|
||
به‌رواری دابه‌زاندن: 11/11/2014 : 10:49:46 | ||
قه‌باره‌ی فۆنت | ||
فەتوایەكی لیژنەی فەتواو رێزگرتن لە یاساكانی هاتوچۆ-باسێك لە كامێرای سەرپێچی‌و ... | ||
فەتوایەكی لیژنەی فەتوا باسێك لە كامێرای سەرپێچی‌و رێگری كامە راستە؟ كامیڕای شاراوە یا رێگری یا غەرامەكردن؟ چه‌ند رێنماییه‌كی هاتووچۆ مەلا هندرین بالیسانی(ابن الشهیدین) لە دوای ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌مان ئاوەدانی‌و پێشوە چوونێكی زۆری بە خۆوە بینی‌و یەك لەو شتانەی بەرەو پێشچونێكی باشی بەخۆوە بینی بریتی بوو لە هۆكارەكانی گواستنەوە بە هەموو شێوەكانیەوە، جا ئەوەی جێگای هەڵوەستە لە سەركردنە بۆ هەموو لایەكمان ئەوەیە كەوا زۆر جار شوفێران پابەند نابن بە رێنماییەكانی هاتوچۆوە، كە پێویستە لە سەر هەموو لایەك پابەندبین بە رێنماییەكان، چونكە هەمووی بۆ سوودو قازانجی ئێمەیە، دەبێ رێز لە دەستی ئەو برا پۆلیسی هاتووچۆیە بگرین كە دەست بەرزەكاتەوە ئەیەوێ خزمەتمان بكات، بەڵام بەداخەوە من زۆر خەفەت ئەخۆم كەجاری واهەیە ئەبینم برا پۆلیسەكە دەست بەرزەكاتەوە لایەكی شەقامەكە رادەگرێ شوفێری وا هەیە رێز لەم دەستە ماندووە ناگرێ‌و گوێ بەم برا پۆلیسە نادات، جا دەبێ ئێمە رێز لە یاساكانی وڵاتمان بگرین‌و رێز لە كاری یەكتریش بگرین، تا كو وڵاتمان بەرەو پێش بچێت، لەگەڵ بەرەو پێشچوونی مرۆڤ لەم رۆژگارەمان رۆژ بە رۆژ زیاتر پێویستمان بە جۆرەها پێداویستی ژیان دەبێت، یەك لەو پێداویستیانە كە هەموومان پێویستمان پێیەتی ئۆتۆمبێلە، ئەویش وەكو هەموو شتەكانی تر دوو سەرەیە ئەتوانین باش هەڵسوكەوتی پێوە بكەین باشەو نیعمەتە، گەر بە خەراپ بەكاری بێنین ئیتر ئەبێ بە دوژمن‌و نیقمەت، كەم كەس هەیە لە ئێمە خۆشەویستێك یان چەند خۆشەویستێكی بەم هۆكارە لە دەست نەدابێت. جا بەڕێزانم ئەوەی جێگەی هەڵوەستە لە سەركردنە ئەوەیە كە پێویستە لە سەرمان ئەم هۆكارەو بە خششە خواییە بە شێوەیەكی وا بە كار بهێنین كە ببێتە مایەی سوود بۆ خۆمان‌و دەوروبەرمان، چونكە لە شەریعەتی ئیسلامدا زیان گەیاندن بەخۆت یان بە غەیری خۆت دروست نیە‌و، هەر شتێكیش هۆكار بێت بۆ زەرەرو زیان حەڕامە، لە مەسەلەی لێخوڕینی سەیارەش هەروایە لێخوڕین‌و هاژوتنی سەیارە لەوەندەی بۆی دیاركراوە‌و نوسراوە لە سەر شەقامەكان دەبێ پابەند بین‌و دروست نیە لەوە زیاتر بڕۆین‌و، هەركەسێ تیژڕەویەكەی لەو ئەندازەیە زیاتر بێت كە لە شەقامەكان دیاركراوە‌و