له‌م رۆژانه‌دا و له یه‌كێك له كه‌ناڵه ناوخۆییه‌كاندا مێزگردێك ساز كرا ده‌رباره‌ی ئه‌نفال و ره‌گ و ریشه‌ی ئه‌و كاره دڕندانه‌ی كه ده‌رهه‌ق به میلله‌تی موسڵمانی كورد كرا، كه به‌راستی شتێكی بێ وێنه‌یه له مێژوودا، به‌ڵام به‌داخه‌وه وه‌ك نه‌ریتی هه‌ندێك له رۆشنبیرانمان به بێ زانیاری و سه‌رچاوه‌ی مێژوویی باس له هه‌ندێ شتی هه‌ڵبه‌ستراو ده‌كرا ده‌رباره‌ی (ئه‌نفال) و جینۆسایدی كورد، كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی كه برای رۆشنبیر بوێرێت بڵێت: ( ئه‌نفال كاره‌ساتێكی تازه نییه و ره‌گ و ریشه‌ی له مێژوودا هه‌یه و، پێشتریش كورد ئه‌نفال كراوه له‌سه‌رده‌می هاتنی ئیسلامدا هه‌مان شێوه بووه و كورد به‌م ده‌رده‌ی ئێستا براوه).
به‌ڵگه‌ی ئه‌م براده‌ره‌ش ته‌نها و ته‌نها شیعری (هورمزگان)بوو.
منیش به پێویستم زانی خوێنه‌ری كورد به شیعری (هورمزگان) و ئه‌و كه‌سه‌ش كه ئه‌م شیعره‌ی داناوه ئاشنا بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كیش بێت بۆ ئه‌وانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت به ئه‌نقه‌ست و له‌به‌ر مه‌رامی تایبه‌تی خۆیان مێژووی ئه‌ده‌بیاتی كورد لیخن بكه‌ن و، شتی نابه‌جێی بۆ هه‌ڵبه‌ستن.
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت به‌م په‌نده‌ی هه‌ژاری ره‌حمه‌تی ده‌ست پێ بكه‌م كه‌له سه‌ره‌تای وه‌رگێڕدراوی قانوونه‌كه‌ی (ئیبن سینا) دا ده‌ینووسێت و ده‌ڵێت: (كابرایه‌ك حیكایه‌تی ده‌گێرایه‌وه و ده‌یوت: یه‌عقوب له كه‌ربه‌لا سه‌گ خواردی، كابرایه‌كیش وه‌ڵامی دایه‌وه و وتی: یه‌عقوب نه‌بوو یوسف بوو، كه‌ربه‌لا نه‌بوو كه‌نعان بوو، سه‌گ نه‌بوو گورگ بوو، ئه‌ویش شوكر درۆ بوو).
ئه‌م په‌نده كت و مت به‌سه‌ر شیعری (هورمزگان)دا ده‌چه‌سپێت، جا با بزانین ئه‌م شیعره چیه و له چیه‌وه هاتووه...
ئه‌و شوێنه‌ی كه شیعره‌كه‌ی لێ دۆزراوه‌ته‌وه:
ده‌رباره‌ی ئه‌و شوێنه‌ی كه شیعره‌كه‌ی لێ دۆزراوه‌ته‌وه، ده‌ڵێن:
+(ره‌شید یاسه‌می ، له كتێبی(كرد وپیوستگی نژادی و تاریخی) ل119) ده‌ڵێت:
ئه‌م شیعره له‌سه‌ر پارچه چه‌رمێك نووسراوه و له ئه‌شكه‌وته‌كانی (هه‌زار مێرد) دۆزراوه‌ته‌وه .
+(س.ج ئه‌دمۆندز.كورد، تورك ، عه‌ره‌ب،وه‌رگێڕانی ئیبراهیمی یونسی ل 392) ده‌ڵێت له (كۆساڵان) نزیك هه‌ورامانی ته‌خت دۆزراوه‌ته‌وه ....
