من ئەوە دەڵیم بە گەنجانی نەتەوەكەم توخوا بەم ناوو بەو ناوەوە دینەكەشت وەخاكەكەشت ناشیرین مەكە، برای گەنجم كەسێكی جەزائیری یان كەسێكی سعودی تۆ شەحن دەكات دەڵێ: خۆت بتەقێنەوە راستەوخۆ دەچیت بۆ بەهەشت، جارێ ئەو چوزانێت ئەم ووڵاتەی منو تۆ چۆن گەشتووە بەم ئاستەو چوزانێت ئازادی دینی لەم ووڵاتەی منو تۆ لەچ ئاستێكدایە. ئەی گەنجی عەزیزم تۆ بیر كەوە 13 ساڵ پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خوای لەسەر بێت) لە شاری (مەككە) بو ئەو هەموو گەنجە فیدائیانەی لەبەر دەستیدا بوو ئایا قەت فەرمووی: بە گەنجێك بەردێ بخەنە ماڵی (ابوجهل)؟ فەرمووی: بڕۆن فەوزایەك بنێنەوە؟ فەرمووی: بڕۆن سەری فڵانە كەس ببڕن؟ فەرمووی: بچن فڵان دێی بێباوەڕەكان تاڵان بكەن؟ فەرموی ترس بهاوێنە دڵی فڵانە بنەماڵە؟ كە ناردنی بۆ (حەبەشە) ئایا فەرمووی: فرسەت بینن لە نەجاشی بیكوژن؟! وە خۆتان ببن بە فەرمانڕەوا. ئەمەو هەزاران هەڵوێستی دیكە، ئایا پێغەمبەر هیچی لەم جۆرە كارانە كرد؟ بێگومان گەنجی ووشیار دەڵێ: نەخێر. كەسێك خوا پێی بفەرموێ: [وما أرسلناك إلا رحمة للعالمین] [ۆإِنَّكَ ڵعَڵی خُلُقٍ عَظیمٍ] وە گەنجێك بەڕاستی هەڵـگری پەیامی ئەم پێغەمبەرە بێت، چۆن ئەم خوێنە بێ گوناهانە دەڕێژێت! من ئەوەش دەزانم ئەم ووڵاتە كەمو كوڕی تێدا زۆرن، بەڵام ئایا ئێمە بۆ ئەوە خوای گەورە ناردونی بۆ سەر زەوی بۆ ئەوەی ئاوەدانتری كەین یان ئاوا سوری كەین لە خوێنی كەسانی بێتاواندا؟. گەنجە خوشەویستەكانم دە ساڵە لە عێراقدا بە ناوی جیهادو بەهەشتەوە چەند خوێنی بێ گوناه رژاوە كە پێغەمبەر دەفەرموێ(دروودی خوای لەسەر بێت): (لزوال الدنیا أهون عند الله من قتل رجل مسلم) هەموو دونیا بە مەككەو مەدینەو قودسیشەوە بڕوخێنی ئاسانترە تاوانەكەی لای خوا بەرانبەر ڕێشتنی خوێنێك بەبێ حەق. (گەنجە) خۆشەویستەكانم بیركەنەوە (10 ) ساڵ پێغەمبەر ئیسلام (دروودی خوای لەسەر بێت) لە (مەدینە) بوو، ئایا هیچ شەوێك ناردی ماڵی كەسێكی جولەكە یان گاور تاڵان كەن؟! تۆی گەنج دەبێ دوو جار بیربكەیتەو (3) ساڵ حیسار خرایە سەر پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خوای لەسەر بێت) و یارەكانی، بەڵام ئایا جارێك لە جاران پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) فەرمووی: بچن ڕێگە بگرن لەو كافرانە یان بە نیوە شەو بدەن بەسەریاندا؟ ئەوەو هەزاران هەڵوێستی دیكە. جا برای (گەنجم) تۆ چۆن رێگە دەدەیت بە خۆت لە شارێكی وەك هەولێری پڕ لە ئەمان بۆ تەواوی چینو توێژەكان بە مەدینەی دووهەم ناسراوە، ئازادی لەوەی دەخوێنی یان ریش دەهێڵیتەوە یان نیقاب دەكەی، هەرچی دەكەی. بەڵام تۆ قەت خوێنڕێژ نە بیت، لە هەموو دونیا خوێن رێشتن قەدەغەیە، جا چۆن ڕێگە دەدەیت بە خۆت كارێكی قێزەونی ئاوا ئەنجام بدەیت لە شارێكدا لە سەدا نەوەدو پێنجی دانیشتوانەكەی خوشەویستی خواو پێغەمبەرن (دروودی خوای لەسەر بێت)، پێغەمبەریان لە خۆیان زیاتر خوشدەوێ، من لە هەولێر ژیاوم، دەزانم چەندە خواو ئیسلامو پێغەمبەریان (دروودی خوای لەسەر بێت) خوشدەوێ. لە كۆتاییدا من دەڵَێم: خۆتەقاندنەوە چۆن بەرەو دۆزەخە بەخوا خۆكوژییە لە پێناو ناشیرین كردنی ئیسلامدا، دەزانرێ ئیسلام لە جیهاندا بەرەو پێش دەڕوات خۆتەقاندنەوە مانەوەیە لە دۆزخدا، وە بەڕاستی ئەمە نە ئیسلامەو وە نە موسڵمانان وە نە مێژووی ئیسلامی بەم كارە ناسراو نەبووە وەپێی رازی نیە. وەهەر سەركردەیەكی ئەو فكرە ئامادەیە بۆ دانیشتن من ئامادەم لەگەڵی دانیشم بۆ موناقەشە با لە تۆرابۆراش بێ، بەڵام بەو مەرجەی گیانم سەلامەتبێ عەهدم پێبدەن ئامادەم بۆ دانیشتن لەگەڵ ئەو فكرانە بۆ تێگەیاندنیان لە ئیسلامی راستی وە دوور خستنەوەیان لەو كەسانە كە لە دوورو نزیكەوە پەیوەندییان بە ئیسلامەوە نییە. بە خوای باڵا دەست رودەكەمە سەرۆكی حكومەت وە سەرۆكی هەرێم وە تەواوی دەسەڵاتدارانی هەرێم و تەواوی ئاسایشی هەرێم لە سلێمانی بێت یا لە هەولێر بەڕاستی ئەركێكی گەورە لەسەر شانتانە كە ئەمانەتێكی خواییە، ئەویش پاراستنی ئەو خاكە وە پاراستنی ئەو نەتەوەیە. وە رووش دەكەمە هاوڵاتیانو هاونیشتمانیانم بە خوا چۆن نوێژ وە رۆژو فەرزە لەسەرت ئاواش پاراستنی كوردستان فەرزە لەسەرت. من وەكو مامۆستایەكی ئاینی بێلایەن دەستتان ماچ دەكەمو، داواكارم لە هەموو لایەك رێگە نەدەین ئەو بیرۆكە تێكدەرانە لەم وڵاتە جێگەی ببێتەوە، بەڵكو ئیسلام وەكو خۆی لەم وڵاتەی ئێمە بەرەو پێش بڕواتو رێگری لێنەكرێ وە ئازادبێت. سەد جاری دیكە (گەنجەكان) چاوتان ماچ دەكەم وە هیواداری ئایندەیەكی بەرزتر بۆ ئیسلامو ئێوەش دەخوازم خۆشی بۆ جەنابتان وە خوای گەورە لە شەهیدە بێ گوناهەكان خۆشببێو شیفای زامدارەكانیش بدات هەزاربارە سەرفرازی بۆ ئیسلامو نەتەوەكەمو تەواوی گەنجان 2/10/2013. |