له‌مێژووى ده‌وڵه‌مه‌ندى كه‌م له‌سه‌ر نوسراوى شاعیر‌و زانایانى كورددا زۆر شاعیر‌و دانا هه‌بوون كه‌ناو و شۆره‌تیان له‌یه‌ك نزیك بووه بۆیه هه‌م ژیان و سه‌ربرده‌یان و هه‌م شیعره‌كانیان تێكه‌ڵى یه‌كتر بوونه‌و له‌یه‌ك جیاكردنه‌وه‌یان و ناساندنیان وه‌ك دوو زانا جودا كارێكى سانا نیه، كه‌م نوسه‌ریش خۆى له‌قه‌ره‌ى ئه‌و كاره گرنگه داوه، واش ده‌بێت له‌سه‌ریان نوسیوه‌و خۆشیان كه‌وتونه‌ته هه‌مان هه‌ڵه‌ى خه‌ڵكانى تر.
دوو له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ى ژیانیان له‌لاى مێژوونوسان و شاره‌زایان تێكه‌ڵى یه‌كتر بووه ئه‌حمه‌دى كۆرى ئۆمه‌ر گومبه‌تى و ئه‌حمه‌دى كۆرى سابلاغی یه، كه مامۆستایان جه‌میل ڕۆژبه‌یانى و هه‌ژارى موكریانى و عه‌زیز موحه‌ممه‌د پورى لێكۆڵه‌رى دیوانى ئه‌حمه‌دى كۆر پێیان وایه له ڕاستیدا هه‌ردووكیان هه‌ر یه‌كێكن، به‌شێكیش له‌نوسه‌ران له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه دوو زاناى جودان به‌ڵام به‌بێ به‌ڵگه‌ى یه‌كلاكه‌ره‌وه به‌شێك له‌شیعره‌كانى ئه‌حمه‌دى كۆرى سابلاغیان داوه‌ته پاڵ ئه‌حمه‌دى كۆرى ئۆمه‌رگومبه‌تى له‌وانه: به‌ڕێز سیروان سه‌رگه‌ڵوویى.
له‌م نوسینه كورته‌ى به‌رده‌ستتان به‌كورتى ژیان و سه‌ربرده‌ى هه‌ردوو كه‌سایه‌تى ده‌خه‌ینه به‌رده‌ستى خوێنه‌ر ئه‌وه‌ى چه‌نگمان كه‌وتبێت و پێمان وابێت ڕاستن یاخود له‌ڕاستیه‌وه نزیكن زیاتر ئه‌و خاڵانه‌مان ئاماژه پێكردووه كه جیاوازى ژیانیان ده‌رده‌خا، تا بۆ به‌ڕێزانه‌ى گرنگى به‌م بابه‌تانه‌دا ده‌ده‌ن بۆیان بسه‌لمێت ئه‌م دوو ناوه دوو كه‌سی جیان.
سه‌باره‌ت به جیاكردنه‌وه‌ى شیعره‌كانیشیان هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌به‌ر ده‌ست نیه ئه‌وه بسه‌لمێنێت كه ئه‌حمه‌دى كۆرى ئۆمه‌ر گومبه‌تى شاعیر بوبێت تا شیعره‌كانى تێكه‌ڵ به شیعره‌كانى شاعیره‌كه‌ى تر ببێت.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سه‌ره‌تا مه‌لا ئه‌حمه‌دى كۆرى ئۆمه‌ر گومبه‌تى:
مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دى كۆر كوڕى بابه‌ڕه‌سوولى كوڕى خورشیده، له‌نه‌وه‌ى پیرخدرى شاهۆیه، دایكی ناوى ده‌وڵه‌ت خانمى كچى ئه‌حمه‌ده، خوشكی حاجى قادرى كۆیى بووه، له‌گوندى ئۆمه‌ر گومبه‌دى سه‌ر به‌شارى كۆیه له‌دایك بووه یان له‌ساڵى 1829ز به‌پێى نوسینى مامۆستا شێخ موحه‌ممه‌دى خاڵ، یان له‌ساڵى 1825ز به‌پێى نوسینى مامۆستا سه‌ركه‌وت سه‌رگه‌ڵوویى.