نوسراوە خۆی گوناحبارە‌و بەرپرسە لە هەموو زەرەرو زیانە ماددی‌و گیانیەكان. ئەوەی پێویستە لە سەر هاوڵاتیان 1-پابەند بوونی گشت رێنماییەكانی هاتووچۆ لە تیژڕەویی‌و بەستنی پشتێنی سەلامەتی‌و توند‌و تۆڵی سەیارە تاك‌و زیان بەكەس نەگەیەنین... هتد. 2-رێزگرتن لە برایانی پۆلیسی هاتووچۆ لە سەر شەقام‌و چوار ڕیان‌و شوێنەكانی تر، بە تایبەتی پێم سەیرە هەندێ جار شوفێری وا دەبینم گوێڕایەڵی پۆلیسی هاتووچۆ ناكات، ئەو پۆلیسە بۆ خزمەتی هاوڵاتیانی ئەم وڵاتەو كوردستانە لە سەر شەقامە بە سەرماو گەرما خۆشی‌و ناخۆشی بەڵام كە دەستی بەرز دەكاتەوە جاری وا هەیە شوفێر دەبینم بە قسەی ئەم پۆلیسە ناوەستێ‌و دەڕوا من پێم وایە تەنها ئەوەندە نەبووە خۆی رزگاركرد بێت لە چوار ڕیانەكە بەڵكو ئەو كەسە رێزی لە خۆیی‌و یاساكان‌و هاونیشتیمانیەكانی وڵاتەكەی نەگرتوە. 3-دەبێ مافی رێگاكان بدەین‌و بە هێواشی بڕۆین‌و شەقامەكان بپارێزین‌و پیسیان نەكەین، چونكە دەبێ باش بزانین ئەو كاغەزەی من‌و تۆ فڕێی دەدەینە سەر شەقام پاككەرەوەیەكی برامان لەم شار‌و وڵاتە ئەبێ پشتی خۆی بۆ بچەمێنێتەوە پێیەوە ماندوو بێت تا پاكی دەكاتەوە، جارێكیان لە چوار ڕیانێك راوەستا بووم لام سەیر بوو ئەو نەفەرەی لە سەیارەكەی تەنیشتم بوو جامی سەیارەكەی كردەوەو پاكەتە بەتاڵەكەی جگەرەی فڕێدایە دەرە! منیش دەرگای سەیارەی خۆمم كردەوە پاكەتەكەم هەڵگرتەوە تاك‌و هەست بكا بەوەی كارێكی هەڵەی كردووە تەماشای منی دەكرد من هیچ قسەیەكم نەكرد بەڵام هیواداربووم پەندی وەر گرتبێت. با لێرە بێمە سەر باسە گرنگەكە ئەویش مەسەلەی دانانی ئەو كامێڕانەیە لە سەر شەقامەكانی كوردستان بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی تیژڕەویی هاتووچۆ ئەوە شتێكی باشە، ئەوەی لە راگەیاندنەكانیش باس دەكرێ ئەو كامێڕانە بوونەتە هۆكارێك بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچوو، بەڵام ئەوەی جێگەی تێبینیە ئەو كامیڕانە وەكو لە كۆتایی مانگی یەكی ئەم ساڵ ئەنجومەنی شوڕای هەرێم رایگەیاند: كە غه‌رامه‌ی كامێراكانی هاتوچۆ به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی له‌خه‌ڵك وه‌رده‌گیرێتو هیچ به‌هایه‌كی یاساییان نییه‌و چه‌ند ساڵێكه به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی له شۆفێران وه‌رده‌گیرێت. وەپارێزەرێكیش بە ناوی دلاوەر بۆ سایتی ئاوێنە رایگەیاندووە: پێویسته له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بێده‌نگ نه‌بین، چونكه ساڵانه به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی چه‌ندین ملیار دینار له‌خه‌ڵك وه‌رده‌گیرێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه به‌رده‌وامبونیان له‌سه‌ر ئه‌م كاره پێشێلكاری رونی یاسا‌و بڕیاره‌كانی دادگا‌و سه‌روه‌ریی یاسا‌و دادگاكانه، بۆیه داوا له‌داواكارانی گشتیش ده‌كه‌م له‌م كاره بێده‌نگ نه‌بن" جا ئەوەی لای من جێی سەرنجە ئەو كامێرانە زۆر جار من دیومە لە شوێنە پەنهانەكانی دادەنێن وەكو نێوان دارەكان‌و دواوەی ئاسنەكانی نێوان شۆڵدەری شەقامەكان تا كو شوفێران نەیبینن، كە ئەمە لەم كاتەدا وەكو كامیڕەی شاراوە دێتە بەر چاوم‌و وەك ئەوە وایە ئەم برا پۆلیسانەش دوژمنی ئەو شوفێرانە بن‌و بیانەوێ تۆڵەیان لێبكەنەوەو سزایان بدەن!!!. لە لایەكی تریشەوە گەردانانی ئەو كامێڕانە بۆ رێكخستنی شەقامەكان‌و كەمكردنەوەی تیژڕەویە بۆ ئەو هەموو پارەیە وەك غەرامە دانراوە كە لە چاو مووچەی فەرمانبەرانی وڵات زۆر زۆرە، به‌پێی بڵاونامه‌ی ژماره 2ی هاتوچۆی هه‌رێم، غه‌رامه‌ی خێرا لێخوڕین له60.000 بۆ 200.000 دیاریكراوه‌و ساڵانه به ملیاره‌ها دینار شوفێرانی كوردستان غه‌رامه ده‌كرێن، كەسی وا ئەناسم مووچەكەی نزیكەی 600 هەزارە بەڵام 400 هەزاری وەك غەرامەی سەیارەكەی بۆ هاتبوەوە، زۆرترین بڕی غەرامەی سەیارەش كه بۆ ئۆتۆمبێل تۆماركراوه گه‌یشتۆته سێ ملیۆن‌و نیو بەسەرەوە كە ئەمە بڕێكی زۆرە،، وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی له 29ی مانگی پێنجی رابردوو بۆ ئاوێنە نیوز رایگەیاندووە:(له‌رێی كامێراكانمان كه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی شاری سلێمانی كارده‌كه‌ن‌و له‌رێكه‌وتی 2013/1/1 تائێستا 81 هه‌زار‌و 47 ئۆتۆمبێل، غه‌رامه‌ی سه‌رپێچی بۆ كراوه‌و 50 هه‌زار‌و 748یان سزاكانیان بۆ كراوه). لێرەوە دەڵێم: با غەرامە كردن لەم وڵاتە بۆ تێگەیاندن‌و پێگەیاندنی خەڵك‌و شوفێران بێت نەوەك بۆ دژایەتی‌و رووتكردنەوەو هەژار خستن، وە ئەم غەرامە كردنەم وەكو ستەمێك دێتە بەر چاو كە لە خەڵكی ئەم وڵاتە وەردەگیرێو، پێویستە ئەو هەموو پارەیەی لە خەڵك وەرگیراوە بۆیان بگەڕێنرێتەوە هیچیتر بەردەوام نەبن لەم ستەمەو با غەرامەكردن هەبێت بەڵام رەچاوی بژێوی ژیان‌و ئابووری ئەم خەڵكە بكەن، بە نمونە: با لە 20 هەزارەوە دەست پێبكات تاك‌و 80 هەزار ئەگەرچی ئەوەش زۆرە. وە لەبەر گرنگی فەتوایەكی لیژنەی