*(د.جه‌مال نه‌به‌ز) له كتێبی:( زمانی یه‌كگرتووی كوردی) ل111دا -به گومانه‌وه له راستی هۆنراوه‌كه-ده‌ڵێ: (.............كه گوایه ده‌روێشێك له ده‌شتی شاره‌زوور پارچه پێستێكی دۆزیوه‌ته‌وه، به رێنووسی پهلهوی چوار دێڕ هۆنراوه‌ی كوردی له‌سه‌ر نوسراوه...............)
چه‌ند بۆچونێكی تریش هه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌نده لاوازن شایه‌نی باسكردن نین.
جا با بزانین ده‌قی شیعره‌كه چۆنه:
*(محمد تقی ملك الشعرا‌و) له كتێبی (شعر در ایران)دا ده‌ڵێ:ئه‌م شیعره‌م له "د.سعید"ه‌وه وه‌رگرتووه، شیعره‌كه‌ش ئه‌مه‌یه:
هرمزگان رمان اتران كژان
هوشان شاروه گوره گاوران
زۆر كر‌و،ار ب، كرونا خاپور
گنانی، پاله، بشی شاره‌زور
شن و، كێنیكان، ودیل شینا
مرد ازا ،تلی، رۆژی هوینا
بزیكانیكا، هرمز و هویچ كس
روشت زردوشتر، ماننهوبی د‌س
*له كتێبی: (كرد و پیوستگی نژادی و تاریخی)ی "ره‌شید یاسه‌می" چاپخانه‌ی ئیران لاپه‌ره 119 (دیانت ومعتقدات) به‌م شێوه‌یه هاتووه:
هورمزگان رمان، اتران كژان
ویشان شارده‌وه، گوره گوركان
زور كار، ارب ،كردنه خاپور
گنای، پاله، هتا شاره‌زوور
شن ،كنیكان ودیل بشینا
میرد ازا ، تلی و روی هینا
روشت زردشتره مانوه بیكس
بزیكا نیكا هورمز و هیوچكس
* له زاری كرمانجی حوزنی موكریانی، ژماره (21) ساڵی چواره‌م (1930) ، لاپه‌ره (19) له ژێر ناونیشانی (سه‌رمایه‌یه‌كی گرانبه‌های مێژووی كوردان!) دا هاتووه:
هورمزگان ره‌مان اتیران كوژان
هۆشیان شاره‌وه گهڤره گهڤرهكان
زۆر كره عاره‌ب كوردی نه خاپور
گه‌نانه پاله به‌شی شاره‌زوور
ژن و كهنیكان وهدیل به شینان
مه‌رد ازا تیلین ژروی ههوینان
ره‌وشی زه‌رده‌شت مایه‌وه بیدهس
بیزكانا كت هورمز وه هیچ كه‌س
* له كتێبی (مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی)ی (عه‌لادین سه‌جادی)، لاپه‌ره (129 چاپخانه‌ی مه‌عاریف) به‌م شێوه‌یه هاتووه:
هورمزگان رمان ئاتران كژان
ویشان شارده‌وه گه‌وره‌ی گه‌وره‌كان
زۆر كار ئاره‌ب كردنه خاپور
گنای پالهیی هه‌تا شاره‌زوور
شن و كنیكان وهدیل بشینا
میرد ئازاتلی وهروی هوینا
ره‌وشت زه‌رد شتره مان‌و بی كه‌س
بزیكانیكا هورمز و هیوچ كه‌س
واته: مزگه‌وته‌كان په‌رستگا ئاتهشكهدهی زه‌رده‌شتیه‌كان وێران كران و ئاگره‌كان كوژێنرانهوه، خۆیان شارده‌وه گه‌وره گه‌وره‌كان... زۆرداری و جه‌وری عه‌ره‌ب وێرانیان كرد دێهاتی كرێكاره‌كان تا ده‌گاته شاره‌زوور، ژن و كچه‌كانیان به دیل گرت، پیاوی ئازا تلی ئه‌دا له‌ناو خوێندا.. ره‌وشتی زه‌رده‌شت به بێ كه‌س مایه‌وه، به‌زه‌یی نایه‌ته‌وه ناهورامزدا به هیچ كه‌سێكدا...
