و كات هه‌موو ئه‌و مافانه‌یان بۆ هه‌یه‌ كه‌ له‌ گرێ به‌سته‌كه‌ی نێوانیاندا ڕێكه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو په‌یمانه‌كه‌یان شكاند، یاخود مه‌رجه‌كانیان تێدا نه‌هاته‌ جێ، ئه‌وا له‌و كاته‌دا له‌ ووڵاتی مسوڵمانان ده‌رده‌كرێن، به‌ڵام دیسانه‌وه‌ له‌م حاڵه‌ته‌شدا هه‌ر ده‌بێت به‌ ئه‌مینی وسه‌لامه‌تی بگه‌یه‌نرێنه‌وه‌ شوێنی مه‌به‌ستی خۆیان.
ترساندن‌و تۆقاندن‌و تێكدانی باری ئه‌منی كارێكی حه‌رامه‌:
خوای گه‌وره‌ قه‌ده‌غه‌ی كردووه‌ هیچ كه‌سێك ڕوو به‌ڕووی ترس و دڵه‌ڕاوكێ‌ بكرێته‌وه‌، وكه‌س مه‌ترسی بۆ سه‌ر كه‌سانی تر دروست بكات، وه‌ك ده‌فه‌رموێت: [ولا تقعدوا بكلّ صراط توعدون] ألأعراف: 86. یانی: دامه‌نیشن له‌ هیچ ڕێگایه‌ك، ڕێگا له‌ خه‌ڵك بگرن وهه‌ڕه‌شه‌یان لێ‌ بكه‌ن. وه‌ پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستیشمان (د.خ) ده‌فه‌رموێت: ((المسلم من سلم المسلمون من لسانه ويده)) رواه: البخاري. واته‌: مسوڵمان ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ مسوڵمانانی دیكه‌ له‌ زه‌ره‌ر‌و زیانی ده‌ست وده‌می پارێزراوبن، وجێگه‌ی مه‌ترسی نه‌بێت بۆ هیچ كه‌س.
كه‌واته‌ نابێت مسوڵمان جێگه‌ی مه‌ترسی هیچ كه‌س و لایه‌نێك بێت، و ده‌ستدرێژی نه‌كاته‌ سه‌ر كه‌س، مه‌گه‌ر له‌ كاتی پێویست و هه‌ل ومه‌رجی تایبه‌تدا.
به‌كارهێنانی چه‌ك وخه‌ڵك ترساندن كارێكی حه‌رامه‌:
خۆشه‌ویستمان (د.خ) هه‌ڕه‌شه‌ له‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ مسوڵمانان ده‌ترسێنن و چه‌كیان له‌ دژ به‌كار ده‌هێنن، وه‌ك ده‌فه‌رموێت: ((من حمل علينا السلاح فليس منّا)). رواه البخاري: 6480 ومسلم. واته‌: هه‌ر كه‌س چه‌ك له‌ دژمان به‌كاربێنێت ئه‌وا له‌ ئێمه‌ نییه‌.
وه‌ هه‌روه‌ها (نوعمانی كوڕی بیشر ؛خوای لێ ڕازیبێت؛) ده‌فه‌رموێت: (كنّا مع رسول الله (صلى الله عليه وسلم) فى مسير فخفق رجل على راحلته، فأخذ رجل سهما من كنانته، فانتبه الرجل ففزع، فقال رسول الله صلى الله عليه وسلم: ((لا يحلّ لرجل أن يروّع مسلما)) صحيح الترغيب والترهيب: 2608. واته‌: له‌ گوزه‌رێكدا له‌ گه‌ڵا پێغه‌مبه‌ر (د.خ) پێكه‌وه‌ بووین، پیاوێك به‌سه‌ر ووڵاخه‌كه‌یه‌وه‌ خه‌وی لێكه‌وتبوو، پیاوێكیش تیرێكی له‌ تیردانه‌كه‌ی هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌، وكابرای خه‌وتوو به‌ خه‌به‌ر هاته‌وه‌ وترسا، پێغه‌مبه‌ریش (د.خ) فه‌رمووی: بۆ هیچ كه‌سێك دروست نییه‌ مسوڵمانان بترسێنێت‌و بیتۆقێنێت.