باڵای فەتوای كوردستان سەبارەت بە هاتووچۆ من بابەتەكەم درێژ نەكردەوە پێم باشبوو فەتواكەم لە بابەتەدا بڵاوبكەمەوە كە ئەمەی خوارەوە زۆربەیەتی: (هێماكانی هاتووچۆ: له ئیسلامدا رێكخستن‌و جوانكاری كارێكی داواكراوو پێویستیه‌كی ژیانێكی پڕ به‌هایه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له بچووكترین هه‌نگاوه‌وه تا گه‌وره‌ترین هه‌نگاو داوای رێكخستن‌و جوانكاری ده‌كات، ئه‌وه‌ته یه‌كێك له نزاكانی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان داوای جوانكارییه وه‌ك ئه‌فه‌رموێ: (أللّهم أحسنت خلقی فأحسن خلقی) خودایه جوان دروستت كردووم، هه‌رواش ئاكارم جوان‌و ڕازاوه بكه، له‌م سۆنگه‌وه دانانی هێماكانی هاتووچۆ یه‌كێكه له شته جوان‌و به بەهاكانی كار‌و ڕه‌وشتی ڕۆیشتن‌و هاتووچۆ. خوای گه‌وره ئه‌فه‌رموێت: (وعباد الرحمن الّذين يمشون على الأرض هونا) واتە: به‌نده‌كانی خوا به‌نه‌رم‌و نیانی‌و جوانی بە سه‌ر زه‌ویدا ده‌ڕۆن، ئه‌م ئایه‌ته پیرۆزه باس له ئاكارو مامه‌ڵه‌ی ڕۆیشتنی تاك‌و گۆمه‌ڵگایه له ڕێگه‌و بان به ته‌واوی واتاكانی جوانی‌و جوانكاریمان فێر ده‌كات. هه‌روه‌ها یه‌كێك له فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای لەسەر بێت) كه باس له مافه‌كانی ڕێگه‌و بان ئه‌كات ئەفەرموێت: (كفّ الأذی)، نه‌هێشتنی هه‌ر شتێكه زیان بگه‌یه‌نێ به‌هه‌ر زینده‌وه‌رێ . بۆیه دانانی هه‌موو نیشانەو هێماكانی هاتووچۆ رێنمایی بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان ده‌چێته ئه‌م بازنه‌یه‌و پێویسته گرنگی‌و بایه‌خی پێ بدرێت. -ڕه‌چاوكردنی ئه‌و هێمایانه‌ی كه داده‌نرێن وه‌ك یاسا‌و سیسته‌می هاتووچۆ بۆ به‌رگرتن له‌ڕودانی كاره‌سات‌و رێكخستنی ڕه‌وشی هاتووچۆ به‌سه‌ر ڕێگا گشتی‌و تایبه‌تیه‌كان له ڕوانگه‌ی فیقهی ئیسلامیەوه كارێكی ته‌ندروست‌و جوانن‌و به پێویستیه‌كی هه‌نوكه‌یی ژیان داده‌نرێن‌و هه‌نگاوێكی دروست‌و ڕه‌واو په‌سه‌نده‌و ئه‌ركی به‌رپرسانی وڵاته بایه‌خ‌و گرنگی تایبه‌تی پێبده‌ن‌و، به دواداچوونی له‌سه‌ر ئه‌نجام بده‌ن‌و سه‌رپێچیكه‌رانی توشی سزای یاسایی بكه‌نه‌وه بێ جیاوازی له نێوان كه‌س‌و كه‌سێكی تردا. -خوای گەورە دەفەرموێت:(واقصد فی مشیك) ده‌سته‌واژه‌كه له‌سه‌ر زاری حه‌زره‌تی لوقمانه‌وه بۆ كوره‌كه‌ی وتراوه، فێری ده‌كات ئه‌بێ له‌ڕێگاو باندا له‌سه‌ر خۆ‌و میانه ڕه‌وانه بڕوات، واته: نه‌زۆر خێرا بڕۆ، نه زۆر خاو، چونكه ووشه‌ی (واقصد) ئه‌م