پاش خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كه و ماناكه‌ی، با بزانین رای نووسه‌ران به‌رامبه‌ر به‌م هۆنراوه‌یه چییه؟.
• مامۆستا (عه‌لائه‌دین سه‌جادی) له (مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی ) (ل.130) ده‌ڵێ:
(من) ناتوانم بچمه ژێری بڵێم بوونه‌كه‌ی راسته یان راست نییه، چونكه نه خۆم ئه‌م پارچه چهرمهم دیوه كه ئه‌م شیعرانه‌ی لێ نووسراوه‌ته‌وه، نه له قسه‌ی رۆژههڵاتناسێكیشدا به‌رچاوم كه‌وتووه، به‌ڵكو ته‌نیا قسه‌یه‌كه. *مامۆستا (ره‌شید یاسه‌می) له لاپه‌ره (129)ی كتێبه‌كه‌یدا (كورد) باسی ئه‌كات، ئه‌ویش به بێ ئه‌وه بیگه‌یه‌نێته‌وه به كه‌سێك یان سه‌رچاوه‌یه‌ك!
• به‌رێز (ئه‌نوه‌ری سوڵتانی) له كتێبی: (كه‌شكۆڵه شعرێكی كوردی گۆرانی) لاپه‌ره (39)دا ده‌نوسێت: (من نه‌متوانی سه‌ری ئه‌و هه‌ودایه بدۆزمه‌وه و بزانم شیعره‌كه، كه‌ی؟ چۆن؟ له كوێ؟ دۆزراوه‌ته‌وه و ئێستا له كوێ راگیراوه؟ مه‌خابن هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی كوردی ئه‌م شیعره نه‌زانراوه، نه‌ناسراوه‌یان، وه‌ك یه‌كه‌مین شیعری كوردی دوای ئیسلام له قه‌له‌م داوه!)
• ( ئه‌حمه‌دی شه‌ریفی) له رۆژنامه‌ی (رزگاری) ژماره (2) ساڵی (1993)دا ده‌ڵێ:
(پێم وایه "دكتۆر سه‌عید خان" ئه‌م شیعره‌ی "هورمزگان"ی داناوه و داویه به "ملك الشعرا‌و"ئه‌ویش بڵاوی كردۆته‌وه)
• (د.كه‌مال فوئاد) له گۆڤاری (گۆڕین) ژماره (113)ی ساڵی (1975) له قه‌ولی خوالێخۆشبوو پرۆفیسۆر (تۆفیق وه‌هبی) به گه‌وره ده‌نووسێ، كه ئه‌م شیعره له لایه‌ن ( دكتۆر سه‌عید خانی كوردستانی وداماو موكریانی)یه‌وه ساز كراوه.
*(د.جه‌مال نه‌به‌ز) له كتێبی:( زمانی یه‌كگرتووی كوردی) ل111دا ده‌ڵێ: (ئه‌مه په‌نجا ساڵ پتره كه له‌گه‌ل سه‌رچاوه‌ی كوردی و بیگانه‌دا هه‌واڵێك بڵاوده‌كرێته‌وه، به‌و بۆنه‌یه‌وه كه گوایه ده‌روێشێك له ده‌شتی شاره‌زوور پارچه پێستێكی دۆزیوه‌ته‌وه، به رێنووسی پهلهوی چوار دێڕ هۆنراوه‌ی كوردی له‌سه‌ر نوسراوه كه هۆنهرهكهی گوایه ئاخ و داخی هه‌ڵكێشاوه بۆ ئایینی زه‌رده‌شتی كه چۆن له‌لایه‌ن هێرشبه‌رانی عه‌ره‌بی موسڵمانه‌وه له‌نێوبراوه و سكاڵا له ده‌ست ئه‌و هێرشبه‌رانه ده‌كات كه چۆن ژن وكچی كوردیان به دیل گرتووه و خوێنی خه‌ڵكیان رشتووه.....