هه‌ر كه‌سێك باری ئه‌منی بشێوێنێت سزا ده‌درێ:
ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌بنه‌ هۆی تێكدانی ئاسایشی وئۆقره‌یی كۆمه‌ڵگا، خوای گه‌وره‌ هه‌ڕه‌شه‌ وسزای توندی بۆ ئاماده‌ كردوون، وه‌ك ده‌فه‌رموێت: [إنما جزاء الذين يحاربون الله ورسوله ويسعون فى الأرض فسادا أن يقتلوا او يصلبوا أو تقطع أيديهم وأرجلهم من خلف او ينفو من الأرض ذلك لهم خزي فى الدنيا ولهم فى الآخرة عذاب عظيم] المائدة: 33. واته‌: سزای ئه‌وانه‌ی دژایه‌تی خوا وپێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی ده‌كه‌ن، وخراپه‌ وبه‌دكاری به‌ زه‌ویدا بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌بێت بكوژرێن وبكرێن به‌ دارا، یاخود ده‌بێت ده‌ست وپێیان به‌ ڕاست وچه‌پ ببڕێته‌وه‌، وه‌ یان شار به‌ده‌ر بكرێن وله‌ ووڵاتی خۆیان دوور بخرێنه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ئابڕوو چوونی دونیایانه‌ وله‌ دواڕۆژیشدا سزایه‌كی زۆر ده‌چه‌شن.
ڕوون وئاشكرایشه‌ كه‌ كوشتن وچه‌ته‌یی وگه‌نده‌ڵی وخراپه‌ به‌رپاكردن وهه‌ر تاوانێكی له‌م جۆره‌، تێكدانی ئارامی وئۆقره‌ییه‌ وهه‌ڕه‌شه‌ی ئایه‌ته‌كه‌ ده‌یگرێته‌وه‌.
پلانی ئیسلام بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی كۆمه‌ڵگه‌:
ئه‌گه‌ر سه‌رنجێك له‌ شه‌ریعه‌ته‌ پاك و بێ گه‌رده‌كه‌ی خۆمان بده‌ین، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێت كه‌ پیاده‌كرنی بنه‌ماكانی ئیسلام باشترین سیسته‌مه‌ بۆ پاراستنی سه‌ر وماڵی هاووڵاتیان وئارامی وهێمنی، وبێ خه‌م كردنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی فه‌رمانه‌كانی خوا وجێبه‌جێ كردنی ئه‌و (حه‌د)ه‌ شه‌رعییانه‌ی كه‌ بۆ كه‌سی تاوانباری داناوه‌: بۆ نمونه‌ زه‌كات واجب كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژاران ونه‌داران له‌ دارایی ده‌وڵه‌مه‌ندان به‌هره‌مه‌ند ببن، وژیان وگوزه‌رانی هه‌ژارانیش مسۆگه‌ر بێت، وه‌ هه‌ركات ئه‌م سیستمه‌ په‌یڕه‌و كرا، ئه‌و كات دزی وچه‌ته‌یی نامێنێت، وسامانی خه‌ڵك پارێزراو ده‌بێت، وخۆشه‌ویستی ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئه‌و دوو توێژه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ وئه‌و كات هه‌ژاران جورئه‌ت ناكه‌نه‌ سه‌ر سامانی ده‌وڵه‌مه‌ندان.
وه‌ هه‌روه‌ها (قیصاص) واجب كراوه‌ له‌ تۆڵه‌ی كوشتنی عه‌مدیدا، وه‌ كاتێك قیصاص له‌ پیاوكوژ سه‌ندرایه‌وه‌، ئه‌وكات گیان وژیانی خه‌ڵك سه‌لامه‌ت وپارێزراو ده‌بێت.
وه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك دزی بكات، وله‌ سزای ئه‌وه‌دا ده‌ستی ببڕرێت، ئه‌وا دیارده‌ی دزی به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌م ده‌بێته‌وه‌، وكه‌س جورئه‌ت ناكاته‌ سه‌ر سامان وماڵی كه‌س.
وه‌ ئه‌گه‌ر (جه‌لد) داری حه‌د درا له‌ شه‌رواڵا پیس و زیناكار، ئه‌و كات ناموس وحورمه‌تی هاوڵاتیان پاك وپارێزراو ده‌بێت.
وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رخۆش وبێهۆش داری حه‌دیان لێبدرێت، ئه‌و كات بیر وهۆش وئه‌ندێشه‌ی خه‌ڵك ساغ وسه‌لامه‌ت وئارام ده‌بێت.
وه‌ ئه‌گه‌ر سزای چه‌ته‌ وڕێگر بدرێت، ئه‌وا هه‌موو كاروانچی وڕێبواران له‌ ئه‌مینی وئارامیدا ده‌بن.
