ئەو شکستە هەمەلایەنەى رووى کردووەتە جیهانى ئیسلامی، ئەوەندە قووڵ رۆچووە کە کاریگەرى نەرێنى کردووەتە سەر زیهنیەت و دەروونى تاکەکانى ئەو کۆمەڵگایانەى هیچ کاریگەریەکیان نییە لەسەر سیاسەتى ئێستاى جیهانی. تاکەکانى ئەم کۆمەڵگە موسڵمانانەى بە قامچى زۆرداران دەبرێن بەڕێوە، وان لە مەنزیلەى بەینى مەنزیلەتەیندا. خەون بە رابردوویەکى پرشنگدارەوە دەبینن، لە واقیعێکى ئێستاى تاریک و نوتەکدا. ئەوان وێڵى سەحرایەک بوون لە تەیهى بەنى ئیسرائیل خراپتر. موسڵمانى ئەم سەردەمە لە زۆرینەى وڵاتانى خۆیاندا قاچاخن، بێزارن، پەراوێزن، پلە دوون ئەگەر خوارتریش نەبن. دەروازەی زیندانەکان واڵایە بە روویاندا، لەسەر رواڵەت و بیروبۆچوون و ئینتماى سیاسى لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، بەکورتى "یان خەو یان رەو". ئەمە ئیتر دیفاکتۆیە، شکست بووەتە بەشێک لە پێناسەیان. سەیرەکە لەوەدایە هەندێک لەو موسڵمانانەى لە وڵاتانى خۆیاندا سەرکز و شکێنراون، دواى زەحمەتێکى زۆر کە دەگاتە وڵاتێکى ئەوروپى، لەوێ مافى پەنابەرێـتى و ئیمتیازاتى شایستەى دەدەنێ. واى لێدێت رەنگ و بۆى بنیادەم بگرێت و ببێتە بەشەر، بەڵام خۆى لێدەگۆڕێت و بیرى دەچێتەوە لەکوێوە هاتووە، لە زیندانێکى کراوەى وڵاتى خۆیەوە هاتووە بۆ وڵاتێک کە هەموو شتێکى جیاوازە، کەچى دەیەوێـت بەهۆى هەندێ رواڵەت و سیماى تایبەتیەوە ئیسلامەتى بنوێنێ لاى ئەم (کافرانە)!!. جلێک لەبەر دەکات کە زۆر جیاوازە لە جلى ئەو وڵاتە. نامۆ لە رواڵەت و گوفتار و ئاکاردا. لە شوێنى ئیش، یان لە بازاڕدا بانگدان و نوێژ، جارى واش هەیە رێگەگرتن بەهۆى نوێژى جەماعەت و مانگرتن و قسەگوتن بە سیستمى سیاسى و ئیداریى ئەو وڵاتە، زمانى زبر و هەڕەشەکردن، جارى واش هەیە رق و دەمارگیرى لەڕووى هەندێ لەبەرپرسە باڵاکانى ئەو وڵاتانەدا. هەندێ لەمانەش مافى هەر مرۆڤێکە و لەسنوورێکى مەعقولدا پارێزراوە، بەڵام ئەمە وێنەیەکە لە ناخى شکستخواردووى ئەو تاکە موسڵمانە غەریبە، وا دەزانێت ئەگەر هەندێ رواڵەتکاریى نواند ئەوە عیززەتى موسڵمانى نواندووە، ئیتر بیرى چووە ئەوانن مافى ژیانێکى ئاسوودە و شیاویان پێداوە. ئەم ئاکارە رواڵەتی و نەشیاوانە هەندێ بەرپرسى هێناوەتە وەڵامدانەوەى هاوشێوەى ئەو زمانەى کە ئەم موسڵمانە قسەى پێدەکات. هەروەکو جولیا جیلارد، سەرۆک وەزیرانى ئوسترالیا کە ناچار بوو وەڵامى کەسێک بداتەوەو پێیگوت: "کە ئەوەندە توند و دەمارگیریت بۆ ناڕۆیت بۆ سعودیە یان ئێران. ئێوە دەڵێن خوا زەوى وڵاتى ئێمەى پیرۆز کردووە بە ئیسلام، زەوى ئێوەى سەرشۆڕکردووە بە کوفر، بڕۆنەوە بۆ وڵاتى خۆتان، وڵاتە پیرۆزەکەى خۆتان بەجێهێشتووە و هاتوون بۆ وڵاتە سەرشۆڕەکەى ئێمە لە پێناوى