به‌مه‌لا ئه‌حمه‌دى كوێر نوسراوه چونكه چاوه‌كانى زه‌عیف بوونه، هه‌روه‌ها به‌مه‌لا ئه‌حمه‌دى ئاشه‌وان ناسراوه چونكه (وه‌ك ده‌ڵێن) ماوه‌ك له بریفكان ئاشه‌وانى كردووه، كاك ئه‌حمه‌دى شێخ كه نامه‌ى بۆ مه‌لا عبدالله ى جه‌لى زاده ناردووه فه‌رموویه‌تى: ((سه‌لام له‌ئاشه‌وان ده‌كه‌م)) مه‌به‌ستى مه‌لا ئه‌حمه‌ده بووه، هه‌روه‌ها شێخ مه‌حمودى حه‌فید به‌یه‌كێك له‌نه‌وه‌كانى مه‌لا ئه‌حمه‌دى كوێرى وتووه كه باپیره‌ت لاى ئێمه به ئاشه‌وان ناسراوه.
بۆ خوێندن له‌چه‌ندان شوێن گه‌ڕاوه، له‌وانه: (كۆیه، كه‌ركوك، سلێمانى، بریفكان)، له‌بریفكان ته‌ریقه‌تى له‌خزمه‌ت شێخ نوره‌دینى بریفكانى وه‌رگرتووه، هه‌روه‌ها له‌خزمه‌ت موحه‌ممه‌د فه‌یزى زه‌هاویش ده‌رسى خوێندووه.
زانایه‌كی زیره‌ك و به‌توانا بووه، هه‌روه‌ك خواناس و دوعا گیراو كه‌ڕامه‌تداریش بووه، مامۆستا مه‌سعود موحه‌ممه‌د چه‌ند كه‌ڕامه‌تێكى لێ گێڕاوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ئێمه‌ش له‌مامم مامۆستا مه‌لا ته‌یبی به‌حركه‌یى كه‌ڕامه‌تى ئه‌و زاته‌مان بیستووه له‌و كاته‌ى مه‌لا ئه‌حمه‌د هاتووه بۆ هه‌ولێر و له‌خزمه‌ت مامۆستا مه‌لا ئه‌بوبه‌كر ئه‌فه‌ندى ماوه‌ته‌وه.
مه‌لاى موحه‌ممه‌دى كۆیى له‌وه‌سفیدا ده‌فه‌رموێ: ((مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دى ئۆمه‌ر گومبه‌دى زاتێ زۆر گه‌وره بوو، ئه‌توانم بڵێم به‌حه‌ق وه‌لى بوو، عومرێ زۆرى له‌شه‌رع و ته‌قوا ڕابوارد.... خوا ده‌ره‌جه‌ى عالى كا، به‌به‌ره‌كه‌تى وى له‌مه‌ش خۆش بێ)).
هه‌روه‌ها مامۆستا مه‌سعوود موحه‌ممه‌د له‌باسی دا ده‌ڵێت: ((له‌كۆیێ دیندارێكى بێ فێڵى بێ مانه‌ند بووه پێى گوتراوه مامۆستا كۆره، ئه‌م دینداره یه‌كێك بوو كه شۆره‌تى ڕاستى و ئیمانى به‌لاى هه‌موو كۆیه‌وه له گومان به‌ده‌ر بووه، باوكم عه‌شقێكى ئه‌م كوێره‌ى له‌دڵدابوو هه‌رگیز كز نه‌بوه‌وه)).
مه‌لا ئه‌حمه‌د له‌گوندى ئۆمه‌ر گومبه‌ت كۆچى دوایى كردووه، له‌ساڵى 1911ز به‌پێى وته‌ى به‌ڕێز سیروان سه‌رگه‌ڵوویى، یاخود له‌ساڵى 1916ز به‌پێى نوسینى دكتۆر عوسمان ده‌شتى، هه‌ۆچى شێخ موحه‌ممه‌دى خاڵیشه ساڵى 1335ك داناوه كه به‌رامبه‌ر به‌هه‌ردوو ساڵى 1916-1917ز، له‌گوندى ئۆمه‌ر گومبه‌د به‌خاك سپێردراوه.