ئه‌وه‌ی راست بێ ئه‌م هۆنراوه‌یه هۆنراوه‌یه‌كی ساخته‌یه و، ده‌ستكرده و به پێی زانستی زمانه‌وانی ده‌توانین پیشانی بده‌ین كه كوردییه‌كه‌ی ناتوانێ ببێته كوردی ده‌وروبه‌ری په‌یدابوونی ئیسلام)
ئه‌و تێبینیانه‌ی كه له‌سه‌ر ئه‌م هۆنراوه‌یه هه‌ن وله‌و سه‌رچاوانه‌دا كه باسمان كردن تۆمار كراون، ئه‌مانه‌ن:
1- رای زۆربه‌ی نووسه‌ران له‌سه‌ر ئه‌وه‌ن كه ئه‌م هۆنراوه‌یه دانراوی (د.سه‌عیدی كوردستانی)یه، ناوبراو چه‌ند كارێكی كردووه، ئه‌وه‌ی لێ ده‌خوێنرێته‌وه كه : (ئه‌مانه‌تی زانستی)ی نه‌پارستووه و، ئه‌و ده‌ستنووسانه‌ی كه ده‌ستی كه‌وتوون، ده‌ستكاری كردوون، یان له جیاتی ئه‌وه‌ی بڵاویان بكاته‌وه فرۆشتوونی به مۆزه‌خانه‌كانی ده‌ره‌وه، بۆ نمونه:
• كاك (ئه‌سعه‌دی سیراجه‌دین) ده‌ڵێ: (دكتۆر سه‌عید خان)، ئه‌و سێ قه‌باڵه‌ی به فێل له ده‌ستی (شێخ عه‌لائه‌دین) ده‌رهێناوه و گه‌رچی بڕیار بووه دوای نیشاندانی به پسپۆڕان بیانداته‌وه به شێخ، ئه‌و كاره‌ی نه‌كردووه و، هه‌رسێكیانی فرۆشتوون( كه‌شكۆڵه شیعرێكی كوردی) (ل38).
• (ئایتووڵڵا مه‌ردۆخی) ده‌ڵێ: من له كتیبخانه‌كه‌ی خۆماندا سێ ده‌ستنوسی هه‌ورامیم پێدا، یه‌كێكیان دیوانی (مه‌حزوونی) یا بێسارانی بوو كه باپیرم به خه‌تی خۆی نوسیبووی، له‌گه‌ڵ دیوانی مه‌عدومی (مه‌وله‌وی) و رۆسته‌م و زه‌رد هه‌نگه‌كه‌ی (مه‌لا مسته‌فای دڵادڵی) به‌ڵام نازانم ئه‌وانه چی‌یان به‌سه‌رهات!! (سه‌رچاوه‌ی پێشوو)
2- شیعری (هورمزگان) هه‌روه‌ك ده‌بینرێ (قافیه)ی هه‌یه و (قافیه)كه‌شی زۆر له شیعره‌كانی كتێبی (مزگانی) دكتۆر (سه‌عید خان) ده‌چێ.
3- ئه‌و پارچه پێسته ئاسكه‌ی كه ئه‌م شیعره‌ی له‌سه‌ر نوسراوه چی لێ هاتووه؟.
4- ئه‌م شیعره به چ خه‌تێك له‌سه‌ر ئه‌م پارچه پێسته نووسراوه؟.
5- كێ خوێندویه‌تییه‌وه؟.
6- كام پرۆفسیۆری خهتناسی ئێرانی یان هه‌نده‌رانی ئه‌و كوردییه‌یان زانییوه، هه‌تا پارچه پێسته‌كه بگۆڕن و بیخوێننه‌وه؟.
