به‌ناوى به‌خشنده‌ى میهره‌بان، دروود و سه‌ڵاتى بێ شومار بڕژێ به‌سه‌ر خۆشه‌ویستى نازدار، حه‌زره‌تى موحه‌ممه‌د، هه‌م له‌سه‌ر خزمانى، پشتیوان و دۆستانى، شوێنكه‌وتوانى، تا ڕۆژێك كه حه‌ق و ناحه‌ق له یه‌كترى جودا ده‌كرێنه‌وه. پاشان: زۆرى ژماره‌ى ریوایهتهكانى ئه‌بو هوڕه‌یڕه، بابه‌تێكى كۆنى نوێ، بابه‌تێك كه له سه‌رده‌مانى پێشوو گفت و گۆى له‌سه‌ر كراوه، له‌م چه‌ند ساڵه‌شدا نوێ كراوه‌ته‌وه و قسه‌ى زۆرى له‌سه‌ر ده‌كرێ، چه‌ندین ژماره‌ى له‌یه‌كترى جیاواز ده‌گوترێ، سه‌ره‌تا با لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك بۆ ژماره‌ى ریوایهتهكانى بكه‌ین، ئایا درووسته كه چه‌ند هه‌زار فه‌رمووده‌ى گێڕاونه‌ته‌وه؟. بۆ زانینى ژماره‌ى دروستى ریوایهتهكانى كه له ئه‌بو هوڕه‌یڕه‌وه گێڕاونه‌ته‌وه، كۆنترین سه‌رچاوه كه زۆرترین ژماره‌ى فهرموودهكانى ئه‌بو هوڕهیڕهى هێناوه‌ته‌وه، موسنهدى ئیمام "به‌قی كوڕى موخلید"ـه، كه گوایه 5374 ریوایه‌تى له ئه‌بو هوڕه‌یڕه‌وه هێناوه، ئه‌و فهرمودهكانى هه‌ر هاوه‌ڵێكى به جودا هێناوه‌ته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ى ئیمام ئه‌حمه‌دى كوڕى حه‌نبه‌ل له موسنه‌ده‌كه‌یدا كردوویه‌تى، ئه‌ویش له موسنه‌ده‌كه‌یدا 3878 ریوایه‌تى هێناوه‌ته‌وه، به‌ڵام موسنهدى "به‌قی" بزره، ته‌نها یه‌ك دانه‌ى ده‌ستنووس یان چاپكراوى نییه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر گه‌ڕانێك له‌نێو هه‌ر شه‌ش كتێبه‌كه‌ى فه‌رمووده‌دا بكه‌ین، ده‌گه‌ینه كه ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه له هه‌ر شه‌شیان ئه‌و ژماره‌یه هاتووه، واته كۆكراوه‌ى ریوایهتهكانى هه‌ر شه‌س كتێب 5374 ریوایه‌ته، با بێین و شه‌ن و كه‌وێك بۆ ئه‌و ژماره‌یه بكه‌ین و به چه‌ند فلته‌رێكدا بیبه‌ین : سه‌ره‌تا ده‌بێ بزانین كه فه‌رمووده دووباره‌كان له‌و ژماره‌یه"4044"ـه، واته ته‌نها 1300 دانه‌یان ده‌مێننه‌وه، فه‌رمووده‌ى دووباره ئه‌وه‌یه كه دوو تابیعى "یان زیاتر" هه‌مان ریوایه‌تیان له ئه‌بو هوڕیڕهوه گێڕابێته‌وه، واته 4074 دانه له‌و ژماره‌یه‌ى سه‌ره‌وه دووباره‌ن و دوو یان سێ و زیاتریش یه‌ك ریوایه‌تیان له ئه‌بو هوڕه‌یڕه‌وه گێڕاوه‌ته‌وه، كه‌واته 1300 فه‌رمووده هه‌ن له هه‌ر شه‌ش كتێبه‌كه كه ده‌گه‌نه‌وه ئه‌بو هوڕه‌یڕه. پاشان ئه‌گه‌ر بێین ئه‌و فه‌رموودانه لابده‌ین كه هاوه‌ڵى دیكه‌ش هه‌مان فه‌رمووده‌یان له پێغه‌مبه‌ره‌وه گێڕاوه‌ته‌وه، واته ئه‌و فه‌رموودانه‌ى كه دوو هاوه‌ڵ یان زیاتر له خۆشه‌ویستییان