كوڕه‌كانى:
نور موحه‌ممه‌د: له‌ساڵى 1880ز له‌دایك بووه، له ساڵى 1933ز كۆچى دوایی كردووه، كوڕێكى له‌پاش به‌جێماوه به‌ناوى فاتیح له‌ساڵى 1998ز كۆچى دوایى كردووه. موحه‌ممه‌د نور: له‌ساڵى 1883ز له‌دایك بووه، زانایه‌كى به‌توانابووه، له‌ساڵى 1948ز كۆچى دوایى كردووه، كورێكى له‌پاش به‌جێماوه به‌ناوى ئه‌حمه‌د ئێستا – 2018ز – له‌ژیاندا ماوه. عبدالله: له‌ساڵى 1886ز له‌دایك بووه، له‌ساڵى 1943ز كۆچى دوایى كردووه، ئه‌ویش كوڕێكى له‌پاش به‌جێماوه به‌ناوى عبدالحمید له‌ساڵى 1980ز كۆچى دوایى كردووه. عبدالرحمن. ئه‌وه‌ى مابێت و پێویست بێت له‌ژیانى ئه‌م زانایه‌دا باسی بكه‌ین ئه‌وه‌یه كه زانایه‌كى تر هه‌بوه به‌ناوى مامۆستا ئه‌حمه‌د ئیبراهیم ئۆمه‌ر گومبه‌دى له‌ساڵى 1829ز ئیجازه‌ى زانستى له‌خزمه‌ت مامۆستا یه‌حیاى مزورى وه‌رگرتووه‌و جیایه له‌گه‌ڵ مامۆستا ئه‌حمه‌دى كۆرى ئۆمه‌ر گومبه‌دى كه‌باسمان كرد.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئه‌حمه‌دى كۆرى سه‌بلاغی
زانیاریه‌كى وا له‌به‌رده‌ست نیه له‌لاى مێژوونوسان له‌باره‌ى ژیانى ئه‌م شاعیره‌ى ناوچه‌ى موكریان، ئه‌وه‌ى باسكراوه به پوخته‌كراوى ئه‌مه‌یه:
ئه‌حمه‌دى كۆرى سه‌بلاغی كوڕى مه‌لا موحه‌ممه‌ده، له‌ساڵى 1779ز له‌دێ ى شیوه‌سماكى سه‌ربه سابلاغ له‌دایك بووه، نه‌خوێنده‌واربووه و چاوه‌كانى به‌هۆى نه‌خۆشیه‌وه كوێر بوون، مه‌شره‌ب سۆفى بووه، به‌هۆى شیعره‌كانیه‌وه ناوى ده‌ركردووه‌و دیوانى شیعرى هه‌یه كه چه‌ند جار چاپ كراوه، له‌ساڵى 1861ز له‌ده‌وروبه‌رى بۆكاندا له‌گوندێك به‌ناوى عه‌مبار كۆچى دوایى كردووه، هه‌ر له‌وێش نێژراوه، دوو كوڕى له‌دوا به‌جێماوه به‌ناوه‌كانى: (عبدالقادر) و (محمد).
وه‌ك له‌خوێندنه‌وه‌ى ژیانی ئه‌و دوو زاته ده‌رده‌كه‌وێت خاڵى وێكچونی ژیانیان ته‌نیا كوردبوون و سۆفی بوونه جگه له‌نازناوه‌كه‌یان كه (كوێر)ه.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سه‌رچاوه‌كان:
ئه‌نجومه‌نى ئه‌دیبان/ ئه‌مین فه‌یزى: 9. ته‌فسیرى كوردى له‌كه‌لامى خوداوه‌ندى/ مه‌لا محمدى كۆیى: 3/ 78 . مفتى زه‌هاوى/ شێخ موحه‌ممه‌دى خاڵ: 31. حه‌مه ئاغاى گه‌وره/ مه‌سعوود محه‌مه‌د: 66 - 67. دیوان و شه‌رح و حاڵى شێخ ئه‌حمه‌دى كۆر/ عه‌زیز موحه‌ممه‌د پور: 6. مێژووى ناودارانى كورد/ بابه‌شێخ مه‌ردۆخ ڕۆحانى: 1/ 275-276. مێژووى وێژه‌ى كوردى/ سدیق بۆره‌كه‌یى: 2/84-94. مێژووى زانایانى كورد/ مه‌لا گاهر مه‌لا عبدالله به‌حركه‌یى: 1/72-73. مه‌لا مه‌عسومى هه‌ورامى مه‌لاو زانا‌و وڵات په‌روه‌ر/ د.عوسمان ده‌شتى: 57 و 58. مه‌لا ئه‌حمه‌دى كۆر ئه‌ستێره‌یه‌كى دره‌وشاوه‌ى ئاوایى ئۆمه‌ر گومبه‌ت/ سیروان سه‌رگه‌ڵوویى: 24-51. |