واتایه هه‌ڵده‌گرێ. كه‌وابو فه‌رمانی قوڕئانیمان هه‌یه كه‌نابێ ڕۆیشتن زۆر خێرابێ، هه‌روه‌ك نابێت زۆر هێواشیش بێت ئه‌وانه‌ی دوای خۆی هه‌راسان بكات. یا ئه‌فه‌رمووێ: (وعباد الرحمن الّذين يمشون على الأرض هونا) زانایان ئه‌فه‌رمون: ئه‌م ئایه‌ته له‌گه‌ڵ ئایه‌تی پێشوو وه‌ك ته‌فسیری یه‌كتری ده‌چن، واته باس له‌چۆنیه‌تی ڕۆیشتنه‌و مافی ڕێگاو پاراستنی هه‌موو ئه‌و سنوره‌یه كه دانراون. بۆیه فڕكان فڕكان‌و پێشكه‌وتنی نابه‌جێ‌و خێراكردن‌و هۆڕینی به‌رزو چه‌ندەها شێوازی تر ده‌چنه ناو بازنه‌ی ناشیرین‌و ناپه‌سنده‌كانی سه‌ر ڕێگه. ڕێگاوبان مافی گشتیه پاراستنی ئه‌و مافانه‌ش ئه‌ركی هه‌مووانه، وه‌ك پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای لەسەر بێت) ئاماژه‌ی پێكردووه:(أعطوا الطريق حقه) ئه‌بێت هه‌موو رێگاكان مافی خۆیان بدرێتێ، ماف دانی رێگاش به‌پاراستنی گیانی خه‌ڵك‌و هاوڵاتیانه. ئۆتۆمبێل یه‌كێكه له نیعمه‌ته‌كانی ژیان‌و ئامرازی ئاسانكاری به‌رێوه‌بردن‌و ئه‌نجامدانی جوڵه‌یه، خوای گه‌وره‌ش وامان فێر ده‌كات كه ئه‌بێت نیعمه‌ته‌كانی به شێوه‌یه‌ك به‌كار بهێنرێ له سنوری شه‌رعی ده‌رنه‌چێت، پێمان ئه‌ڵێت: له كاتی سه‌ركه‌وتنی سه‌یاره‌دا بلێن: (سبحان الّذی سخر لنا هذا وما كنا له مقرنین) خۆ سوپاس كردنی هه‌ر نیعمه‌تێك له جوان به‌كار هێنانی دایه، ئه‌بێت به‌شێوه‌یه‌ك بێت سه‌رنه‌كێشی بۆ ئازاردان‌و تێكدانی ئارامی، گه‌ر وای لێهات قه‌ده‌غه ده‌كرێت . ئیمامی شاگبی ئه‌فه‌رموێ: (إنَّ المباحات انما وصفها الشارع للانتفاع بها على وقف المصالح على الإطلاق، بحيث لاتقدح في دنيا ولا في دين. (الموافقات: 3/217). كه واته حه‌ڵاڵ كراوه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه ببنه هۆكاری سوود گه‌یاندن نه‌ك زیان گه‌یاندن، ڕه‌وایه‌تیان تا ئه‌و سنوره‌یه ببنه هۆكاری فه‌راهه‌م هێنانی به‌رژه‌وه‌ندی. زانایانی فیقهی ئیسلامی چه‌ند یاسایه‌كی ئوصولی ده‌كه‌نه به‌ڵگه له‌وانه: أ-لاضرر ولا ضرا: زیان دان زیان گه‌یاندن قه‌ده‌غه‌یه له‌ئیسلامدا، بۆ هه‌موو كاره‌كان‌و جوڵه‌و هاتووچۆیه‌ك . ب_ یاسای (المرور في طريق المسلمين مباح مقيد بشرط السلامة فيما يمكن الإحتراز عنه)،(الهدية شرح البداية (10/326). ڕۆیشتن له‌ڕێگه‌و باندا ڕه‌وایه به‌ڵام په‌یوه‌سته به‌مه‌رجی سه‌لامه‌تی له‌و شتانه‌ی كه ده‌توانرێ خۆی لێ دوور بگرێ، له‌مه‌زهه‌بی پێشه‌وا شافعی‌دا یاسایه‌كی له‌م جۆره