7- بۆ شیعره‌كه قافیه‌ی هه‌یه و په‌نجه‌یی نیه؟.
8- بۆ به جیاوازییه‌وه له كتێب و گۆڤاره‌كانی كوردی و فارسی‌دا چاپ بووه؟.
9- وشه (شن) به‌مانای (ژن) له چ زمان و زاراوهیهكدایه؟ چونكه ئه‌م وشه‌یه به ئاوێستایی (غن) و به په‌هله‌وی (زن) و به هه‌موو شێوه و زاراوه‌كانی گۆرانیش هه‌ر (ژن)ه، ئه‌ی (شن) له كوێوه هاتووه؟
10- وشه‌ی ( گنای یان گونای) به مانای (گوند و دێ و ئاوایی) وشه‌یه‌كی كرمانجی سه‌رووه، له‌م شیعره‌دا چ ده‌كا؟ ئایا نیشانده‌ری ئه‌وه نییه. كه كوردی زانێكی باش و "خوێنده‌وار" ئاشنا له‌گه‌ڵ زاراوه‌ی كرمانجی سه‌روو دایناوه!؟ چونكه به زاراوه‌كانی گۆرانی ده‌بێته (ده‌گا).
11- وشه‌ی (هورمزگان یان هرمزگان) به‌مانای په‌رستگا و ئاته‌شگه، له‌م شیعره‌دا چۆن ساز كراوه؟ چونكه ئه‌م وشه‌یه به‌م مانایه نه‌له زاراوه‌كانی كوردیدا هه‌یه و، نه‌له ئاوێستا و و نه‌له په‌هله‌ویدا، به‌م شێوه‌یه وشه‌یه‌كی ئاوا نییه ئه‌م مانایه بدات به‌ده‌سته‌وه. رۆژنامه‌ی رزگاری ژ(2)ساڵی 1992
پاش ئه‌و تێبینیانه‌ی كه خستمانه روو ده‌ركه‌وت كه شیعری (هورمزگان) ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نییه و، دانراوی (د.سه‌عیدی كوردستانی)یه و، ئه‌م كاره‌شی پاش وهرگهڕانهكهی له ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئه‌نجام داوه و، ویستوویه‌تی له رێگای ئه‌م هۆنراوه‌وه ده‌مارگیری نه‌ته‌وایه‌تی ببزوێنێت و، كوردان هان بدات بۆ دژایه‌تی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، به‌داخه‌وه هه‌ندێ نووسه‌ریش به ویست بێت یان نا، كه‌وتوونه‌ته ناو ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌وه و بڵاویان كردووه‌ته‌وه كه دووره له راستی و ، هیچ كاتێك ئایینی پیرۆزی ئیسلام داگیركه‌ر نه‌بووه و له هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی مێژوویدا نییه كه كورد به‌ره‌نگار سوپای ئیسلام بووبێته‌وه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه به سوپای رزگاركه‌ریان له‌ده‌ست داگیركه‌رانی فارسی زانیوه و له‌و رۆژه‌وه كه ئیسلام هاتۆته كوردستان خه‌ڵكی كورد به دڵ و به گیان باوه‌شی میهره‌بانییان بۆ ئه‌م ئایینه كردۆته‌وه و، به سه‌دانی وه‌ك (ئیبن سه‌لاح و ئیبن خه‌له‌كان و ئیبن مسته‌وفی)ی پێشكه‌ش به شارستانیه‌تی ئیسلامی كردووه.
جا بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر شاره‌زای ژیانی دانه‌ری هۆنراوه‌ی (هورمزگان) بین، ئه‌مه‌ی خواره‌وه كورته‌یه‌كه له ژیانی (مه‌لا حه‌مه سه‌عیدی كۆن) و (د. سه‌عید كوردستانی تازه):
(مه‌لا محه‌مه‌دی سنه‌یی) پێشنوێژ و وتاربێژی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سنه، خوا كورێكی تری پێ به‌خشی و به‌م به‌خششه خواییه زۆر دڵخۆش بوو، بۆیه ناوی نا (محه‌مه‌د سه‌عید) كه پاشتر له خۆشه‌ویستیدا بوو به (حه‌مه سه‌عید).