صلى الله علیه وسلم گێڕاوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر له‌و ژماره‌یه ده‌ریان بكه‌ین ژماره‌یه‌كى زۆر بچوك ده‌مێنێته‌وه كه له په‌نجه‌كانى دوو ده‌ستى مرۆڤ تێپه‌ڕ ناكه‌ن!. ئه‌گه‌ر بچین و له هه‌ر نۆ كتێبه‌كه‌ى سوننه‌ت بگه‌ڕێین ده‌بینین كه ژماره‌ى ئه‌و ریوایهتانهى پاڵدراونه‌ته لاى ئه‌بو هوڕه‌یڕه 8960 دانه‌ن، 8510 یان به سه‌نه‌دى بێ بچڕان هاتوون، و 450 دانه‌یان سه‌نه‌ده‌كانیان پچڕاوى تێدایه. لێكۆڵینه‌وه ده‌رى ده‌خا كه ژماره‌ى فه‌رمووده‌كان بێ دووباره 1475 دانه‌ن، ئه‌و فه‌رموودانه‌ش كه هاوه‌ڵی دیكه له‌گه‌ڵى ریوایه‌تیان نه‌كردووه و به‌ته‌نها به‌خۆى ریوایه‌تى كردوون، 250 دانه‌ن، ئه‌وجار ئه‌گه‌ر ئه‌و ریوایه‌تانه لابده‌ین كه دووباره‌ن و هاوه‌ڵى دیكه‌ش ریوایه‌تى كردوون، ته‌نها 42 دانه ده‌مێننه‌وه!. راستى ئه‌وه‌ى بیه‌وێ بگاته راستى ئه‌و ژمارانه‌ى سه‌ره‌وه لێَڵى و ناڕوونى نایه‌ڵن و رۆشنى ده‌خه‌نه به‌رچاومان. له‌و داتا و زانیارییانه‌ى سه‌ره‌وه بۆمان روون ده‌بێته‌وه كه ئه‌و ژمارانه‌ى كه به‌مه‌به‌ستى تانه دان له ئه‌بو هوڕه‌یڕه ده‌هێنرێنه‌وه دوورن له لێكۆڵینه‌وه‌ى زانستى و به‌رگه‌ى تانه‌ى بابه‌تى ناگرن و پوچه‌ڵ ده‌بنه‌وه. پاش ئه‌وه‌ى ئه‌و داتایانه‌ى سهرهومان بینى، ده‌بێ ئینكارى ئه‌وه نه‌كه‌ین كه ئه‌بو هوڕه‌یڕه ژماره‌یه‌كى زۆرى ریوایه‌تى له خۆشه‌ویسته‌وه "صلى الله علیه وسلم"ـه‌وه گێڕاوه‌ته‌وه، {به به‌راورد به هاوه‌ڵه‌كانى دیكه، نه‌ك ئه‌وه‌ى كه باس ده‌كرێ چه‌ند هه‌زار ریوایه‌تى گێڕابێته‌وه} زانایان ئینكارى ئه‌وه‌یان نه‌كردووه، به‌ڵام چه‌ند هۆكارێك هه‌ن بۆ ئه‌و ژمارانه : یه‌كه‌م: ئه‌بو هوڕه‌یڕه هیچ كارێكى نه‌بوو جگه له خزمه‌تكردنى خۆشه‌ویست صلى الله علیه وسلم، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵى بوو، یه‌كێك له وهاوهڵانه بوو كه به (اهل الصفه) ناسراو بوون، هه‌روه‌ك خۆى ده‌ڵێ به‌وه‌ى كه نانهسكى دهستكهوتبایه، له خزمه‌تى پێغه‌مبه‌ر بوو. دووه‌م: ئه‌بو هوڕه‌یڕه فه‌رمووده‌ى له هاوه‌ڵه گه‌وره‌كان گێڕاوه‌ته‌وه، واته له‌وانه‌یه فه‌رمووده‌ى له ئیمام ئه‌بو به‌كر بیستبێ، یان له‌هه‌ر هاوه‌ڵێكى دیكه‌ى بیستبێ و پاڵى دابێته لاى خۆشه‌ویست صلى الله علیه وسلم. سێیه‌م: گرینگرین هۆكار دوعاى پێغه‌مبه‌ره صلى الله علیه وسلم بۆى، له {بوخارى و موسلیم}دا هاتووه، به چه‌ند رێگایه‌ك له ئه‌بو هوڕه‌یڕه‌وه گێڕدراوه‌ته‌وه كه ده‌ڵێ : رۆژێك له خزمه‌تى خۆشه‌ویستدا صلى الله علیه وسلم دانیشتبووین، فه‌رمووى : "كێ له ئێوه عهبایهكهى رادێخێت و تا من قسه‌كانم ته‌واو ده‌كه‌م هیچ شتێك له‌بیر نه‌كات كه له‌منه‌وه گوێى لێ ده‌بێت"؟ ئه‌بو هوڕه‌یڕه ده‌ڵێ : عهبایهكهم رایهخست و خۆشه‌ویست صلى الله علیه وسلم قسه‌كانى ته‌واو كرد، پاشان عهبایهكهم هه‌ڵگرته‌وه و هیچ شتێك كه له‌وه‌وه بیستبم بیرم نه‌چۆته‌وه. ئه‌و ریوایه‌ته له رووى سه‌نه‌ده‌وه هیچ كێشه‌یه‌كى نییه رشتهیهكى درووستى هه‌یه، كه‌سى واى تێدا نییه كه گومان له ریوایه‌تى بكرێ، سێ چوار رشتهى هه‌یه له هه‌ردوو سه‌حیحه‌كه‌دا، له رووى مه‌تنیشه‌وه بێ كێشه‌یه، مه‌گه‌ر یه‌كێك جورئه‌تى ئه‌وه بكات بڵێ دووعاى خۆشه‌ویست صلى الله علیه وسلم گیرا نه‌بووه؟!. ئه‌گه‌ریش ده‌ڵێن گیرا بووه، ئه‌وا سه‌ت هه‌زار ریوایهتیشى كردبێ زۆر نییه. چواره‌م: زۆرى ژماره‌ى قوتابییانى ئه‌بو هوڕه‌یڕه هۆكاره‌كى دیكه‌یه بۆ بڵاو بوونه‌وه‌ى ئه‌و ریوایهتانهى كه له رێگای ئه‌وه‌وه گه‌یشتوونه‌ته‌وه خۆشه‌ویست، ئه‌وه‌تا ئیمامى بوخارى ده‌ڵێ : "بیرم له قوتابییانى ئه‌بو هوڕه‌یڕه كرده‌وه، (ههشتسهت) یانم بیر هاتنه‌وه"، هیچ هاوه‌ڵێكى خۆشه‌ویست نه‌بووه كه ئه‌وه‌نده قوتابییه‌ى هه‌بێ. پێنجه‌م: ئه‌گه‌ر گریمانه‌یه‌ك بكه‌ین كه ئه‌بو هوڕه‌یڕه رۆژانه ته‌نها پێنج ریوایه‌تى له خۆشه‌ویسته‌وه ریوایه‌ت كردبێ، به جۆرێك كه هه‌ر جارێك بۆ نوێژێك خۆشه‌ویستى بینیبێ، ریوایه‌تێكى گێڕابێته‌وه، كه زۆر نییه، رۆژانه پێنج جاران كه بۆ نوێژ هاتبێته لاى، له‌ماوه‌ى سێ ساڵان ده‌كاته هه‌زار و ئه‌وه‌نده رۆژه و كۆكراوه‌كه‌ى ده‌كاته زیاتر له پێنج هه‌زار دانه، كه سه‌لماندمان ئه‌وه‌نده‌شى ریوایه‌ت نه‌كردووه، هه‌ندێك له‌و ریوایهتانهشى له هاوه‌ڵه گه‌وره‌كان ریوایه‌ت كردووه، زیاتر له چوار ساڵیش له خزمه‌ت خۆشه‌ویست ماوه‌ته‌وه نه‌ك سێ ساڵ، هه‌روه‌ك ئیبنو حه‌جه‌ر له (فتح الباری، 6/608) ئاماژه‌ى بۆ ده‌كا. شه‌شه‌م: ئه‌بو هوڕه‌یڕه پرسیارى له خۆشه‌ویست ده‌كرد، زۆر جاران هاوه‌ڵه‌كانى دیكه شه‌رمیان ده‌كرد ئه‌وه‌نده پرسیار بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌م زیاتر پرسیاری ده‌كرد، له "بوخاری"ـی‌دا هاتووه كه كاتێك پرسیارێكى له خۆشه‌ویت كردووه، خۆشه‌ویست صلى الله علیه وسلم پێى فه‌رمووه : "ده‌مزانى جگه له تۆ كه‌سى دیكه ئه‌و پرسیاره‌م لێ ناكا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه ده‌بینم چه‌ند حهریسى له‌سه‌ر وه‌رگرتنى حه‌دیس"، هه‌روه‌ك ئیمامى ئه‌حمه‌د له "ئوبه‌ى بن كه‌عب"ـیش ده‌گێڕێته‌وه