هه‌یه ئه‌فه‌رمووێ:(الإرتفاق بالطريق مشروط بسلامة العاقبة)،(مغنى المحتاج:4/ 205)،(ئه‌گه‌ر كه‌سێك له رێگه‌یه‌وه ده‌ڕۆیشت هیچ حیسابێكی بۆ هه‌موو داواكاری‌و ماف‌و ڕێنماییانه نه‌كردو توشی كاره‌سات هات ده‌بێته به‌رپرسیارو ده‌كرێ مافی ڕۆیشتنی لێ وه‌ربگیرێته‌وه. -إبن القیم ئه‌فه‌رموێت:شه‌ریعه‌تی ئیسلام بنه‌ماكانی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كانی مرۆڤه‌كان دامه‌زراوه چ به‌رژه‌وه‌ندی ژیان، یا دوا ڕۆژ بۆیه هه‌رشتێك مرۆڤ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌ربچێنی له شه‌رعیش ده‌رده‌چێ. (كل مسألة خرجت عن العدل إلى الجور، وعن الرحمة إلى ضدها، وعن المصلحة إلى المفسدة وعن الحكمة إلى البعث فليست من الشريعة)( إعلام الموقعين (3/3. × یاسای:العادة محكمة: به‌ڵگه‌یه‌كی تره له‌سه‌ر گوێڕایه‌ڵی كردن بۆ هه‌موو ئه‌و رێنماییانه‌ی كه خزمه‌ت به ژیان ده‌كه‌ن گیانی مرۆڤه‌كان ده‌پارێزێ هه‌ر نه‌ریتێ یان ئاداب و ره‌وشتێ بۆ خزمه‌ت به خه‌ڵك بێت ده‌بێ كاری پێبكرێ. له سۆنگه‌ی ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ی كه باسمان كرد ئه‌توانین بڵێن: ڕه‌چاو كردنی هێماكانی هاتوچۆ له هه‌موو شوێنه‌كاندا كارێكی پێویسته‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تاك‌و كۆمه‌ڵگه‌یه. یاساكانی ئیسلام داوای جێ به جێ كردنی ده‌كات هه‌ر كه‌مته‌رخه‌میه‌ك له‌و باره‌وه بكرێت تاكه‌كان لێی به‌رپرسیارن‌و گوناهبار ئه‌بن، چونكه پێویستییه‌كی ئیمرۆی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌یه به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌ی تێدایه . بۆیه ئێمه وه‌ك لێژنه‌ی باڵای فتوای هه‌رێمی كوردستان داوا له هه‌موو ئه‌و شوفێره به‌رێزانه ده‌كه‌ین كه پابه‌ندبن به هه‌موو داوا‌و رێنمایی‌و هێماكانی سیسته‌می هاتووچۆو، هه‌ر كه‌مته‌رخه‌می‌و لادان‌و سه‌رپێچیه‌ك له‌و سیسته‌مه به‌رپرسیاریه‌تی یاسا‌و پاشه رۆژی تێدایه‌و ده‌چێته بازنه‌ی گوناهو تاوانه‌وه‌و، ئه‌بێت مرۆڤی باوه‌ڕدار خۆی لێ بپارێزێ، گه‌ر خوا نه‌خواسته كه‌سێكیش به‌ده‌ستی بڕوات ئه‌وا به (قتل) له‌سه‌ری ئه‌نوسرێ مادام ڕه‌چاوی ئه‌و سیسته‌مه‌ی هاتووچۆی نه‌كردوه. یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان- لێژنه‌ی باڵای فه‌توا-5/6/2011). پێشنوێژ‌و وتارخوێن لەهەولێر .:hindrenb@gmail.comE-mail https://www.facebook.com/hindren.balesanem
| ||