(حه‌مه سه‌عید) له ساڵی 1862ی زاینی له شاری سنه له دایك بووه و مناڵیكی زیره‌ك و زیته‌ڵ و لێهاتوو بووه و، له سه‌ره‌تای ژیانیدا تووشی كاره‌ساتی زۆر هاتووه، ته‌مه‌نی له چه‌ند مانگێك تێپه‌ری نه‌كردبوو دایكی به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه له دونیا ده‌رچووه، پاش ماوه‌یه‌ك باوكی ژنی هێناوه‌ته‌وه و (حه‌مه سه‌عید)كه‌وتۆته به‌ر ده‌ستی باوه‌ژن، به‌ڵام باوهژنێكی دلۆڤان و خانه‌دان و به‌سۆز و به‌زه‌یی، زۆری نه‌خایاند ئه‌میش كۆچی دوایی كرد، دوای دایك و باوه‌ژنه‌كه‌ی و به چه‌ند ساڵێك كه هێشتا ته‌مه‌نی (حه‌مه سه‌عید) حه‌وت ساڵ تێپه‌ری نه‌كردبوو باوكیشی له دونیا ده‌رچوو، (حه‌مه سه‌عید) كه‌وته ده‌ست برا گه‌وره‌كه‌ی و، پورێكی كه به گه‌نجی لێی قه‌ومابوو و بێوه‌ژن كه‌وتبوو.
كاكه‌ی جێگه‌ی باوكی بۆ گرته‌وه و، زۆری خۆش ده‌ویست و حه‌زی ده‌كرد (حه‌مه سه‌عید)ی برای بخوێنێت و مه‌لای چاكی لێ ده‌ربچێت.
(حه‌مه سه‌عید) له ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵێدا و له مزگه‌وته‌كه‌ی باوكی‌دا چووه به‌ر خوێندن لای كۆمه‌ڵێ مه‌لای چاك و شاره‌زا و زانا پله به پله به‌ره‌و پێش ده‌چوو، هه‌تا وای لێ هات خوێنه‌وارێكی چاكی لێ ده‌رچوو، هه‌ر به مێردمنداڵێ ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی وه‌رگرت و له مزگه‌وته‌كه‌ی باوكی‌دا ده‌ستی كرد به وانه وتنه‌وه.
له ساڵێ (1887) كۆمه‌ڵێ قه‌شه‌ی مه‌سیحی بۆ په‌ره‌پێدانی ئایینی مه‌سیحی هاتونه‌ته (سنه )و له‌وێ نیشته‌جێ بوون، له‌گه‌ڵ مه‌لاكانی شاری سنه قسه و باس ده‌كه‌وێته نێوانیان، خوالێخۆشبوو ( شێخ عهبدولموئمینی سێیه‌م) كه یه‌كێك بووه له مه‌لا چاكهكانهی سنه گفتوگۆیه‌كی دورو درێژی له‌گه‌ڵا قه‌شه‌كاندا كردووه و له موناقهشهكاندا زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه، قه‌شه‌كان به‌رامبه‌ر جه‌نابی شێخ ده‌سته‌وسان و داماو بوون و هیچیان بۆ نه‌كراوه، یه‌كێ له قه‌شه‌كان ناوی (قه‌شه یوحه‌نا)بووه‌و، شاره‌زاییه‌كی باشی هه‌بووه له زمانه‌كاندا و، به شوێن یه‌كێكدا ده‌گه‌را كه فێری زمانی فارسی بكات، و پاش ماوه‌یه‌كی كورت ئاشنا ده‌بێت به (مه‌لا حه‌مه سه‌عید) و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵدا په‌یدا ده‌كات و، به وشه‌ی جوان و بریقه‌دار، و پێدانی كتێبی جۆراوجۆر دڵی (حه‌مه سه‌عید) راده‌كێشێت و فریوی ده‌دات و ده‌یكات به مه‌سیحی و له ئاینی پیرۆزی ئیسلام وه‌ری دهگهرێنێت.