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وه‌ك ده‌بینین بوونی ئه‌م حه‌ده‌ شه‌رعیانه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع و مه‌یدانی وڵاتاندا بوونی نییه‌، بۆیه‌ دونیا بووه‌ به‌ پاشا گه‌ردانی وكوشتن و بڕین زۆر ساده‌ وئاسان بووه‌ وچه‌ته‌ وپیاوكوژ وخراپه‌كارنیش به‌ بێ‌ ترس وئازادانه‌ ده‌ست بۆ هه‌موو جۆره‌ تاوانێك درێژ ده‌كه‌ن، وبوونه‌ته‌ خۆره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ وئه‌مینی وئارامی تێكده‌ده‌ن.
ئیمان‌و باوه‌ڕ زامنی ئارامی و ئاساییشی كۆمه‌ڵگه‌یه‌:
خوای گه‌وره‌ ئیمان وباوه‌ڕی به‌ یه‌كێك له‌ فاكته‌ر وكۆڵه‌كه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان داناوه‌ وه‌ك گره‌نتیه‌ك بۆ خۆشگوزه‌رانی وئارامی كۆمه‌ڵگه‌، وه‌ك ده‌فه‌رموێت: [وعد الله الذين آمنوا منكم وعملوا الصلحت ليستخلفنهم فى الأرض كما استخلف الذين من قبلهم وليمكنن لهم دينهم الذي ارتضى لهم وليبدلنهم من بعد خوفهم امنا يعبدونني لايشركون بي شيئا ومن كفر بعد ذلك فأولئك هم الفسقون] النور: 55. خوای گه‌وره‌ به‌ڵێنی داوه‌ به‌وانه‌ی ئیمانیان هێناوه‌ وكرده‌وه‌ی چاك ده‌كه‌ن، له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌یانكات به‌ جێنشین وپایه‌داریان ده‌كات، وه‌ك چۆن ئه‌وانه‌ی پێش ئه‌مانی جێنشین كردووه‌، وه‌ ئه‌و ئایینه‌یان بۆ دائه‌مه‌زرێنێ كه‌ خۆی بۆی په‌سه‌ند كردوون، وه‌ له‌ جیاتی ئه‌و ترسه‌ی له‌سه‌ریانه‌ ئه‌مینی وئارامییان بۆ دێنێت، به‌ مه‌رجێك ئه‌وانیش به‌نده‌یی وفه‌رمانبه‌رداری من بكه‌ن وكه‌س نه‌كه‌ن به‌ هاوبه‌شم، وه‌ هه‌ركه‌سێكیش له‌ پاش ئه‌مه‌وه‌ كافر ببێ وله‌ فه‌رمانی خوا ده‌ربچێت ئه‌وا ئه‌وانه‌ فاسقن وله‌ فه‌رمانی خوا ده‌رچوون.
وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، هه‌ر نه‌ته‌وه‌ وده‌وڵه‌ت وناوچه‌یه‌ك بێ‌ باوه‌ڕی وناسوپاس گوزاری ناز ونیعمه‌ته‌كانی په‌روه‌ردگار بكه‌ن، ئه‌وا خۆشی وئارامی وئه‌منیه‌تیان تێدا نامێنێت، هه‌روه‌ك په‌روه‌ردگارمان ده‌فه‌رموێت: [وضرب الله مثلا قرية كانت آمنة مطمئنة يأتيها رزقها من كلّ مكان فكفرت بأنعم الله فأذاقها الله لباس الجوع والخوف بما كانوا يصنعون] النحل: 112. واته‌: خودا نمونه‌ی دانیشتووانی دێیه‌ك (شارێك) ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ پڕیه‌تی له‌ ئه‌من و ئاسایشی ودڵنیایی وڕه‌حه‌تی، وله‌ هه‌موو شوێنێكه‌وه‌ ڕزق وڕۆزی فراوانی بۆ دێنێت، به‌ڵام دانیشتووانی ئه‌و دێیه‌ (شاره‌) له‌ بری سوپاسگوزاری، كوفر وناشوكریان به‌رامبه‌ر به‌ نیعمه‌ته‌كانی خودا كرد وشوكرانه‌ بژێر نه‌بوون، خوایش له‌ ئه‌نجامی ئه‌و كوفره‌دا پۆشاكی برسیه‌تی وترسی كرد به‌ به‌ر وباڵایاندا، به‌ هۆی ئه‌و كرده‌وه‌ خراپ وناڕێكانه‌ی كه‌ كردیان.