كه فهرمویتى : ئه‌بو هوڕه‌یڕه پرسیارى شتى واى له خۆشه‌ویست صلى الله علیه وسلم ده‌كرد كه هاوهڵانى دیكه ئه‌و پرسیاره‌یان لێى نه‌ده‌كرد. حه‌فته‌م: ئه‌و یادگایهكى به‌هێزى هه‌بوو، تواناى له له‌به‌ر كردن به‌هێز بوو، خه‌ڵكى دیكه‌ى وه‌ك ئه‌و زۆر بوون له سه‌رده‌مێك كه جارێ پێشكه‌وتنى نوسین وه‌دیار نه‌كه‌وتبوو، مێژوو بۆمان ده‌گێڕێته‌وه كه یۆنانه‌كان كاتێك نوسین پێشكه‌وت به‌شێكیان پێیان ناخۆش بوو، ده‌یانگوت كه توانا و هێزى له‌به‌ر كردن كه‌م ده‌كاته‌وه. هه‌شته‌م: هۆكارێكى دیكه ئه‌وه‌یه كه زه‌یدى كوڕى سابیت به رشتهیهكى "جید" ده‌یگێڕێته‌وه {هه‌روه‌ك ئیبنو حه‌جه‌ر له "الاصابه، 4/208" دا وا ده‌ڵێ} كه پیاوێك هاتوه‌ته لاى زه‌یدى كوڕى سابیت و پرسیارێكى لێ كردووه، ئه‌ویش وتویهتى بڕۆ پرسیاره‌كه‌ت له ئه‌بو هوڕه‌یره بكه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى رۆژێك من و ئه‌بو هوڕه‌یڕه و كه‌سێكى دیكه له مزگه‌وت بووین، دوعا و زیكرمان ده‌كرد، خۆشه‌ویست صلى الله علیه وسلم وه‌دیار كه‌وت و هات له‌لاى ئێمه دانیشت و فه‌رمووى : "بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ئه‌و شته‌ى كه له‌سه‌رى بوون"، زه‌ید ده‌ڵێ : من و هاوه‌ڵه‌كه‌م دووعامان كرد، خۆشه‌ویست صلى الله علیه وسلم "ئامین"ى بۆ دوعاكانمان ده‌كرد، كاتێك ئه‌بو هوڕه‌یڕه دوعاى كرد، گوتى : خوایه من به‌و جۆره دوعات لێ ده‌كه‌م كه ئه‌و دوو هاوه‌ڵه‌م دوعایان لێ كردى، هه‌روه‌ها دوعاى زانستێكیشت لێ ده‌كه‌م كه له‌بیرم نه‌چێته‌وه، خۆشه‌ویست صلى الله علیه وسلم "ئامین"ـى فه‌رموو، ئێمه‌ش گوتمان ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا، ئێمه‌ش داواى زانستێكت لێ ده‌كه‌ین كه له‌بیرمان نه‌چێته‌وه، خۆشه‌ویست فه‌رمووى "ئه‌و كوڕه دهوسییه له پێش ئێوه‌ى دایه‌وه". نۆیه‌م: ئه‌بو هوڕه‌یڕه ره‌زاى خواى له‌سه‌ر بێ، به‌رده‌وام ئه‌و ریوایهتانهى كه گوێى لێ بووبوون ده‌یگێڕانه‌وه، هه‌ندێك هاوه‌ڵان ته‌نها له‌كاتى پرسیارى شه‌رعییان لێ ده‌كرا ئه‌وكات فه‌رمووده‌یان ده‌هێناوه، ئه‌و به‌مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى فێر بكات فه‌رمووده‌ى ده‌گێڕانه‌وه. دواى زانینى ئه‌و هۆكارانه و زانینى ژماره‌ى ئه‌و فه‌رموودانه‌ى كه ئه‌بو هوڕه‌یڕه له خۆشه‌ویسته‌وه گێراوییه‌تیه‌وه، نادانى و كهمزانییه كه تانه له عه‌داله‌تى ئه‌بو هوڕه‌یڕه بدرێ، لێكدانه‌وه‌ى خراپ بۆ هه‌ڵوێست و قسه‌كانى بكرێ و به كه‌سێك دابنرێ كه فه‌رمووده‌ى هه‌ڵبه‌ستوون. |