په‌یوه‌ندی نێوان قه‌شه و (حه‌مه سه‌عید) به نهێنی به‌رده‌وام ده‌بێت به بێ ئاگاداری كاكی و ده‌وروبه‌ری، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م قه‌شه‌یه له (ورمێ) داده‌نشێت و زوو زوو سه‌ردانی (حه‌مه سه‌عید)ی ده‌كرد، ئه‌ویش زۆر هه‌وڵی ئه‌دا ئه‌م په‌یوه‌ندیه بشارێته‌وه، كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی ماوه ماوه سه‌ردانی ورمێ بكات و له‌گه‌ڵا قه‌شه‌دا كۆببێته‌وه، له یه‌كێك له سه‌ردانه‌كاندا و له كڵێسایه‌كی (ورمێ)دا و له‌سه‌ر ده‌ستی گه‌وره قه‌شه‌ی ئه‌وێ، به ته‌واوه‌تی مه‌سیحی بوونی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت و ناوی خۆشی له (مه‌لا حه‌مه سه‌عید)ه‌وه ده‌كات به (میرزا سه‌عید) و مێزه‌ره‌كه‌ی فرێده‌دات.
پاش ماوه‌یه‌ك كاكی و خه‌ڵكی شاره‌كه به‌م نهێنیه ده‌زانن و له ژێر فشاری خه‌ڵكی سنه‌دا راده‌كات و هه‌ڵدێ بۆ هه‌مه‌دان، له‌وێ تێكه‌ڵاوی ئه‌رمه‌نی و جوله‌كه و مه‌سیحیه‌كان ده‌بێت و، جلی ئه‌رمه‌نی له‌به‌ر ده‌كات، به‌ڵام له‌وێش خه‌ڵكی وازی لێ ناهێنن و فشاری زۆر بۆ ده‌وڵه‌ت دێنن تا ده‌ستگیری ده‌كه‌ن و ده‌یخه‌نه زیندان.
پاش زیندانیكردنی، مژدهبهخشهكان بۆی تێده‌كۆشن و له زیندان رزگاری ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌یبه‌ن بۆ ورمێ، شایه‌نی باسه له‌و كاته‌دا كه له هه‌مه‌دان ده‌بێت، بووه به مامۆستای منداڵه‌كانی (قه‌شه شه‌معونی ئه‌رمه‌نی) و پاشان بووه به زاواشی و له (4/6/1888) ژن دێنێ.
پاش ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ تیمێكی مژدهبهخشهكان ره‌وانه‌ی ئه‌وروپا ده‌كرێت و، له‌سه‌ر بانگهێشتی مژدهدهرێك به ناوی (مسته‌ر هاگبرك) ره‌وانه‌ی سوید ده‌كرێت.
له ساڵێ (1893) ده‌گاته ستۆكهۆڵم، له پایزی هه‌مان ساڵدا ده‌چێت بۆ به‌ریتانیا و له‌وێ له كۆلێژی پزیشكی ده‌خوێنێت و ده‌بێت به دكتۆر و له ساڵێ (1895) ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئێران، ده‌ڵێن ئه‌م گه‌رانه‌وه‌یه‌ی له‌سه‌ر داوای شای ئێران بووه، كه ئه‌و كات شا نه‌خۆش بووه.