ئیسلام هه‌موو پێداویستیه‌كانی ژیان فه‌راهه‌م ده‌كات و ده‌یشیانپارێزێت:
ئاشكرایه‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئیسلام پاراستنی پێنج بنه‌ماكانی ژیانه‌، كه‌ به‌ (زه‌روراتی خه‌مس) ناسراوه‌، ئه‌وانیش بریتین له‌ پاراستنی: (دین، ژین، ژیری، داوێن و وه‌چه‌، ماڵا وسامان)، كه‌واته‌ ئه‌من وئارامی زه‌روروتێكی هه‌میشه‌ییه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م مافه‌ بنه‌ڕه‌تیانه‌ی تاك وكۆمه‌ڵ، وئیسلام له‌م پێناوه‌دا كارده‌كات، وهه‌موو جه‌نگ وجیهادێكیش بۆ به‌دیێنانی ئه‌م ئامانجانه‌یه‌.
پێغه‌مبه‌ر (د.خ) به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی بۆ ده‌وڵه‌ت دانابوو:
پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایش و پۆلیس هه‌ر له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ هه‌بووه‌، وه‌ هه‌روه‌ها له‌ پاش ئه‌ویش هه‌موو خه‌لیفه‌كان به‌رپرس وبه‌ڕێوه‌به‌ریان داناوه‌ بۆ پاراستنی ناوخۆی شار وبازاڕ وكوچه‌ وكۆڵان وشوێنه‌ گشتیه‌كان.
((عن أنس رضي الله عنه قال: إن قيس بن سعد كان يكون بين يدي النبي صلى الله عليه وسلم بمنزلة صاحب الشرطة من الأمير)) رواه البخاري فى الأحكام. واته‌: (قه‌یسی كوڕی سه‌عد؛خوای لێ ڕازیبێت؛) له‌به‌رده‌ستی پێغه‌مبه‌ردا (د.خ) به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایش بووه‌.
وه‌ هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر (د.خ) سه‌رپه‌رشت وچاودێری دانابوو بۆ بازاڕه‌كان، هه‌ر وه‌ك ئیمامی (عومه‌ر؛خوای لێ ڕازیبێت؛) به‌رپرسی بازاڕی شاری (مه‌دینه‌)، و(سه‌عدی كوڕی سه‌عید)ـیش ؛خوای لێ ڕازیبێت؛ به‌رپرسی بازاڕی شاری (مه‌كه‌) بووه‌.
وه‌ هه‌ندێك له‌ سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ( عبدالله ی كوڕی مه‌سعود ؛خوای لێ ڕازیبێت؛) یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ به‌شه‌ودا گه‌ڕاوه‌ به‌ناو شاری (مه‌دینه‌)دا، به‌ فه‌رمانی (ئه‌بوبه‌كری صدیق ؛خوای لێ ڕازیبێت؛) به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی باری ئه‌منی. دیاره‌ ئه‌م به‌رپرسیارێتییانه‌ش به‌ كه‌سانی به‌هێز ولێهاتوو ومتمانه‌دار ده‌سپێرران.
به‌ڵگه‌نامه‌ وناسنامه‌ی هاووڵاتیان باری ئه‌منی ده‌پارێزێت:
له‌ سه‌رده‌می (ئه‌مه‌ویه‌كان)دا هێزی پۆلیس پێشكه‌وتنی زیاتری به‌خۆیه‌وه‌ بینی، وهێزی پاراستن بۆ چاودێریكردنی كه‌سانی گومان لێكراو تۆكمه‌ وبه‌رفروان كرا، ئه‌مه‌ش به‌ سه‌رپه‌رشتی (زیادی كوڕی قه‌یس ؛خوای لێ ڕازیبێت؛)، وه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كیان دامه‌زراند به‌ ناوی (نظام مراقبة المشبوهين) واته‌ سیسته‌می چاودێریكردنی كه‌سانی گومان لێكراو، وه‌ هه‌ستان به‌ دروستكردنی (البطاقة الشخصية) (كه‌ وه‌ك هه‌ویه‌ی باری كه‌سێتی) وابوو، وهه‌موو كه‌سێك ده‌بوایه‌ له‌ كاتی ڕۆییشتن له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكیتر، یان له‌ كاتی سواربوونی كه‌شتیدا ده‌بوایه‌ ئه‌م كارته‌ی پێ بوایه‌، ئه‌گینا به‌ند ده‌كرا، وه‌ ئه‌م هێزه‌ ڕێگه‌یان پێ درابوو له‌ كاتی پێویستدا هێز به‌كاربێنن بۆ كۆتایی هێنان به‌ ئاژاوه‌ وپشێوی ویاسا شكێنی له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌.