ئازادى، دادپەروەرى، ژیانى خۆش و بیمەى تەندروستى، یەکسانى لەبەردەم یاسا و هەلى کار و ئایندەى منداڵەکانتان و ئازادیى رادەبڕین...". بە رق و دەمارگیرییەوە قسەمان لەگەڵدا مەکەن. ئەوەى نیتانە پێتان دراوە، یان رێزمان بگرن، یان بڕۆن.. گواستنەوەى رووداوە کۆنەکان کە لە ژینگە جیاوازەکاندا روویانداوە، بۆ ئێستا و لە ژینگەیەکى دیکەدا لۆجیک نییە. ئەمە ژیانە لەسەر مێژوو، دووبارەکردنەوەى ئەم مێژووە مەرج نییە لەهەموو بارودۆخ و جوگرافیایەکدا رووبدات و راست بێـت. کاتێک ئەم مامەڵانە دەبینین، بۆمان دەردەکەوێت موسڵمان لە قەیراندایە، وەکو خۆى بیرچووەتەوە، ئاگاى لە چواردەوریشى نییە، ئەو بە خەیاڵى کۆنەوە بیردەکاتەوە و بەو بایە دەژى کە لاى هەندێک لە سەحابەکانەوە هەڵیکردووە. دەیەوێت لاساییکردنەوەیەکى گێڕ و گەواڵى هەندێ کەیسى رابردوو بکاتەوە، بۆ نموونە: تاکى موسڵمان دەیەوێت لە وڵاتى کافراندا بەشێوەى (رەبعى کوڕى عامر) رەفتار بنوێنێ، رەبع بە جلوبەرگێکى شڕۆڵەوە، تەپوتـۆزى رێگاشى لەخۆى نەتەکاندبوو، خۆى کرد بە کۆشکى کیسرادا و رووبەڕووى رۆستەم بووەوە، بەزمانێکى زبر قسەى لەگەڵدا کرد.."، ئیتر لێرەدا بوار نییە باس لەو وتووێژە بکەین. ئاخر براى موسڵمان، لاى تۆ کەباب هەر بەدەیە و مەلیک هێشتا ماوە، بۆ ناپرسیت هۆى دلێری و بوێریى رەبع لە چیدابوو کە بە شکۆوە قسەى کرد و رۆستەمیشى سەرسام کردبوو؟ بەکورتى: رەبع لە دەوڵەتى مەدەنى شکۆدارى مەدینەوە هاتبوو. پێغەمبەرى خوا (سەرۆکى ئەم دەوڵەتە مەدەنیە) بوو، باسى لە یەکسانى تاکەکان کردبوو لەبەرامبەر یاسادا و "سوێندى خواردبوو ئەگەر فاتیمەى کچى محەممەد دزى بکات دەستى دەبڕێت". ئەو لە ئەبوبەکرى (خەلیفە و حاکمى دەوڵەت)ى بیستووە کە دەیگوت "بێدەسەڵاتى ئێوە لاى من دەسەڵاتدارە هەتا مافى بۆ وەردەگرم ، دەسەڵاتداریشتان بێ دەسەڵاتە لاى من هەتا مافى لێوەردەگرم". رەبع سەربازى عومەر بوو، عومەرى خەلیفە و حاکمى مەدەنى دەوڵەتى ئیسلامى لە مەدینە، مافى بۆ قیبتیەک وەرگرت لە سیاسەتوان و وەجاخزادەى قورەیش، کە دەیکێشا بە بناگوێى عەمرى کوڕى عاس و کوڕەکەیدا و پێیدەگوت (بگرە لێم هەى کوڕى پیاوە بەڕێزەکان). رەبع کوڕى ژینگەیەک بوو کە عومەر تێیدا بەمتمانەوە دەیگوت "لەکەیەوە مرۆڤەکانتان کردووە بە کۆیلە لە کاتێکدا بە ئازادى لەدایک دەبن". کەواتە هەڵوێستى شکۆمەندانەى رەبع ئاوێنەى رۆشنى ئەو واقیعە شکۆدارە بوو کە ئەو تێیدا پێگەیشتبوو. مرۆڤ کوڕى ژینگەکەیەتى، کە لە خاک و نیشتمانى خۆیدا دەنگى دلێر بوو، ئەوا رووى هەیە لاى خەڵکى دیکەش و لەماڵى خەڵکى دیکەدا سەرکز نەبێت. بەڵام لاى خۆمان وێران و لاى ئەوان قارەمان، ئەمە ئیتر وێناى ئیسلام و موسڵمان ناشیرین دەکات. |