(حه‌مه سه‌عید)ده‌بێت به (د. سه‌عید) و له تاران سه‌رقاڵێ كاری پزیشكی و له پاڵ ئه‌ویشدا كاری مژده‌به‌خشی به ئاینی مه‌سیحی ده‌بێت، شه‌و ده‌خاته سه‌ر رۆژ و رۆژ ده‌خاته سه‌ر شه‌و بۆ ئه‌م ئاینه تازه‌یه‌ی و، هه‌ڵده‌ستێ به وه‌رگێرانی ئینجیل بۆ شێوه‌زاری هه‌ورامی و له شێوه‌ی هۆنراوه‌دا و له ژێر ناوی (مزگانی) به چاپی ده‌گه‌یه‌نێت.
هه‌ر له‌م كاته‌دا و له ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له تاران‌دا دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ شاعیران و نوسه‌رانی تاران‌دا په‌یدا ده‌كات، كه یه‌كێك له‌وانه (محمد تقی ملك الشعرا‌و بهار) بووه كه نوسه‌رێكی به‌ناوبانگ بووه و سه‌رقاڵێ لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونی شیعری كۆنی ئێرانی بووه به هه‌موو تیره و نه‌ته‌وه‌كانیه‌وه.
جا له‌و كاته‌دا كه خه‌ریكی دانانی كتێبی (شعر در ایران) بووه داوای یارمه‌تی و سه‌رچاوه‌ی له (د. سه‌عید)، كردووه ، ئه‌ویش شعری (هورمزگان)ی داوه‌تێ -كه خۆی دایناوه- و وتویه‌تی ئه‌مه كۆنترین هۆنراوه‌ی كوردییه! (ملك الشعرا‌و)یش بێ سێ و دوو بڵاوی كردۆته‌وه و به یه‌كه‌م هۆنراوه‌ی كوردی داویه‌تی له قه‌ڵه‌م، پاش ئه‌ویش (ره‌شید یاسه‌می)ش ده‌قاوده‌ق شعرهكه نه‌قڵ ده‌كات و به دوای ئه‌ویشدا نوسه‌ران وه‌ك (مه‌ردۆخی و سه‌جادی) نه‌قڵی ده‌كه‌ن.
بێینه‌وه بۆ سه‌رباسی به‌سه‌رهاتی (د. سه‌عید) له هاوینی ساڵێ (1992)دا ده‌گه‌رێته‌وه بۆ هه‌مه‌دان و له سنه بانگهێشت ده‌كرێت بۆ سه‌ر عیلاجی نه‌خۆشیی (ئه‌میر عه‌لائه‌دین) كه له (خه‌سره‌و ئاوا) نه‌خۆش بوو، پاشان بانگ ده‌كرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خۆشیی (وكیل الملك) چاره‌سه‌ر بكات، له‌وێشه‌وه بانگهێشتی هه‌ورامان كرا بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیی (سوڵتانی هه‌ورامان)، له‌و سه‌رده‌مه‌شدا (شێخ عه‌لائه‌دین)ی نه‌قشبه‌ندی كچێكی نه‌خۆش ده‌بێت، ئه‌ویش ده‌نێرێت به دوای (د. سه‌عید) بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی كچه‌كه‌ی و، له‌م سه‌فه‌ردا (د. سه‌عید) چه‌ند قهباڵهیهكی نوسراو له شێخ وه‌رده‌گرێت، پاش ئه‌م گه‌شته ده‌گه‌رێته‌وه بۆ هه‌مه‌دان پاشان بۆ تاران و له ساڵی (1913) جارێكی تر سه‌ردانی له‌نده‌ن ده‌كات و پاشان ده‌گه‌رێته‌وه بۆ هه‌مه‌دان و سه‌رقاڵێ هه‌ردوو كاره‌كه‌ی ده‌بێت (دكتۆری و مژده‌ده‌ری) و كاری یه‌كه‌می ده‌كاته خزمه‌تكاری كاری دووه‌می و به‌وه ناوبانگ ده‌رده‌كات.
هه‌تا ساڵی (1939)ی زایینی و له ته‌مه‌نی (77) ساڵێدا و له هه‌مه‌دان كۆچی دوایی ده‌كات و له گۆرستانی مه‌سیحییه‌كان به خاك ده‌سپێردرێت. |