دەربارەی شێوازی دەرکردنی سەرفیترە هەرلە قەدیمەوە ڕاجیایی لەنێوان زانایان هەبووە ئاخۆ دروستە پارە لە جیاتی خواردن بدرێ یان یان نا؟ من نامەوێ ئەو خیلافە باس بکەم و لەگەڵ ئەوەشدا نیم بەناوی شەرعڕەوی و چی و چی، جوانی شەعیرە و دروشمێکی دینی وەکو سەرفیترە بە جەدەل و شەڕەقسەی زبر بگەچڵێنرێ. ئەوەی من مەبەستمە و سەرنجی ڕاکێشاوم قسەکەی ئەبی سەعیدی خودری،(ڕەزای خوای لەسەربێت) هاوەڵی بەڕێزی پێغەمبەری خۆشەویستمانە کە لە بوخاری و موسلیم دا هاتووە و باسی چۆنیەتی سەرفیترەی ئەسحاب دەکات لە زەمانی پێغەمبەردا، فەرمون: روى البخاري (1510) ومسلم (985) عَنْ أَبِي سَعِيدٍ الْخُدْرِيِّ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ قَالَ : ( كُنَّا نُخْرِجُ فِي عَهْدِ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَوْمَ الْفِطْرِ صَاعًا مِنْ طَعَامٍ . وَقَالَ أَبُو سَعِيدٍ : وَكَانَ طَعَامَنَا الشَّعِيرُ وَالزَّبِيبُ وَالْأَقِطُ وَالتَّمْرُ ) . (ئێمە لە سەردەمی پێغەمبەردا سەرفیترەمان دەدا لە ڕۆژی جەژندا ، ڕبەیەک خواردن، جا ئەبو سەعید دەفەرموێ: خواردنی ئێمە ئەوکات بریتی بوو لە جۆ و مێوژ و کەشک و خورما). سەرنجەکەم لە سەر کەلیمەی (نخرج = دەرمان دەکرد، جیامان دەکردەوە). من وا حاڵی دەبم کە (اخراج، لێدەرکردن و لێجیاکردنەوە) بۆ ئەوە بەکاردێ کە تۆ شتێکت هەبێ و بەشێکی لێ جیا بکەیەوە، بۆ نمونە جوتیارێک گەنم و جۆی هەبووە، ئاژەڵدارێک کەشکی هەبووە، و باغەوانێکیش خورما و مێوژی هەبووە، هەریەکە و بەشێکی لەو شتە جیاکردۆتەوە کە هەیبووە، نەک چوبێت لە بازاڕ بیکڕێت چونکە ئەوە پێی ناگوترێت (اخراج) بەڵکو ئەوە (شراء= کڕین)ە. بۆیە کەسێک هەریەکێک لەوانەی سەرەوەی هەبوو، با لە سەرفیترە بیدات و پێویست ناکات بچێ لەبازاڕ بیفرۆشێ و ئنجا پارەکەی بداتە فەقیران،چونکە دین لە سەر ئاسانگیری بنیاتنراوە،و چیت هەیە بیدە لە سەرفیترە،، بەڵام ئەگەر هیچیانی نەبوو دیسان پێویست ناکات بچێ لەبازاڕ بە پارە بیکڕێ و لە سەرفیترە بیدات، ئنجا وابزانێ بەقسەی پێغەمبەری خۆشەویستی کردووە!! ئەوکات پارەکەبدە چونکە ئەوانی ترت نین و پارەت هەیە. چونکە لەهاوەڵانەوە شتێکی وا نەهاتووە کە چوبن لە بازاڕ شتیان کڕیبێ و لە سەرفیترەیان دابێ، ئەبو سەعیدیش نەیفەرمووە (كنا نشتري، بەڵکو فەرموی کنا نخرج)! لە سەرێکی تریشەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی خۆشەویست درودی خوای لەسەربێ، دەبینین شێوازی مامەڵە و کڕین و فرۆشتن بە زۆری (معاوضة= گۆڕینەوەی کەل و پەل بەیەکتر) بووە، بۆنمونە مێوژ بە گەنم و کەشک بە خورما و هەروەها، بۆیە ئاسایی بووە فەقیرەکە کە گەنم و جۆ و خورما و مێوژی وەرگرتووە زۆربە ئاسانی بە شتی تری داوە و گۆڕیویەتەوە، جا ئەو شتە جل و بەرگ بوبێت یان هەر پێویستیێکی تری ژیان. ئەمە لە کۆندا لە هەرێمی کوردستانیش باو بووە. لێرەوە دەڵێم ئەو هەڵمەتی برنج کڕین و دابەشکردنی لە جیاتی سەرفیترە کە هەندێ دامەزراوەی فەتوادان و هەندێ زانا و مامۆستای بەڕێز بانگەشەی بۆدەکەن لەگەڵ (نخرج)ی ئەبو سەعید ی سەحابی بەڕێزی پێغەمبەری خۆشەویست درودی خوای لەسەر بێ نایەتەوە، و ئەگەر بیدعە بریتێ بێ لە هەرشتێ کە پێغەمبەر و وهاوەڵان نەیان کردبێ، ئەوە ئەو هەڵمەتی برنج کڕینە بیدعەیەکە بە ئیمتیاز. و هەر دەکاتەوە پارەدان لە سەرفیترە نەک تەعام، چونکە ئەوکەسەی برنجی خۆی نییە و دەچێ بەپارە لەبازاڕ دەیکڕێ بۆ سەرفیترە، لە حەقیقەتدا پارەی ئیخڕاج کردووە، بە تایبەت کە دەبینین خەڵکێک پارە وەردەگرێ و دەچێ لە جیاتی خاوەنەکەی برنجی پێدەکڕێ و دابەشی دەکات بەناوی سەرفیترە! ئەگەر بشگوترێ برنج قوتی غالیبە بۆیە حەدیسەکە دەیگرێتەوە، ئەوە لە ڕاستیدا خۆ قوتی غالبیش لە حەدیسدا نەهاتووە بەڵکو ئەوە شەرح و ئیزافەی زانایانە بۆ دەقی فەرمودەکە. لەکۆتاییدا: ١ـ کەسێک برنجی کردبێ و لە سەرفیترە بیدات ئەوە تەواو ئیتتیباعی سوننەتی کردووە، بەڵام بە پارە بیکڕێ ئەوە ناکاتە ئیتتیباعی لە فز و دەقی زاهیری سوننەت کە هەندێک کەس هەر ئەوە بە دینداری دروست دەزانن، ئەوە هیچ کەلەگەڵ مەقاسیدی شەرعیش نایەتەوە چونکە حەڕەج بۆ هەردوولا بەخشەر و وەرگر و تەنانەت بەهەدەردانیشی تێدا ڕوودەدات. ٢ـ دیاری کردن و تایبەت کردنی برنج بۆ خۆی جێگەی سەرنجە، چونکە خۆ ئەویش لە حەدیس دا نەهاتووە، ئەگەر بڵێین قوتی غالیبە ئەویش هەر جێی سەرنجە چونکە پێغەمبەر باسی قوتی غالیبی نەکردووە، لەوەهەرگەڕێ کە ئەوبرنجەی ئێستا لەبازاڕەکان هەیە گومانی ئەوەی لە سەرە کە فیعلەن برنج بێ، یان لە هەندێ وڵات برنج خواردنێکی زۆر لاوەکییە. بۆیە گەر دەتەوێ وەکو هاوەڵان سەرفیترە ئیخڕاج بکەی ئەوە چیت هەیە بیدە، و هیچ دودڵ مەبە کە لە ئێستا دا پارە بدەی، و دڵنیابە دروستە. ***ئەمە بۆچونی منە ئەگەر هەڵەبێ تەنها من بەرپرسم. |