ده‌وڵه‌تانی دراوسێمان باری ئه‌منی ده‌شێوێنن:
ئاشكرایه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ ده‌وڵه‌تانی درواسێ تۆپباران و بۆمبڕێژی ناوچه‌ سنوریه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌ سته‌مدیده‌یه‌مان ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ سته‌مێكه‌ وده‌رحه‌ق به‌م خه‌ڵك وخاكه‌ ده‌یكه‌ن، وئارامی وئاسایشی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌شێوێنن، وهاوڵاتیان ده‌تۆقێنن، كه‌ ئه‌مه‌ كارێكه‌ نه‌ له‌ دینی ئیسلامدا ونه‌ له‌ ئه‌خلاقیات وئینسانیه‌تدا جێگه‌ی قبوڵه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی زیاتر ئێمه‌ی مسوڵمانی كوردی نیگه‌ران كردووه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ هه‌ڵگری ناسنامه‌ی ئیسلامه‌تین وخۆیان به‌ خاوه‌نی ئیسلام وپه‌یامی برایه‌تی وپێكه‌وه‌ ژیان و ...هتد ده‌زانن، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا له‌ به‌رجه‌سته‌ كردنی ناوه‌رۆك وبنه‌ماكانی ئیسلامدا دووریان به‌ ئه‌ندازه‌ی نێوان خۆرهه‌ڵات وخۆرئاوایه‌. پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستیشمان (د.خ) ده‌فه‌رموێت: ((والله لايؤمن، والله لايؤمن، والله لايؤمن، قيل ومن يارسول الله؟ قال: الذي لم يأمن جاره بوائقه)). سێ جار فه‌رموی: سوێند به‌خوا ئیمانی ته‌واو نییه‌، هاوه‌ڵان عه‌رزیانكرد قوربان كێ ئیمانی ته‌واو نییه‌؟ ئه‌ویش فه‌رموی: ئه‌و كه‌سه‌ی دراوسێكه‌ی له‌ زه‌ره‌ر وزیانی ئه‌مین نه‌بێت. وه‌ زۆر فه‌رموده‌ی تر له‌سه‌ر ماف وئه‌جری دراوسێ له‌سه‌ر یه‌كتری هاتووه‌ وهه‌موومان بیستومانه‌ وده‌یزانین. كه‌واته‌ نابێت دراوسێ جێگه‌ی مه‌ترسی دراوسێكه‌ی بێت.
ئومێده‌وارین به‌ هه‌موومانه‌وه‌ بتوانین ئه‌منیه‌ت وئارامی ئه‌م هه‌رێمه‌مان بپارێزین، هه‌ر له‌ ئه‌منیه‌تی ئایینی وئابوری سیاسی ودارایی وئه‌خلاقی وكلتوری و... هتد، چ وه‌كو تاك وچ وه‌ك كۆمه‌ڵ، چ وه‌ك به‌رپرس، یاخود وه‌ك هاوڵاتی، خوایش پشتیوان ویاریده‌ده‌ره‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی دڵسۆز وڕاستگۆن.
سود له‌م سه‌رچوانه‌ وه‌رگیراوه‌:1ـ حقوق الإنسان فى الإسلام: الدكتور محمد الزحيلي، ص 336 ـ 337.
2ـ اللواء حاتم محمد صالح العاني: مجلة التربية الإسلامية، العدد: 9، من آب 2002، ص 38 ـ 39.
3ـ الخطب المنبرية فى المناسبات العصرية: الدكتور صالح فوزان، 1/ 443.
4ـ ژیانی پێغه‌مبه‌ری ڕێزدار (د.خ): م. عبدالله هه‌رته‌لی، ل 549.
5ـ گۆڤاری چرای ڕووناكی: ژماره‌: 1، ساڵی 1429ك / 2008ز.
*ووتارخوێًنی مزگه‌وتی ئیمامی شافیعی/ هه‌ڵه‌بجه‌ی تازه‌.


تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ (76)ی گۆڤاری په‌یامی زانایان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.