پیاوچاكان لە پاڕانەوەكانی خۆیاندا ووتویانە : " خوایە حەقمان وەكو حەق پێنیشان بدە و شوێنكەوتنیشی بكەیتە بەشمان .. ناحەقیشمان وەكو ناحەق پێنیشان بدە ودووركەوتنەوە لێیشی بكەیتە بەشمان..." بۆ ؟ چونكە حەق و ناحەق جار جار تێكەڵ دەبن ، بەهۆی چەواشەكاریی ناحەقانەوە ، یان بەهۆی چاو و راوی شەیتانەوە ..( ۆزَیَّنَ ڵهُمُ الشَّیْطانُ أَعْمَاڵهُمْ فَصَدَّهُمْ عَنِ السَّبِیلِ ۆكَانُوا مُسْتَبْصِڕینَ ) .. روونتر بڵێین : ئەگەر كوشندەترین جۆری ژەهر بكرێتە جوانترین بوتڵی كریستاڵەوە و لەسەر بوتڵە كریستاڵەكەش بە تەڵای نایاب بنووسرێت ئاوی زەمزەم یان كوپر ، ئەو ژەهرە دەبێتە ئاوی كوپر؟ لە كاتێكدا بە دەیان پسپۆڕ هاوار بكەن و خەڵكی لەمەترسییەكانی ئەو ژەهرە كوشندەیە ئاگادار بكەنەوە و ئاسەوارە ترسناكەكانیشی بەردەوام و ئاشكرا بێت ، ئەبێت ئیتر بڵێین خەتای نووسینی سەر بوتڵەكەیە یان ناوەڕۆكە پیس و ژەهراوییەكەی ؟؟ كە صدام حسێن دونیای وێران كرد و لە ئاڵاكەشی نووسی ( الله اكبر ) ، خەتای كامیانە ؟ كە كوردی جینۆساید كرد و ناوی نا ( ئەنفال ) قورئانە خەتا بار ، یان صدام ؟ كە ( داعش ) دروشمی پیرۆزی ئیسلام و یەكتاپەرستیی بڵندكردۆتەوە ، نەك زیندووەكان ، لەشەخسیش ئەدەن زەرەر ، خەتا لە كامیانە ؟ هاوكات چەندین زانای پایەبەرز و سیاسەتوان و بیریاری شارەزای موسڵمان رەدی دەكەنەوە ، ئیتر ئەبێ بووترێت ئەمەیە ئیسلام و قورئان و موسڵمان ؟ ئایا ئەم قسە بێ مانا و پوچ و گوماناویی و چەواشەكارییانە ، بەشێكی تەواوكاریی نییە لە ئیشەكانی داعش ؟ ئایا ئەم رۆشنبیرانە ، داعشی ( بەچاو خەوتووی بە دڵ وریا) نین كە لە ناوخۆماندا ترس و گومان بڵاو دەكەنەوە ؟ ئایا بەناو شارەزاكانی لای خۆمان ، ئەوانەی هاوڕای كردەوكانی داعشن و سوورن لەسەر ئەوەی كە ئەوەی داعش دەیڵێت و دەیكات ئیسلامە ، نابێت وەكو داعشێكی ستەمكار سەیریان بكەین ؟ ئەوانەی درۆ دەكەن كە دەڵێن گوایا داعش ئازاتر و راستگۆیانەترن لە هەموو حیزب و تەوژم و زانایەكی موسڵمان ، چییان جیاوازە لەو داعشانەی دژایەتی كورد وكوردستان و زانایان و سیاسەتوان و پێشمەرگە دەكەن ؟ ئەمانەی لای خۆمان داعشێكی بێ ریش و سمێڵ و قەڵەم بەدەست و قسە ژاراوی ناوخۆ نیین ؟ ئەم نموونانەی ناویان لە خۆیان ناوە رۆشنبیر و مۆدرن و شارەزا ، شەو و رۆژ بەشێكی تری پلانە گڵاوەكانی داعش ئەنجام دەدەن بەوەی دەهۆڵی ناساز دەكوتن و ستەمێكی كەم وێنە دەكەن لە خوا و پێغەمبەر و ئیسلام و قورئان و موسڵمانان بەگشتی ، مەترسی نیین بۆ كۆمەڵگەكەمان ؟ كە دڕندەیی داعش داوێكە ، ئەگەر خەڵكی رەشۆكی پێی هەڵخەڵەتێن تا رادەیەك ئاسایی بێت .. هەروەكو ئاساییە داعشە قژن و ئێسك قورس و مۆسادەكان وا ئاكار بنوێنن ، بەڵام خەڵكانێكی ( بەناو ) شارەزا و راگەیاندنكار و سیاسەتوان ، بۆ ئەوەندە رووكەشییانە دوای سەراب كەوتوون و وەكو خۆیان بە خنكان چوون ، ئەیانەوێت خەڵكی تریش بەخنكان بەرن ؟ تۆمەتی ( قسە و نووسین و چەواشە )ی ناحەزانی ئیسلام و موسڵمانان لەناوخۆ و ( كردەوەی نەشیاو دوور لە هەموو بەهایەك ) لە لایەن داعشەكانەوە لە دەرەوە ، دوو رووی یەك پارەی ساختە و قەڵب نیین ؟ |